یادی راپەڕین و خوێندنەوەیهکی نوێ
4 كاتژمێر لەمەوپێش
فارس نەورۆڵی
ئێستا لە هەلومەرجێک و سەردەمێکداین ( ٣٥ ساڵ) بەسەر ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستاندا تێدەپەڕێت، ڕاپەڕین ڕووداوێکی مێژووی بوو کە دوای جەنگێکی گەورە، جەنگی کەنداو دژی ڕژێمی بەعس لە ناوچەکەدا ڕوویدا، ئیتر لێرەوە کورد دەرفەتی بۆ ڕەخسا حکومەت و پەرلەمانی دروستکرد.
لەوکاتەوە تائێستا دەسکەوتی زۆر بەدەستهاتوون وەک پێکهێنانی حکومەت و پەرەپێدانی زانکۆکان و ئاوەدانیەکی بەرچاو لەهەمانکاتدا سەرەڕای ئەو هەموو پیلانە توانیوویەتی لەسەر پێی خۆی بوەستێ و ببێتە قەڵایەک بۆ پارچەکانی دیکەی کوردستان، ڕووداوەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بەنموونە، بەڵام دەبێ باوەڕ بەوەش بکەین کە بێ کەموکوڕی نەبووە، نەتوانراوە وەڵامی تەواوی پرسیار و خواستەکانی خەڵک بداتەوە بۆیە جێگای ڕەخنەشە.
ئەوەی گرنگە بۆ ئێستا پێویستە خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ ڕاپەڕین بکەین و سەرقاڵی گێڕانەوەی چیرۆکە کۆنەکانی ئەو سەردەمە نەبین کە ڕاپەڕین تێیدا ڕوویدا. نابێ یادی ڕاپەڕین تەنیا یادی ڕابردوو بێت و لە دوێنێدا بمێنینەوە، بەڵکو دەبێت پەیامێکی لێ بەرهەم بێنین و ئێستا و ئایندەی پێبخوێنینەوە. خۆ ئەگەر لەیادی ڕاپەڕیندا بەرەی ناوخۆیی کورد ڕۆحی هاوکاری و بەرپرسیاریەتی هەبێ، دەتوانین لەناو ئەم شەڕ و ئاشووبەی بەرۆکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتووە بەسەرکەوتوویی لێی دەرچین و کوردستان بگەیەنینە قۆناغێکی باشتر و ئارامتر و دادپەروەرتر کە تێیدا چیرۆکێکی نوێ بنووسینەوە کە لەتەک ئەم هەلومەرجە جیهانی و ناوچەییەدا بێتەوە کە جیهان و ناوچەکە ژان دەیانگرێ بۆ لەدایکبوونی شێوە ژیانێکی نوێ لە ژیانی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و ئاینی و جیۆپۆلەتیکی.
دەبێت کورد خوێندنەوەیەکی نوێی هەبێ کە بتوانێ لەتەک ئەو شێوە ژیانە تازەیەدا جێگای خۆی بکاتەوە، ئەمەش بە یەکڕیزی و تەبایی بەرەی ناوخۆیی کورد دەبێت، کە حزبەکان بە چەپ و نەتەوەیی و ئیسلامییەوە هاوهەڵوێست و پاڵپشتی هەرێمی کوردستان بن بۆ وەرگرتنی بڕیاری بوێرانە، کە لەبەرژەوەندیی ئەم قۆناغە سەخت و هەستیارەدابێت و بیرو کردارمان لەسەرووی بەرژەوەندی سیاسی و ئایدیۆلۆجییەوە بێت، چونکە لە دۆخێکداین هەم دەرفەت لەبەردەستە و هەم هەڕەشە لەبەر دەرگایە. لە دۆخێکداین وەک قارەمانێک لەناو فیلمێکی ترسناکدا پێی لەسەر ئەڵغامێک دانابێت، لێرەدا بیەوێ پاشەکشە بکات و پێ هەڵگرێ هەپرون هەپرون دەبێت. بۆیە پاڵەوانەکە ناچارە ڕیسکێکی وریایانە بکات بۆ ئەوەی لەو دۆخە دەربازبێت. ئێمە ئێستا لە دۆخی ئەو قارەمانەداین، دەبێت لەهەر جوڵەیەک زۆر هەستیار و بوێربین. پێویستە هەر تاکێکی کورد وابیر بکاتەوە لە دۆخی ئەو قارەمانەدایە، ئەو قارەمانە چۆن لە خەمی دەربازبوندایە پێویستە هەر کوردێک لە خەمی ئەوەدابێت چۆن هەرێم لەم دۆخە ئاڵۆزەی ناوچەکە دەربازبێت.
بۆیە با لەیادی ڕاپەڕیندا چۆن بە هەموومانەوە ڕاپەڕینمان سەرخست، ئێستاش بە هەموومانەوە دەسکەوتەکانی بیپارێزین و، چیرۆکی راپەڕینێکی نوێ بنوسینەوە کە بۆ ئێستا و داهاتووی نەوەکانیشمان ببێتە چیرۆکی سەرکەوتن و شانازی. بەوهیوایەی لەکاتی نووسینەوەی ئەم چیرۆکەدا ئەقڵ لە مۆڵەت نەبێت و ئامادەیی تەواوی هەبێت بۆ هەر گۆڕانکارییەک کە ڕودەدات، وەک یاریچیەکی لێزان بەشداربین بە گیان و ورەی ڕاپەڕینی ١٩٩١ و تەبا و هاوکاری سەرخستنی کوردستان بین.
