ئەم ساڵ هەناری هەڵەبجە هەناردەی دەرەوە ناکرێت

4 كاتژمێر لەمەوپێش



لەکاتێکدا وەرزی پێگەیشتنی هەنارە و هاوردەکردنی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە قەدەخە کراوە، بەرپرسانی عەلوەکانی سلێمانی و هەولێر دەڵێن: 'بە قاچاخ هاوردە دەکرێت و لە عەلوەکانی هەولێر و سلێمانی دەفرۆشرێت".

بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، بەرهەمی ساڵانەی هەناری هەرێمی کوردستان زیاتر لە 80 هەزار تۆنە کە نزیکەی 30 هەزاری لە پارێزگای هەڵەبجەیە، بەهۆیەوە لە کاتی پێگەیشتنیدا ساڵانە تاوەکو 30ـی مانگی 12 هاوردەکردنی قەدەخە دەکرێت.

ستار مەحموود، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئەمڕۆ هەناری هەڵەبجە بەردەستە و رۆژانە رەوانەی بازاڕەکان دەکرێت".

سەروەر عەلی، بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەناری هەڵەبجە زۆرە؛ نزیکەی 15 هەزار تۆن لە ساردخانەکان دانراوە و رۆژانە دەفرۆشرێت".

سەروەر عەلی گوتی: "هەناری هەڵەبجە جگە لەوەی دەنێردرێتە بازاڕ و عەلوەکانی سلێمانی، هەولێر و دهۆک، هەناردەی نێوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرێت".

لە عەلوەکاندا کیلۆیەک هەناری هەڵەبجە بە گوێرەی جۆرەکەی بە کۆ بە هەزار بۆ هەزار و 250 دینارە. بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی گوتی: "لەکاتێکدا هەناری خۆمان باشترینە، بە قاچاخ هەناری سووریا و تورکیا لە پارێزگاکانی نێوەڕاست و خوارووی عێراقەوە دەهێندرێتە عەلوەکانی هەرێمی کوردستان".

سەروەر عەلی گوتی: "هەناری هاوردەکراو لە هەناری کوردستان گرانترە و کیلۆی دەگاتە هەزار و 750 دینار، ئەو هاوردەکردنە لەکاتی قەدەخەکردندا زیانێکی زۆر بە بەرهەمی خۆماڵی گەیاندووە".

رەجەب حاجی عەزیز، سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەناری سووریا لە عەلوەکەمان هەیە، نرخیان زیاتر لە هەزار و 300 دینارە و لە نێوەڕاست و خوارووی عێراقەوە هاوردە دەکرێت".

سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر گوتی: "ئەگەر هەناری هاوردەیە نەبێت نرخی کیلۆیەک هەناری هەڵەبجە و کوردستان بە گشتیی دەگاتە سێ هەزار دینار، ئەوەی هاوردە دەکرێ نرخی دابەزاندووە".

بەگوتەی رەجەب حاجی عەلی، "لە هەرێمی کوردستان خواست لەسەر هەنار زۆر زۆرە و سێ هێندەی بەرهەمی نێوخۆ لە دەرەوە هاوردە دەکرێت".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار