لە دهۆک و زاخۆ و سۆران و ڕاپەڕین پەڵەی داوە
4 كاتژمێر لەمەوپێش
دوای دواکەوتنێکی زۆر، بارانی پاییز دەستیپێکرد و هیوا گەڕایەوە بۆ جووتیاران. ڕاوێژکارێکی وەزارەتی کشتوکاڵیش ئەو ناوچانە ئاشکرا دەکات کە بەشی پێویست بارانیان لێ باریوە و "پەڵەیان داوە"، هاوکات ڕوونیدەکاتەوە کام ناوچانە هێشتا چاوەڕێی بارانی زیاترن.
ڕزگار حەمە خدر، ڕاوێژکاری وەزارەتی کشتوکاڵ، بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، "بەگوێرەی داتای کەشناسی و بڕی بارانبارین، لە پارێزگای دهۆک و ئیدارە سەربەخۆکانی زاخۆ و سۆران و ڕاپەڕین، پەڵەی داوە."
بەڵام ئاماژەی بەوەشکرد، "لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان، هێشتا پەڵەی نەداوە، چونکە ڕێژەی بارانبارین نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی پێویستە."
بە وتەی ڕاوێژکارەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ، بۆ ئەوەی زەوی بە تەواوی تێرئاو بێت و پەڵە بدات، پێویستە لە نێوان 40 بۆ 60 ملم بارانی لێ ببارێت.
بارانبارینی ئەمساڵ لە شەوی 14 لەسەر 15ی تشرینی دووەم دەستیپێکرد، کە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زۆر دواکەوتووە، لە کاتێکدا لە کەلتووری کوردیدا "حەقەپەڵە" ڕۆژی 5ی تشرینی دووەمە.
واباوە کە بارانی پەڵەدان دەبێت نەرم و هێواش بێت و بۆ ماوەی دوو شەو و دوو ڕۆژ بەردەوام بێت تا زەوی بە جوانی تێرئاو بێت.
شارەزایانی کەشناسیش پێیان وایە بارانی بەخوڕ سوودی کەمترە بۆ پەڵەدان، چونکە زۆربەی ئاوەکە بەسەر ڕووی زەویدا دەڕوات و ناچێتە قووڵاییەوە.
