گرووپە چەکدارەکانی عێراق 58 کورسییان بەدەستهێناوە

5 كاتژمێر لەمەوپێش



لیستی پێکهێنەری گرووپی چەکداریی شیعەی سەر بە حەشدی شەعبی 58 کورسییان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەدەستهێناوە کە پێشتر 48 کورسییان هەبوو. هەرچی لایەنە شیعە نەریتییەکانی دیکەیە 63 کورسییان هێناوە.

ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق لە 11ی تشرینی دووەم، گۆڕانکاری لە باڵانسی هێزە شیعەکان کردووە؛ هەندێکیان کورسی و دەنگیان دابەزیوە و هەندێکی دیکەیان بەپێچەوانەوە سەرکەوتوو بوون.

گرووپە چەکدارەکان 58 کورسی پەرلەمانیان دەبێت

چوار گرووپی چەکداریی نێو حەشدی شەعبی لە رێگەی باڵی سیاسیی خۆیانەوە بە 1491 بەربژێر بەشدارییان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کرد و 58 کورسییان بەدەستهێناوە، کە 17.6%ی کورسییەکانی خولی نوێ پێکدەهێنن.

بەگوێرەی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، لیستی حقووق کە باڵی سیاسیی کەتیبەکانی حیزبوڵای عێراقییە، 6 کورسی بەدەستهێناوە، لە کاتێکدا لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق 5 کورسی هەبوو.

بزوتنەوەی سادیقوون کە باڵی سیاسیی بزوتنەوەی ئەسائیبی ئەهلی حەقە بە سەرۆکایەتی قەیس خەزعەلی، 26 کورسی لە هەڵبژاردنەکەدا بەدەستهێناوە، لە کاتێکدا لە خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق 9 کورسی بەدەستهێنابوو و دوای کشانەوەی پەرلەمانتارانی موقتەدا سەدر، ژمارەی کورسییەکانی گەیشتە 13 کورسی.

لیستی هاوپەیمانیی خەدەمات کە سەر بە کەتیبەکانی ئیمام عەلییە و لەلایەن شیبل زەیدییەوە سەرۆکایەتی دەکرێ، لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق 5 کورسی بەدەستهێنا، لە کاتێکدا لە خولی پێشووی پەرلەمان 13 ئەندامی هەبوو.

لیستی رێکخراوی بەدر کە لەلایەن هادی عامرییەوە سەرۆکایەتی دەکرێ، لەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی عێراق 19 کورسی بەدەستهێناوە، لە کاتێکدا لە هەڵبژاردنی 2021 ئەو لیستە لەنێو هاوپەیمانی فەتح 13 کورسی بەدەستهێنابوو.

بزوتنەوەی بابلیون کە سەر بە رەیان کلدانییە و یەکێکە لە بەشدارانی حەشدی شەعبی، لەم هەڵبژاردنەدا 2 کورسی کۆتای کریستیانەکانی بەدەستهێنا، لە کاتێکدا لە هەڵبژاردنی 2021 چوار ئەندامی لە کۆتای کریستیانەکان هەبوو، بەوەش ژمارەی کورسییەکانی بۆ نیوە کەم بووەتەوە.

هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی، 30 کورسی بەدەستهێناوە، لە کاتێکدا لە هەڵبژاردنی پێشوو 33 کورسی هەبوو.

هاوپەیمانی هێزەکانی دەوڵەتی نیشتمانی بە سەرۆکایەتی عەمار حەکیم، 18 کورسی بەدەستهێناوە، لە کاتێکدا لە هەڵبژاردنی پێشوودا 4 کورسی هەبوو، بەوەش ژمارەی کورسییەکانی نزیکەی چوار هێندە زیادی کردووە.
 
ئیشراقەی کانوون کە یەکێکی دیکەیە لە هێزە شیعەکان، ژمارەی کورسییەکانی لە 6 کورسییەوە گەیاندە 7 کورسی.
 
هاوپەیمانی تەسمیم کە ئەسعەد عیدانی، ئەمینداری گشتییەتی، ژمارەی کورسییەکانی بۆ خولی شەشەم کردە 7 کورسی، لە کاتێکدا لە خولی پێشتر 5 کورسی هەبوو.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار