سودانى: ئەمساڵ بەپێی رێککەوتن مووچەکان دەدرێت
4 كاتژمێر لەمەوپێش
مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە دهۆک لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە سودانی دووپاتیکردووەتەوە مووچەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمساڵ بەگوێرەی ڕێککەوتنەکان دەدرێت و بۆ بودجەی ساڵی داهاتووش، هەرێمی کوردستان بەشە بودجەی خۆی لە چوارچێوەی بودجەی گشتیی فیدراڵ دەبێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 18-11-2025 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری دهۆک لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ کۆبووەوە.
بەپێی راگەیێندراوی حکومەت، لە کۆبوونەوەدا هەردوولا پیرۆزبایی "سەرکەوتنی پرۆسە و ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیان لەیەکدی کرد،" خوازیاربوون ببێتە هۆی دەستپێکردنی سەردەمێکی نوێ لەپێناو سەقامگیریی دۆخی عێراق و باشتربوونی دۆخی خزمەتگوازییە گشتییەکان لە عێراق.
لە تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، وەکو لە راگەیێندراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دا هاتووە، جەخت لە گرنگیی دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کرایەوە، لەوبارەیەوە "سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ، دووپاتی کردەوە کە مووچەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەم ساڵ بەپێی رێککەوتنەکان دەدرێت، بۆ بودجەی ساڵی داهاتووش هەرێمی کوردستان بەشە بودجەی خۆی لە چوارچێوەی بودجەی گشتيی فیدراڵ دەبێت."
