وەفدی دانوستانكار پارتی: ئامادەبووین (8 بۆ 9) وەزارەت لای یەكێتیی بێت

2 كاتژمێر لەمەوپێش



شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان دووپاتی کردەوە، پێویستە ڕێز لە ئیرادەى دەنگدەران و خەڵکى کوردستان بگیرێت و نابێت لایەنێک بە هیچ هۆکارێکى نالۆژیکى ببێتە ڕێگر لە بەردەم کاراکردنەوەى پەرلەمان و پێکهێنانى کابینەى دەیەم.

پێنجشەممە، 6ـی تشرینی دووەمی 2025، شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ یەکێتی، دەرکەوت ئەو حزبە نایەتە پێش بۆ ڕێککەوتن تا دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.

شاندی دانوستانکاری پارتی، جەختی لەوە کردەوە، چەندین جار یەکێتی لەوە ئاگادار کراوەتەوە، کە ڕێکنکەوتن لەسەر پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە بەرژەوەندىی هەرێمدا نیە و پارتى ئەوە بە پەسەند نازانێت.

پارتی دووپاتی کردەوە، کە هەمیشە بڕواى بە کارى پێکەوەیی هەبووە و بە پێویستی دەزانێت ڕێز لە ئیرادەى دەنگدەران و خەڵکى کوردستان بگیرێت و نابێت لایەنێک بە هیچ هۆکارێکى نالۆژیکى ببێتە ڕێگر لە بەردەم کاراکردنەوەى پەرلەمان و پێکهێنانى کابینەى دەیەم.

شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان، هاووڵاتییان و دەنگدەرانی کوردستان دڵنیا دەکاتەوە و دەڵێت: لە پارێزگارىیکردن لە پێگەى هەرێم و بەرژەوەندییە باڵاکانى گەلەکەمان بەردەوام لە هەوڵەکانمان دەبین و هیچ ڕێگرییەک نابێتە کۆسپ لەبەردەم خزمەتکردنى زیاترى هەرێم و دابینکردنى ئاییندەیەکى گەش و داهاتوویەکى ڕووناکتر بۆ خەڵکى خۆڕاگرى کوردستان.

 دەقی ڕاگەیەنراوی شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان:

سەڕەراى دروست کردنى کۆسپ و تەگەرەى زۆر لە بەردەم  هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان کە ئامانج لێی ئەنجام نەدانى هەڵبژاردن یان لاوازکردنى پارتى بوو، بەڵام پارتى بە بڕوا بوون بە جەماوەر و دڵسۆزانی، بەشدارییەکى کاراى لە هەڵبژاردنێکى سەرکەوتوودا کرد کە براوەى یەکەم تیایدا هەرێمى کوردستان بوو، جارێکى تریش پارتى متمانەیەکى بەهێزى گەلى کوردستانى بەدەست هێنا.

دواى پەسەندکردنى دەرەنجامەکانى هەڵبژاردن، پارتى لە ڕوانگەى کارى پێکەوەیی و لە پێناو تازەکردنەوەى شەرعیەتى یاسایى بۆ دامەزراوەکانى هەرێم و رێزگرتن لە ئیرادەى گەلى کوردستان، هەروەکو بەڵێن درا کە دەرگای گفتوگۆ بۆ هەموو لایەنەکان لە سەر راسپاردەی سەرۆک بارزانی کراوەبێت، شاندەکەمان دەستى بە سەردانى سەرجەم لایەنەکان کە کورسیان بەدەستهێناوە کرد.  

لە چوارچێوەی سەردان و گفتوگۆکان لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و لایەنە بەڕێزەکانی دیکە کە کورسی پەرلەمانیان بە دەستهێنابوو، بەشێک لەم لایەنانە بژاردەی ئۆپۆزسیۆن بوونیان هەڵبژارد و ئێمەش ڕێزمان لەو بژاردەیە گرت.  

‎لە ڕێکەوتى 30/11/2024 لە شارى سلێمانى یەکەمین کۆبوونەوە لە نێوان شاندى دانوستانکارى پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکێتى نیشتیمانى کوردستان  بەڕێوەچوو، لە میانەى چەندین دانیشتن بڕیار درا کە کاربکرێت لە سەر  ئامادەکردنى دیدگایەکى هاوبەشى بۆ قۆناغى داهاتووى حکومڕانى لە هەرێمى کوردستان کە مەبەست لێى پتەوکردنى کارى دامەزراوەیی و هاوبەشىىى بێت لە ئەرک و دەستەڵاتەکان و خزمەتکردنى زیاترى هاونیشتمانیان بۆ بەهێزکردنى پێگەى هەرێمى کوردستان. لە چوارچێوەى ئەو دیدگا هاوبەشەدا رێککەوتن کرا لەسەر چەندین تەوەرى گرنگ لە بوارە جیاجیاکانى (سیاسى، یاسایی، کارگێرى، خزمەتگوزارى، دارایى و ئابوورى و، سەربازى و ئەمنى).

هاونیشتمانیانى خۆشەویست

‎دواى رێککەوتنى کۆتایی لەسەر دیدگاى هاوبەش لە ئایاری ٢٠٢٥ دەستمان کرد بە گفتوگۆ کردن لەسەر شێوازى بەشدارى هەردوولا لە ئەرک و دەستەڵاتەکانى حوکمڕانی لە هەرێمى کوردستان، بۆ ئەو مەبەستە پارتیمان دوو بنەماى خستنەڕوو کە بریتى بوون لە رێزگرتن لە دەرەنجامەکانى هەڵبژاردن و، ڕەچاوکردنى پێگەى هەردوولا و واقیعى هەرێمى کوردستان.

‎لەگەڵ ئەوەى پارتى بە جیاوازییەکى زۆرەوە هێزى یەکەم بووە لەڕووى کورسى و دەنگەوە، لەسەر فەرمانى جەنابى سەرۆک بارزانى، بە نەفەسێکى درێژ و بە دەست کراوەیی بۆ بەرژەوەندى هەرێمى کوردستان ئەو پەڕى نەرمیمان نیشاندا و  زۆر زیاتر لە شایستەى دەنگ و کورسیەکانى یەکێتى ئامادەى رێککەوتن بووین بۆ دڵنیایی دان بە یەکێتى، هەم لە دیدگاى هاوبەش و هەم لە بەشدارى بەڕێوەبردندا پارتیمان ئامادەیی رێککەوتنى نیشاندا بە شێوەیەک کە:

‎بەشدارییەکى هاوسەنگ لە سەرۆکایەتیەکان لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان بکرێت بە جۆرێک کە ( سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان و جێگرى سەرۆکى هەرێم و جێگرى سەرۆکى حکومەت لاى یەکێتى نیشتمانى کوردستان بن ) هەروەها لە کۆى ٢٢ وەزیرى حکومەتى هەرێم کە کابینە پێک دەهێنن، پێشنیارى پارتى وا بووە کە پێکهاتەکان بە ٢ وەزیر بەشدارى کابینە بن و (٨ بۆ ٩) وەزارەت لاى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان بن کە تیایدا وەزارەتى گرنگى بوارى(سەربازى، ئابوورى وداراییى و، خزمەتگوزارى) تێدایە، هەروەها بەشداریەکى کارا و کاریگەر لە بوارى ئەمنى و پۆستەکانى تریش لە دەستەکان و فەرمانگەکان.

 کوردستانییانى ئازیز

لە تەواوى ماوەى دانوستانەکاندا پارتى بە نەفەسێکى درێژ و هەستکردن بە بەرپرسیاریەتى و هەستیارىى ئەم قۆناغە و لە پێناو بەرژەوەندییە باڵاکانى هەرێمى کوردستان هەموو توانایەکى خستەگەڕ و هەموو نەرمیەکى نیشاندا و، لەم پێناوەشدا جەنابى سەرۆک بارزانى بە پەرۆشیەکى زۆرەوە پشتیوانى لە هەنگاوەکانى بەڕێوەچوونى گفتوگۆکان کرد و ئامادەیی هەموو پشتیوانییەکى نیشاندا بۆ سەرخستنى پرۆسەکە و گەیشتن بە ڕێککەوتنێکى پتەو و زەمانەتى جێبەجێکردنى.

لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکاندا دەرکەوت کە یەکێتى نایەتە پێش بۆ رێککەوتن تا ئەنجامدانى هەڵبژاردنەکانى ئەنجوومەنى نوێنەرانی عیراق و چەندین جاریش لەوە ئاگادار کراونەتەوە کە ئەوە لە بەرژەوەندى هەرێمدا نیە و پارتى ئەوە بە پەسەند نازانێت.

لێرەدا دەمانەوێ دووپاتى ئەوە بکەینەوە کە پارتى هەمیشە بڕواى بە کارى پێکەوەیی هەبووە و هەیەتى و جەخت لەوە دەکەینەوە کە پێویستە ڕێز لە ئیرادەى دەنگدەران و خەڵکى کوردستان بگیرێت و نابێت لایەنێک بە هەبوونى هیچ هۆکارێکى نالۆژیکى ببێتە ڕێگر لە بەردەم کاراکردنەوەى پەرلەمان و پێکهێنانى کابینەى تازەى حکومەتى هەرێم و هاوڵاتیانى کوردستان و دەنگدەرانى پارتى دڵنیا دەکەینەوە لە پێناو بەدیهێنانى ئەو ئامانجە و پارێزگارى لە پێگەى هەرێم و بەرژەوەندییە باڵاکانى بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان و هیچ رێگریەک نابێتە کۆسپ لەبەردەم خزمەتکردنى زیاترى هەرێم و دابینکردنى ئایندەیەکى گەش و داهاتوویەکى رووناکتر بۆ خەڵکى خۆڕاگرى کوردستان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار