قوباد تاڵەبانى: لەگەڵ ئەوەین لەم خولەی پەرلەمانى عێراقدا یاسای نەوت و گاز پەسەند بکرێت
3 كاتژمێر لەمەوپێش
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، ئەمڕۆ دووشەمە، لە هەولێر پێشوازی لە وەفدێکی ئەنجومەنی بازرگانیی ئەمریکا – کوردستان کرد بە سەرۆکایەتی دەیڤد تەفوری و رایگەیاند، حکومەتی هەرێم ئامادەیە هەموو کارئاسانییەک پێشکەش بە کۆمپانیا ئەمریکییەکان بکات.
لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی چۆنیەتی پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستان کرا. قوباد تاڵەبانی جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان خوازیارە کۆمپانیا ئەمریکییەکان بەشدارییەکی گەورەتر و کاریگەرتریان لە پرۆسەی گەشەپێدانی ئابوریی هەرێمدا هەبێت.
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە پرسی نەوت و گاز. لەمبارەیەوە، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران روونیکردەوە کە پێویستە لەم خولەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا پەلە بکرێت لە پەسەندکردنی یاسای نەوت و گاز، بە جۆرێک کە کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا یەکلابکاتەوە و دەسەڵاتە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان لەبەرچاو بگرێت.
قوباد تاڵەبانی دووپاتیشیکردەوە، ئەولەویەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە گازی سروشتی لە خزمەتی هاووڵاتیان و گەشەپێدانی بونیادی پیشەسازی و ئابوریی کوردستاندا بەکاربهێنرێت.
