بافڵ تاڵەبانى: لەبەغداوە ئابورى هەرێم بەهێز دەکەین
4 كاتژمێر لەمەوپێش
بافڵ جەلال تاڵەبانی لە دواین وتاری بانگەشەی هەڵبژاردندا رایگەیاند؛ یەكێتی هێزی ئێوەیە لە بەغداد و کەس ناتوانێت یەکێتی بکڕێت، یەكێتی تەنها حزبە لە بەغداد كاری پێدەكرێت و دەتوانێت كوردستان و عیراق بەرەوپێش دەبات.
ئەمرۆ هەینی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کورستان بەشداری گەورەترین و دواین کەرنەڤاڵی حزبەکەی کرد و رایگەیاند یەکێتی لە بەرپرسیارێتی راناکات و حزبی گەنجانە و بەردەوام خۆی نوێ دەکاتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد دەچنە بەغداد بۆ مافەكانی خەڵک، هەر كەس لەم وڵاتە بژی ئەوان خزمەتی دەكەن بەبێ جیاوازی و ئەمەش جیاوازی یەکێتییە لەگەڵ حزبەکانی دیکە کە ئەوان تەنها خزمەتی لایەنگرانی خۆیان دەکەن.
سەرۆکی یەکێتی وتیشی ئەوانەی سەر دەبابەی سەدام کەوتن بۆیان نییە باسی کوردایەتی بکەن، ئەوانەی لەگەڵ داعشدا بازرگانیان دەکرد، دێن باسی کوردایەتی دەکەن.
بافڵ جەلال تاڵەبانی بە توندی هێرشی کردە سەر ڕکابەرەکانیان و ڕووداوی 31ی ئابی 1996ی بە "ڕۆژێکی ڕەش لە مێژووی کورد" و "برینێک لەسەر دڵی هەموو کوردێک" ناوبرد و وتی: "کەس 31ی ئاب لەبیر ناکات."
وتیشی: "دوای 31ی ئاب وتیان ئێمە و سەدام حسێن دوژمن نین. ئەوانەی دوای ئەنفال سواری تانکی بەعس بوون ناتوانن کەس ڕزگار بکەن. ئەوانەی خیانەتیان لە خەڵکی کوردستان کرد نابێت باسی کوردایەتیمان بۆ بکەن."
سەرۆکی یەکێتی ڕکابەرەکانی بە "خاکفرۆش" تۆمەتبار کرد و ڕایگەیاند: "خەڵکی کوردستان باش دەزانن کێ خاکەکەمان دەفرۆشێت و هەمووان باش دەزانن کێ خاکفرۆشە. لەئێستادا ئەوان خاکی کوردستان دەفرۆشن بە تورکیا."
هەروەها وتی: "ئەوانەی بازرگانییان لەگەڵ داعش دەکرد ئێستا باسی کوردایەتی دەکەن. هەمووتان دەزانن کێ لە داگیرکردن و هێرشکردنە سەر گوندەکانمان خەتابارە." ئاماژەی بەوەشکرد کە "دەیان دۆسیەی گەندەڵییان لە وڵاتان هەیە" و "خەڵک دەزانێت کێ کێشەی مووچەی درووستکرد."
سەبارەت بە دۆخی سلێمانی و ئازادی، تاڵەبانی وتی: "ئەوان ناتوانن سلێمانی کۆنترۆڵ بکەن، چونکە لێرە ئازادی هەیە و هەموو کەس دەتوانێت بۆچوونی خۆی دەربڕێت."
ڕەخنەی توندی لە ڕکابەرەکانی گرت و وتی: "ئەوانەی زیندانەکان پڕ دەکەن لە چالاکوان و ڕۆژنامەنووس و خەڵکی ئازادیخواز، نابێت باسی ئازادیمان بۆ بکەن. ئێمە بەرگری لە ئازادییەکان دەکەین و ڕێگری لە دەنگی ئازاد ناکەین."
