تورکیا: پژاک پەکەکەیە و لە نزیکەوە چاودێریی جموجوڵەکانیان دەکەین
2 كاتژمێر لەمەوپێش
وەزارەتی بەرگریی تورکیا، هۆشداری دەدات لە چالاکییەکانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) لە ناو خاکی ئێران و ڕایدەگەیێنێت، ئەم گرووپە مەترسییە بۆ سەر سەقامگیریی ناوچەکە و دامەزراوەکانیان چاودێریی وردی دۆخەکە دەکەن.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا، ڕایگەیاند، چالاکییەکانی پژاک کاریگەریی نەرێنییان لەسەر ئاسایشی ئێران و تەواوی ناوچەکە هەیە. وەزارەتەکە کارەکانی ئەم پارتەی بە مەبەستی خۆشکردنی "ئاگری دابەشخوازیی ئیتنیکی" ناوبرد و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمە نەک هەر سەقامگیریی ئێران دەخاتە مەترسییەوە، بەڵکو کاریگەریی خراپیشی لەسەر خۆشگوزەرانیی گەلانی ناوچەکە دەبێت.
لە ڕاگەیێندراوەکەدا، وەزارەتی بەرگریی تورکیا پژاکی وەک "قۆڵی ئێرانی پەکەکە" وەسف کردووە. جەختی لەوەش کردووەتەوە کە هەموو دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی دەوڵەتی تورکیا بە شێوەیەکی هەماهەنگ و لە نزیکەوە چاودێریی پێشهاتەکان و جموجوڵە سەربازی و سیاسییەکانی ئەو هێزە لە ناو خاکی ئێراندا دەکەن.
ئەم هەڵوێستەی وەزارەتی بەرگری دوای ئەوە دێت کە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی لە نزیکەوە چاودێریی جووڵەکانی "هاوپەیمانیی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان" دەکات. ئەمەش نیشانەی بایەخپێدانی تورکیایە بە گۆڕانکارییە ئەمنییەکانی سەر سنووری وڵاتانی دراوسێ لەم بارودۆخەدا.
