کێ مەشکەى دۆیەکە دەژێنێ..؟

8 كاتژمێر لەمەوپێش



خەبات کوردە

‎دۆناڵد تڕەمپ لە شەرم ئەلشەیخ ی میسڕی بۆ دوا جار دەستی خستە ناودەستی سودانی و ئامادەش نەبوو دانیشتنێکی لە گەڵدا ئەنجام بدات .

‎تەنها ئەوەندە نەبێ بەردێکی گەورەی بە پشتی سودانی دادا و پێی گوت  : عێڕاقیەکان خاوەنی نەوتێکی زۆرن و نازانن چۆن کەڵکی لێوەربگرن و بڕیارە لە داهاتودا ئێمە یارمەتیان بدەین .

‎لە دوای ئەو لێدوانە دەنگگۆی دیاری کردنی گەنجێکی مەسیحی لە دایکبوی گەڕەکی کەڕادەی شاری بەغدا بڵاو بۆوە وەکو نێردەی دۆناڵد تڕەمپ بۆ عێڕاق .

‎دوای ئەوە دەرکەوت گەنجەکە ناوی ( مارک سلاڤا ) یە و خاوەنی چەند کێڵگەیەکی بەرهەم هێنانی حەشیشە یە بۆ کارگەکانی دەرمان دروستکردن لە ئەمەریکا و لە کاتی بانگێشەی هەڵبژاردنەکانی ساڵی پار دەنگێکی زۆری بۆ تڕەمپ کۆکردۆتەوە و نێوانیان زۆر خۆشە .

‎بەڵێ دوا بەدوای دەنگگۆی دەستنیشان کردنی سلاڤا ، وا بڵاوکرایەوە کە ئەمەریکا هەشت پۆستی سیادی و هەستیاری دەستنیشان کردوە و بە سەرکردەکانی عێڕاقی ڕاگەیاندوە کە ئەو پۆستانە هێڵی سورن و لە ئەمەریکا زیاتر کەس بۆی نیە دەستنیشانیان بکات .

‎شایانی باسە هەموو ئەو پۆستە سیادیانەش بە ڕێککەوتن و دوای هەڵبژاردنەکان و لە یەکەم دانیشتنی ئەندامە تازەکانی پەرلەمان و ڕۆژانی دوایی دەستنیشان دەکرێن .

‎هەفتەی ڕابردوش لە کۆشکی سپی ڕاگەیەندرا کە تڕەمپ کۆنە سەربازێکی شارەزا لە کاروباری عێڕاق و ناوچەکە بە ناوی ( جۆیل ڕایبورن ) دەستنیشان کردوە وەکو جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست .

‎هەر چەندە میدیا جیهانیەکان گرنگیەکی تایبەتیان بەو دەستنیشان کردنە دا و بڵاویانکردەوە کە دۆستێکی دڵسۆزی کوردانە بە تایبەتیش شەڕڤانانی ڕۆژئاڤای کوردوستان ، بەڵام پێدەچێ لۆبی دەوڵەتانی عەڕەبی و تورکیا دوعای خراپیان لەو دەستنیشان کردنە خوێند بێ و لە ناو دیموکراتەکان بوختانی شاردنەوەی ژمارەی ڕاستەقینەی سەربازانی ئەمەریکایان لە سەردەمی جۆ بایدن کردبێتە بیانوو و ڕێگری لێبکەن بۆ ئەوەی تڕەمپ دانەیەکی تر دەستنیشان بکات . 

‎لە ڕۆژانی دادێش ئەو باسوخواسەشمان بۆ پشت ڕاست دەبێتەوە ، کە ئایا تڕەمپ ، ڕایبورن لا دەدا و دانەیەکی تر دەست نیشان دەکا یان نا .!

‎دوێنێش لە بەغداوە و لە گەرمەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی چەند ڕۆژی داهاتوی پەرلەمانی عێڕاق ، لە لایەن ڕۆژنامە نوسێکی دیاری عێڕاقی و نزیک لە حکومەتەکەی سودانی ڕاگەیەندرا کە نێردەکەی دۆناڵد تڕەمپ ( مارک سلاڤا ) بە نهێنی سەردانی بەغدای کردوە و لە گەڵ زۆربەی سەرکردە دیارەکانی عێڕاق کۆبونەوەی ئەنجامداوە ، بە بێ ئەوەی لە میدیاکانشدا دەرکەوێ . 

‎هەر چەندە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی بەغدا بۆ خولی شەشەم لە دوای ڕوخانی ڕژێمەکەی عۆجە لە کەشوهەوایەکی نەخوازراو دایە بەهۆی هەڕەشەکانی ئێران و ئیسڕائیل و ئەمەریکاوە و چەک نەکردنی گروپە چەکدارە توندڕەوە شیعەکانی سەر بە ئێران و حەشدی شەعبی و تا ئێستاش ترسی دوا خستنی بۆ بەهاری داهاتوو لە گۆڕێیە و بانگەشەش لەوپەڕی گەرمیدایە .

‎لە ساڵانی پێشوو هەر دوو دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی ئێران و تورکیا و دەوڵەتانی کەنداو تۆمەتبار دەکران کە دەست تێوەردان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکاندا دەکەن ، بە تایبەتیش لە چوار ساڵی ڕابردوو کاتێ کە ۷۳ پەرلەمانتاری ڕەوتی سەدر بە کفنی سپیەوە چونە ناو هۆڵی پەرلەمان و بە بڕیارێکی موقتەدا سەدریش بایکۆتی بەشداری کردنیان ڕاگەیاند و هۆڵەکەیان جێهێشت .

‎ئێستاش ئەگەر بێت و ئەو دەست نیشانکردنانەی تڕەمپ و سەردانەکەی سلاڤا بە دزی بۆ بەغدا و ئەو هەشت پۆستە سیادیەی کە ئەمەریکا بە هێڵی سوری داناوە ڕاست بێت . 

نیشانەی ( ئیمام ئەمەریکا ) یە بۆ دۆ هەژاندنەکەی عێڕاق بە تەنها و هەر خۆشیان کۆنتڕۆڵی دەستنیشانکردنی دەرنجامی هەڵبژاردنەکان دەگرنە ئەستۆ و هەموو هەوڵێکی خۆیان دەگرنە گەڕ و ڕێ نادەن کە دەوڵەتانی ناوچەکە دەست تێوەردان لە دەرەنجامەکاندا بکەن .!

‎ووشەی ( ئیمام ئەمریکا ) لە جیاتی وشەی ( ئیمام مەهدی )  لێرە ئاماژەی پێکراوە .

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار