هاکان فیدان: پێویستە هەمووان رێز لە یەکپارچەیی سوریا بگرن
3 كاتژمێر لەمەوپێش
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی (A haber)ی توركی، ڕایدەگەیەنێت گفتوگۆکان لەگەڵ ئیدارەی ئەمریکا سەبارەت بە دۆخی سوریا، لەسەر پلانێک بوو بۆ تێکەڵکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لەگەڵ هێزەکانی حکومەتی سوریا و کۆتاییهێنان بەو مەترسیانەی کە بەهۆی داگیرکارییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سوریا دروستیکردووە.
هاوکات باس لەوەش دەکات پرسی یەکخستنی هێزەكانی سوریای دیموكرات پرسێکی سەرەکییە بوو کە لەگەڵ ئەمریکییەکان باسمان کردو دەبێت لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنی هاوبەشدا بەرەوپێش بچێت، دەشڵێت: گفتوگۆکانی نێوان دیمەشق و هەسەدە گرنگییەکی بایەخێكی هێجگار گەورەیان هەیە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا باس لە دانوستانەکان دەکات و وتیشى: ئەم دانوستانانە بۆ ماوەیەک راگیرا، بەتایبەتی دوای دەستوەردانەکانی ئیسرائیل لە باشور و هەندێک پێشهاتی ناوچەکە، ئێستا پرسى سەرەکی ئێمە لەگەڵ ئەمریکییەکان تیشکی دەخەینە سەر، دوورخستنەوەی ئیسرائیلە لە هاوکێشەکەدا وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر سوریاو، پێدانی دڵنیاییە بەوەی سوریا هەڕەشە نییە بۆ سەر ئیسرائیل.
هاکان فیدان پێشى وایە پێویستە هەمووان رێز لە یەکپارچەیی خاکی سوریا و سەروەری سوریا بگرن و ئیدارەی ئەمریکا فشار لە ئیسرائیل بكات لەوبارەیەوە.، پێشبینی دەکەین گفتوگۆکانی نێوان هەسەدەو دیمەشق بگاتە قۆناغێکی پێشکەوتوو.
هەروەها دەشڵێت: تورکیا بە وردی چاودێری هەموو ئەم پێشهاتانە دەکات و هۆشداری دەدات لە قۆستنەوەی دۆخی سوریا لە قۆناغی راگوزەرو و دروستکردنی مەترسی، کە دەکرێت لە ناوخۆی وڵاتەوە سەرهەڵبدات یان لەلایەن هەندێک لایەنی دەرەکییەوە پاڵپشتی بکرێن کە بەرژەوەندییان لە ئاژاوەگێڕیدا هەیە.
وەزیرى دەرەوەى تورکیا وتیشى : لە ئێستادا دانوستان و گفتوگۆ لە ئارادایە، چ لەگەڵ ئەمریکییەکان و چ ئەوانەی خۆمان بەڕێوەی دەبەین. کاردەکەین بۆ ئەوەی هەموو ئەم هەوڵانە بەرەو دەرئەنجامێکی دیاریکراو و نەخشە بۆ كێشراون بڕۆن.
