یاسایەك دەخرێتەڕوو بۆ گەڕانەوە گەریلاكان بۆ توركیا
3 كاتژمێر لەمەوپێش
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، لە راپۆرتێكدا ئاشكرایدەكات: تورکیا دەستیکردووە بە داڕشتنی یاسایەک کە ڕێگە بە هەزاران گەریلا و هاوڵاتی مەدەنی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەدات لە حەشارگەکانیان لە باکوری عێراق بگەڕێنەوە بۆ ماڵ و حاڵی خۆیان، ئەوەش لە چوارچێوەی دانوستانەکان بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێیەکی درێژخایەن.
بەرپرسێکی باڵا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرچاوەیەکی ناو پارتێکی سیاسی کوردی لە تورکیا رایانگەیاندووە: یاسا پێشنیازکراوەکە پارێزگاری لە گەڕاوەکان دەکات، بەڵام لێبوردنی گشتی ئەو تاوانانە ناگرێتەوە کە لەلایەن چەکدارانی پێشووەوە ئەنجام دراون.
بەگوێرەی ئەو پلانانە، دەکرێت هەندێک لە سەرکردە گەریلاکان بنێردرێن بۆ وڵاتانی سێیەم.
گەڕانەوەی گەریلاكانى پەکەکه و خێزانەکانیان بۆ تورکیا له بنکەکانیان له ناوچه شاخاوییەکانی باکوری عێراق، یه کێکه له دوا کۆسپەکانی بەردەم پڕۆسەی ئاشتی که ساڵێک له مەوبەر دەستیپێکرد، بۆ کۆتاییهێنان به ململانێیەک که بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی نزيكەى 40 هه زار كەس.
لەکاتێکدا بەرپرسان بەشێوەیەکی گشتی قسە لەسەر هەوڵەکانی ئاشتەوایی دەكەن، بەڵام ئەو وردەکارییەی ئەو دوو سەرچاوەیە ئاشکرایان کردووە پێشتر بڵاونەکراوەتەوە، لەوانەش پێشنیاز بۆ گەڕانەوەی هاوڵاتیانی مەدەنی و گەریلاكان بە گروپی جیا جیاو بۆ رەوانەکردنی سەرکردەکانيان بۆ وڵاتانی سێیەم.
ئەو بەرپرسەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە روونکردنەوەی لەسەر دانوستانە هەستیارەکان داوەو داوای کرد ناوی ئاشکرا نەکرێت، رایگەیاندووە: رەنگە ئەو یاسایەی كە ڕێگە بە گەڕانەوەیان دەدات لەم مانگەدا لە پەرلەمانی تورکیا بخرێتەڕوو.
