لێکەوتەکانی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل - ئێران
17 كاتژمێر لەمەوپێش
ئارێز عەبدوڵڵا
هەرچەندە شەڕەکە لەنێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەک و ئێرانیش لە لایەکی دیکەوەیە، بەڵام کاریگەری و لێکەوتەکانی ئەوەندە زۆرن هەموو جیهانی گرتووەتەوە. پڕیشکی ئاگری شەڕەکە بەر زۆربەی هەرە زۆری وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەوتووە و کاریشی کردووەتە سەر باری ئابووری و دارایی جیهان.
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، کەمبوونەوە و بەرزبوونەوەی نرخی گازی سروشتی، دروستبوونی ئاستەنگ لەبەردەم جووڵەی بازرگانیی نێوان وڵاتانی عێراق، ئێران، سعوودیە، کوێت، چین و وڵاتانی دیکەی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، نەک هەر زیانی گەورەیان گەیاندووە، بەڵکوو ڕەنگە ببنە هۆکاری دروستبوونی قەیرانێکی ئابووریش لەو وڵاتانەی، کە لەو بوارانەدا زیانمەندن.
ئەمریکا ئەو ڕاستییە باش دەزانێ، بەڵام ئامادە نییە بەبێ جێبەجێکردنی مەرجەکانی خۆی شەڕەکە بوەستێنێ. وەستاندنی شەڕیش کارێکی هێندە ئاسان نییە، چونکە ئێران لە دووڕیانی بەرگریکردن و چۆکدادانە. دیارە ئەو شەڕە و چەندین شەڕی تریش، ئەنجامی تێکچوونی سیستمی سیاسیی نێودەوڵەتی و ئاماژەی قۆناغێکی نوێ و دروستکردنەوەی سیستمێکی تری نێودەوڵەتین. ئایا لەمەودوا جیهان بە چەند جەمسەری بەڕێوە دەبرێ؟ واتە هاوسەنگی لەنێوان چەند جەمسەرێک دروست دەکرێتەوە، یان ئەوەی ترامپ دەیەوێ باڵادەستیی ئەمریکا بەسەر جیهاندا دەسەپێندرێ؟
لە دوای ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیەت، وردە وردە ڕووسیا پێگەکەی خۆی لەسەر ئاستی جیهان بەهێز کردووەتەوە و تا کاری گەیاندە ئەوەی بە پاساوی نابەجێ، وڵاتێکی وەکوو ئۆکرانیا هەڵلووشێ. خۆ ئەگەر ئەو کارەشی بە ئاسانی بۆ بچووایەتە سەر، ئەوا بێگومان هەر بەوەندە نەدەوەستا و پەلاماری هەندێ وڵاتی تریشی دەدا. هەر لەبەر ئەو مەترسییەش بوو کە سوێد و فینلاند بە پەلەپەل چوونە ناو ناتۆ.
هەرچی چینە، دەیەوێ بە شێوازێکی تر پەلوپۆ باوێت و هەژموونی خۆی بەسەر ڕووبەرێکی فراوانتری جیهاندا بسەپێنێ. چین دەیەوێ لە ڕێگەی بازاڕ و وەبەرهێنانەوە پێگەی خۆی لە وڵاتانی جۆراوجۆر قایم بکات، بەڵام مەترسیی ئەو ستراتیژییەتەی چین لای ئەمریکا، لە ستراتیژییەتی فراوانخوازیی ڕووسیا کەمتر نییە، بۆیە بە شێوازی جۆراوجۆر ڕووبەڕووی بووەتەوە.
ئێستا ڕووسیا سەرقاڵی شەڕی ئۆکرانیایە، بۆیە ناتوانێ بەرەیەکی تر لە خۆی بکاتەوە؛ بێگومان بەو شەڕە هەراسانە، بەڵام جگە لە سەرکۆنەکردن ناتوانێ هیچ هەنگاوێکی تر بنێ. هەرچی چینە، بە هەمان شێوە نیگەرانە، بەڵام ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لە پلانی ئێستایدا نییە، بۆیە بە نەرمی چاودێری و هەڵسوکەوت دەکات.
دووسەد ساڵ زیاترە ڕووسیا دەیەوێ بەرەو ئاوە گەرمەکان داکشێ، لەو بوارەشدا چ لە سەردەمی سۆڤیەت و چ لە سەردەمی پوتین هەندێ هەنگاوی ناوە، بەڵام ئێستا ناچارە بەرەو سەرەوە بکشێتەوە نەک جێپێی خۆی قایم بکات. کەواتە ئەمریکا کاتێکی گونجاوی بۆ شەڕەکە هەڵبژاردووە.
ئەوەی جێی سەرنجە، ڕەنگە زیانمەندی یەکەمی لێکەوتەکانی ئەو شەڕە لە دوای ئێران، چین بێ؛ چونکە چین زۆربەی هەرە زۆری سووتەمەنیی پێویست ( پتر 40% نەوت و نزيکەی لە 20%غاز) لە وڵاتانی کەنداو دەکڕێ و بازرگانییەکی بەهەرمێنیشی لەگەڵ عێراق و ئێران هەیە. هەر ئێستا بەهۆی ئەو شەڕە، هەم ڕێگەی هەناردەکردن و هەم هاوردەکردنی نەوت و گازی لێ گیراوە. ئەمە لە لایەک، لە لایەکی دیکەش کەنداو، بە تایبەت گەرووی هورمز، بڕبڕەی پشتی ئابووری و بازرگانیی جیهانە و بڕواش ناکرێ دوای کۆتایی هاتنی شەڕەکەش ئەمریکا دەستی لێ بەردا. واتە ئەگەر لە لایەک ملپێکەچکردن یان ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئامانجی دیاریکراوی ئەمریکا بێ، لە لایەکی دیکە دەستبەسەرداگرتنی کەنداوی عەرەبی یان فارسییە.
هێشتا ئەمریکا و ئێران لە گەرمەی شەڕدان، کەچی ئەمریکا ئامانجێکی گەورەتر لە ئامانجی سەرکەوتن بەسەر ئێراندا بەدەست هێناوە، ئەویش ئەوەیە کە نەک هەر هەژموونی خۆی بەسەر کەنداودا سەپاندووە، بەڵکوو هەموو وڵاتانی کەنداویشی بە تەواوی ڕاکێشاوەتە ژێر سایە و ڕکێفی خۆی.
هەرچەندە بە ڕووکەش وا دەردەکەوێ کە ئامانجی ئەمریکا ئێرانە لەبەر ئەو هۆکارانەی کە خۆی باسی دەکا و کردوونی بە پاساوی شەڕەکە، بەڵام لە ڕاستیدا ڕەهەندەکانی ئەو شەڕە زۆر لەوە گەورەترن و وا پێدەچێ کە کەنداو و تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تەواوی بکەوێتە ژێر هەژموونی ئەمریکا، بەو پێیەش چەندین هەنگاو لە دروستکردنی سیستمێکی نێودەوڵەتیی تاکجەمسەری دەچێتە پێش.
