فواد حسێن: بوونی ئەندامانی پەکەکە لەسەر خاکی عێراق قبوڵ ناکرێت

3 كاتژمێر لەمەوپێش



فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق دووپاتی کردەوە کە عێراق پشتیوانی لە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەکات، هیوای خۆی دەربڕی کە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە ) و حکومەتی تورکیا بگەنە لێکتێگەیشتن کە ببێتە هۆی سەقامگیری و ئاشتى تەواو.

 ئەمڕۆ دووشەممە لە بەیاننامەیەکدا  وەزیرى دەرەوەى عێراق ئەوەى خستەڕوو، بوونی هێز و گروپ و ئەندامانى پەکەکە لە شنگال و مەخموور و چیای قەندیل بۆ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان قبوڵکراو نییە.

هاوکات فواد حسێن جەختیشی کردەوە لەسەر پێویستی چارەسەرکردنی ئەم پرسە بە شێوەیەک کە ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا مسۆگەر بکات.

ئەم لێدوانانەى وەزیرى دەرەوەى عێراق دوای ئەوە هات، پێشتر پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کشانەوەی خۆی لە ناوچەیەکی هەرێمى کوردشتان کە هاوسنوورە لەگەڵ تورکیا کە "مەترسی ململانێی لێکەوتەوە" ڕاگەیاند، ئەمەش لە هەنگاوێکدا کە ئامانج لێی پاڵپشتیکردنی پڕۆسەی ئاشتی لەگەڵ ئەنقەرە بوو.

شایانی باسە، دوای گفتوگۆکردن لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تورکیا لە ڕێگەی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤، پارتی کرێکارانی کوردستان لە مانگی ئایاردا هەڵوەشاندنەوەی خۆی ڕاگەیاند لە وەڵامی بانگەوازێکی دامەزرێنەری، عەبدوڵڵا ئۆجالان، دوای زیاتر لە چوار دەیە لە شەڕکردن لەگەڵ هێزەکانی تورکیا، کە نزیکەی ٥٠ هەزار کوژراوی لێکەوتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، لە ٢٧ـی شووباتی ٢٠٢٥، بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کرد، لەو چوارچێوەیەشدا لە ٥-٧ـی ئایار، پەکەکە کۆنگرەی ١٢ـیەمینی خۆی ئەنجام دا و کۆتایی بە هەموو ئەو چالاکییانەی بەناوی پەکەکە و کۆتا بە ڕێبازی خەباتی چەکداریی هێنا.

هەروەها لە ١١ـی تەمووز، گرووپی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک کە لە ٣٠ گەریلای ژن و پیاو پێکهاتبوون و لەلایەن بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی گشتیی کەجەکەوە پێشەنگایەتی دەکرا، لە ئەشكەوتی جاسەنەی سنووری پارێزگای سلێمانی، لەبەردەم ڕای گشتییدا چەکەکانیان سووتاند، هەر لە چوارچێوەی بانگەوازییەکەدا، لە ٢٦ـی تشرینی یەکەم، گرووپێکی ٢٥ گەریلایی، بۆ ئەوەی شەڕ و پێکدادانیان دروستنەبێت لەو ناوچانەی کە مەترسییان لەسەر هەیە، لە سنووری تورکیاوە کشانەوە بۆ هەرێمەکانی پاراستی مەدیا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار