ئێستا زانیتان کورسی دیزاینکراو چۆن چۆنییە؟
3 كاتژمێر لەمەوپێش
نامۆ ئەحمەد
سەرەتا پێم خۆشبوو لە دوای کۆتایی هاتنی پرۆسەی هەڵبژاردن پیرۆزبایی لە سەرجەم ئەو قەوارانە بکەم، کە سەرکەوتنیان بە دەستهێناوەو بەشدارییان کرد.
ئەوجا با بێمە ناو بابەتەکەمەوە لەسەر دەستەواژەی دیزاین کراوەکەی کە فەریکە سیاسی و رۆشنبیرو ئەکادیمییەکان لەسەر قسەکانی کۆتا ڕۆژی بانگەشەی (سەرۆک بارزانی). كە لە سۆشیال میدیاو تیڤییەکان بەو شیکارییە گرچ و کاڵە گەرم کردبوو. ئەو کات زانیم ئێمە لە سیاسەتدا چەند کۆڵەوارین ،دواتریش بۆم دەرکەوت کە پارتی چەند حزبێکی بە شانسە نەیارەکانی ئاوا لە سیاسەت تێگەیشتوون شیکارییان لەسەر دەکەن.
کاتێک سەرۆک بارزانی ئەو قسانەی کە کردی و دواتریش دەرەنجامەکان دەرچوون بۆ خەڵکی زیاتر بابەتەکە روون بویەوە، کە دیزاین کراو و دیاریکراو چەند ڕۆڵی خۆی گێراوە. ئێستا حەقی خۆتە بپرسیت چۆن؟
لێرەدا بە هاوکێشەیەکی بیرکارییانە بۆتانی روون دەکەمەوە.
لیستەکەی بەڕێز (سوودانی) بە پێی دەرەنجامە سەرەتاییەکان نزیک لە (200،000) دەنگی هێناوە، بەڵام بەو ژمارەیە دەبێتە خاوەنی (18)کورسی .
ئەمە لە کاتێکدایە کە (یەکێتی نیشتیمانی کوردستان) بە پێی دەرەنجامە سەرەتاییەکان دەنگەکانی دەگاتە سەروو (500،000)، بەڵام دەتوانێت هەر ببێت بە خاوەنی (18)کورسی.
نادادییەکە لێرەوە دەست پێدەکات، کە ئەو ژمارانەی بە پێی یاساکە بۆ پارێزگاکانی هەرێم دانراوە زۆر نادادپەروەرە. ئەوە باسی (پارتی دیموکراتی کوردستان) هەر ناکەم، کە بەو پێیە بێت دەبوو لە (100) کورسی نزیک ببێتەوە.
بۆیە داوکارم لە تۆی فەریکە رۆشنبیر و سیاسی با قسە و بۆچوونەکانت تەنها لە پێناو قسەدا نەبێت و خەڵکیش بە زانیاری هەڵە فڕیو بدەیت. تۆزێک خۆت ماندوو بکە رق و کینە وەلاوە بنێ و وێنە گەورەکە ببینە کە (هەرێمی کوردستانە).
