عیراق و کورد لە بیرەوەرییەکانی جۆرج دەبلیو بوشدا
18 كاتژمێر لەمەوپێش
ئەردەڵان عەبدوڵڵا
هیچ سەرکردەیەکی ئەمریکا هێندەی جۆرج دەبلیو بوشی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا کاریگەری بەسەر ڕووداوەکانی جیهانەوە نەبووە. لە سەردەمی ئەودا کۆمەڵێك ڕووداوی گرنگ ڕوویاندا، کە نەخشەی سیاسیی و ئابووریی جیهانی بە تەواوەتی گۆڕی لە پێش هەموویانەوە: ڕووداوەکانی 11ی سێپتەمبەری 2001، جەنگی ئەفغانستان و عیراق، تەنگەژە ئابوورییە گەورەکەی ساڵی 2008، کۆمەڵێک ڕووداوی تر. هەربۆیە زۆر حەزم دەکرد، بیرەوەرییەکانی بخوێنمەوە، بۆئەوەی بزانم لەو ڕووداوانەدا چۆن بڕیاڕی داوە، بوش ناونیشانێکی زۆر باش و گونجاوی بۆ کتێبەکە هەڵبژاردووە(بڕیاڕە چارەنووسسازەکان) بڵاوکردۆتەوە. پێشتر لە واڵەکەی خۆم لە فەیسبووک چەند دێڕێکی کورتم لەبارەوە نووسی بەڵام لەسەر داوای هەندێک دۆست و هاوڕێی هێژا، داوایان لێکردم زیاتر لەبارەی ئەم کتێبەوە بنووسم، منیش داواکەیانم قبوڵکرد.
شێوازی نووسین
سەرۆکی ئەمریکا کەسێکی ئاسایی نییە، لەبەرئەوە لەکاتی نووسینەوەی بیرەوەرییەکاندا، دەبێت ئاگاداری زۆر شت بێت، لەپێش هەموویانەوە بەرژەوەندی باڵای وڵاتەکەی. هەربۆیە زۆرجار پشت بە کەسانی شارەزا دەبەستن. جۆرج دەبلیو بوش لە سەرەتای کتێبەکەدا دان بەم ڕاستییەدا دەنێت و دەڵێت: بۆ نووسینەوەی بیرەوەرییەکانم دیدارم لەگەڵ 12 مێژوونووسی بەتوانای ئەمریکا کردووە. ئەوان ڕاوێژی گرنگیان پێداوە، ڕۆڵی سەرەکییان هەبووە لە نووسینەوەی ئەم بیرەوەرییانەدا. هەربۆیە لەم کتێبەدا حسابێکی وردو درشت بۆ هەموو وشەیەک، دەستەواژەیەک کراوە، چ وڵاتێک گرنگی پێ بدرێت و کامیش پشتگوێ بخرێت، یان کەمتر گرنگیان پێ بدرێت. هەروەها کەسایەتییەکانیش بەهەمانشێوە، حسابی وردیان بۆ کراوە. بە پێچەوانەی بیرەوەری سیاسەتمەدارەکانی لای خۆمان، کە بیرەوەری بۆ جەنگی کۆنەقین بەکاردەهێنن، لەم بیرەوەرییەدا، هیچ هەست بە جەنگی شەخسی یان کۆنە قین ناکەیت. کتێبەکە بە شێوازێکی تەواو ئەکادیمی نووسراوە، هەرئەمەش وایکردووە لەلای جەماوەری جیهان قبوڵکراو بێت.
ڕاستگۆیی
خاڵێکی زۆر سەرنجڕاکێش لای من ئەوەیە، کاتێک بیرەوەریی کەسایەتییە خۆرئاواییەکان دەخوێنمەوە، زۆر بە ڕاستگۆیی و ئازایەتییەوە باسی هەقیقەتی ژیانی شەخسی و پیشەیی خۆیان دەکەن، بە پێچەوانەی کەسایەتی خۆرهەڵاتییەوە، کە زۆر ترسنۆکە لە باسکردنی ژیانی شەخسی و دان نان بە هەڵەکاندا. لەوانەبێت لەمەشدا کولتوری خۆرئاوایی هاوکار بێت، چونکە ڕێز لە ژیانی تایبەتی کەسەکان دەگیرێت و زیاتر لێبوردەن بەرامبەر بە هەڵەکانی تاکەکان، بەتایبەتی کەسێک کە دان بە هەڵەکەیدا دەنێت و هەوڵی چاکردنەوەی دەدات.
لەم بیرەوەرییەدا، بوش بە ئاشکرا دان بەوەدا دەنێت کە لە سەرەتای ژیانی لاویی و تا ژیانی هاوسەریشی پێکهێناوە، کەسێکی ئەلکحولیست بووە، بەڵام ساڵی 1986 بڕیار دەدات کە واز لە خواردنەوە بهێنێت، لەمەشدا کتێبی ئینجیلی پیرۆز هاوکاری زۆری کردووە، هەروەها لۆرای ژنیشی زۆر هاوکار بووە. بەئاشکراش باسی ئەوە دەکات شەوێکیان سەرخۆش بووەو ئۆتۆمبیلی لێخووریەوە، ئەمەش وایکردووە پۆلیس دەستگیری بکات. جارێکیشیان لەژێر کاریگەری خورادنەوەدا دەمەقاڵە لەگەڵ باوکی دەکات.
تارمایی باوکی
جورج دەبلیو بوش، کوڕی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا جورج بوشە کە لە ساڵانی 1989 تا 1993 سەرۆکی ئەمریکا بووە، ئەمەش لە پاش 172 ساڵ لە مێژووی ئەمریکادا دووبارە بۆتەوە، کە باوک و کوڕ ببنە سەرۆکی ئەمریکا. ئەوەی من هەستم پێکرد، تارمایی جورج بوشی باوک زۆر بەسەر کوڕەکەوەیەتی، لە زۆر شوێندا باسی باوکی دەکات، جا کاتێک گەنج بووە باوکی سەرۆک بووە یان دواتر کە سەرۆک بووە، کاتێکیش سەیری کابینەی حکومەتەکەی دەکەین هەموویان ئەو ژن و پیاوانە بوون کە پێشتر لەگەڵ باوکیدا کاریان کردووە بۆ نموونە: دیک چینی جێگری سەرۆک، پێشتر لەسەردەمی باوکیدا وەزیری بەرگری بووە. کۆڵین پاول، وەزیری دەرەوە، پێشتر سەرۆک ئەرکان بوو، کۆندەلیزا رایس، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی بوو لەسەر دەمی جۆرج بوشی باوکدا، لەسەردەمی جۆرجی کوڕیشدا، سەرەتا راویژکاری ئاسایشی نیشتمانیی و دوایی بووە وەزیری دەرەوە. هەروەها دۆناڵد رامسفێلدا وەزیری بەرگری ، پێشتر هاوڕێی باوکی بووە.
کێشەکانی ناو حکومەتەکەی
پێشتر لە میدیاکاندا باسیان لەوە دەکرد، کە کێشە و ململانێی قووڵ لە نێوان پینتاگۆن (وەزارەتی بەرگری) و وەزارەتی دەرەوە هەیە، ئەوکات رامسفێڵد وەزیری بەرگری بوو، کۆڵین پاوڵیش وەزیری دەرەوە، لەم کتێبەدا جۆرج دەبلیو بوش بە ڕوونی باس لەو ململانێ قووڵە دەکات کە لە نێوان ئەم دوو وەزیرە و وەزارەتەکەدا هەبووە، بەتایبەتی لەکاتی جەنگی عیراقدا، کە هەمیشە ڕامسفێلدا بە زمانێکی توند قسەی بەرامبەر هاوپەیمانە ئەوروپییەکان کردووە، ئەمەش بە دڵی کۆڵین پاوڵ نەبووە، هەروەها شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسێی عیراق و هاوپەیمانەکان، بابەتی گرنگ بوون کە هەردوولا ناکۆکی قووڵیان لەسەر بووە، دیارە لەمەشدا مەزاجی شەخسی هەردوو کەسایەتییەکە ڕۆڵی هەبووە.
11ی سێپتەمبەر و جەنگی ئەفغانستان
هێرشە تیرۆریستییەکەی 11ی سێپتەمبەر، ڕووداوێکی ماڵوێرانکەرانە بوو بۆ ئەمریکا و کاریگەری ئێجگاری خراپیشی هەبوو بۆ سەر ئاشتیی و ئارامی جیهان. بوش لە کتێبەکەیدا زۆر بە وردی باسی ڕێکخراوی تیرۆریستی قاعیدە و ئوسامە بن لادن دەکات، لە هەمووی سەیرتر بە وشەیەکیش ڕەخنە لە ڕژێمی وەهابی سعودیە ناگرێت، ئەمەش لەکاتێکدا ئوسامە سعودییە و قاعیدەش هەڵگری بیری سەلەفی توندڕەوی وەهابییە، کە سعودیە سەرچاوەیەتی. بوش باسی وردەکاری ئەو ڕۆژە دەکات، چۆن مامەڵەی لەگەڵ ڕووداوەکە کردووە، لەهەمانکاتیشدا باسی کاردانەوەی سەرانی جیهان دەکات. دواتر بە وردی باسی جەنگی ئەفغانستان دەکات و بەشێکی گەورەی بۆ جەنگی ئەفغانستان و کێشەکانی تەرخانکردووە، لەپەنا ئەوەشدا باسی ڕۆڵی خراپی پاکستان دەکات.
جەنگی عیراق
کتێبەکە 640 لاپەڕەیە، 120 لاپەڕەی بۆ عیراق تەرخانکراوە، سەرەتا باسی ڕژێمی سەدام حسێن دەکات، بە درێژی باسی تاوانەکانی سەدام دەکات بەرامبەر بە گەلانی عیراق، هەموو قسەکانیشی ڕاستن تەنیا ئەوەنەبێت کە باسی هەڵەبجە دەکات، دەڵێت: سەدام گوندی هەڵەبجەی کیمیاباران کرد، جا نازانم لە دەقە ئینگلیزیەکە چۆن نووسراوە، بەڵام لە دەقە عەرەبییەکە بە گوند ناوی هاتووە، لەکاتێکدا هەڵەبجە شارە. پاشان باسی هۆکاری ئەم جەنگە دەکات، کە هۆکاری سەرەکی زیاتر ئەوەبوو کە لە پاش 11ی سێپتەمبەر ترسی گەورەی ئەمریکا ئەوەبوو کە ڕژێمی سەدام چەکی کیمیاویی و جەرسۆمی بداتە ڕێکخراوی قاعیدە، هەروەها مەسەلەی دیموکراسییکردنی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەش هۆکارێکی تر بووە، بە توندیش دژی ئەو قسانە دەوەستێتەوە کە دەڵێن: جەنگی عیراق بۆ دەستگرتن بەسەر نەوتی عیراق و پارێزگارییکردنی لە ئیسرائیل بووە، ئەو دەڵێت: من جەنگی عیراقم تەنیا لەبەر بەرژەوەندی باڵای ئەمریکا کردووە.
دووڕوویی سەرانی عەرەب و ئەڵمانیا
لەکاتێکدا سەرانی عەرەب واخۆیان پیشاندەدا کە دژی جەنگی ئەمریکان، کەچی لە ڕاستیدا وانەبووە، بۆ نموونە فەرماندەی سەرەکی جەنگەکە لە بنکەی سەربازی میر سوڵتانی سعودییە بووە، هەروەها لە قەتەر و بەحرەین و کویت و ئیماراتیش، بنکەی سەربازی ئەمریکا هەبووەو لێرەوە پەلاماری عیراقیان داوە. لە هەمووی سەیرتر باسی دووڕوویی حوسنی موبارەکی سەرۆکی میسر دەکات و دەڵێت: حوسنی موبارەک پێی وتین، سەدام حسێن خاوەنی چەکی جەرسۆمییە، بەڵام من ناوێرم ئەمە بە ئاشکرا بڵێم، چونکە لەناو شەقامی عەرەبیدا تووشی کێشەم دەکات.
هەروەها باسی گێرهارد شرودەری ڕاوێژکاری ئەڵمانیا دەکات و دەڵێت: شرودەر پێش چەند مانگێک پێی وتم، ئەو دەوڵەتانەی کە پشتگیری تیرۆر دەکەن، پێویستە سزا بدرێن، ئەگەر بڕیاڕت لە دژی هەر دەوڵەتێک دا، من پشتگیریت دەکەم، بەڵام دواتر کە هەڵبژاردنی ئەڵمانیا دەستیپێکرد، بۆچوونی گۆڕیی و دژمان وەستایەوە.
پێشنیاز بۆ سەدام
بوش دەڵێت: دەوڵەتێکی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست پێشنیازی بۆ کردم کە سەدام واز لە دەسەڵات بهێنێت، خۆیی و بنەماڵەکەی مافی پەنابەرییان لە روسیای سپی بۆ وەربگیرێت و دوو ملیارد دۆلاریش لەگەڵ خۆی بەرێت. دەشڵێت: ئێمە هەتا کۆتا ساتیش چاوەڕێی ئەوەبووین سەدام پێشنیازەکە قبووڵ بکات، بەڵام ڕازی نەبوو.
نوری مالکی
لەمیانی باسکردنی عیراقدا، باسی هەموو کارمەندە مەدەنی و سەربازییەکانی خۆیان دەکات کە لە عیراق کاریان کردووە، دواتریش باسی هەندێک کەسایەتی عیراقی دەکات. لە هەمووی سەیرتر تەنیا بە یەک دێڕ باسی ( ئەحمەد چەلەبی) سەرکردەی دیاری عیراق دەکات، لەکاتێکدا ئەم پیاوە ڕۆڵی سەرەکی هەبووە لە هاندانی ئەمریکا لە دژی عیراق، کەچی ئەو دەڵێت: هەڵەمان کرد کە بە قسەی ئەحمەد چەلەبیمان کرد لە دەرکردنی بڕیاری ڕیشەکێشکردنی حزبی بەعس، چونکە ئەم حزبە بەشێکی چینی ناوەندی لەگەڵدا بوو.
لەناو سەرکردەکانی عیراقدا، کەسیان هێندەی نوری مالکی، پانتایی گەورە لە بیرەوەرییەکانی داگیر ناکات. بوش سەرەتا متمانەی بە نوری مالکی نەبووە، ترساوە کە لەژێر کاریگەری ئێراندا بێت، بەڵام دواتر کاتێک دژی میلیشیا شیعەکان دەوەستێتەوە بەتایبەتی دژی میلیشاکانی موقتەدا سەدر، ئینجا متمانەی پێدەکات و وەسفی دەکات و دەڵێت: نوری مالکی کەسێکی هێمن و لەسەرخۆ بوو، خاوەنی کەسایەتییەکی بەهێز بوو، دژی ڕژێمی سەدام بوو، ماوەیەک لە سوریا ژیاوە، ڕژێمی سەدام چەندین کەسی لە بنەماڵەکەی کوشتووە، ئەو کەسێکی ئازا بوو، ئەو ئازایەتییە شەخسییەی، زۆرم بە دڵ بوو، وتم دەکرێت ئەم ئازایەتییە بکرێتە چرۆیەک و هیوای خۆمی لەسەر بونیات بنێم، تاوەکو نوری مالکی ببێتە سەرکردەیەکی بەهێز، کە عیراقییەکان پێویستیانە.
داواکاری بوش لە مالکی ئەوەبوو، کە دەبێت دژی ملییشیا شیعەکان بوەستێتەوە، هەروەک چۆن دژی گروپە توندڕەوە سوونییەکان دەوەستێتەوە. دواتر مالکی ئەوە دەکات کە ئەو دەیەوێت. بوش دەڵێت: بە نوری مالکیم وت، تۆ وەکو شەریک یان مامۆستا سەیری من بکە.
کورد
بەداخەوە کاتێک کە کتێبەکەم خوێندەوە ، زۆر بە کەمی باسی کورد و سەرانی دەکات. لەکاتێکدا کورد تاکە هاوپەیمانی ئەمریکا بوو لە عیراقدا، شیعەکان هاوپەیمانی ئەمریکا نەبوون، سوونەش دژیان دەجەنگان، تاکە پێکهاتە کورد بوو، کە هاوپەیمانی ئەمریکا بووە. تەنیا سێ جار باسی مام جەلال دەکات، ئەویش کاتێک سەردانی عیراقی کردووە، پێشوازی لێکردووە و دواتر چوون بۆ ئەنبار، چاویان بە سەرۆک خێڵە سوونەکان کەوتووە. ئەمەش لەکاتێکدا مام جەلال ڕۆڵی سەرەکی هەبوو لە عیراقدا بەتایبەتی لەکاتی جەنگی تائیفییدا، ڕۆڵی زۆر باشبوو، عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکان بە ( سەمام ئەمان) وەسفی دەکات، کەچی بوش بە وشەیەکیش باسی ڕۆڵی مام جەلال ناکات.
هەروەها مەسعود بارزانی کە سەرۆکی هەرێم بوو، ڕۆڵی سەرەکی هەبووە لە جەنگی دژی ڕژێمی سەدام و دژی تیرۆر، کەچی بە وشەیەک باسی ناکات، لەکاتێکدا چەند جارێک چاوی بە سەرۆکی هەرێم کەوتووە.
لەمەشدا خوێنەر بۆی دەردەکەوێت، کە هیچ کاتێک ئەمریکا کورد وەکو هاوپەیمان سەیری کورد ناکات، بەڵکو تەنیا وەکو شەڕکەر سەیری دەکەن، کاتێکیش کارەکانیان تەواو بوو، دەڵێن خوداحافیز و کارمان پێتان نەما.
سەرانی جیهان
لەبیرەوەرییەکانیدا جورج دەبلیو بوشدا باسی زۆر سەرکردەی جیهان دەکات، نایشارێتەوە کە زۆر سەرسام بووە بە فلادیمیر پوتین و 40 جار بینیویەتی، هەروەها بە نێگەتیفیش باسی جاک شیراک و گیرهارد شرودەر دەکات، چونکە دژی جەنگی عیراق بوون. بەڵام لە هەموو سەرکردەکانی جیهان تۆنی بلێر سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، زۆرترین پانتایی لەم بیرەوەرییانەدا داگیر دەکات، جورج بوش زۆر وەسفی دەکات، ئەمەش گوزارشت لەو پەیوەندییە بەهێزەی نێوان هەردوو دەوڵەت دەکات. لەسەرکردە عەرەبەکانیش، مەلیک عەبدوڵلای مەلیکی عەرەبستانی سعودیە، بە باشی وەسفی دەکات، هەرچەندە ئەو ئێریل شارۆنی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بە (بەراز ) وەسف دەکات.
دوا قسە
بەدڵنییایەوە ئەم بیرەوەرییانە قسەی زۆر هەڵدەگرێت، من تەنیا باسی چەند خالێکم کردووە کە بەلای خۆمەوە گرنگ بوو. خاڵێکی زۆر گرنگی ئەم بیرەوەرییە شێوازی نووسینی کتێبەکەیە، هیوادارم سەرکردە و سیاسەتمەدارەکانی کوردیش، لەکاتی نووسینەوەی بیرەوەرییەکانیاندا، هەوڵ بددەن بەشێوەیەکی ئەکادییمی و دوور لە ڕق و کینەی شەخسی باسی مێژووی ژیانیان بکەن.
