دەقى وتاری سەرۆک بارزانی لە کۆڕبەندی مێپس 2025
2 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرۆک بارزانی لە کۆڕبەندی مێپس گوتی، "سیاسەتی خۆسەپاندن نە لە عێراق و نە لە جیهان سەرکەوتوو نەبووە."
لە دەستپێکی کۆڕبەندی مێپس 2025، سەرۆک بارزانی وتارێکی پێشکەش بە ئامادەبووانی کۆڕبەندەکە کرد و ڕایگەیاند: ئەم کۆڕبەندە لە کاتێکی هەستیاردا بەڕێوەدەچێت، هیواخوازین ڕاسپاردەکانی کۆتایی ئەم کۆڕبەندەیە ئەنجامێکی ئەرێنی بەدوای خۆیدا بهێنێت.
رایگەیاند، "پەیماننامەی سایکس پیکۆ گۆڕانکارییەکەی گەورەی لە ناوچەکە دروست کرد. سایکس پیکۆ ئەمن و ئاسایشی بۆ ناوچەکە نەهێنا، لەو کاتەوە ئێمە بەدەستییەوە دەناڵێنین."
سەرۆک بارزانی دەشڵێت، زۆر ئاساییە هەڵە بکرێت، بەڵام بەردوام بوون لەسەری "تاوانە" و "حەقە ئەو کێشانەی دێنە بەردەممان بۆ جیلی داهاتوو بەجێنەهێڵین." ئاماژەی بەوە دا، "ئەو هەلەی 2003 هاتە پێش هێشتا ماوە و دەبێت لەدەستی نەدەین."
لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق باسی لەوە کرد، "هیوادارین ئەو هەڵبژاردنەی ئەنجامدرا رێگەخۆشکەر بێت بۆ ئەوەی پرۆسەی سیاسی عێراق بگەڕێتەوە سەر رێچکەیەکی راست و دروست."
لەبارەی پرۆسەی چارەسەری تورکیا، سەرۆک بارزانی گوتی، "پشتیوانییەکی باشمان لێکردووە و بەردەوام دەبین." هەروەها لە سووریاش دەرفەتێکی زێڕین هاتووەتە پێش.
سەرۆک مەسعود بارزانی لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، "لە رووی تەکنیکییەوە زۆر پێشکەوتوو بوو، لە هیچ شوێنێک نەمبیست کەشی هەڵبژاردن ناخۆش بکات. بەڵام هیوادام یاسای هەڵبژاردن بگۆڕێت."
سەرۆک بارزانی لە گوتارەکەیدا لە مێپس 2025، گوتی: ئەم کۆڕبەندە لە کاتێکی هەستیاردا بەڕێوەدەچێت، هیودارین لێکۆڵینەوەکانی ئەم کۆڕبەندە ئەنجامێکی ئەرێنی لێبکەوێتەوە و ئەم ئامانجانە بەدەست بهێنێت، کە ئەم کۆڕبەندەی بۆ دەبەسترێت.
گوتیشی: لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست قەیرانی زۆر و مەترسیدار هەیە، ئومێدەوارین ئەم جۆرە کۆڕبەندانە ببێتە ڕێگەی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەو قەیرانانە، ئاماژەی بەوەشدا، هەندێ ڕووداو، گۆڕانکاریی و مێژوو دروست دەکەن.
سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەشدا، دوای جەنگی یەکەمی جیهانی، پەیماننی سایکس پیکۆ گۆڕانکاریی گەورەی بەسەر ناوچەکەدا هێنا، ئەم سیستەمەی لە ئەنجامی پەیماننامەی سایکس پیکۆ هاتە کایەوە، بەداخەوە سەقامگیریی بۆ ناوچەکە نەهێنا، گرفتی گەورەی دروست کرد، تاوەکوو ئێستاش میللەتانی ئەم ناوچەیە بەدەست ئەم پەیماننامەیەوە دەناڵێنین.
سەرۆک بارزانی باسی لەوەشکرد، پێویستە میللەتی ئەم ناوچەیە زۆر بە جددی بیربکەنەوە کێشەکە لە کوێیە، تاوەکوو ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت، هیچ گونجاو نییە ئێمە بەیەکەوە بژین و ناتەبابین، ئەگەر گرفتەکان بدۆزینەوە و نیاز و ئیرادە هەبێت، چارەسەری کێشەکانیش زۆر ئاسان دەبن.
سەرۆک بارزانی گوتیشی: زۆر ئاساییە هەڵە بکرێت، بەلام تاوانە لەسەر هەڵەکە بەردەوام بی، سیاسەتی خۆسەپاندن بەسەر هەموو جومگەکان سەرکەوتوو نەبووە، لە نە عێراق نە لە هیچ وڵاتێکی دیکەی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست، نەوەی داهاتوو پێویستیان بەوەیە ژیانێکی خۆش و بەختەوەریان هەبێت، بۆیە نابێت ئەو کیشانەی ئێستا هەیە بۆ نەوەکانی داهاتوو جێبێڵین.
سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەشدا، دەوڵەتی عێراق لە دوای جەنگی یەکەمی جیهانی لەسەر بنەمای هاوبەشی دامەزرا، دوای ئەو لە شۆرشی 14ـی تەممووزی 1958 بڕگەیەک نووسرایەوە کە تێیدا هاتبوو (کورد و عەرەب لەو نیشتمانە هاوبەشن)، ئەمەش هێزێکی دیکەی بەخشییە عێراق و ڕۆژانێکی زۆر خۆش هاتە ئاراوە ژینگەیەکی ئارام دروست بوو، بەڵام دیسان ئەمە سەری نەگرت، لە 11ـی ئادار ڕێککەوتن لە نێوان سەرکردایەتی شۆرش و حکوومەتی عێراق کرا، پاش ماوەیەکی دیکە ئەوەش سەری نەگرت.
لە درێژەی گوتارەکەیدا سەرۆک بارزانی دەشڵێت: هیچ کاتێک سەرکردایەتی شۆرش هیچ دەرفەتێکی چارەسەری ئاشتیی لەدەست خۆی نەداوە، لە ساڵانی 1963، 64، 66، 70 و 91 هەرکات دەرفەتی ئاشتی هەبووبێت سەرکردایەتی شۆڕش دەستی بۆ درێژکردووە، ئێمە وەکوو کورد سەلماندوومانە ئاشتیی خوازین، ئەو شتانەی بەسەر ئێمەشدا هات بیرمان ناچێت بەڵام ئێمە تۆڵە ناکەینەوە، چونکە ئێمە زۆر باش دەزانین برایەتی ئێمە و عەرەب و پێکهاتەکان زۆر لەوە بەرزترە لەو کێشە و تاوانانەی لەلایەن حکوومەتەوە ئەنجام دەدرێت.
