سەرۆک بارزانی: هەرێم بەرگە دەگرێت چۆکیش دانادات
2 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرۆک بارزانی لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی شەمس، باسی لە چەند پرسێکی گرنگ و تایبەت بە ناوچەکە کرد، هەروەها باسی لە دۆخی سیاسیی عێراق و هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەو وڵاتەکە کرد.
پێنجشەممە 6ـی تشرینی دووەمی 2025، سەرۆک مەسعود بارزانی، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەت لەگەڵ کەناڵی شەمس، گوتی: هەستێکی زۆر خۆشم هەیە کە کوردستان بەو شێوەیە بەرەو پێش چووە، سوپاسی ئەو نیعمەتەی خوای گەورە دەکەم.
سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند: هەرێمی کوردستان خواستێکی زۆر گەورەی هەیە، ئەوەی بەدەست هاتووە جێگەی شانازییەکی زۆر گەورەیە، داوای بەدەستهێنانی زیار دەکەین لە ڕووی ئاوەدانی و گەشەپێدان، حکوومەتیش پلانی بۆ جێبەجێکردنیان هەیە قۆناغ بە قۆناغ.
سەرۆک بارزانی، ئاماژەی بەوە کرد، دانیشتووانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق کە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن، ستایشی هەرێمەکە دەکەن زیاتر لە خەڵکی هەرێمەکە، خوازیارین هەمان بەرەوپێشچوون لە هەموو ناوچەکانی عێراق بە دی بێت، ئەوەی لە هەرێمی کوردستان بە دی هاتووە مایەی شانازییە بۆ کورد و عەرەب.
لە بارەی بەربەستەکان، سەرۆک بارزانی دەڵێت: بەربەستەکان زۆر ڕوون و ئاشکران، لە هەرێمی کوردستان ئیرادە و پلاندانان هەیە و جێبەجێکردنیش هەیە، لە هەمان کاتدا سەرکردایەتییەک هەیە بۆ پرۆسەکە، بەڵام بە داخەوە لە بەغدا فەوزایە پرۆژەکان هەموو پەکیان کەوتووە، ئیرادەیەکی ڕاستەقینە لە بەغدا نییە بۆ ئەو بابەتە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆک بارزانی باسی لەوە کرد، لە ساڵی 2003 کۆششێکی زۆرمان کرد بۆ ئەوەی عێراقێکی نوێ بنیات بنێین، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات ئەم خواستە ڕووبەڕووی پەرچەکردار بووەوە، خواستێکی دژی ئێمە هەبوو، تاوەکوو گەیشتین بە خاڵێک کە هەرێمی کوردستان و کورد پێشوازینەکراون لە بەغدا، بۆیە ئێمەش خۆمان گۆشەگیر کرد، بەڕاستی ئەمە خواستی ئێمە نەبوو بەڵکو دۆخەکە فەرزی کرد بەسەر ئێمە کەوا بەجێی بێلێن بۆ ئەوانەی کە پەیوەندیدارن بەو بابەتە لە بەغدا.
لە بارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، سەرۆک بارزانی، گوتی: سەرەتا بیرمان لە بایکۆت کردەوە، ئەو یاسایەی کە هەڵبژاردن پێی بەڕێوە دەچێت، بەڕاستی یاسایەکی دادپەروەرانە نییە، ئەو یاسایە ئەنجامەکانی پێشوەختە دیاریی کردووە، دابەشکردنی کورسییەکان ڕاستەقینە نییە، دواتر لە لایەن دۆستانمان لە بەغدا هەندێک پەیاممان پێگەیشت کەوا ئەوانیش لە هەمان کاتدا ڕووبەڕووی پەراوێزخستن بوونەتەوە، ئەوانیش ئامادەن دوای هەڵبژاردن هاوپەیمانێتییەکی نوێ پێبکبهێنین بۆ ئەوەی ئەم دۆخە چاک بکەیەنەوە، تا پرۆسەی سیاسی بخەینە سەر ڕێڕەوە ڕاستییەکە.
هاوکات گوتیشی: ئێمە لە دوای هەڵبژاردن دەستنیشانی دەکەین کە لەگەڵ کێ هاوپەیمانێتی دەکەین و لەگەڵ کێ ڕێک دەکەوین، نەک پێش هەڵبژاردن، خوازیارین ملیۆنێک دەنگ بەدەست بهێنین.
سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند: لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو پارتی دیموکراتی کوردستان، زیاتر لە 800 هەزار دەنگی بەدەست هێنا، ئەمەش بەبێ نەینەوا و کەرکووک و دیالە، کەواتە ئەگەر دەنگی ئەوە پارێزگایانەی لەگەڵ بێت ملیۆنێک دەنگ تێدەپەڕێنین.
لە درێژەی قسەکانیدا، سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە، ئامانجی ئێمە هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنە بۆ سیستەمی یەک بازنەیی، لەو سیستەمەدا مافی کەس نافەوتێت و ئاسانتریشە، هەڵبژاردن بەو سیستەمەی ئێستا دادپەروەرانە نییە و پێم وایە بەڕاستی هەڵبژاردن ساختەییە، بەڵام لە داهاتوودا پێویستە ئەو یاسایە هەموار بکرێتەوە.
سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر یاسای هەڵبژاردنیش هەموار نەکرێتەوە، دەبێت لە داهاتوودا سەرژمێرییەکی دروست بکرێت بۆ ژمارەی دانیشتووانی هەر پارێزگایەک نەک ژمارەی کورسییەکان دەستنیشان بکرێت بە گوێرەی پسوولەی خۆراک.
گوتیشی: زۆرینەی هێزە سیاسییەکانی عێراق پێیان وایە کە دەبێت یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق هەموار بکرێتەوە، خوازیار بووم کە ڕەوتی سەدر و برامان موقتەدا بەشدار بێت لە هەڵبژاردن.
سەبارەت بەوەی کە داوا دەکرێت کورد نوێنەری هەموو عێراق بێت، سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند: لە ڕاستیدا ئەمە داواکارییەکی نوێ نییە، ئەمە سیاسەتی بڕوای ئێمەیە، پێشتریش داوام لە کاندیدەکان دەکرد لە پەرلەمان کە دەبێت وا بکەن، بەڵام ئەو جارە زۆر جەختم لەسەر ئەو بابەتە کردووەتەوە، چونکە پێشتر لەگەڵ هەندێک لە شاندەکانی پاریزگاکانی موسەننا، کوت، عیمارە و بەسرە کۆبووینەوە، کاتێک باسی کێشەکانیان کرد تووشی سەرسوڕمان بووین، نە کارەبایان هەیە نە ئاو، هیچیان نییە، کەواتە ئەرکی ئێمەیە داکۆکیان لێ بکەین هەروەکو چۆن داکۆکی لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک و کەرکووک دەکەین.
سەرۆک بارزانی هاوکات ڕوونی کردەوە، گرنگ نییە کاندیەکانی پارێزگاکانی دیکەی عێراق چۆن سەیری کورد دەکەن و لەگەڵ کورد چۆن مامەڵە دەکەن. خۆتان دەزانن لە ڕابردوودا چۆن چەکی کیمیایی دژ کورد بەکارهێنرا، بەڵام ئەم جارەش بەڕاستی بڕینی قوتی خەڵکی هەرێم لە لایەن بەغداوە پرۆسەیەکی زۆر توندوتیژ بوو، بەڕاستی نامەوێت باسی بکەم.
سەرۆک بارزانی سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، بەڕاستی ڕۆشنبیریەتی ڕەتکردنەوەی گەلی کورد، ئەم ڕۆشنبیریەتە وای کردووە چەکی کیمایی دژی کورد بەکار بهێنرێت و ئەنفال بکرێت گوندەکان وێران بکرێت، ئەو ڕۆشنبیریەتە لە لایەن هەندێک لە لایەنی شیعی و سونییەکان تا ئێستاش ماوە، بەڵام ئێستا چوارچێوەی هەماهەنگیی حوکمڕانی وڵات دەکات، بۆیە بەشێکیان بەرپرسیارن لەم دۆخە، نابێت ئەو سیاسەتە دژی کورد بەردەوام بێت، ئەگەر ئەم سیاسەتە بەردەوام بێت، عێراق زیانمەندی یەکەم دەبێت، ئەوەی ئەو سیاسەتە جێبەجێ دەکات و پێی وابێت تا کۆتایی حوکمڕانی لای خۆی بێت، ئەوا ئەو کارە مەحاڵە.
