بەراورد بە دیدارەکانى تر ئۆجالان لەڕووی جەستییەوە زۆر باش دیاربوو
2 كاتژمێر لەمەوپێش
پەرلەمانتاری ڕحای دەم پارتی و برازای ڕێبەر ئاپۆ، عومەر ئۆجالان هاوشانی ئەندامانی دیکەی بنەماڵەکی لە گرتووخانەی ئیمراڵی دیداری بنەماڵەییان لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا ئەنجام دا. عومەر ئۆجالان پەیوەست بە دیدارەکە قسەیکرد و گوتی، دوای چەندین ساڵ بۆ یەکەم جارە فاتیمە ئۆجالان لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا دیداری ئەنجام داوە. عومەر ئۆجالان دەستنیشانی کرد لە هۆڵی پێشوازییەکان ڕێبەر ئاپۆ بە گەرمی و تامەزرۆییەوە پێشوازی لێ کردوون.
عومەر ئۆجالان ڕایگەیاند، ڕێبەر ئاپۆ لە دیدارەکەدا هەواڵپرسی لە هەموو دۆست و خزمەکانی سەردەمی منداڵی و گەنجی خۆی لە گوندەکەیان کردووە و گوتی: "یادەوەرییەکانی ئەو قۆناغەی تەمەنی خۆی گێڕایەوە. هەروەها داوای لە پورە فاتیمە کرد یادەوەرییەکانی کاتی منداڵی خۆیان بگێڕێتەوە."
عومەر ئۆجالان بیریهێنایەوە لە ماوەی ساڵێکدا پێنج جارە دیداری ڕێبەر ئاپۆی کردووە و جەختی لەوەکردەوە بەراورد بە یەکەم دیدار ڕێبەر ئاپۆ لەم دیدارەدا زیاتر بە گوڕ و تەندورستتر بینیوە و بەم شێوەیە بەردەوام بوو لە قسەکانی: "لە ڕووی جەستییەوە زۆر باش دیاربوو، بەراورد بە دیداری یەکەم کاریگەرییەکانی گۆشەگیر کەمتر بە جەستەیی سەرۆکەوە دەردەکەوت. لە دیداری ٣١ـی تشرینی یەکەم زیاتر بە تەندروست و بە ورەتر بینیمان. بە ورەیی سەرۆک وزەی پێداین. بە گشتی دەتوانم بڵێم زۆر بە هێز بوو."
'گۆشەگیری بە ئێستایشەوە لە هەندێک ڕووەوە بەردەوامە'
عومەر ئۆجالان ئاشکرای کرد، گۆشەگیری بە ئێستایشەوە بەردەوامە بەڵام ڕێبەر ئاپۆ زۆر خۆی بەو بابەتەوە سەرقاڵ نەکرد و گوتی: "سەرۆک پەیوەست بە دۆخی خۆی هیچ هەڵسەنگاندێک ناکات. فیداکاری زۆر لە پیناو بەردەوامی پرۆسەکەدا دەکات. گەر لە ئێستادا بڵێن 'یاساکانی جێبەجێ کردن لە ئیمراڵیدا پەیڕەو دەکرێت' ئەوا شتێکی ناڕاستە. زۆر بە ئاشکرا ئەمە دەردەبڕم. دەزانین ئەم دیدارانە بەهۆی پرۆسەی سیاسییەوەیە. لە زیندانەکانی تورکیادا کەم تا زۆر ئەو یاسایەن جێبەجێ دەکرێن. بێگومان لە گرتووخانەکانی دیکەشدا کێشە هەیە، بەڵام لە گرتووخانەی ئیمراڵی قورسترین گۆشەگیری سەد ساڵە پەیڕەو دەکرێت. نادادپەروەرییەکی زۆر لە ئارادایە. گەر وشەکە لە جێگەی خۆیدا بێت، ئەوا بە تەواوەتی گۆشەگیری دەبێت. بێگومان لە چوارچێوەی دیداری بنەماڵەییدا لە ماوەی ساڵێکدا پێنج دیدارمان کردووە. لە ڕووی یاساییەوە پێویستە یاساکانی جێبەجێ کردنی لە سێدارە جێبەجێ نەکرێن، بەڵام گەر پرسیاری 'داخۆ گۆشەگیری ڕەها هێشتا بەردەومە' بکەین، من لەو خاڵەکەدا نیم. دۆخەکە هەندێک سووک کراوە بەڵام هێشتایش گۆشەگیری لە هەندێک لاینەوە بەردەوامە. ڕاستە دیداری پارێزەران و شاند و بنەماڵە لە ئارادایە، بەڵام پێموایە ئەمە هەموو شتێک نییە."
'پێویستە بەرپرسان بوێرانە مامەڵەبکەن'
عومەر ئۆجالان ڕایگەیاند کە پێویستە هەلومەرجەکانی ڕێبەر ئاپۆ باشبکرێن و بگۆڕدرێن و بەم شێوەیە بەردەوام بوو: "لە ئێستادا لەوێ سەرکردەیەک، بەردەنگی سەرەکیی پرسەکە هەیە. پێویستە حکومەت هەلومەرجەکانی کارکردنی ئەو بڕەخسێنێت. حکومەت و دەوڵەت بانگەشەی چارەسەرکردنی پرسەکە دەکات. ڕای گشتییش دەزانێت کە لایەنێکی پرسەکە سەرۆکە. پێویستە بەرپرسانیش لەو چوارچێوەیەدا بوێرانەتر مامەڵەبکەن."
عومەر ئۆجالان ئاماژەی بەوە کرد کە پرسی کورد زیاتر لە ١٠٠ ساڵە بەردەوامە و ٥٢ ساڵیشی، تێکۆشان بە پێشەنگایەتیی ڕێبەر ئاپۆ درێژەی هەیە. عومەر ئۆجالان گوتی پێویستە دەوڵەت ئەم ڕاستییە ببینێت و بەم شێوەیە بەردەوام بوو: "مادام پەیوەندییەکانی کورد و تورک دەبەستنەوە بە قووڵاییەکی مێژووییەوە، مادام باسی مێژوویەکی هەزارساڵە دەکەن، ئەوا پێویستە ئەو پرسە لە خاڵێکدا چارەسەر بکەن. پێویستە ئیرادەیەکی سیاسی بێتە ئاراوە، کە ئەو بوێریی و تێڕوانینە نیشاندەدات. سەرەتا پێویستە هەلومەرجەکانی ئیمراڵی باش بکرێن. دواتریش ڕێ و ڕێبازی جیاواز، دەرفەتی کاری ئازادی سەرۆک بڕەخسێنن. ئەمە بۆ ئێمە، گەلەکەمان و پارتەکەمان زۆر گرنگە."
'ئەو شوێنەی دیداری لێدەکەین، هەمیشە هەمان شوێنە'
عومەر ئۆجالان ئاماژەی بەوە کرد کە لە هەلومەرجەکانی ئیمراڵییدا گۆڕانکاریی نەکراوە و بەم شێوەیە بەردەوام بوو: "ئەوە ساڵێکە دەچم و دێم. ئەو شوێنەی دیداری لێ دەکەین هەمان شوێنە. هیچ گۆڕانکارییەک لە گرتووخانەی ئیمراڵییدا نییە. هیچ گۆڕانکارییەک لە هەلومەرجەکانی سەرۆکدا نییە. نازانین لە داهاتوودا چی ڕوودەدات. بێگومان ئەگەر پرۆسەکە سەربکەوێت و پێشبکەوێت، پێویستە ئەم مژارە سەرلەنوێ هەڵبسەنگێنرێت."
دەرگا بە دەرگا گەڕان و کارکردن
عومەر ئۆجالان باسی لەوە کرد کە پەیوەست بە بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی گەریلا و کاردانەوە ئەرێنییەکان، هەواڵی داوە بە ڕێبەر ئاپۆ و گوتی: "سەرۆکیش گوتی کە لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییەدا دەرفەت ڕەخساوە. پێی گوتین؛ 'دەرفەتی خۆڕێکخستنکردنتان بۆ دروستبووە. ئێوە پێویستە لەپاڵ گەلەکەماندا ئەم پرۆسەیە بەڕێکخستن بکەن. پێویستە ئەم پرۆسەیە بە بەشداربوونی گەل بەڕێکخستن بکرێت. ئەگەر پێویست بکات دەرگا بە دەرگا ئەم پرۆسەیە و ئەو مۆدێلەی دەمانەوێت دایبمەزرێنین، بە خەڵکی ڕابگەیەنن."
ڕێکخستنبوونی کۆمەڵگە
نوێنەری دەم پارتی عومەر ئۆجالان ڕایگەیاند، ڕێبەر ئاپۆ لە دیدارەکەدا گوتوویەتی کە دەوڵەت لەبری ئەوەی کە لەسەر ئەو هەنگاوانە بوەستێک کە پێویستە خۆی بیاننێت، لەسەر ئەو هەنگاوانە دەوەستێت کە کورد و تەڤگەری سیاسیی کورد دەینێت و بەم شێوەیە بەردەوام بوو: "لە بنەڕەتدا بایەخێکی زۆر بە ڕێکخستنی جەوهەری و ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی دەدات. خۆی ئەم بارودۆخە بەم شێوەیە دەگێڕێتەوە؛ 'بەڵێ، کاتێک سەرەتا دەستمانپێکرد، ژمارەی ئەو وشانەی بەکارماندەهێنا، کەمبوون. ئێمە لەو ڕۆژانەوە گەیشتینە ئەمڕۆ. لە ئێستادا لە زۆر ناوچە دەرفەتی زۆر هەن. هێزی ئەوەمان هەیە کە لە هەموو شوێنێک سیاسەت بکەین. پرسێک نییە کە تەنها بە دامەزراوەکان چارەسەر بکرێت. پێویستە گەلیش لەم پرۆسەیەدا ڕۆڵی هەبێت. پێویستە بۆ ئەو سیستەمە کۆمەڵایەتییەی کە ئێمە لە لایەکەوە پرۆسەکە بەڕێکخستن دەکەین و لەلایەکیشەوە دایدەمەزرێنین، سوودبەخش بێت.' بەگشتی مامەڵەی سەرۆک بەم شێوەیەیە."
'کردار لە قسە گرنگترە'
عومەر ئۆجالان ئاماژەی بەوە کرد کە ڕێبەر ئاپۆ لە دیدارەکەدا گوتوویەتی کە کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست توانایەکی گەورەی هەیە و بەم شێوەیە درێژەی بە قسەکانیدا: "گوتی لە هەمان کاتدا هێزێکی دیموکراتیکن و خاوەن ئەو تێڕوانینەن کە سیستەمێک دابمەزرێنن. سەبارەت بە بێ متمانەیی گەلیش بەرامبەر پرۆسەکە هەڵسەنگاندنی کرد. سەرۆک بایەخێکی زۆری بە زانینی گەل دەدا. سەرۆک دەیگوت 'گەل مافی خۆیەتی.' بەها و بایەخێکی گەورە دەداتە ئەزموونی گەل، زانینی گەل. بەڵام ڕاستییەک هەیە کە تەنها ئەو کەسانەی دژی یەکدی شەڕدەکەن دەتوانن ئاشتی بکەن. سەرۆک، بۆئەوەی ئەم شەڕ و پێکدادانانەی ئێستا تا هەتایە بەردەوام نەبن، دەستپێشخەرییەکی گەورەی گرتووەتە ئەستۆ. هەوڵدەدات دەوڵەتیش ڕابکێشێتە سەر ئەم هێڵە. سەرۆک زۆر باش دەزانێت، بەشێکی دەوڵەتیش دەزانێت؛ سەرۆک جاروبار باسی 'دەوڵەتی نایاسایی' دەکات. پێویستە دژی ئەمانە هۆشیار بین. کردار لە قسە گرنگترە. ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە ئەوەیە."
ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک بە مانای چی دێت؟
عومەر ئۆجالان لە بەردەوامیی قسەکانیدا گوتی: "سەرۆک باس لە هەندێک بیرەوەریی خۆی دەکات؛ 'کاتێک منداڵبووم، لەبەردەم دیواری مزگەوتی ئامارا دانیشتم. کەسێکی بەتەمەنی لێبوو. کاتێک باسی هێمای کوردبوونمان دەکرد، پێی گوتم؛ 'مەگەر دەتوانی ڕوح بکەیتە بەر ئەم دارە وشکبووە؟ تێکۆشانی تۆ ئەوەیە.'
ڕەنجێکی گەورە، قوربانیی گەورە و تێکۆشانێکی سیاسیی گەورە درا. ئەوانەشی ئێستا بە ناوی کوردایەتییەوە سیاسەت دەکەن پێویستە ڕێز لەو میراتە بگرن و خاوەندارێتی لێ بکەن. من، ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک بە ئاشکرا باسبکەم؛ بەو مانایە دێت کە دەوڵەت ئێوە بە ناسنامەی خۆتان، بە کلتووری خۆتان، بە فکری خۆتان، بە جوگرافیای خۆتان، بە وڵاتی خۆتان، بە باوەڕیی خۆتانەوە قبووڵبکات. واتا بەو مانایە نایەت کە ئێوە واز لە ناسنامەی خۆتان بهێنن، واز لە زمانی خۆتان بهێنن، واز لە خۆبوونی خۆتان بهێنن، واز لە باوەڕیی خۆتان بهێنن و بەشداری دەوڵەت بن."
عومەر ئۆجالان بەم شێوەیە درێژەی بە قسەکانیدا: "ئەگەر کورد بەشداری کۆماری تورکیا ببن، ئەو بەشداربوونە لەسەر بنەمای کۆماری دیموکراتیک دەبێت. لە ڕووی چەمکەوە ئەوە ناوی ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیکە. گەلی کورد سەرەڕای جیاوازییەکانی خۆی دەتوانێت بچێتە دەوڵەتەوە. ئەوە ١٠٠ ساڵیشە داخوازیی گەلی کورد ئەمەیە. لە سیستەمی عوسمانییەکاندا، سەدان ساڵ بە خۆبوونی خۆیانەوە ژیاون. بەڵام ڕاستییەکی سەرۆکایەتی هەیە کە کوردایەتی زیندووکردەوە، هەڵیستاندە سەر پێ و هێمای کوردایەتی بردە ئاستێکی نوێ. سەرۆک، نەخشەڕێی پێکەوەژیانی کورد و تورک، کورد و عەرەب، کورد و فارس، کورد و سریانی داناوە. لە هەمان کاتدا کورد لەناو خۆیدا نەتەوەیەکی زۆر دەوڵەمەندە. کوردانی عەلەوی هەن، هی ئێزدی هەن، هی سونی-ئیسلامی هەن. ئەم ڕێبازەی تێکۆشان، هەموو کوردی لە دەوری مێز کۆکردەوە."
'دەبێت سیستەمی کوردان کاریگەری لەسەر دیمەشق بکات'
عومەر ئۆجالان ڕایگەیاند سەرۆک سەبارەت بە باکوو و ڕۆژهەڵاتی سوورایا ئاماژەی بەوەکرد کە دەبێت دەسەڵاتدارانی کۆماری تورکیا لەو خوو و عادەتە سەد ساڵەی خۆیان دووربکەونەوە، کورد دوژمنی هیچ گەلێک نییە؛ دوژمنی دەوڵەتیش نیین، کورد بە شێوەیەکی ڕاستەقینە ناسنامە و بوونی خۆی دەپارێزێت، نوێنەرایەتی هێزێکی ناوخۆی بۆ دیموکراسی دەکات، کورد هیچ گەلێکی ئاسمیلە نەکردووە، تەنیا ویستوویەتی بەرگری لە خۆی بکات، ئەمەش بۆ سووریاش هەمان شتە. سەرۆک سەبارەت بە سووریا دەڵێت ئەو سیستەمەی کە کورد لەوێ دایدەمەزرێنێت دەبێت کاریگەری لەسەر دیمەشق هەبێت، ئەگەر ئەم سیستەمە لە سووریا دامەزرا، ئەوە سووریا دەبێتە وڵاتێک بۆ ژیان، هەروەها تورکیا دەتوانێت نیگەرانیەکانی لەگەڵ لایەنەکانی بەرامبەردا باس بکات، پێموایە ئەم بابەتە بە شێوەیەکی بەرفراوان لەگەڵ سەرۆکدا باس دەکرێت. هەروەها من پێشهاتەکانم لە دیدارەکەماندا بۆ سەرۆک باس کردووە، سەرۆک وتی: "بەدواداچوون بۆ گۆڕانکارییەکانی سووریا دەکات."
'دەبێت کێشەی سووریا لەگەڵ سووریەکان چارەسەر بکرێت'
"دەبێت کێشەی سووریا لەگەڵ سووریەکان چارەسەر بکرێت. هەروەها پێویستە دەوڵەتی تورکیا بەرامبەر حکومەتی سووریا لەبەر سەربەخۆبوونی زیاتر هەستیار بێت، نابێت زۆر دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی ئەو وڵاتەدا بکات، ئەگەر بیەوێت پەیوەندییەکان گەشە بکات، دەتوانێ لەگەڵ بەرپرسان، سیاسەتمەدار و پێشەنگەکانی کورد لەوێ بکەوێتە پەیوەندییەوە، هەروەها لەبری ئەحمەد شەرع دەتوانن لەگەڵ مەزڵوم کۆبانێ کۆببنەوە. دەتوانن لەگەڵ ئیلهام ئەحمەد کۆببنەوە. ئەمە شوێنێکە بۆ هەومووان. مۆدێلێکە بۆ هەمووان و چاوی هەموو جیهانی لەسەرە، بۆیە پێویستە دەوڵەتی تورکیاش لەم خاڵەدا لەگەڵیان لە هاودەنگی و هاوکاریدا بێت، ئەگەر هەر جۆرە نیگەرانیەک هەبێت، پێویستە پەیوەندی بە بەرپرسانی هێزەکانی سووریای دیموکراتیکەوە بکات. پەیوەندی و دیالۆگ گرنگە، هەمووان دەتوانن پێکەوە شەڕ بکەن، دەتوانن بە سێ وشە تێکی بدەن، بەڵام دروستکردن، داڕشتن و گەشەکردن بابەتێکە کەمێک دووربینی دەوێت. سەرۆک پێشتر بە ڕوونی بۆچوونەکانی خۆی لەسەر سووریا دەربڕیوە و لە هەمان چوارچێوەدایە. بێگومان سەبارەت بەوەی کێ و چۆن بە چ شێواز و زمانێک دیپلۆماسی بکات، سەرۆک ئەرێنی و بنیاتنەرە."
پێویستە تورکیا لەگەڵ کوردانی هەر چوار بەشدا ئاشتی بنیات بنێت
عومەر ئۆجالان رایگەیاند سەرۆک بۆ بەرەو پێش چوونی پرۆسەکە لە هەر کەس زیاتر تێدەکۆشێت و وتی: "سەرۆک وەک چاوی ئەم پرۆسەیە دەپارێزێت. سووریاش بەشێکە لەم کارە. هیوادارم لە داهاتوودا لایەنەکان بە لێکتێگەیشتن لەدەور یەک کۆببنەوە و ڕوانگەیەکی ئەرێنییان بۆ سووریا هەبێت. ئەگەر دەتانەوێت وڵاتەکە بە هێز بێت، دەبێت ئاشتی لەگەڵ کولتووری هەر چوار بەشی کوردستاندا بەدی بێنن. هەروەها ئیتر نابێت تورکیا بەردەوام بێت لەسەر ئەم کێشە ناوخۆییانە و گفتوگۆکان سەبارەت بە زمان و هەبوونی کورد. بۆ ئەوەی بتوانێت بە بوێری و جددیترەوە سەیری داهاتوو بکات، پێویستە پرسە ناوخۆییەکانی خۆی چارەسەر بکات، لەبەر ئەوە ناتوانن لە باکوور پرۆسەی ئاشتی بەڕێوە ببەن و لە ڕۆژئاوا پرۆسەیەکی جیاوازتان هەبێت."
پارتی جەهەپە دەبێت بەشداری پرۆسەکە بکات، فریوی یارییەکان نەخوات
عومەر ئۆجالان لەبەردەوامیدا ڕایگەیاند سەرۆک سەبارەت بە جەهەپە وتی: "سەرۆک جەختی لەوە کردەوە کە پارتی کۆماریخوازی گەل (جەهەپە) دەبێت بەشداری ئەم پرۆسەیە بکات. نابێت فریوی یارییەکان بخوات، نابێت مل بە ئاژاوەگێڕییەکان بدات. ئەم پرۆسەیە پرۆسەی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) و پارتی نەتەوە پەرەست (مەهەپە) نییە؛ بەڵکو ئەمە پرۆسەیەکە کە تەواوی دەوڵەت دەگرێتەوە. سەرۆک گرنگی و بەهایەکی زۆر بە بەشداریکردنی جەهەپە دەدات لەم پرۆسەیە. هەروەها کەسانی دیموکرات و خاوەن دیدگایەکی ئەرێنی لەناو جەهەپەدا زۆرن بەڵام ئەوانەی ئاژاوەگێڕی دەکەن بەشێکن کە لە دۆزەخدان. لەماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا گەلی کورد و گەلی تورکیا لە نزیکەوە بەدواداچوونیان بۆ ئەم پرۆسەیە کردووە، پێویستە گەلانی تورکیا زۆر بە وردی بەدواداچوون بۆ ئەمە بکەن. هەندێک دەپرسن'بۆچی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) سیاسەتی دیموکراتیکی گرتووتە پێش و دەستبەرداری تێکۆشانی چەکداری دەبێت؟' لێرەدا پێویستە گەلەکەمان گرنگی بەم بابەتە بدات و لەوە تێبگات پەکەکە و سەرۆک ٣٢ ساڵە بۆ ئەوەی چەک بەلاوە بنرێت و سیاسەتی دیموکراتیک گەشە بکات تێدەکۆشن."
دەبێت کولتووری دیموکراتیک دابمەزرێت
عومەر ئۆجالان ئاماژەی بەوەشکرد کە یەکێک لەو شتانەی کە سەرۆک زۆرتر لە هەموو شتێک پێی باشبوو دابمەزرێت ئەم کۆمیسیۆنە بوو. دەیەوێت ئەو کۆمیسیۆنە درێژبکرێتەوە بۆ هەموو بەشەکانی کۆمەڵگا. هەرچەندە کەموکوڕی تێدایە و ڕەنگە کاریگەریی خۆی کەم بووبێتەوە، بەڵام پەرلەمان بەناوبانگترین دامەزراوەیە لە تورکیا. سەرۆک بۆ ئەم دامەزراوەیە بەهایەکی گەورە دەدەنێت. دەڵێت بنەمای بە یاساییکردن لێرەدایە. جەهەپەش ئەمەی زۆر ئەمەی ویستووە. سەرۆک دەیەوێت ئەزموونی ٥٢ ساڵەی خۆی بۆ کۆمیسیۆن باس بکات، بێگومان بۆ داهاتوو مەبەستیە، بۆ ئەوەی ئیتر ئەو شتانەی ڕوویانداوە دووبارە نەبنەوە، بۆ دامەزراندنی کولتووری دیمۆکراتیک ئەمەی دەوێت."
'پێویستە دەوڵەت هەنگاوی جددی بنێت'
ئێوە ئێستا گوێ لە هەمووان بگرن. لەگەڵ ئەوەشدا گوێ لە بەردەنگی سەرەکی ئەم پرسەیە نەگرن و هەستیاری نیشان بدەن، لەم شتانە تێناگەن. دەبێت دەوڵەت بوێری لە خۆی نیشان بدات، جددیتر مامەڵە بکات و هەنگاو بنێت. پێویستە لەگەڵ سەرۆک دیدار بکات و بوێڕ بێت. هەوروەها دەبێت دەوڵەت خۆی لە هیچ شتێک نەبپارێزێت و هەنگاو بنێت. سیستەمێکی نوێ، پرۆسەیەکی نوێ، زمانێکی نوێ و نوێ بوونێک دەستپێبکات."
