محەممەد حاجی مەحمود: ئەنجامەکانی هەڵبژاردن شکست بوو بۆ حزب
4 كاتژمێر لەمەوپێش
محەممەد حاجی مەحموود لە کۆبوونەوەی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان: ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی عێراق شکست بوو بۆ حیزبەکەمان و گشت هەڤاڵان، بۆیە دەبێت لێکۆڵینەوەی ورد بکرێت.
ماڵپەرى جەماوەر نیوز بڵاویکردەوە، بەسەرپەرشتی محەمەد حاجی مەحمود کۆبوونەوەی هەردوو ئەنجومەنی (سەرکردایەتی) و ( ڕاوێژکاری و چاودێری ) و بەرپرسی مەکتەب و مەڵبەندەکان بەڕێوەچووە.
محەمەدی حاجی مەحمود، ڕایگەیاندووە، پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران بەتایبەت بۆ حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان کە نەیتوانیوە دەنگی پێویست بۆ مسۆگەرکردنی کورسی بەدەستبهێنێت، ئەنجامەکانی شکستە بۆ حزب و گشت هەڤاڵان.
هەروەها ئەوەشى خستوەتەڕوو ئەوە لەکاتێکدایە حزبی سۆسیالست خاوەن مێژوویەکی دوور و درێژە لە خەبات و تێکۆشان و زیاتر لە ٤٥٠٠ شەهیدی بەخشیوە لەپێناو ئازادی ئەم خاکەدا.
سەرۆکی حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا وتویەتى هەڤاڵان ڕادەسپێرم لێکۆڵینەوەی ورد بکرێت لە هۆکاری کەمبوونەوەی دەنگەکانی حزب و لێپرسینەوە لەو هەڤاڵانە بکرێت کە کەمتەرخەم بوون و وەک پێویست ئەرکەکانیان ڕانەپەڕاندووە و بەشێک بوون لە هۆکارەکان.
هەر لەو کۆبونەوەیدا بڕیاردرا بە گۆڕانکاری لە دەزگا و ئۆرگانەکانی حزب و داڕاشتنەوەی پەیکەری ڕێکخستنی مەکتەب و مەڵبەندەکان لەسەر تەرزێکی نوێ کە بگونجێت لەگەڵ دۆخ و قۆناغەکەدا.
دەشڵیت: پێویستە بۆ پاراستنی فرەیی حزبی و مافی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکان و بەفیڕۆنەدانی دەنگەکانی کورد، بۆلەمەودوا کۆتایی بە سیستمی سانتلیگۆ بهێنرێت و لەبەرامبەردا سیستمی یەکبازنەیی لە هەڵبژاردنەکان پیادەبکرێت، ئەوەش لەپێناو بەرژەوەندی گشتیی و بەرقەراربوونی ئاشتی و ئاسایش لە وڵاتەکەدا.
