سەرۆک بارزانی: دەبێ یاسای هەڵبژاردن بگۆڕدرێت و بگەڕێتەوە بۆ یەک بازنەیی
4 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرۆک مەسعود بارزانی لە کەرنەڤاڵی جەماوەریی پارتی گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند، دەبێ یاسای هەڵبژاردن بگۆڕدرێت و بگەڕێتەوە بۆ یەک بازنەیی. هەروەها گوتی، هەڵبژاردن راستترین رێگەیە بۆ ئەوەی گەل بڕیاری خۆی بدات.
سەرۆک بارزانی رایگەیاند، پەیامی ئەوەیان پێگەیشتووە کە بەهۆی ئەم هەڵبژاردنەوە رێڕەوی حوکمڕانی لە عێراق دروستتر دەبێت. گوتیشی، "لەبەر دوو هۆکار بەشداری هەڵبژاردنمان کرد."
بەرنامەی پارتی وەکو سەرۆک بارزانی باسی کرد، "ئەوەیە یاسای هەڵبژاردن هەموار بکرێتەوە، چونکە یاسای ئێستای هەڵبژاردن مافی هەموو لایەک بزر دەکات."
دەقی وتارەکەی سەرۆک بارزانی
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
خوشک و برایانی خۆشەویست، هەڤاڵانی بەڕێز.. خۆشحاڵیم وەسف ناکرێت کە ئەمڕۆ لە خزمەتی ئێوەدام
هەمووتان بەخێربێن سەر سەر و سەر چاوان..
خۆشەویستان ئامادەبوونی ئێوە بەم حەماسەت و مەعنەویاتە بەرزەوە هەمیشە ئومێد بەخشە بۆ ئێمە، هەر وەکو ئاگادارن سێ-چوار رۆژمان ماوە بۆ هەڵبژاردن، هەڵبژاردن راستترین رێگەیە بۆ ئەوەی گەل بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات و رەئی خۆی بدات، بە نیسبەت ئێمە مەسەلەیەکی مەبدەئییە، ئێمە دەزانین لە هەڵبژاردنی ئەمجارەش گۆڕانکاریی بەسەر کورسییەکاندا نایەت چونکە پێشوەخت کورسییەکان دەستنیشان کراون، بەڵام لەبەر دوو هۆی سەرەکی بەشداربووین. یەکێکیان؛ زۆر لە دۆستان و هاوخەباتان لەناو عەرەبەکانیش دۆستەکانمان لە دەرەوەش هەموو داوایان کرد کە بەشداربین، پەیامی زۆر ئەرێنیمان پێگەیشت لە زۆربەی دۆستان و هاوخەباتانمان لە بەغدا، کە راستە ئەم هەڵبژاردنە کورسییەکان ناگۆڕێت بەڵام رێگەخۆشکەر دەبێت بۆ ئەوەی عەمەلییەی سیاسیی عێراق بگەڕێنینەوە بۆ سەر رێچکەی راستی خۆی، کە ئەمە دەرفەتێکی زۆر باشە بۆیە ئێمە بەشداربووین. لەگەڵ ئەو دۆست و هاوبیرانەی کە وا بیر دەکەنەوە عێراق پێویستی بە چاکسازیی بنەڕەتییە؛ ئێمەش لەگەڵ ئەوان دەست دەخەینە ناو دەست و هەموو هەوڵێک دەدەین. هۆی دووەم؛ بۆ ئەوەی سەنگی پارتی پیشانی هەموو لایەک بدرێ. داواتان لێدەکەم هەرچەندە لەو قەناعەتەم کە ئێوە پێویستتان بە تەوسیە نییە بەڵام دەنگ بدەن بە لیستی 275 بۆ ئەوەی وەڵامێک بێت بۆ ئەوانەی لە خەیاڵدا دەژین.
هەڤاڵان.. پارتی بەرچاوی روونە، دەزانێ چی دەوێت و چ دەکات، ئەگەر ئەم هەڵبژاردنە ئەو دەرفەتەی رەخساند کە لەگەڵ هاوخەباتان و دۆستانی ترمان بتوانین چارەسەری وەزعەکە بکەین و عەمەلییەتی سیاسی بگەڕێتەوە بۆ رێگەی راستی خۆی، ئەمە بەرنامەی پارتی دەبێت بۆ داهاتوو:
یەکەم: دەبێ یاسای هەڵبژاردن بگۆڕدرێت و بگەڕێتەوە بۆ یەک بازنەیی لەسەر ئەساسی لیستی حیزبی یان لیستی نیمچەکراوە. ئەم قانوونەی کە ئێستا هەیە نادادپەروەرە، قانوونێکە مافی هەموو لایەک بزر دەکات، تەنیا چەند لایەنێک کە بە کەیفی خۆیان دایانڕشتووە، لەبەرئەوە ئەم قانوونە بە کەڵکی ئەوە نایەت و کارێکی جیدی دەکەین بۆ ئەوەی بگۆڕدرێت. مەعقوول نییە کورسییەک لە هەولێر بە 40 هەزار دەنگ بێت و رێژەی بەشداربووان 70-80 لە سەد بێت، بەڵام لە پارێزگایەکی دیکە لە باشووری عێراق هەمان کورسی بە دوو هەزار دەنگ بێت و رێژەی بەشداربووانیش 20٪ و کەمتریش بێت.
دووەم: هەوڵ دەدەین بۆ دامەزرانی ئەنجوومەنی فیدراڵی، کە ئەمە زامنێک دەبێ بۆ مافی هەرێم و پارێزگاکانی دیکەی عێراقیش. یاسایەک بەپێی دەستوور بۆ باج و رسوومات دەربچێت. مادەی 140؛ نە لە بیر دەکرێت و نە وازی لێدێنین؛ دەبێ جێبەجێ بکرێت. لێرەدا دەمەوێ بەو خوشک و برایانە بڵێم کە خەڵکی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمن؛ دڵنیابن ئێوە لەنێو دڵی ئێمەدان. دەرکردنی یاسای نەوت و گاز، بە شێوەیەک کە بگونجێت لەگەڵ دەستوور، بۆ ئەوەی ئیتر هیچ بەهانەیەک بەدەست ئەوانەی کە یاریی بە هەموو شتێک دەکەن لە بەغدا. قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری ئەنفالکراوان و کیمیاباران کراو و دێهات وێرانکراو، ئەمە ئەرکی عێراقە و دەبێ جێبەجێی بکات. لە هەمووی گرنگتر گەڕانەوەی عێراقە بۆ سەر ئەو سێ بنەمایەی کە عێراقی نوێی لەسەر دامەزرا لەدوای ساڵی 2003، ئەویش هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان. پێش رووخانی رژێم، لە کۆنفرانسی لەندەن رێککەوتن لەسەر ئەم سێ بنەمایە کرا. رووحی دەستوور ئیلهامی لەو سێ بنەمایە وەرگرتووە، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ئەو سێ بنەمایە، ئیتر هیچ موشکیلەیەک نامێنێت لە سەرتاسەری عێراق، نە لە بەینی هەرێم و بەغدا و نە لە پارێزگاکانی تریش. گەڕانەوە بۆ دەستوور، ئێمە پابەندین بە دەستوور، کەس هێندەی ئێمە ماندوو نەبوو بەو دەستوورەوە، ئەو کاتەش من گوتم ئەم دەستوورە بێ کەموکوڕی نییە، بەڵام بەشی ئەوە ئیجابیاتی تێدایە کە ئێمە تەیدی دەکەین. ئەگەر جێبەجێ کرابا؛ زۆرێک لەو مەشاکیلانەی کە روویانداوە؛ روویان نەدەدا. ئەگەر ئەو سێ بنەمایە گەڕانەوە و ئیلتیزان بە دەستوور کرا، ئیتر لە زوڵمی مەرکەزییەتی چەوسێنەر رزگارمان دەبێت و خەڵکی عێراق بە ئاسوودەیی دەژین، کەسی دیکە ناتوانێت بە میزاجی خۆی یاریی بە مووچە و بودجەی خەڵکی هەرێم بکات کە جگە لەوەی زوڵمێکی گەورەیە، ئیهانەیەکی گەورەش بوو بۆ خوێنی شەهیدانی ئێمە. نابێ ئەوە دووبارە ببێتەوە.
تەجرووبە دەریخستووە، حکومی عێراق تەنها بە یەک نەتەوە یان بە یەک پێکهاتە ناکرێ، دەبێ بە هاوبەشی بێت و شەریک بین، ئەگەر بیانەوێ عێراق سەقامگیر بێت و پێشبکەوێت و کێشەی نەمێنێت، گەڕانەوەیە بۆ هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان. هەموو جوهدێک سەرف دەکەین بۆ ئەوەی ئەمە سەربگرێت.
هەندێجار هەڕەشەی هەندێ کەسمان گوێ لێدەبێ یان هەندێ کەس وەەتەنیات بە خەڵکی تر دەفرۆشن، یان دەپرسن: ئایا ئێوە ئیلتیزامتان بە عێراق هەیە یان نا؟ وەکو ئەوەی عێراق موڵکی ئەوانە! لە کۆنفرانسی لەندەن، بناخەی ئەم عێراقەمان دانا و رۆڵی سەرەکیمان تێیدا بینی، لە رووخاندنی رژێمی دیکتاتۆری پێشـمەرگە و خەڵکی کوردستان رۆڵی سەرەکییان بینی. لە دامەزراندنی عێراق و دەستوور، خەڵکی کوردستان رۆڵی سەرەکییان بینی. بەڵێ ئێمە لەگەڵ عێراقین، عێراقێک کە شەریک بین، هاوسەنگ بین، هاوبەش بین، نەک عێراقێک کۆمەڵێک مافیا بیانەوێ داگیری بکەن و حوکمی بکەن. ئێمە لەگەڵ عێراقێکی فیدراڵی، دیموکراتی، فرە نەتەوەیی، فرە ئایینی و فرە مەزهەبین، ئێمە لەگەڵ عێراقی دیکتاتۆری نەبووین و ناشبین. ئێمە بڕوامان بە پێکەوەژیانە، ئەو فەرهەنگەی لە کوردستان بۆ ئێمە ماوەتەوە پێی سەربەرزین، لە هەموو یاد و شوێنێک کە باسی فەرهەنگی پێکەوەژیان دەکرێ لە کوردستان هەست بە سەربەرزییەکی گەورە دەکەین، دەبێ ئێمە ئەو فەرهەنگە بپارێزین و قووڵتری بکەین.
