کورد و ئەمریکا: سەرەتای ڕیسکە ڕۆژهەڵاتییەکە!
7 كاتژمێر لەمەوپێش
سەردار عەزیز
کوردی لە باشور مێژویەکی درێژی لە گەڵ ئەمریکادا هەیە کە زیاتر لە نیو سەدەیە. بەڵام ئەمە وەها نیە کە دێتە سەر ڕۆژهەڵات. ئەم نەبونی مێژوە کاریگەری زۆرە، وەک نەناسین، نەبونی ئەزمون، ئاڵۆزی زمانی دیپلۆماسی و فێڵ، نەبونی یادەوریی و زۆر خەسڵەتی تر.
بەڵام ئێستا پەیوەندی کورد و ئیدارەی ئەمریکی [ترامپ] دروست دەبێت. هەمیشە ئەمریکا بۆ دروستکردنی پەیوەندی دەبێت سەرەتا کورد یەکبخات. ئەمە لە ڕۆژهەڵاتیش وەهایە. پەرتی کورد یانی نەبونی دیدی هاوبەش، نەبونی بەرنامەی هاوبەش، نەبونی دەزگا، نەبونی پلەبەندی ئەولەویەتەکان و زۆر شتی تر. دەبێت کوردانی ڕۆژهەڵات کاتێک ڕوبەڕوی ئەم دەرفەت و ئالانگارییە دەبنەوە لە هەمانکاتدا، بیر لە هەموو ئەو شتانە بکەنەوە. هەوڵی ئەمریکا بۆ یەکخستن لە پێناوی کورددا نیە، بەڵکو بۆ دروستکردنی کاریگەرییە، ئەوەی لە ئەدەبیاتی سەربازی و دیپلۆماسی ئەمریکیدا بە گرنگترین خەسڵەتی پێکەوەکارکردن دادەنرێت.
ئەمجارە ئەمریکا و ئیسرائیل پێکەوەن، کە ساتەوەختێکی دەگمەنە، چونکە هەمیشە ئەمریکا نەیویستوە هێندە بە زەقی هاوجەنگی ئیسرائیل بێت، چونکە بەرژەندیەکانی فراوان و فرە چەشن ترن. بەڵام سەرباری پێکەوەبونیان دوو ئەجیندای جیاواز لە ئارادایە. ئەمە دەبێت مایەی ئاگایی کوردبێت.
سەرەتا چیرۆکی پەیوەندییەکە چەند سەرەتایەکی هەیە. بۆ ئەوانەی کە چاودێری دۆخەکە دەکەن، ڕونە کە ڕێکەوتنی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات، دەرئەنجامی ئاگایی و خواستی خۆیان نەبوە. دیارە بێگومان دەمێکە هەوڵ هەیە، بەڵام بەداخەوە نەریتی کورد خۆی نیە کە بتوانێت لە گەڵ یەکدا ڕێک بکەوێت. ئەمە بەشێکی زۆری پەیوەستە بە کەلتور و عەقڵیەت و نەبونی ئاگایی دەزگایی.
ئەم خاڵە زێدە گرنگە، بە تایبەتی لە داهاتودا، ئەگەر گۆڕانکاری لە ئێران دروست بێت. چوانکە کاتێک زیاتر لە یەک هێز هەیە و نابن بە یەک، ئەوا دەبێت میکانیزمی یەکبون بەرهەم بهێنن، میکانیزمی یەکبون بریتیە لە سازشکردن بۆ یەک و لە خۆگریی (inclusivity) . بۆ نمونە ئەو دوو [ئێستا یەک] هێزەی کە نەهاتنە ناو ڕێکەوتنەکەوە، کێشەکانیان زیاتر شەخسی بوە لەوەی پرسی گەورە بێت. بۆیە ئاڵۆزی پێکەوەبون ئەوەیە کە تەناه پرسە گەورەکان گرنگ نین، بەڵکو پرسە سادەکانیش دەکرێت سەرچاوەی کێشەبن، بە تایبەتی لە کولتوری ئیگۆزاڵدا.
ئەگەر ڕێکەوتنەکە بە سەرەتای پەیوەندییەکە دیاری نەکەین، ئەو رەنگە ڕوداوی دوای ئەوە دزە پێکردنی پەیوەندییە تەلەفونییەکەی نێوان دۆناڵد ترەمپ و موستەفا هیجریی بێت. هەتا ئێستا بە تەواوی نازانرێت چۆن ئەو پەیوەندییە دزەی کرد. دزە کردن هەمیشە کردەیەکی ئەنقەستی سیاسییە. بە گشتی چەند سەرچاوەیەکی دزەکردن هەیە، یەکەم لە هەرێمی کوردستانەوە، بۆ بەغدا، بۆ ئەکسیوس. دووەم، لە ناو پارتە ڕۆژهەڵاتییەکانەوە بە تایبەت لە کادیرەکانی خوارەوە. سێیەم لە واشنتۆنەوە. چوارهەم ئەگەر هەیە لە ئیسرائیلەوە بێت چونکە باراک ڕاڤید ئیسرائیلییە. شوێنی سەرچاوەی دزەکردنەکە ئەوە دیاری دەکات کە مەبەست لە دزەکردنەکە چیە. کێ و بۆچی کردویەتی. دیارە بڵاوبونەوەی هەواڵەکە لایەنی پۆزەتیف و نێگەتیفیشی هەیە. وەک دەبینین لە ئەنجامو ئەوەدا فشار لە سەر هەرێم زۆر دەبێت لە لایەن ئێران و عێراق و میلیشیاکانەوە. هەروەها بڵاوبەونەوەی هەواڵەک بوەتە مایەی پەرچەکردار لە ناو زۆرێک لە فارسەکاندا، کە دەرخەریی ئەوەیە کە فارس خۆی بە باڵا و خاوەنی ئێران دەزانێت.
جوڵانی کورد یان پەنابردن بۆ کورد، دەکرێت وەک پلانی دووەم یان قۆناغی دووەم ببینرێت. دیارە قۆناغی یەکەم، هێرشی ئاسمانی بوو، کە بە ئامانجی لاوازکردنی ڕژێمە، بەڵام قۆناغی دووەم ڕەنگە ئەگەری دروستکردنی هێزبێت لە سەر ئەرز. پاشان پێکەوە لاوازکردن یان جوڵانی شەقامی ئێرانی.
دەڵێن کورد داوای ناوچەی دژە فڕینی کردوە. بەڵام ئێستا هەست دەکرێت کە جۆرێک لە پاشەکشێ هەیە، یان نکوڵی لە بونی پلانی لەو جۆرە هەیە. هەموو ئەمانە بەشێکن لە تەمتومانی شەڕ. واقیعەکە پێمان دەڵێت ئەمریکا پێویستی بە شەڕکەرە لە سەر ئەرز. ئەمە ڕەنگە کاتێک زیاتر ببێتە بژاردە کە ئاسمان بە تەواوی کۆنترۆڵ دەکرێت.
دیارە کورد لە ئێستادا لە نێوان دوو دۆخ یان جەمسەری پێچەوانەدا دێت و دەچێت: لە لایەک نیگەرانە، لە لایەکی تر بۆنی دەرفەت دەکات. هەندێکیش لە نێوەندا دەڵێن، بژاردەکان ئاسان نین و ئازدی هەڵبژاردن کەمە. لە پشت هەموو ئەمانەوە تیورەیەک هەیە دەڵێت، دۆخی کورد وەها قەتیس بوە تەنها لە ڕێگای سەرکێشییەوە، دەتوانێت ڕزگاری بێت.
بە گشتی بۆ ڕزگاربوون دوو تیورەی زاڵ هەن، یەکەم دەڵێت ئەگەر کورد یەک بن ئەوان ڕزگار دەبن، دووەم دەڵێت بەبێ پشتیوانی زلهێزێک هیچ ناکرێت.
ئێستا هەردوو یەکبون و پشتیوانی زلهێز بە جۆرێک لە جۆرەکان لە ئارادایە. بەڵام سەرباری ئەمانە هەموو ئەوەی دەگوزەرێت جۆرێکە لە سەرکێشیی.
هەندێک خاڵ لێرەدا گرنگن لە بەرچاو بگیرێت:
یەکەم، ئەمریکای ئەمڕۆ، ئەمریکای جاران نیە. ئەمریکایەکی تەواو تایبەتە. ئەمریکای ئەمڕۆ لە هەموو ساتێک زیاتر لە سەر کەسێک وەستاوە. دیارە هەتا ئەو ڕای باش بێت ئەوا زۆر باشە. بەڵام،
دووەم، ئەم کەسە هەموو ژیانی لە گەمەت کورتخایەن و یاریکردندا بوە. بۆیە سەرباری پێویستی پەیوەندی دەبێت بۆ ئەو ئەگەر کراوە بیت کە سبەینێ ڕەنگە دونیایەکی تر و حەکایەتێکی تر لە ئارادابێت.
سێیەم، ئەم جەنگەی کە دەگوزەرێت هەتا ئێستا نازانڕێت ئامانجی چیە. هەرچەندە زۆر دەربارەی گۆڕینی ڕژێم دەبیستین بەڵام لە هەمانکاتدا گۆڕینی سەرکردەکان و گۆڕینی ئاراستە و گۆڕینی بەشێک لە نوخبەی سیاسی هەموو وەک بژاردە لە ئارادان.
چوارهەم، سەرباری پێکەوە کارکردنیان بۆ یەکەم جا، ئەمریکا و ئیسرائیل خاوەن ئەجیندای جیاوازن. ئەمە دەبێت بە ئاگاییەوە وەربگیرێت. بۆ ئیسرائیل گرنگ کەوتنی ڕژێمە، گرنگ داهاتوو نیە. گرنگ نیە ئەگەر ئێران بەرەو شەڕی ناوخۆ یان پشێویی یان تێکدانی ناوچەکە دەڕوات. بەڵام بۆ ئەمریکا هەریەک لەم دەرئەنجامانە کاریگەری زۆری هەیە.
کورد دەبێت چی بکات؟
کورد دەبێت دەست بە یەکبونەوەکەیان بگرن و پتەوی بکەن. دەبێت فێربن کە سازش بۆ یەکتر بکەن، هەتا ناچار نەبن سازش بۆ ئەویتر بکەن. کە دێتە سەر ئەمریکا هەبونی chain of command یان زنجیرەی سەرکردایەتی کە یانی بونی سەرکردە لە سەرەوە و گەیاندی فەرمانەکان بۆ خوارەوە زۆر گرنگە. ئەمە ئەسێتی سوپای سوریای دیموکرات بوو لە ماوەی دە ساڵی ڕابوردودا. هەبونی توانای بڕیاردان و کارپڕکردن بە بڕیارەکان.
کە دێتە سەر ئاستی سیاسی، ئەوەی گرنگە خواست و خیتاب رون بێت. لە ڕۆژئاڤا یەکێک لە کێشەکان ئەوەبوو کەس نەیدەزانی خواستەکان چین. ئەوەی دەوترێت داوای مافی چارەی خۆ نوسین کراوە. دیارە چارتەرێکی نێودەوڵەتی هەیە کە لە ساڵی ١٩٦٦ دەرچوە لەمبارەوە. بەڵام بە گشتی خواستێکی کراوەیە. بۆیە ناساندنی کورد وەک نەتەوە و مافی بەڕێوەبردنی ژیاری خۆی گرنگە، کە ڕەهەندی ئابوری و سیاسی و کەلتوری و ئیداری و سەربازیشی هەیە.
دیارە ڕون نیە ئێران چی بە سەر دێت. ئەستەمە ئێران ببێت بە دیموکراسیی. لە کولتور و ئاگایی و مێژووی ئەو وڵاتەدا هیچ بنەمایەکی دیموکراسی بونی نیە. ئەگەر تەماشای هەردوو سیستەمی شا و ولایەتی فەقیه بکەیت لەوەدا هاوبەشن کە وەها دەبینن کە مرۆڤ و کۆمەڵگای ئێرانی ناتوانن بەرپرسیارێتی خۆیان بگرنە ئەستۆ، بۆیە هەمیشە پێویستیان بە وەلییەکە. چەمکی وەلی و ئاگایی وەلییانە، ناتوانێت دیموکراسی بەرهەم بهێنێت. حەکایەتی دووەمی ئێران کە نەک هەر ئیسلامییە شیعەکان بەڵکو چەپیش تیادا بەشدارە، ئەو چیرۆکە بێ بنەمایە کە کێشەی ئێران هۆکارەکەی هێزەکانی دەرەوەن، سەرەتای ئەم خورافەیە دەگەڕێتەوە بۆ موسەدق. لە ڕاستیدا بونی موسەدق بە سەرەتا هۆکاری ئەوەیە کە هەردوو چیرۆکی مەزڵومیەت و دەستی دەرەکی پێکەوە گڕێ دەدات. دیارە خودی چەمکی شۆرش لای هەردوو ئیسلامیەکان و چەپەکان بنەماکەی ئەوەیە کە تاوانبارێک هەیە کە بەرپرسە لە خراپەکان ئەگەر لە ناوی بەرین ئەوا بەهەشت بەر قەرار دەبێت. ئەم حەکایەتە هەرگیز خۆی بە هەڵە و خراپ نابینێت.
لە سەروی ئەمانەوە ناسیونالیزمی ئێرانی هەیە، کە ناسیونالیزمێکی ئمیپراتۆری و ئیمپریالیزمانەیە. خەڵکانی ناوچەکە بە شایستەی ژێر دەستەیی دەبینێت. ئەم ناسیونالیزمە کە قانگدراوە بە خورافاتەکانی مێژوی ئێران هێشتا بە ئارییای بون خۆش خەندەیە. بۆیە ڕێگای کورد لە ڕوخانی کۆماری ئیسلامیدا کۆتایی نایەت. ئەمریکاش تاقەتی ئەم حەکایەتانەی نیە. هەبونی مۆدێلێکی وەک باشور ڕەنگە زۆر گونجاوبێت بۆ ڕۆژهەڵات.
