سەڵاحەدین دەمیرتاش: دەبێت بڕیارەکەى دادگەی مافی مرۆڤی ئەوروپا جێبەجێبکرێت
                        
                    6 كاتژمێر لەمەوپێش
دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا، تانەکەی وەزارەتی دادی تورکیاى ڕەتکردەوە لە بەرامبەر پێشێلکردنی دووەمی دەستبەسەرکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش و بڕیاری ئازادکردنیدا. دوابەدوای ئەو بڕیارە سەڵاحەدین دەمیرتاش ڕایگەیاند، "بێ گومان بڕیارەکەی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا گرنگە و لە ڕووی یاساییەوە پابەندکەرە. بەڵام نەک تەنها بۆ ئێمە، بەڵکو بۆ ٨٦ ملیۆن هاوڵاتیمان، 'یاسای برایەتی' لە نێوانماندا لە هەموو شتێک بەنرخترە".
دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا، تانەیەکی تورکیای رەتکردەوە، کە داوای پێداچوونەوەی بە بڕیاری دادگەکە بۆ ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش کردبوو.
پێشتر تورکیا لە مانگی تشرینی یەکەمدا، تانەی لە بڕیارێکی دادگە ئەورووپییەکە دابوو کە تایبەت بوو بە پێشێلکردنی مافەکانی و ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش، بەڵام ئێستا دادگاکە بڕیاری کۆتایی دا و داواکارییەکەی تورکیای رەتکردەوە.
 
دوای بڕیارەکەی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا، پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بە بڕیارەکەی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا کرد.
دەم پارتی رایگەیاند: "دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا لە بڕیارەکەی 8ی تەممووزی 2025ـدا، سەبارەت بە دەستگیرکردنی نادادپەروەرانەی دەمیرتاش لە دۆسیەی کۆبانێ، بەڕوونی هەموو نادادپەروەرییەکانی لە پرۆسەی دادگاییکردندا خستەڕوو و ئاماژەی بەوەدا، دەستگیرکردنی دەمیرتاش بە هۆکاری سیاسی بەردەوامە و دەبێت ئازاد بکرێت، بەڵام دەسەڵات لە 8ی تشرینی یەکەمدا تانەی لەم بڕیارەی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا گرتبوو".
دەم پارتی لە راگەیێنراوەکەدا ئاماژەی بەوەداوە، لە کۆبوونەوەی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپادا تانەکەی دەسەڵات (حکومەتی تورکیا) رەتکرایەوە. بەمەش بڕیاری تایبەت بە دەمیرتاش یەکلایی بووەوە.
دەم پارتی دەڵێت: "بە لەبەرچاوگرتنی چەندین بڕیاری دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا کە هەتا ئێستا لەبارەی هاوڕێیانمانەوە دراون، بەتایبەتی سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ، هەروەها بە لەبەرچاوگرتنی دوایین بڕیاری یەکلاکەرەوەی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا کە رۆژی 8ی تەممووزی 2025 دەریکرد، دەبێت هاوڕێیانمان بەبێ دواکەوتن ئازاد بکرێن."
دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا بڕیاریدا تورکیا مادەی 5، بڕگەی 3ی رێککەوتنی مافەکانی مرۆڤی ئەورووپای پێشێل کردووە.
راشیگەیاند، ئەوە پەیوەندیی بە مافی دادگەییکردن لە ماوەیەکی گونجاو و دادگەییکردنی بێ دەستگیرکردنەوە هەیە. هەروەها رایگەیاند، تورکیا مادەی 18 و مادەی 3ی پرۆتۆکۆلی ژمارە 1ی رێککەوتنی مافی مرۆڤی ئەورووپای پێشێلکردووە. دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا داوای دەستبەجێ ئازادکردنی دەمیرتاشی کرد، بەڵام تورکیا پابەندی بڕیارەکە نەبوو.
ئەو بڕیارە لەلایەن لیژنەیەکی دادوەری درا کە لە 17 دادوەر پێکهاتبوو. رایگەیێندرا کە دەمیرتاش لە 20ی ئەیلوولی 2019ـەوە لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەک لەبارەی خۆپێشاندانەکانی 6-8ی تشرینی یەکەمی 2014 دەستگیرکراوە.  دادگەکە رایگەیاند، هێشتنەوەی دەمیرتاش پێشێلکردنی مافەکانییەتی. هەروەها پێشێلکردنی پابەندبوونی تورکیایە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا. 
 
دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا بڕیاری دا، دەوڵەتی تورکیا دەبێت هەموو رێوشوێنێکی پێویست بگرێتەبەر بۆ دڵنیابوون لە ئازادکردنی دەستبەجێی دەمیرتاش. راشیگەیاند، حکومەتی تورکیا ناتوانێت بیسەلمێنێت دەمیرتاش تاوانی کردووە و زیندانیکردنەکەشی بە بێ بنەما ناوبرد.
                        
               
                    
                    
                    
                    
                    
                    
                    
                    
                    
 
                        
                                                    
                                                    
                                                    
                                                    
                                                    
                                                    
                                                    
                                                    
                                                    
                        
                        
                        
                        
                        