مووچەی خانەنشینانی پێشمەرگە خەرج دەکرێت
3 كاتژمێر لەمەوپێش
بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیار درا کێشەی مووچەی ئەو ئەفسەر، پلەدار و پێشمەرگانەی لە دوای 1ـی کانوونی دووەمی ئەم ساڵەوە خانەنشین بوونە، چارە بکرێت.
چوارشەممە، 5ـی تشرینی دووەمی 2025، ماڵپەڕی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیار درا کێشەی مووچەی ئەو ئەفسەر، پلەدار و پێشمەرگانەی لە دوای 1ـی کانوونی دووەمی ئەم ساڵەوە خانەنشین بوونە و مووچەیان لە لایەن حکوومەتی فیدراڵەوە خەرج نەکراوە، چارە بکرێت.
بە پێی ڕاگەیەنراوی ماڵپەڕەکە، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دارایی ڕاسپارد سبەی پێنجشەممە، 6ـی تشرینی دووەمی 2025، مووچەیەک وەک پێشینە لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێم، بۆ خانەنشینانی پێشمەرگە خەرج بکرێت و بە زووترین کاتیش کێشەکانیان بۆ چارە بکرێت.
پێشتریش ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دارایی ڕاسپاردبوو، کە لەگەڵ دەستەی خانەنشینی نیشتیمانیی فیدراڵ، ڕێکارە یاساییە پێویستەکان بگرنەبەر بۆ جێبەجێکردنی باشترین بژاردەی یاسایی کە دابینکەری باشترین مووچەی خانەنشینی بێت بۆ هێزەکانی پێشمەرگە.
هەروەها ئەنجوومەنەکە جەختی لەوە کردبووەوە، کە پشتیوانی لە هەر ڕاسپاردە و بڕیارێک دەکات لە بەرژەوەنديی هێزەکانی پێشمەرگە بێت، بە ئاراستەی باشترکردنی مووچەی خانەنشینی و شایستە داراییەکانیان.
