ئەمریكا.. لەجێهێشتنی رۆژئاواوە بۆ بەكارهێنانی رۆژهەڵات

13 كاتژمێر لەمەوپێش



نووسینى: سەرتیپ جەوهەر
مانگێك بەسەر رووداوی داگیركارییەكانی رۆژئاوای كوردستان و پشتتێكردنەكەی ئەمریكا تێنەپەڕی، ترەمپ و ئەمریكا ئیشیان بەكورد كەوتەوە. ئەو تۆم باراكەی دەیگوت ئیشمان بەهێزەكانی هەسەدە نەماوە، هاتە هەولێر و دواتر سلێمانی، جارێكی دیكە داوای لە كورد كردەوە هاوكاری ئەمریكا بن.

دەركەوت لەم ناوچەیە جگە لە كورد، ئەمریكا هیچ دۆستێكی نییە. كوردیش لەبەر ناچاریی و بێدەرەتانیی و زوڵم و ستەمی وڵاتانی داگیركەران، چاوەڕێی دەرفەتە بۆ رزگاربوون، بۆیە چاوی لە هەموو ئەگەرێكە بۆ گۆڕانكاریی.

دانانی وێنەی پێشمەرگە و ئاڵای كوردستان لەلایەن وتەبێژی كۆشكی سپی (Karoline Claire Leavitt) و بڵاوكردنەوەی پەیامی بەجێگەیاندنی پەیمانی ئەمریكا بۆ كورد، بەڵگەی ئەو راستیەیە كە سەركردایەتیی حزبە سیاسیە بڕیاربەدەستەكانی كوردستان لە دوایین كۆبونەوەیاندا پەیامی بێمتمانەیی كوردیان گەیاندۆتە ئەمریكا. بۆیە نابێت ئەمجارە كورد بەئاسانی بكەوێتە مەلە لەئاوێكدا كە هێشتا لێڵە! لەباتی رزگاركردنی پارچەیەكی دیكە، ئەم پارچەیەشمان بكەوێتە مەترسی. پێویستە زۆر وریا و وشیار بێت.

ئەمریكا و ئێران خراپ لە كورد تێگەیشتوون، بەدرێژایی مێژووی نوێ‌ كورد قەت داوای گۆڕینی رژێمی ناوەندیی نەكردووە. لە ساڵى 1991 كاتێك خەڵكی باشووری كوردستان راپەڕین، كەس باسی رووخاندنی رژێمی سەدامی نەكرد. لە رزگاركردنی ناوچە كوردستانیەكانیش كورد تاوەكو خوار كەركوكی رزگاركرد، هێوەتر نەچوون.

لە ساڵى 2011 كاتێك خەڵكی سوریا لە رژێمی بەعس راپەڕین، كورد لە رۆژئاوای كوردستان دروشمی رووخاندنی رژێمی هەڵنەگرت، بەڵكو دروشمی بەدەستهێنانی مافە نەتەوەیی و دیموكراتیەكانی بەرزكردبۆوە. تەنانەت توركیا زۆری هەوڵدا گرفت بۆ كورد دروستبكات، بەڵام سەركەوتوو نەبوون، بۆیە چەند گروپێكی تیرۆرستیان لەسەرێكانی دروستكرد بۆ زیانگەیاندن بەكورد، بەڵام لە 2013 دەریانكردن.

لە باكووری كوردستانیش كە ماوەی زیاتر لە 42 ساڵە بزوتنەوەی چەكداریی (PKK) بەردەوامە، بەڵام هیچ كاتێك كەس باسی رووخاندنی رژێمی حوكمڕانی توركیای نەكردووە، بەڵكو بزووتنەوەكە بۆ بەدەستهێنانی مافی گەلی كورد دروستبووە و لەوپێناوەشدا جەنگاوە. 

لە ئێرانیش بەهەمانشێوە. پێویستە رژێمی ئێرانیی لەوە بگات كە ئەگەر كورد بزوتنێك بكات، بۆ رزگاریی و بەدەستهێنانی بەشێك لە مافە نەتەوەیی و دیموكراتیەكانیەتی كە هاوشێوەی رژێمەكانی دیكەی داگیركەر كوردیان لێ‌ مەحروم كردووە. 

هەموو رژێمە داگیركەرەكان لە شێنەیی، لوتبەرز و كوێرن لە ئاست مافی گەلی كورد، لە تەنگانەش بانگەشەی برایەتی گەلان دەكەن.

رووداوەكانی ئەم چەند ساڵەی دوایی لە عێراق یان سوریا یان ئێران و بگرە توركیاش كە كورد تێیدا پاڵەوانیی گۆڕانكارییەكانە، هۆكارەكەی ئەوەیە ئەو رژێمانە نكۆڵی لە بوونی گەلی كورد دەكەن و ملنادەن بۆ ئەو راستیەی كە بەبێ‌ دانی مافی نەتەوەیی كورد قەت ئۆقرە ناگرن و سەقامگیر نابن. دەبێ‌ لەوە تێبگەن كورد بەدوای مافی نەتەوەیی خۆیەتی، بەدوای گۆڕینی رژێمەكانەوە نییە. ئەوە زوڵم و ستەمكاریی و لوتبەرزیی رژێمەكانە كورد ناچاردەكات چاو لەهەموو هەلێك بكات بۆ گەیشتن بە بەشێك لەخواست و ئامانجەكانیی، ئەگینا كورد قەت چاوی لە هیچ كام لەو پایتەختانە نەبووە، چونكە بەدرێژایی مێژوو قەت بەهی خۆی نەزانیون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار