دەرگاکەی پشتەوەی کۆشکی سپی
2 كاتژمێر لەمەوپێش
خەبات کوردە
سەرەتا حەقە بگەڕێینەوە بۆ یەکەم دیداری تڕمپ و ئەحمەد ئەلشەڕع لە ڕیازی پایتەختی سعودیە و بە ئامادە بوونی وەلی عەهدی سعودیە و ئەردۆگان لە ڕێگای ڤیدیۆ ئۆن لاینەوە کە بە چ بڕیار و پەیمانێک شەڕع نۆ مانگ خۆی خافڵاند و هیچی بە هیچیش نەکرد
ئێستاش لە سەر داوای ئەردۆگان بۆ جاری دووەم وەکو دۆناڵد تڕەمپ دەڵێ بڕیارماندا چەنسێکی تر بدەینەوە بە سەرۆکە کاتیەکەی سوریا . لە ڕاستیشدا دەکرێ بڵێین ئەو تکا و ڕجایەی ئەردۆگان ، ئەمیری قەتەریشی لە پشتە
شەڕع پێش ئەوەی بگاتە کۆشکی سپی بۆ چاو تروکانێک لە گەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پێشانی میدیاکان درا و هیچ لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیشی بۆ نەڕەخسێندرا ، لە هەمانکاتیشدا ڕاگەیەندرا کە وەزیری دەرەوی تورکیا ، هاکان فیدانیش لە گەڵ وەزیر لە کۆبونەوە دابووە ، پێدەچێ سەردانەکەی شەڕعیش بە هەماهەنگی فیدان بوو بێ و ئەمەریکیەکان نەیان ویستبێ بابەتەکان لە بەردەمی میدیاکان لێکگرێ بدرێن و ببێتە یەک پاکێچ ، بۆیە لە وێنەکانیشدا هاکان دەرناکەوێ ، بەڵام لە ڕاستیدا بەشدار بووە لە وانە وتنەوەیەدا .
بە پێی ئەوەی کە سوریا تا ئێستا لە ژێر دوو بڕیاری گرنگی نەتەوە یەکگرتوەکاندایە ، ئەوە بێجگە لە یاسای سزاکانی قەیسەری ئەمەریکا کە تایبەتە بە سوریا و تا ئێستا دان بە حکومەتەکەی ئەلشەڕع دانەندراوە و بانگکردنەکەی بۆ کۆشکی سپی پڕۆتۆکۆلی نیە .
لە سەر داوای دۆناڵد تڕەمپ و بە پێی سزاکانی قەیسەر بۆ شەش مانگی داهاتوو تەنها ئەحمەد ئەلشەڕعی سەرۆکی کاتی سوریا ڕێگای بۆ خۆش کراوە تەواوی ئەو چاکسازیانەی کە ئەمەریکا داوای لێدەکات شەڕع و دارودەستەکەی جێبەجێی بکەن .
بۆ ئەوەی لە مانگی پێنجی ساڵی داهاتوو ڕێخۆشکەر بێ بۆ ئەمەریکا و کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی ڕازی بکات کە دەوڵەتە کاتیەکەی سوریا لە ژێر بەندی حەوتەم و بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان و سزاکانی قەیسەر لە سەر سەرکردەکانی ئێستای دیمەشق هەڵبگیرێن یان بە یەکجاری لاببردرێن .
هەر چەندە چاوەڕێ دەکرێ ئەو داوایەی ئەردۆگان تەنها کات کوشتن بێت و هەتا ئەو کاتە تورکیا و ئیسڕائیل باوەش بەیەکتریدا دەکەنەوە ، ئەو کاتە تورکیا ڕێگە چارەیەکی تر و سەودایەکی تر بە دیمەش دەکاتەوە و هەوڵدەدا ئەمەریکا و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ڕازی بکات کە دەست لە سەر سزاکان هەڵگرن و دان بە حکومەتە کاتیەکەی ئەلشەڕع بنێن
ئەو داواکاریانەی کە ئەمەریکا لە ئەلشەڕعی دەکات زۆرن و زەحمەتە ئەگەر دەوڵەتێکی گەورەی سەربازی تۆکمەی لەپشت نەبێت ، شەڕع بتوانێ جێبەجێیان بکات یان بەسەریاندا زاڵ بێت
هەندێ لەو داوایانە دەخەمە ڕوو ، بەڵام زۆریش زەحمەتە کە ئەحمەد ئەلشەڕع ئەو پیاوە بێ بتوانێ لەو ماوە کورتەدا ئەو هەموو داواکایانە بە ئەنجام بگەیەنێ ، مەگەر ئەمەریکا هەموو ڕۆژێ یان هەفتەیەک بڕیارێکی پێ جێبەجێ بکات بە زۆر : ـ
ـ ڕێککەوتن و دان نان بە هەر سێ هەرێمەکەی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کە کوردەکان بەڕێوەی دەبەن و هەرێمی عەلەویەکان لە شارەکانی کەنار دەریا ، هەرێمی باشوری سوریا کە دروزەکانن
ـ. چەک کردنی تەواوی گروپە توندڕەوە چەکدارەکانی ناو بەرەی نوسرە و ئەوانەی کە دەستیان هەبووە لە هەر دوو کوشتارەکەی عەلەوی و دروزەکان و ڕاپێچ کردنیان بۆ دادگا
ـ چونە ناو هاوپەیمانی دژی داعش و پاککردنەوەی تەواوی سوریا لەو چەتانە
. ـ هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ئەو دەوڵەتانەی کە لە ژێر چەتری دیانەتی ئیبراهیمی کۆبونەتەوە
ـ نەهێشتنی بیری توندڕەوی ئاینی و ڕەنگدانەوەی بەسەر کۆمەڵگای خەڵکی سوریا
ــ ڕێککەوتن لەگەڵ دەوڵەتانی چوار دەورەی سوریا بە تایبەتیش ئیسڕائیل
دەستگیر کردنی تەواوی ئەو سەرکردە سەربازی و سیاسیانەی کەئێستا لە ژێر باڵی شەڕعدا خۆیان حەشارداوە و چەندین کاری قێزەوەنی کوشتن و کاولکاریان ئەنجامداوە لە ۱٤ ساڵی ڕابردودا .
زۆر داواکاری تریش کە لەماوەی ئەو شەش مانگەدا بە چاودێری هێزە سەربازی و دیبلۆماسیەکانی ئەمەریکا ، حکومەتەکەی ئەلشەڕع دەبێ جێبەجێیان بکات
بەڵام بە بڕوای ئێوە شەڕع ئەو شێرەیە کە هیوای لە سەر هەڵبچنن بۆ شەش مانگی داهاتوو .؟
