ئەردۆغان: گەیشتوینەتە قۆناغێكی نوێی توركیای بێ تیرۆر
3 كاتژمێر لەمەوپێش
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا لە وتارێكدا لەبەردەم فراكسیۆنی پەرلەمانیی پارتەكەی (ئاكەپە) ڕایگەیاند: بە هەڵوێستی یەكلاكەرەوەی خۆمان وەكو سەرۆكی دەوڵەت و بەشداری ئازایانەی بەڕێز (دەوڵەت باخچەلی)و كاری پارتەكەمان و هەوڵەكانی دەوڵەتەكەمان، بەمتمانەوە بەرەو توركیای بێ تیرۆر (مەبەستی پرۆسەی ئاشتییە لەگەڵ كورد) هەنگاو دەنێین و لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا پەرەسەندنی گرنگ روویانداوە.
هەروەها ئەوەشى خستەڕوو کە دەبێت هەمووان بەرپرسیارێتیی هەڵبگرن. ئێمە وەكو هاوپەیمانی گەل رۆڵی خۆمان دەگێڕین، كۆمسیۆنی هاوپشتی نیشتمانی و برایەتیش (مەبەستی كۆمسیۆنەكەی پەرلەمانە) سەركەوتووانە ئەركی خۆی جێبەجێ دەكات.
لەبەشێکى دیکەى وتارەکەیدا ئەردۆغان دەڵێت: لە كۆبوونەوەیەكی بنیادنەرانەدا، لە كۆمەڵگەی سەرۆكایەتیی میوانداری بەڕێزان (پەروین بوڵدان)و (میدحەت سانجار)مان كرد، تێیدا جەختمان كرد لەسەر مەترسییە هاوبەشەكانمان، گەیشتینە قۆناغێكی نوێ لە توركیا بێ تیرۆر.
هەروها وتیشى: وەكو هاوپەیمانی گەل (ئاكەپە+ مەهەپە) سەرەتا ئامانجی توركیایەكی بێ تیرۆرو دواتریش ناوچەیەكی بێ تیرۆر بەدی دەهێنین، سوپاسی بەڕێز باخچەلی دەكەم كە پلانگێڕی شكستخواردووی گوڵەنییەكانی ئاشكرا كرد.
