هەسەدە: ئەوەی پێیوایە هاوبەشی ئەمریكاو هێزەكانمان پاشەكشێ دەكات بە هەڵەدا چووە
2 كاتژمێر لەمەوپێش
فەرهاد شامی، بەرپرسی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا، بە پێچەوانەی بانگەشەی هەندێک لایەن سوریای بەجێنەهێشت، بەڵكو بەردەوامە لە بەهێزکردنی بوونی خۆی لە شوێنە ستراتیژییەکانی ناوخۆی سوريا.
فەرهاد شامی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی نوسیویەتی: نەیارەكانمان پێیان وابوو هاندانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ وەستاندنی پشتیوانییەکانی بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات لەڕێی ناچارکردنی ئەو هێزانەوە دەبێت بۆ جێهێشتنی ناوچەکە، بەڵام واقیع تەواو پێچەوانەکەی سەلماندووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە: هاوبەشی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی درێژدەبێتەوە بۆ نزیکەی دە ساڵ، پاشەكشێی نەكردووەو سازشی لەسەر نەکراوە، بەڵکو بەشێوەیەكی قوڵتر چەسپاوە.
جەختیشكردووە: بەردەوامی ئەم هاوبەشییە نمایندەی پێویستییەکی ستراتیژی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی دەکات، کە لە متمانەی هاوبەش و قوربانیدانی هاوبەش لە شەڕی دژی تیرۆرەوە سەرچاوەی گرتووەو ئەوانەی گرەو لەسەر پاشەكشێی ئەم هاوبەشییە دەکەن، هەڵەن و پێویستە بە وردی بە حیساباتەکانیاندا بچنەوە.
