كورد و ئەمریكا
2 كاتژمێر لەمەوپێش
لەتیف فاتیح فەرەج
چاوی هەموو لایەك لەسەر ئەوەیە ئایە كورد دەچێتە شەڕی ئێرانەوە بە قسەی ئەمریكا، یان لە بنەڕەتا ئۆپۆزسیۆنی كوردی خۆی لە شەڕێكی درێژخایەن و نابەرانبەردایە لەگەڵ ڕژێمی مەلایان.
ئۆپۆزسیۆنی كوردی لە سەروبەری كۆتایی حەمەڕزا شای ساڵی حەفتا و نۆ، نزیكەی تەواوی خاكی كوردستانی لكێنراو بە ئێرانی لە بندەست بوو، خومەینی و دیارە هەموو ئەو جاش و بەكرێگیراوە كوردانەش كە لەگەڵی بوون بەربوونە وێزەی كورد و هەموو خاكی كوردستانیان داگیركردەوە، بەڵام ئەمە نەیتوانی كۆتایی بە خەباتی چەكداری كورد بێنێت، لە گەڕگەلی ئاشتیشدا كورد نمونەی باشترین سەركردەكانی ڕۆژگاری خۆی لە دەستدا، واتە لە شەڕو ئاشتیشدا ڕژێمی ئێران بەردەوام تەڵە و پیلانی دژی كورد هەبووە، كوردیش كۆڵی نەداوە، لە ڕابردوودا ئەمریكا زۆر جار بۆ مەرامی خۆی كوردی بەكارهێناوە، هنری كیسنجەر و زۆری دی ئەوە دەڵێن، شتێك هەیە ناوی بەرژەوەندیی هاوبەشە، ئەگەر رووخانی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ئەمریكا و ئیسرائیل گرنگه، ئەوە هەزار جار بۆ كوردیش گرنگە، بەڵام لەوە گرنگتر رێكەوتن و شەڕ بۆ خۆ كردنە نەك بۆ خەڵك كردن.
كورد لەهەر گەلێك زیاتر ئازار زەدەی دەستی رژێمی مەلایانە، بۆیە بۆ كورد شەڕی ڕژێم خەباتی خۆخاوەنی و رزگارییە، گرنگ ئەوەیە كورد تا كوێ ئەركێتی شەڕ بكات و لەكوێ ئیدی ئەركی ئەو نیە هەنگاوێكیش بهاوێ. دوو خاڵ زۆر گرنگن لێرەدا، یەكەم هەسەكە دەبێت وێڕای فراوانكردنی بەرەی خۆی، وتەبێژ و پەیوەندیكارێكی كارامە دابنێت بۆ گفتوگۆ و قسەو باس و لێدوان، یەك یان دووان گرنگ ئەو پهرشوبڵاویە ناكۆكە لە تەك گیانی پێكەوە بوون، دووەم هەر مامەڵەیەك لەگەڵ هەر لایەنێك لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی خۆیی بێت، یانی ئەوی بەرانبەر چەند بیر لە بەرژەوەندیی خۆی دەكاتەوە، كوردیش هەمان بیركردنەوە و بگرە زێتریش بێت. جوگرافیای رۆژهەڵاتی كوردستان دیارە تا كوێیە، ئەوەش هەر دیارە كە لە كوێ تێكەڵی و پێكەوەیی لە نێوان كورد و ئەوانی دیكە هەیە، بۆیە لە بەرچاوگرتنی ئەمە زۆر بایەخدارە.
كورد شەڕ بۆ خۆی دەكات، شەڕ لە پێناوی ئازادیدا، نەك شەڕ لە پێناوی دەسكەوت و بەرژەوەندیی دیكەدا وەك ئەوەی خەڵكی دیكە دەیكات، بەڵام ئەمە ناكاتە ئەوەی جۆرێك لە گفتوگۆ و رێكەوتن نەبێت، تەنانەت مەرج نیە گفتوگۆ و رێكەوتن لەگەڵ یەك لابێت، هەرچەند ئێستا باشترین ئەوەیە كورد لە تەك براوەی شەڕەكەدا بێت، براوەی شەڕەكە تا ئێستا دیارە كێیە. ئێران بەو جۆرەی ئێستا نامێنێت، مەرجیش نییە لەیەك هەنگاودا بڕوخێت، ئەزمونی ئێراقمان لەبەرچاوە لە ساڵی نەوەد و یەك لێیدا، بەڵام لە ساڵی دوو هەزار و سێ ڕوخاندی. دەسكەوتی گرنگ بۆ كورد ناوچەی دژەفڕین و دامەزراندنی پهرلەمان و حكومەتی هەرێم بوو لە نەوەدو دوو، گەرچی هەزار و یەك تێبینی لە سەر دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان هەیە، بەڵام رووگەیەكی كوردانەی گرنگە، دەكرێت ئەم ئەزمونە، بەڵام پوختەتر، جیاوازتر و پێشكەوتوتر لە رۆژهەڵاتی كوردستان تاقیبكرێتەوە، هەسەكە دەبێت بەوردی بیر لەم بابەتە بكاتهوه.
شەڕی كورد لەهەر پارچەیەكی كوردستان شەڕ نیە بۆ ئەمریكا یان ئیسرائیل، شەڕە بۆ خودی كورد خۆی، لە هەموو هەنگاونانێكدا پێویستە كورد ئەمەی لەبەرچاو بێت.
