سەما لەسەر تیغى چەقۆ: هەڵوێستى هەرێم لە جەنگى ئەمەریکا و ئیسڕائیل دژ بە ئێران

2 كاتژمێر لەمەوپێش



رێبوار سیوه‌یلى

من سیاسى نیم بەڵام بیروڕاى خۆم بەمجۆرە بۆ هاونیشتیمانیانم دەردەبڕم:
١. هەرێمى کوردستان لە بەردەم یەکێک لە سەخترین تاقیکردنەوە مێژووییەکانیدایە. پرسیارەکە تەنها ئەوە نییە کە ئایا کورد دەبێت لە جەنگى نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژى ئێران بەشدار بێت یان نا، بەڵکو پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە: چۆن کورد دەتوانێت وەک قەوارەیەکى سیاسیى و نەتەوەیی لە نێو ئەم گەردەلوولەدا بمێنێتەوە؟ بۆ وەڵامدانەوەى ئەمە، پێویستمان بە خوێندنەوەیەک هەیە کە لەسەر بنەماى "ڕیالیزمى سیاسی" و پاراستنی مانەوە داڕێژابێت، نەک لەسەر بنەمای سۆزی سیاسی یان دروشمە کاتییەکان.

٢. جوگرافیا بۆ هەرێمى کوردستان هەم تەحەدایە و هەم دەرفەت. ئێران دراوسێیەکى هەمیشەییە و گۆڕینى مەحاڵە. مێژووى پەیوەندیى نێوان کورد و کۆمارى ئیسلامى، مێژوویەکە پڕ لە پارادۆکس؛ لەلایەک هاوکارى لە کاتى تەنگانەدا و لە لایەکى ترەوە تێڕوانینێکی ئەمنیی توند بۆ پرسی نەتەوەیی کورد. تاران هەرێمى کوردستان وەک "کونکردنى دیوارى ئاسایشى نەتەوەیى" خۆى دەبینێت، بەتایبەت کاتێک هاوکێشەی وزە و پەیوەندییەکانى هەولێر و واشنتۆن بەرەو پێش دەچن. کاتێک ئێران ناوەندە ئابووری و مەدەنییەکانی هەولێر بۆردومان دەکات، پەیامەکەى ڕوونە: "هەرێم نابێت ببێتە سەکۆیەک بۆ هەڕەشە لە ئێمە". لێرەدا کورد ئەگەر بێدەنگ بێت، سەروەرییەکەی دەبێتە قوربانی، ئەگەر بچێتە بەرەى جەنگیشەوە، دەبێتە یەکەم نێچیرى جەنگێکی وێرانکەر.

٣. لەلایەکى ترەوە، پەیوەندى لەگەڵ ئەمریکا بۆ کورد هەمیشە وەک "گرەوکردن لەسەر ئەسپى شەکەت" بووە، چونکە واشنتۆن دۆستى بەرژەوەندییەکانى خۆیەتى نەک شوناسەکان. مێژووی ١٩٧٥ و ٢٠١٧ وانەی تاڵن، بەڵام نابێت ئەو ڕاستییە فەرامۆش بکەین کە بەبێ چەترى پاراستنی ئەمریکا و هاوپەیمانان، هەرێم نەدەبووە خودی ئەم قەوارە سیاسییە و لە بەرامبەر داعش و فشارە ئیقلیمییەکاندا دوچاری داڕمان دەبوو. دابینکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و پشتگیریی دارایی پێشمەرگە، ئاماژەن بۆ ئەوەی واشنتۆن دەیەوێت هەرێم وەک "سەقامگیرکەرێکی ناوچەیی" بمێنێتەوە، نەک تەنها وەک هاوپەیمانێکی کاتی.

٤. عەقڵانیترین بژاردە بۆ سەرکردایەتى سیاسیى کورد، گرتنەبەرى سیاسەتى "بێلایەنى کارا"یە. ئەمە بەو مانایە نییە کە کورد بێدەنگ بێت، بەڵکو بەو مانایەیە کە نابێت ڕێگە بدات خاکەکەى ببێتە سەرچاوەى هێرش بۆ سەر دراوسێکانى و لە هەمان کاتدا نابێت ببێتە قوربانى ململانێى ئەوانیش. کورد دەبێت تێبگات کە چوونە ناو هەر جەنگێکی ڕاستەوخۆ دژی ئێران، بەواتای خۆکوشتنێکی سیاسی دێت، چونکە هەرێم وەک قەوارەیەکی "نا-دەوڵەت" لە کاتی جەنگی گەورەدا، پاراستنی نێودەوڵەتیی بۆی سنووردار دەبێت و ناتوانێت بڕیاری کۆتایی لە ئەنجامی جەنگەکەدا بدات.

٥. بۆ ئەوەى کورد بەرچاوڕوون بێت، دەبێت ستراتیژییەتێکى گشتگیر پەیڕەو بکات کە سێ ڕەهەندی سەرەکی لەخۆ بگرێت. یەکەم: "دامەزراوەیی کردن و شەرعییەتی ناوخۆیی"؛ تا ئەو کاتەی هێزی پێشمەرگە دابەشبووی سەر حزبەکان بێت و متمانەی نێوان هاووڵاتی و دەسەڵات لە ئاستێکی نزمدا بێت، هیچ هاوپەیمانییەکی دەرەکی ناتوانێت کورد بپارێزێت. یەکگرتوویی تەنها پێویستییەکی سەربازی نییە، بەڵکو زەرووەرەتی مانەوەیە لە بەرامبەر ئەجێندای وڵاتانی دراوسێ کە لە پەرتەوازەیی کورد دەگەڕێن. دووەم: "بەغدا وەک قەڵغانی یاسایی"؛ کورد دەبێت هاوئاهەنگییەکی باڵا لەگەڵ بەغدا بکات بۆ ئەوەی پاراستنی ئاسمانی و زەمینیی هەرێم ببێتە بەشێک لە ئەرکی دەوڵەتی عێراق، ئەمە وادەکات هەر هێرشێک بۆ سەر هەرێم وەک دەستدرێژی بۆ سەر سەروەریی عێراق تەماشا بکرێت و شەرعییەتی نێودەوڵەتیی زیاتر بە هەرێم ببەخشێت. سێیەم: "دیپلۆماسییەتی واقیعی لەگەڵ تاران و ئەنقەرە"؛ کورد دەبێت دڵنیایی بداتە دراوسێکانی کە خاکەکەی نابێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ئەوان، بە مەرجێک ئەوانیش ڕێز لە قەوارە و بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی هەرێم بگرن.

٦. سەبارەت بە کوردی پارچەکانی تر، بەتایبەت ڕۆژهەڵات، هەڵوێستی هەرێم دەبێت مرۆیی و نەتەوەیی بێت بەڵام بە وریاییەکی سیاسییەوە. هەرێم دەبێت پەناگەیەکی ئارام بێت، بەڵام نابێت ڕێگە بدات چالاکییە سەربازییەکان ببێتە بیانوو بۆ وێرانکردنی ژێرخانی ئابووریی هەرێم. ئەمە هاوسەنگییەکی هەستیارە و پێویستی بەوە هەیە کە هەموو لایەنە کوردییەکان بەرژەوەندیی "کوردستان وەک قەوارە" لەسەرەوەی بەرژەوەندییە حزبییەکان دابنێن.

٧. فاکتەری ئابووری و وزە یەکێکی ترە لە کۆڵەکەکان. کورد دەبێت لەوە تێبگات کە دۆستایەتی ئەمریکا "بژاردەیە" بەڵام دراوسێیەتی ئێران و تورکیا "چارەنووسە". عەقڵی سیاسی دەڵێت نابێت لەبەر بژاردەیەک، چارەنووسی خۆت بخەیتە مەترسییەوە. پاراستنی بۆرییەکانی گواستنەوەی وزە و پەرەپێدانی ئابوورییەکی سەربەخۆ، وادەکات کە هەم ڕۆژاوا و هەم دراوسێکان بەرژەوەندییان لە مانەوەی هەرێمدا هەبێت. تێکچوونی ئاسایشی هەرێم بەواتای پچڕانی یەکێک لە سەرچاوە گرنگەکانی وزە و بازرگانی دێت لە ناوچەکەدا، کورد دەبێت ئەم کارتە بە وریایی بەکاربهێنێت.

٨. پەیام بۆ سەرکردایەتی سیاسی کورد ئەوەیە: جەنگى داهاتوو جەنگى دووبارە داڕشتنەوەی نەخشەکانە. بۆ ئەوەى ناوى کوردستان لەسەر نەخشەکە بمێنێتەوە، دەبێت کورد "تەماشاکەرێکی وشیار" بێت نەک "بەشدارێکی سەرکێش". پاراستنی دۆستایەتی ئەمریکا پێویستە بۆ مانەوە، بەڵام تێوەنەگلان لە جەنگی ئیقلیمی پێویستە بۆ ژیان. زانستی سیاسی پێمان دەڵێت: "هێز لەوەدا نییە کە چۆن دەستپێشخەری جەنگ دەکەیت، بەڵکو لەوەدایە چۆن دەستکەوتەکانت لە کاتی گەردەلوولەکاندا دەهێڵیتەوە".

٩. پەیوەندیى نێوان کورد و ئیسرائیل یەکێکە لە هەستیارترین دۆسیەکان کە زۆربەی کات بۆ "پڕوپاگەندەى دوژمنان" بەکارهێنراوە. بۆ ئەوەى تێبگەین کورد چۆن مامەڵە دەکات، دەبێت بزانین ئیسرائیل لە ڕووی جوگرافییەوە دوورە و ناتوانێت پارێزگارییەکی ڕاستەوخۆ لە هەرێم بکات، لە کاتێکدا نەیارەکانی هەرێم لەسەر سنوورەکانن. هەر جۆرە نزیکبوونەوەیەکی سەربازیی ڕاگەیەندراو لەگەڵ ئیسرائیل، دەبێتە "کارتى سپى" بۆ تاران تا بە پاساوی بەرگری لە خۆ، هەرێمی کوردستان بکاتە ئامانج.

١٠. ئیسرائیل لە مێژوودا وەک بەشێک لە ستراتیژیی "پەیمانی کەمینەکان" تەماشای کوردی کردووە. ئەگەرچی پشتیوانیی مەعنەویی ئیسرائیل بۆ مافی کورد هەیە، بەڵام کورد دەبێت بزانێت پشتیوانیی دەوڵەتێکی دوور، هەرگیز جێگەی "جوگرافیایەکی سەقامگیر" ناگرێتەوە. عەقڵانیترین بژاردە ئەوەیە کە کورد پەیوەندییەکانی لە چوارچێوەی لۆبییە ناڕاستەوخۆکان لە واشنتۆن بهێڵێتەوە بۆ فشارخستنە سەر ناوەندە نێودەوڵەتییەکان، نەک ئەوەی هەرێم بکاتە مەیدانی ڕووبەڕووبوونەوەی هەواڵگری و سەربازی.

١١. هەرێم دەبێت "بێلایەنییەکی وشیارانە" پەیڕەو بکات. لە میدیا و سیاسەتی فەرمیدا، نابێت ببێتە بەشێک لە میحوەرى جەنگ، بەڵکو دەبێت جەخت لەسەر پاراستنی سەروەریی خاکی عێراق و هەرێم بکاتەوە. تێوەگلانی کورد لە جەنگێکی ئیسرائیلی-ئێرانی، وەک ئەوە وایە کورد خۆی بخاتە ناو بەرداشێکەوە کە هیچ دەسەڵاتێکی بەسەر ئاڕاستەکەیدا نییە. ئەگەر ئیسرائیل یان هەر هێزێکی تر دۆستی کوردن، باشترین هاوکارییان ئەوەیە کە لە ڕێگەی فشارە نێودەوڵەتییەکانەوە ڕێگری لە هێرش بۆ سەر هەرێم بکەن، نەک هەرێم بکەنە سەکۆیەک بۆ هەڕەشەکردن.

١٢. سیاسەتی داهاتووخوازانە ئەوەیە کە کورد پێگەی خۆی لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکاندا وەک "ناوچەیەکی ئارام و پردێکی دیپلۆماسی" بەرز بکاتەوە. پاراستنی ئەم هاوسەنگییە لە نێوان ئەمریکا، ئێران، تورکیا و بەغدا، گەورەترین هونەری سەرکردایەتییە. کورد دەبێت بزانێت کە لەم یارییەدا، بردنەوە تەنها لە "نەدۆڕاندن" و "مانەوە"دایە. مێژووی کورد پڕە لەو پاداشتە وەهمیانەی کە دوای جەنگەکان بەڵێنیان پێدرابوو بەڵام بوونە وێرانی؛ بۆیە دانایی ئەوەیە کە ئەمجارە کورد نەبێتەوە بە بەشێک لە مێژوویەکی دووبارەبووەوە، بەڵکو ببێتە ئەکتەرێکی وشیار کە ژیان و ئاوەدانیی گەلەکەی لەسەرووی هەموو جەنگە وەکالەتییەکانەوە دادەنێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار