بافڵ جەلال تاڵەبانی: هەموو هەوڵێکمان دوورخستنەوەی ململانێ و شەڕەکانە لە خاکی هەرێم

3 كاتژمێر لەمەوپێش



سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە یادی 35 ساڵەی ڕاپەڕیندا جەخت لە خاوەندارێتی حزبەکەی بۆ ئەو دەستکەوتە دەکاتەوە و داوای یەکگوتاریی لایەنەکان دەکات بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان لە ململانێ سەربازییەکانی ناوچەکە.

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند، ڕاپەڕین کە لە ڕانیەوە بڵێسەی سەند، سەرەتای وەرچەرخان و سەردەمێکی نوێ بوو بۆ گەلی کورد. ئاماژەی بەوەش کرد کە یەکێتی شانازیی خاوەندارێتی ئەم دەستکەوتە مێژووییەی پێبڕاوە و وەک "ئەندازیاری ڕاپەڕین" یادی هەموو ئەو قارەمانانە دەکەنەوە کە شۆڕشی نوێیان هەڵگیرساند.

سەرۆکی یەکێتی جەختی لەوە کردەوە کە بەرپرسیارێتی هەمووانە بە پێکەوەیی و ڕۆحیەتێکی نیشتمانیی دوور لە دروشم، هەنگاو بنێن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و بونیادنانەوەی یەکدەنگی و یەک گوتاری. ڕاشیگەیاند، پێویستە حکومەتێک دروستبکرێت کە خزمەتی خەڵک بکات و لە ئاست داخوازی و پێویستییەکانیاندا بێت، کە ئەمە بە باشترین وەفا بۆ خەڵک و تێکۆشەرانی ڕاپەڕین دانا.

لەبارەى بارودۆخی ئێستای ناوچەکە، بافڵ تاڵەبانی، ئاماژەی بەو دۆخە هەستیار و ناسەقامگیرە کرد کە ناوچەکەی پێدا تێدەپەڕێت. ڕایگەیاند، هەموو هەوڵێکیان بۆ پاراستنی سەقامگیریی وڵات و دوورخستنەوەی ململانێ و شەڕەکانە لە خاکی هەرێمی کوردستان، تاوەکو خەڵک و خاک لە مەترسییەکان پارێزراو بن.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆکی یەکێتی بەڵێنی دا کە هەمیشە لەسەر ڕێبازی تێکۆشەران بەردەوام بێت بۆ خزمەتکردن و پاراستنی خەڵک. بە وەفادارییەوە سەری ڕێزی بۆ شەهیدانی ڕاپەڕین و سەرجەم شەهیدانی کوردستان چەماندەوە و سڵاوی بۆ کەسوکارە تێکۆشەرەکانیان نارد.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار