شاسوار عەبدولواحید، لاهوور شێخ جەنگی و ئارام قادر ناتوانن دەنگ بدەن
2 كاتژمێر لەمەوپێش
بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەگوێرەی رێنمایی کۆمیسیۆن، شاسوار عەبدولواحید، لاهوور شێخ جەنگی و ئارام قادر مافی دەنگدانیان نابێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 9ی تشرینی دووەمی 2025، ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوو هەزار و 128 بەندکراو و راگیراو هەن، کە حوکمەکانیان کەمتر لە پێنج ساڵە و مافی دەنگدانیان هەیە، بەڵام کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان مافی دەنگدانی پێنەداون.
بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان گوتی، "نووسراومان بۆ کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق کردووە، لەبارەی دەنگدانی ئەوانەی کە ماوەی حوکمەکانیان پێنج ساڵ کەمترە، بەڵام کۆمیسیۆن دەڵێت، بەپێی یاسا بەندکراوەکان ناتوانن دەنگ بدەن."
بە گوتەی ئیحسان عەبدولڕەحمان، هەریەکە لە شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ، لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل و ئارام قادر، سەرۆکی پێشووی هاوپەیمانیی نیشتمانی مافی دەنگدانیان نابێت.
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی گوت، "یاسا رێگری لە دەنگدانی زیندانییەکان کردووە و کارەکە لەدەست ئێمەدا نییە."
ئەوانەی لە پارێزگاکان مافی دەنگدانیان هەیە و ناتوانن دەنگ بدەن:
پارێزگای هەولێر: 690 سزادراو
پارێزگای سلێمانی: 723 سزادراو
پارێزگای دهۆک: 715 سزادراو
زیاتر لە 43,000 وێستگە بۆ هەردوو دەنگدانی گشتی و تایبەتی هەڵبژاردنی پەرلەمان لە عێراق و هەرێمی کوردستان تەرخان کراوە.
