سبەی نزیکەی 16 هەزار پارچە زەوی لە سنووری هەولێر دابەش دەکرێت
2 كاتژمێر لەمەوپێش
نزیکەی 16 هەزار پارچە زەوی لە سنووری پارێزگای هەولێر بەسەر فەرمانبەراندا دابەش دەکرێت.
ئەمڕۆ شەممە، 8ـی تشرینی دووەمی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر ڕایگەیاند، سبەی یەکشەممە، 9ـی تشرینی دووەمی 2025، پرۆسەی دابەشکردنی نزیکەی 16 هەزار پارچە زەوی لە سنووری شارەوانییەکانی بنەسڵاوە، دارەتوو و کەسنەزان بەڕێوەدەچێت.
ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان،دێت بۆ دابینکردنی زەوی بۆ فەرمانبەران و چین و توێژە شایستەکان.
پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کە ماوەی زیاتر لە 15 ساڵ بوو ڕاگیرابوو، بە بڕیارێکی مێژوویی سەرۆکی حکوومەت لە 27ـی ئاداری 2024 دەستیپێکردەوە. ئامانج لەم پرۆژەیە دابینکردنی زەویی نیشتەجێبوونە بۆ ئەو فەرمانبەرانەی کە پێشتر سوودمەند نەبوون.
پرۆسەکە لە سنووری پارێزگای هەولێر بە چەند قۆناغێک بەڕێوەچووە:
قۆناغی یەکەم: لە 15ـی تەمموزی 2025، نزیکەی چوار هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەرانی سنووری شارەوانیی بەحرکە دابەش کرا.
لە مانگەکانی دواتردا، پرۆسەکە شارەوانییەکانی دیکەی وەک قوشتەپە و دارە شەکرانی گرتەوە و تا مانگی ئاب نزیکەی 8 هەزار فەرمانبەر زەوییان وەرگرتبوو. هەروەها لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەم، زیاتر لە 7 هەزار و 500 پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەرانی سەنتەری شاری هەولێردا دابەشکرا.
ئەم قۆناغە نوێیە کە سبەی یەکشەممە بەڕێوەدەچێت، سێ شارەوانیی سەرەکی لە دەوروبەری هەولێر دەگرێتەوە. بەپێی زانیارییەکان، تەنها لە سنووری شارەوانیی بنەسڵاوە نزیکەی پێنج هەزار فەرمانبەر پارچە زەوی 200 مەتری وەردەگرن. بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر ئاماژەی بەوە کردووە کە ئامادەکارییەکان بۆ ئەم پرۆسەیە لە قۆناغی کۆتاییدان.
پرۆسەی دابەشکردنی زەوییەکان لە ڕێگەی تیروپشکی ئەلیکترۆنی و سیستەمی کۆمپیوتەرییەوە بەڕێوەدەچێت بۆ دڵنیابوون لە شەفافیەت و دادپەروەری. بە گشتی، لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر نزیکەی 42 هەزار فەرمانبەر، پێشمەرگە و خانەنشین لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند دەبن.
ئەم هەنگاوە بەشێکە لە ستراتیژی کابینەی 9ـی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ باشترکردنی گوزەرانی فەرمانبەران و دابینکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان بۆ هاووڵاتییان.
