سەروەری لە کوێیە؟

2 كاتژمێر لەمەوپێش



فازیڵ میرانی
بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان

لە عەره‌بیەوە: سەردارپێنجوێنی

لەو کاتەی کە لە چەندین لایەنەوە بۆردومان دەکرێین، هێشتا مینەکانی ڕژێمی پێشوو بە هاووڵاتیانی نیشتمانەکەمدا دەتەقێتەوە.

پێشتر ڕژێم بە تەنیا و بە چەکی دەوڵەت بۆردومانی دەکردین، ئەو چەکانەی کە کڕینیان لەو داهات و یەدەگانەی وڵات دابیندەکرا کە دەبوو بۆ خزمەتی گەل و وڵات، دروستکردنی ڕێگاوبان (نەک تەنیا ڕێگای سەربازی)، بنیاتنانی قوتابخانە و هێنانی ستافی پەروەردەیی تەرخان بکرایە، نەک بۆ دروستکردنی گرتووخانە و مەشقپێکردنی کەسانێک بۆ ئەشکەنجەدان. هەروەها دەبوو بۆ پێشخستنی ژیانی نەوە جیاوازەکان بوایە لەبری ڕیشەکێشکردنیان و پێدانی قەرەبوو بۆ کوژراوانیان لە شەڕ و ململانێکاندا، ئەویش لەژێر کاریگەریی سروودە حەماسییە خەیاڵییەکاندا.

ئێمە سەرەتای تەمەنمان و ئەوانەی لە ئێمەش گەورەتر بوون و ژیانیانمان بینی لەناو چی جەنگ و کارەسات، تەمەن و ژیانمان بەسەربرد لە کاتێکدا دەمانبینی دەسەڵات ئەرکەکانی بە چی پلانێک ئەنجام دەدات، کە تەنانەت پابەندی ئەو دەستوورەش نەبوون کە خۆیان داینابوو، بە شێوەیەک کە ره‌فتارەکانیان نیشان دەدات و ڕاستی کارەکانیان دەردەخات.

ئێمە بەسەر دەریاچەیەک لە خوێن و رووبەرێکی فراوان لە قوربانی و زیاندا، بە پێ دەڕۆیشتین و ڕێمان کرد، بەناو سوتماک و جەنگەڵستاندا؛ بە ئەندازەیەک کە لە خەرجییەکانی ئەوان کە بۆ چەک ئەو تاوانانەی ئەنجامیان دەدا زیاترە، ئەو تاوانانەی لەژێر سایەی لێکدانەوە یاساییەکاندا دەکرێن کە تەنیا خزمەت بە دەسەڵات دەکات. هەروەها بە پارێزبەندییەک لەو شەرعییەتەی کە سەرەنجامەکەی تەنیا هێنانی هەموو جۆرە شکستێک بوو بۆ سەر گەلانی عێراق؛ یەکەمین و بەردەوامترین لەو شکستەکانەش، شکستی دەسەڵاتەکانە لەبەردەم خۆیاندا، چونکە درۆ و فرتوو فێڵیان کردووەتە دروشمی کارکردنیان.

هیچ ناوچەیەکی عێراق لە نەهامەتی ڕزگاری نەبوو، هیچ عێراقییەکیش، بە هەموو جیاوازیی پێکهاتە و ئینتیماکانیانەوە، لە تاڵاوی ستەم بێبەش نەبوون.
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، ئێمە و ئەوانەی وەک ئێمە بیردەکەنەوە، بڕیارمان دا هەنگاو بنێین بۆ ئەنجامدانی بەرپرسیارێتییەکی مەزن لەپێناو بونیادنانەوەی مرۆڤ و دروستکردنی قۆناغێکی باشتر، بەڵام دەردە کۆنەکە و بیرکردنەوە تاکڕەویەکانیان نە بە هیچ دەرمانێک چارەسەر نەبووە وە چارەسەریش نابێت. 

پێشتر رووبەڕووی رژێمێک دەبووینەوە، بەڵام ئێستا رووبەڕووی گروپگەلێک دەبینەوە کە دەستێکیان پارەی فەرمی لە دەسەڵات وەردەگرێت و دەستەکەی تریان   بۆردومانکردنمان ئەنجام دەدات؛ لەوەش ناخۆشتر ئەوەیە کە بە ئاشکرا باس لە کارەکەی دەکات و، لەوەش خراپتر بێدەنگبوونی ئەو دەسەڵاتەیە کە خۆی وەک خاوەن بڕیاری فەرمی نیشان دەدات. ئایا ئەم دەسەڵاتە شەریکی تاوانەکەیە و پێی رازییە؟ ئەگەر وایە، ئەمە خیانەتە لە ئەمانەت و تاوانێکە کە هیچ پارێزبەندییەکی تێدا نییە، ئەگەر ناشزانێت کارەسات ئەمەیە، خۆ ئەگەر دەترسێت کارەساتە گەورەترە، بەڵام واقیعەکە هەر ئەمەیە.

ئەمە ئەو پاشهاتەیە کەپێشتر ئێمە هۆشداریماندابوو  بەو دەسەڵاتە، بەڵام گوێیان نەگرت؛ ئەوان پێیانوابوو سەرکردایەتیکردنی گروپەکان بۆیان باشترە تا لەو  هاوڵاتییانەی  ژیانیان لەپێناو  نیشتمانەکەیان بەختکردووە. بۆیە خۆیان کردە پاشکۆی هێزگەلێک کە هەر ئەو هێزانەن لە کاتی تەنگانەدا لێیان هەڵدەگەڕێنەوە و گەمارۆیان دەدەن.

دەزانن بۆچی رووبەڕووی بۆردومان و گەمارۆ و تەقەکردن دەبینەوە و لە ناوخۆ و لە دەوروبەریشەوە دەکرێینە ئامانج؟

چونکە ئێمە نوێنەرایەتی درم (پەتایەک) بۆ ئەوانی تر دەکەین؛ پەتای سەقامگیری لە ئاوەدانکردنەوە و کارکردن بۆ ژیانێکی باشتر، چونکە ئێمە ئازادی بە پابەندییەکی ئەخلاقی  دەبینین، ئەمەش شتێکی رەگداکوتاوە لەناو شۆڕشگێڕانی دۆزێکی رەوادا، وەک دۆزی مافەکانی ئێمەی گەلی کوردستان و هەموو گەلانی عێراق.

ئێمە بۆردومان دەکرێین، چونکە بڕیار لای ئەو کەسانەیە کە چەکی دەوڵەتیان بەدەستەوەیە، بەڵام دڵسۆزییان بۆ ئەو لایەنانەیە کە دەیانجوڵێنن و هیچ لێپرسینەوەیەکیشیان لەگەڵ ناکرێ.

ئێستا لەو کەسانە دەپرسین کە لە هەموو لێدوان و وەڵامێکدا تەنیا قسەی بریقەدار ریز دەکەن: ئەو سەروەت و سامانە چییان لێهات کە گوترا بۆ پاراستنی ئەم خاکەیە کە لەسەری کۆبووینەتەوە و یەک ئاسمان سێبەری بەسەردا کێشاوین؟

کێ لێپرسینەوە لەو کەسانە دەکات کە وا بڕیار بوو ئەرکیان پلاندانان و جێبەجێکردنی کارە فەرمییەکان بێت بۆ پاراستنی ژیانمان؟

کوا ئەوانەی قۆڵیان لێ هەڵماڵیبوو و قەڵەمەکانیان بۆ واژۆکردنی گەمارۆدان و لێدانمان دەجوڵاند، ئێستا لە ئاست ئەم ناڕەوایە گەورەیە دەکرێت لە کوێن؟
وەڵام: هیچ وەڵامێک نییە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار