هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ بەهۆی مووشەکبارانەکانی حیزبوڵا و ئیسرائیلەوە بۆ سەر یەکدی، لە سەرەتای دەستپێکی شەڕی غەززەوە تا ئێستا 458 چەکدار و هاووڵاتی سڤیل لە لوبنان و 26 سەرباز و هاووڵاتی سڤیل لە ئیسرائیل کوژراون. لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیلدا بۆ ناوچەیەکی سنووریی لوبنان، دوو هاووڵاتی سڤیلی لوبنانی دەکوژرێن و حیزبوڵاش دەڵێت چەکدارێکیان لە هێرشەکاندا کوژراوە. هەر بەهۆی هێرشەکەوە ئاگر لە ناوچەیەکی باشووری لوبنان کەوتووەتەوە. ئەمڕۆ شەممە 8-6-2024، میدیای فەرمیی لوبنان رایگەیاند، درۆنێکی ئیسرائیل و دوو مووشەک کافتریایەکیان لە شارۆچکەی عیترۆنی باشووری ئەو وڵاتە کردووەتە ئەمانج و بەهۆی هێرشەکەوە دوو هاووڵاتی سڤیل بە ناوەکانی عەلی خەلیل حەمەد و مستەفا عیسا کوژراون. لە راگەیێنراوێکی جیادا، حیزبوڵای لوبان کوژرانی چەکداریکی خۆی لە هێرشێکی دیکەدا راگەیاند. ئەوەش باسکراوە، هەر دوای هێرشەکەی ئیسرائیل، حیزبوڵا بە کاتیۆشا چەند ناوچەیەکی سەر سنووری ئیسرائیلی کردووەتە ئامانج. ئیسرائیل دەڵێت، هێرشەکەی سەر ناوچەی عیترۆن بۆ سەر ژمارەیەک چەکداری حیزبوڵا کراوە و چەند هێرشێکیشیان بۆ سەر ناوچەی خیام کردووە. بە گوێرەی میدیای فەرەنسی، لە 8ی تشرینی یەکەمی 2023ـەوە تاوەکو ئێستا، بەهۆی مووشەکبارانکردنی یەکدییەوە لەلایەن ئیسرائیل و حیزبوڵاوە 458 کەس لە لوبنان کوژراون؛ لەو ژمارەیە تەنیا 90 کەسیان هاووڵاتی سڤیل بوون. لە بەری ئیسرائیلیشەوە بە گوێرەی سوپای ئەو وڵاتە، 15 سەرباز و 11 هاووڵاتی سڤیل کوژراون. هەر لە دوای پەلامارەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، حیزبوڵا و ئیسرائیل چەندین جار مووشەکبارانی یەکدییان کردووە. لەم چەند رۆژەی دواییشدا مووشەکبارانەکان زیادیکردووە.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ زانایانی زانکۆی میشیگن لە ئەمریکا ژیریی دەستکرد بۆ وەرگێڕانی وەڕینی سەگ و تێگەیشتن لێی بەکاردەهێنن. دەڵێن ژیریی دەستکرد یارمەتیدەرێکی چاکە بۆ گفتووگۆکردن لەگەڵ ئاژەڵان. ئەو زانایانەی سەرقاڵی لێکۆڵینەوەکەن دەڵێن، بەرەوپێشچوونێکی باشیان لە بە کۆدکردنی جموجووڵەکانی سەگ کردووە، واتە هەوڵدەدەن ئەو جموجووڵانە بۆ سەر زمانی کۆمپیوتەر وەربگێڕن، تاوەکو لە دواتردا ژیریی دەستکرد بتوانێت لێکدانەوەیان بۆ بکات. رادا مەهاڵچە، سەرۆکی تاقیگەی ژیریی دەستکردی زانکۆی میشیگن دەڵێت، "بەرەوپێشچوونەکانی ژیریی دەستکرد دەکرێت وەک شۆڕشێک بۆ تێگەیشتنمان لە ئاژەڵان بەکاربهێنرێت". ئاماژە بەوەشدەکات، لێکۆڵینەوەکەیان دەرگایەک بە رووی تێگەیشتن لە وەڕینی سەگ دەکاتەوە. دەشڵێت، ژیریی دەستکرد تاوەکو ئێستا سەرکەوتنێکی باشی بەدەست خستووە لە تێگەیشتنی بەشێک لە وەڕینی سەگ. دەڵێت، سیستمێکیان دروستکردووە کە بتوانێت لە رێگەی بەرز و نزمی و شێواز و خێرایی وەڕینەکەوە، لە هەست و خواستی سەگەکان لەو کاتەدا تێبگات و وەریبگێڕێت بۆ زمانێک کە بتوانین لێی تێبگەین. هەروەها دەشڵێت، لە پێشووتردا کە توانای تێگەیشتنی دەنگ و قسەکردنی مرۆڤ بۆ کۆمپیوتەر دانراوە، هەمان هەنگاوەکان گیراونەتە بەر و لەسەر دەنگ و شێوازی چەندین مرۆڤ سیستمەکە راهێنراوە. کاری تیمەکەی رادا تاوەکو ئێستا بەو جۆرەیە، وەڕین و جموجووڵ و دەنگی جۆراوجۆری 74 سەگیان تۆمارکردووە کە هەریەکیان تەمەن و جۆر و دەنگیان و شێوازی وەڕینیان جیاوازە. دەڵێت، تاوەکو ئێستا ئەوەیان دۆزیوەتەوە کە هەنگاوەکانی لێکۆڵینەوەکەیان 70٪ بە راستی کراون. دەشڵێت، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەیان بۆیان دەرکەوتووە، رێی تێدەچێت هاوشێوەی قسەکردنی مرۆڤ، بتوانرێت لە رێگەی کۆمپیوتەرەوە وەڕین و جمووجووڵی سەگیش لێکبدرێتەوە و تێگەیشتنمان بۆی هەبێت.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ ئیسرائیل دەڵێت لە هێرشی سەر قوتابخانەکەی غەززەدا 17 چەکداری حەماسیان کوشتووە. ئەمە لەکاتێکدایە، قوتابخانەکە لەلایەن ئاژانسەکانی هاریکاریی مرۆیی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە بەکاردەهێنرا. بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە، 6ی حوزەیرانی 2024، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی هێرشیان بۆ سەر قوتابخانەیەک کرد کە بە گوێرەی بەرپرسانی غەززە هاووڵاتی سڤیلی تێدا بووە و 37 کەس لە هێرشەکەدا کوژراون. ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە، لەو هێرشەدا "17 تیرۆرستی حەماسیان کوشتووە"، کە قوتابخانەکەیان بۆ کارووباری خۆیان بەکارهێناوە. هەر دوای هێرشەکەش سوپای ئیسرائیل وای بڵاوکردەوە، "مۆڵگەیەکی تیرۆرستانی حەماسیان کردووەتە ئامانج". بە گوێرەی سوپای ئیسرائیل، 30 چەکداری بزوتنەوەی حەماس لە 3 ژووری قوتابخانەکەدا خۆیان حەشارداوە و کراونەتە ئامانج. فلیپ لازارینی، بەڕێوبەری ئاژانسی بەهاناوەچوون و کاری نەتەوەیەکگرتووەکان لە غەززە دەڵێت، ئیسرائیل هێرشەکەیان پێش ئاگاداری پێشوەختە کردووە. ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوان لە پێشووتردا تەواوی ئەو ناوچانەیان بۆ ئیسرایل دیاریکردووە کە لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە بەڕێوەدەبرێت. لازارینی دەشڵێت، "هێرشکردنەسەر، بە ئامانجگرتن و بەکارهێنانی دامەزراوەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ مەبەستی سەربازی لادانێکی زەقە لە یاسا نێودەوڵەتییە مرۆییەکان".
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ دوای ئەوەی پێشنیازەکەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆ ئاگربەست رەتکرایەوە، بڕیارە هەفتەی داهاتوو ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە مەبەستی گفتووگۆ لەبارەی ئاگربەستەوە سەردانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندووە، ئەنتۆنی بلینکن بۆ جاری هەشتەم لە دوای شەڕی ئیسرائیل و غەززەوە سەردانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات. لەم سەردانەیدا بلینکن دەچێتە میسر، قەتەر، ئیسرائیل و ئوردون و بڕیارە چاوی بە بەرپرسە باڵاکانی ئیسرائیل و حەماس بکەوێت. سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە کاتێکدایە، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا پێشنیازی بۆ ئاگربەستێکی تاهەتایی بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل پێشکێشکردووە. هاوکاتیشە لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی رووبەڕووبوونەوەی نێوان حیزبوڵای لوبنان و ئیسرائیل کە هەردوولا ئامادەیی خۆیان بۆ رووبەڕووبوونەوە نیشانداوە. لە راگەیێنراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا هاتووە، بلینکن ئەوە بۆ هەردوولا رووندەکاتەوە ئاگربەست چەند سوود بە هەردوولا دەگەیێنێت و رێگە لە مردن لە غەززە دەگرێت. هەوڵی ئاگربەست بە نێوەندگیری میسر، قەتەر و ئەمریکا لە نێوان حەماس و ئیسرائیل، هەر لە مانگەکانی یەکەمی جەنگەکەوە دەستیپێکردووە، بەڵام بەردەوام شکستی هێناوە. ئەوەش لەبەرئەوەی هەردوولا یەکدی بەوە تۆمەتبار دەکەن مەرجەکانیان جێگەی قبوڵکردن نەبێت. بە گوێرەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئاگربەستەکە ئاگری نوێی کێشەکانی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵای لوبنانیش کە لەم دواییانەدا خەریکە بڵێسە دەسێنێت، خامۆشدەکاتەوە.
هاوڵاتی بەرەبەیانی رۆژی هەینی 7ی حوزەیرانی 2024، سوپای ئیسرائیل هێرشی کردە سەر کەمپی "البریج" و سەرۆکی شارەوانی ناوچەی "نەسیرات" بە هۆی هێرشی تۆپخانەکانی ئیسرائیلەوە کوژرا. بەپێی زانیارییەکانی چەند سەرچاوەیەکی فەلەستینی، ئیسرائیل هێرشە زەمینییەکانی لە ناوچەی "البریج" لە رۆژهەڵاتی ئەم کەمپە تۆخ کردووەتەوە. سوپای ئیسرائیل رۆژی چوارشەممە 5ی حوزەیرانی 2024 رایگەیاند، "گەڕەێکی نوێی هێرشەکانی خۆی بۆ ناوچەی "البریج" و "دیرالبلح" تۆخ کردۆتەوە، ئامانج لەم هێرشانە لەناوبردنی ئەندامانی چەکداری حەماس ناوبردووە". نووسینگەی میدیایی حەماس رایگەیاند ، "بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بینایەکی سەر بە شارەوانی "نەسیرات" لە ئێوارەی پێنج شەممەدا، ئەیاد ئەلمغاری، سەرۆکی شارەوانی نەسیرات و کوڕەکەی کوژراون". بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی فەلەستینەوە لە نەسیرات لە بەرەبەیانی پێنجشەممەدا، لانیکەم 37 کەس لە قوتابخانەیەک کوژران، کە لە لایەن ئاژانسی یارمەتی گەیاندنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ خەڵکی فەلەستینەوە بەڕێوە ئەبرا. وتەبێژی نەخۆشخانەی "شەهیدانی الاقصی" لە "دیرالبلح" رایگەیاند لە ماوەی 24 کاتژمێردا 141 تەرم و 380 بریندار لە "نەسیرات" و "دیرالبلح" گەیەندراوەتە ئەم نەخۆشخانەیە، دەوترێت ئەم نەخۆشخانەیە بە تەواوەتی لە رووخاندایە. سوپای ئیسرائیل دەڵێت، ئەو بەشە لە قوتابخانەکە کە کراوە بە ئامانج، شوێنی چالاکای هێزەکانی "حەماس، جەهادی ئیسلامی فەلەستین و داعش" بووە. بە پێی زانیارییەکانی سوپای ئیسرائیل، یەکەی ژمارەیەک لە ئەندامانی تایبەتی حەماس کە 7ی تشرینی یەکەمی 2023 هێرشیان کردە سەر ئیسرائیل، لەم قوتابخانەیە خۆیان شاردبووەوە.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ بڕیارە هەفتەی داهاتوو سێ کەشتیی جەنگی و ژێردەریاییەکی رووسیا بگەنە کەناراوەکانی کوبای دراوسێی ئەمریکا. وەزارەتی دەرەوەی کووبا دڵنیایی دەدات کە هەنگاوەکە هیچ هەڕەشەیەک بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ لە خۆی ناگرێت. ئەمڕۆ هەینی 7ی حوزەیرانی 2024، وەزارەتی دەرەوەی کووبا لە راگەیێنراوێکدا بڵاویکردەوە، لە نێوان 12 بۆ 17ی ئەم مانگە سێ کەشتی جەنگی و ژێردەریاییەکی رووسیا دەگەنە کەناراوەکانی هاڤانای پایتەختی ئەو وڵاتە کە تەنیا 145 کیلۆمەتر لە ئەمریکاوە دوورە. هاوکات دڵنیایی دەدات، هیچ مەترسییەک بۆ سەر ناوچەکە دروست ناکات. لە راگەیێنراوەکەدا باس لەوەشکراوە، "ئەم سەردانە رەنگدانەوەی پەیوەندیی دۆستانەی مێژوویی کوبا و رووسیایە و بە رژدی پەیڕەوی یاسا نێودەوڵەتییەکان دەکات". جووڵەی کەشتییەکانی رووسیا بۆ نزیک ئەمریکا لەکاتێکدایە، ئەمریکا رێگەی بە ئۆکراینا داوە بە چەکەکانی هێرش بۆ ناو خاکی رووسیا بکرێت. هاوکاتیشە لەگەڵ هەڕەشەکانی ڤلادمیر پووتین لە دابینکردنی مووشەکی دوورهاوێژ بۆ نەیارەکانی ئەمریکا. هەفتەی رابردوو، پووتین هۆشداری ئەوەی دا، رووسیا هەنگاوی "بێ وێنە" دەگرێتە بەر ئەگەر وڵاتانی وەک بەریتانیا، ئەڵمانیا و ئەمریکا بەردەوامبن لە پێدانی چەک بە ئۆکراینا ودواتریش لەسەر خاکی رووسیا بەکاربێت. ئەمریکا لەبارەی ناردنی کەشتییەکانی رووسیاوە رایگەیاندووە، ئەوان هەنگاوەکە بە هەڕەشە بۆ سەر خۆیان لێکنادەنەوە و هێزی سەربازیی ئەمریکا لە نزیکەوە چاودێری کەشتییەکان دەکات. ناردنی کەشتییەکان بۆ دریای کاریبی بۆ ئەنجامدانی راهێنانێکی دەریاییە لە نێوان کووبا و رووسیا. پەیوەندیی دۆستانەی رووسیا و کووبا دەگەڕێتەوە بۆ کاتی جەنگی ساردی رووسیا و ئەمریکا کە کووبا کڕیارێکی سەرەکیی مووشەک و چەکی رووسیا بوو. پەیوەندییەکانیشیان دووبارە لە دوای دیاداری میگێل دیاز، سەرۆکی کووبا و ڤلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە 2022دا نوێبوونەوەی بە خۆیەوە بینی.
هاوڵاتی سەرۆكی ئەمریكا هاوكاری سەربازی نوێی بە بڕی 225 ملیۆن دۆلار پێشكەشی ئۆكراین كرد، كەسیستەمی بەرگری و چەندین جۆر تەقەمەنی لە خۆدەگرێت. ئەمڕۆ هەینی 7ی حوزەیارانی 2024، جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ سەرۆكی ئۆكراین لە پاریس رایگەیاند، بڕی 225 ملیۆن دۆلار وەك پاكێجێكی نوێی هاوكاری سەربازی پێشكەشی ئۆكراین دەكات. ئەمەش لە کاتێکدایە، کە پێشوتر كۆشكی سپی رایگەیاندبوو كە وڵاتەكەیان هاوكاری سەربازی نوێ ڕەوانەی ئۆكراین دەكات، كە مووشەكی جۆری " هیماراس"یش لەخۆدەگرێت، لەگەڵ مووشەكی سیستەمی بەرگری ئاسمانی هاوك، سیستەمی دژە ئاسمانی ستینگەر، سیستەمی دژە تانكی جاڤلین، زرێپۆش، بەلەم و چەندین ئامێر و تەقەمەنی تر. بەپێی ڕێنماییە نوێیەكەی ئەمریكاش لە بەکارهێنانی چەک، ئۆكراین دەتوانێت ئەو جۆرە چەكانە بەكاربهێنێت بۆ هێرشكردنە سەر رووسیا. لە كۆتایی مانگی نیساندا جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا ڕەشنووسی یاسایەكی سەبارەت بە پارەداركردنی هاوكارییە سەربازییەكان بۆ ژمارەیەك هاوپەیمانی واشنتۆن بە بەهای 95 ملیار دۆلار ئیمزاكرد، كە نزیكەی 61 ملیار دۆلاری بۆ ئۆكراین تەرخانكراوە.
هاوڵاتی سەرۆكی ئەمریكا هاوكاری سەربازی نوێی بە بڕی 225 ملیۆن دۆلار پێشكەشی ئۆكراین كرد، كەسیستەمی بەرگری و چەندین جۆر تەقەمەنی لە خۆدەگرێت. ئەمڕۆ هەینی 7ی حوزەیارانی 2024، جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ سەرۆكی ئۆكراین لە پاریس رایگەیاند، بڕی 225 ملیۆن دۆلار وەك پاكێجێكی نوێی هاوكاری سەربازی پێشكەشی ئۆكراین دەكات. ئەمەش لە کاتێکدایە، کە پێشوتر كۆشكی سپی رایگەیاندبوو كە وڵاتەكەیان هاوكاری سەربازی نوێ ڕەوانەی ئۆكراین دەكات، كە مووشەكی جۆری " هیماراس"یش لەخۆدەگرێت، لەگەڵ مووشەكی سیستەمی بەرگری ئاسمانی هاوك، سیستەمی دژە ئاسمانی ستینگەر، سیستەمی دژە تانكی جاڤلین، زرێپۆش، بەلەم و چەندین ئامێر و تەقەمەنی تر. بەپێی ڕێنماییە نوێیەكەی ئەمریكاش لە بەکارهێنانی چەک، ئۆكراین دەتوانێت ئەو جۆرە چەكانە بەكاربهێنێت بۆ هێرشكردنە سەر رووسیا. لە كۆتایی مانگی نیساندا جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا ڕەشنووسی یاسایەكی سەبارەت بە پارەداركردنی هاوكارییە سەربازییەكان بۆ ژمارەیەك هاوپەیمانی واشنتۆن بە بەهای 95 ملیار دۆلار ئیمزاكرد، كە نزیكەی 61 ملیار دۆلاری بۆ ئۆكراین تەرخانكراوە.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا دەڵێت، ئۆکراینا مووشەکی ئەمریکی بۆ کوشتنی ژن و منداڵانی رووسیا لە ناو خاکی رووسیا بەکارهێناوە. ئەمە لە کاتێکدایە لە کۆتایی مانگی ئایار ئەمریکا دەرگای بەکارهێنانی چەکەکانی بۆ هێرشکردنە سەر رووسیا بۆ ئۆکراینا کردەوە. رۆژی هەینی 7-6-2024، ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە کۆنفرانسی ئابووری سەینت پیتەرسبۆرگ رایگەیاند، ئۆکراینا بە چەکی ئەمریکی هێرشی کردووەتە سەر ناوچەی بێلگۆرۆد و بەهۆیەوە ژن و منداڵی رووسیایی کوژراون. بە گوێرەی زاخارۆڤا، لە هێرشەکەدا مووشەکی هایمارسی ئەمریکی بەکارهاتووە و بەڵگەی روونیشیان ئەوەیە، پاشماوەی مووشەکەکەیان دۆزیوەتەوە. ناوچەی بێلگۆرۆد دەکەوێتە باشووری رۆژئاوای رووسیاوە و هاوسنووری هەرێمی خارکیڤی ئۆکراینایە. رووسیا نزیکەی مانگێکە دەستی بە هێرشی چڕ بۆ سەر خارکیڤ کردووە و دەڵێت ئامانجی دروستکردنی هێڵێکی ئارامە لە نێوان خۆی و ئۆکراینادا. دوای دەستپێکردنەوەی هێرشی رووسیا بۆ سەر خارکیڤ، گوشارێکی زۆر لە کیێڤەوە بۆ سەر هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانی هەبوو کە رێگەیان بدەن چەکەکان بۆ هێرشکردنە سەر سوپای رووسیا لە ناو خاکی رووسیا بەکاربهێنن. ئەمریکا و بەریتانیا هەنگاوەکەیان هەڵهێنا و رێگەیان بە ئۆکراینادا، بەڵام بەو مەرجەی تەنیا بنکە سەربازییەکان لە ناوچە سنوورییەکانی رووسیا بکرێنە ئامانج. هەرچی رووسیایە لەم هەنگاوەی ئەمریکا نیگەرانە. ڤلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا رایگەیاندووە، ئامادەیە مووشەکی دوورهاوێژ بداتە وڵاتانی دژ بە رۆژئاوا تاوەکو هێرش بکەنە سەریان. هەڕەشەی ئەوەشی کردووە، ئەگەر هەست بە مەترسی بۆ سەر سەروەری خاکەکەیان بکەن، چەکی ئەتۆمی بەکاردەهێنن.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا دەڵێت، ئۆکراینا مووشەکی ئەمریکی بۆ کوشتنی ژن و منداڵانی رووسیا لە ناو خاکی رووسیا بەکارهێناوە. ئەمە لە کاتێکدایە لە کۆتایی مانگی ئایار ئەمریکا دەرگای بەکارهێنانی چەکەکانی بۆ هێرشکردنە سەر رووسیا بۆ ئۆکراینا کردەوە. رۆژی هەینی 7-6-2024، ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە کۆنفرانسی ئابووری سەینت پیتەرسبۆرگ رایگەیاند، ئۆکراینا بە چەکی ئەمریکی هێرشی کردووەتە سەر ناوچەی بێلگۆرۆد و بەهۆیەوە ژن و منداڵی رووسیایی کوژراون. بە گوێرەی زاخارۆڤا، لە هێرشەکەدا مووشەکی هایمارسی ئەمریکی بەکارهاتووە و بەڵگەی روونیشیان ئەوەیە، پاشماوەی مووشەکەکەیان دۆزیوەتەوە. ناوچەی بێلگۆرۆد دەکەوێتە باشووری رۆژئاوای رووسیاوە و هاوسنووری هەرێمی خارکیڤی ئۆکراینایە. رووسیا نزیکەی مانگێکە دەستی بە هێرشی چڕ بۆ سەر خارکیڤ کردووە و دەڵێت ئامانجی دروستکردنی هێڵێکی ئارامە لە نێوان خۆی و ئۆکراینادا. دوای دەستپێکردنەوەی هێرشی رووسیا بۆ سەر خارکیڤ، گوشارێکی زۆر لە کیێڤەوە بۆ سەر هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانی هەبوو کە رێگەیان بدەن چەکەکان بۆ هێرشکردنە سەر سوپای رووسیا لە ناو خاکی رووسیا بەکاربهێنن. ئەمریکا و بەریتانیا هەنگاوەکەیان هەڵهێنا و رێگەیان بە ئۆکراینادا، بەڵام بەو مەرجەی تەنیا بنکە سەربازییەکان لە ناوچە سنوورییەکانی رووسیا بکرێنە ئامانج. هەرچی رووسیایە لەم هەنگاوەی ئەمریکا نیگەرانە. ڤلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا رایگەیاندووە، ئامادەیە مووشەکی دوورهاوێژ بداتە وڵاتانی دژ بە رۆژئاوا تاوەکو هێرش بکەنە سەریان. هەڕەشەی ئەوەشی کردووە، ئەگەر هەست بە مەترسی بۆ سەر سەروەری خاکەکەیان بکەن، چەکی ئەتۆمی بەکاردەهێنن.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ ژمارەیەک چەکدار لە سوودان کە گوایە سەر بە هێزی کاردانەوەی خێران هەڵیانکوتایە سەر گوندێکی وڵاتەکە و 150 کەسیان کوشتووە کە بەشێکیان ژن و منداڵ بوون. سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 6-6-2024، شایەدحاڵ بە میدیای ئەمریکییان راگەیاندووە، ژمارەیەک چەکداری هێزەکانی کاردانەوەی خێرای سوودان هێرشیان بۆ سەر گوندی نور لە ناوەڕاستی ویلایەتی جەزیرە کردووە. بە گوێرەی شایەدحاڵەکان، نزیکەی 40 سەرباز بە چەکی ئۆتۆماتیک و نیمچە قورس هێرشیان بۆ سەر دانیشتووانی گوندەکە کردووە و هاووڵاتیانی سڤیلیان کردووەتە ئامانج کە بەشێکیان ژن و منداڵبوون. لە هێرشەکەدا 150 کەس کوژراون و 200 کەسی دیکەش برینداربوون. بە گوێرەی خەڵکی گوندەکە، تاوەکو ئێستا لانیکەم 120 کوژراویان ناشتووە. لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، ژمارەیەک تەرمی هاووڵاتیانی سڤیل دەردەکەوێت کە هەموویان گوللەیان بەرکەوتووە و گیانیان لەدەستداوە. هێزەکانی کاردانەوەی خێرای سوودان لەبارەی هێرشەکەوە رایانگەیاند، هێرشیان کردووەتە سەر یەکەیەکی سوپای سوودان. ئەو دوو هێزە لە 15ی نیسانی 2023ـەوە شەڕی ناوخۆیان لە سوودان هەڵگیرساندووە و بەهۆی پێکدادانەکانیانەوە تاوەکو ئێستا 15 هەزار و 550 هاووڵاتی سڤیل کوژراون.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ 12 مانگی رابردوو هەریەکیان گەرمترین مانگ بوون بەراورد بە هەمان کاتی ساڵەکانی پێشوو، ئەمە بە گوێرەی نەتەوەیەکگرتووەکان. ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز دەڵێت، زەوی لەسەر شاڕێی دۆزەخە و دەبێت رێگە لە گەرمبوونی زیاتری بگیرێت. ئاژانسی کۆپەرنیکەس بۆ زانیاری گۆڕانی کەشوهەوای سەر بە یەکێتی ئەوروپا دەڵێت، لە دوای 1940ـەوە کە دەست بە پێوانی پلەی گەرمی زەوی کراوە، 12 مانگی رابردوو ریکۆردی بەرزترین پلەکانی گەرمایان شکاندووە و لەو ساڵەدا پلەی گەرمای زەوی بە تێکڕا 1.6 پلەی سلیزی لە پێش کاتی شۆڕشی پیشەسازی بەرزتربووە. نەتەوەیەکگرتووەکانیش لە راپۆرتێکی جیادا باس لەوە دەکات، ئەگەری 80٪ هەیە لە پێنج ساڵی داهاتوودا، پلەی گەرمی زەوی بگاتە 1.5 پلەی سلیزی گەرمتر لە کاتی پێش شۆڕشی پیشەسازی. ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، نیگەرانە لەوەی جیهان رووەو چی ئاڕاستەیەکی مەترسیدار دەڕوات. دەڵێت، لە جیاتی ئەوەی پلەی کەشوهەوای زەوی سەقامگیرتر بێت، بەرەو گۆڕانی زیاتر دەڕوات. گۆتێرێز دەڵێت، ئەگەری گەیشتن بەو ئاستە مەترسیدارەی گەرمی لە 2015ـدا 0٪ بوو، بۆیە داوا لە تەواوی جیهان دەکات تاوەکو ساڵی 2030 هەوڵ بۆ کەمکردنەوەی دەردانی دوانەئۆکسیدی کاربۆن بدەن بە رێژەی 30٪. سکرتێرەکەی نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، "پێویستە لەسەر شاڕێی بەدۆزەخبوونی کەشوهەوا لابچین". دەشڵێت، ئەمە شەڕێکە ساڵەکانی 2020ـەکان بڕیاردەدەن دەیبەینەوە یان نا. هەرچەندە لە 2015ـەدا رێکەوتنی جیهانی بۆ کەمکردنەوەی دەردانی دوانەئۆکسیدی کاربۆن بۆ بەرگەهەوا کرا، رێژەی ئەو گازە زیانبەخشە لە بەرگەهەوادا لە ساڵی 2023 بەرزترین بووە لە مێژوودا. ئامانجی وڵاتان وایە، رێگە نەدەن پلەی گەرمای زەوی بگاتە 1.5 پلەی سلیزی گەرمتر لە کاتی پێش شۆڕشی پیشەسازی؛ ساڵی رابردوو پلەی گەرمی زەوی 1.45 پلەی سلیزی گەرمتربوو لەو کاتە.
هاوڵاتی هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر قوتابخانەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ناوەڕاستی غەززە، کە سەدان کەسی ئاوارەی لەخۆگرتبوو، بووە هۆی کوژرانی 27 کەس. بەپێی سەرچاوەکان، فرۆکەیەکی ئیسرائیل بە دوو موشەک هێرشی کردووەتە سەر پۆلەکانی نهۆمی سەرەوەی قوتابخانەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکان کە "بارەگایەکی حەماس" بووە لە کەمپی پەنابەرانی نەسیرەت. لای خۆشیانەوە، نووسینگەی ڕاگەیاندنی بزووتنەوەی حەماس باس لهوهدهكهن، لانیکەم 27 کەس لە هێرشەکەدا کوژراون و ئیسرائیلیش بە ئەنجامدانی "کۆمەڵکوژییەکی ترسناک" تۆمەتبار کردووە. جێگای ئاماژەیە، بەگوێرەی ئاماری دەسەڵاتدارانی تەندروستی غەززە، لە 7 ئۆکتۆبەرەوە لانیکەم 36 هەزار و 580 کەس لە غەززە کوژراون.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ ڤلادمیر پووتین دەڵێت، لارییان لەوە نییە کێ دەبێتە سەرۆکی ئەمریکا، چونکە هەرکەس ببێتە سەرۆکی ئەو وڵاتە، هیچ کاریگەرییەکی لەسەر سیاسەتی رووسیا نابێت، بەڵام ئەوە روونە دادگەکانی ئەمریکا بۆ جەنگێکی سیاسی لە دژی دۆناڵد ترەمپ بەکاردەهێنرێن. رۆژی چوارشەممە 5-6-2024، ڤلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا قسەی بۆ ژمارەیەک میدیای رۆژئاوا کرد و لەبارەی ئەمریکاوە گوتی، "ئەوان لە ناو خۆیاندا خەریکن خۆیان دەسووتێنن، دەوڵەت و سیستمە سیاسییەکەیان دەسووتێنن. ئەوە روونە لە سەرتاسەری جیهان کە لێکۆڵینەوەکانی سەر ترەمپ، بەتایبەت ئەو تۆمەتانەی کە لەسەر بنەمای هەندێک رووداو دەدرێنە پاڵی کە چەندین ساڵ پێش ئێستا روویانداوە، بەبێ بەڵگەی راستەوخۆ، بە سادەیی بەکارهێنانی سیستمی دادە لە جەنگێکی سیاسیدا [دژی ترەمپ]". قسەکانی پووتین لەکاتێکدایە، ئەوە نزیکەی ساڵێکە چەند کەیسێکی جۆراوجۆر لەبارەی گێچەڵ و دەستدرێژی سێکسی و پێدانی بەرتیل بە ئەکتەرێکی فیلمە رووتەکان و ژمارەیەک کەیسی هاوشێوە لە دادگەکانی ئەمریکا لە دژی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا کراوەتەوە. ترەمپ دەڵێت، پارتی دیموکراتەکانی ئەمریکا لە هەوڵی ئەوەدان نەهێڵن خۆی بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا بەربژرێر بکاتەوە. لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا پووتین دەڵێت، "زۆر بەسادەیی، ئێمە گوێی پێ نادەین" کێ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا دەباتەوە. دەشڵێت، هەر سەرۆکێک هەڵبژێردرێت بۆ ئەوان جیاوازی نییە و دەتوانن کار لەگەڵ هەر سەرۆکێکدا بکەن کە ئەمریکییەکان هەڵیدەبژێرن. پووتین لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا دەکات و دەڵێت، ئەو سیاسییەکی کۆنی پێشبینیکراوە. مەبەستی پووتین لەوەدایە، رووسیا دەزانێت هەنگاوەکانی بایدن لەبارەی رووداوەکانەوە پێش ئەوەی هەڵیانبێنێ چۆنن. هەروەها لەبارەی ئەو تۆمەتانەی ئەمریکاوە کە دەدرێتە پاڵ رووسیا لەبارەی ئەوەی دەستی لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا هەیە، پووتین دەڵێت، رووسیا دەست ناخاتە کارووباری ناوخۆی ئەمریکاوە. ئەو لە قسەکانیدا لەبارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە دەڵێت، لە ماوەی سەرۆکایەتی پێشووی ترەمپدا، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا بە تەواوەتی پچڕاوە. ئاماژە بەوەش دەکات، نازانن ئەگەر ترەمپ ببێتەوە بە سەرۆکی ئەمریکا پەیوەندییەکانیان چۆن دەبێت، بەڵام جەختی لەوەکردەوە، ترەمپ و رووسیا هیچ پەیوەندییەکی تایبەتیان بەیەکەوە نییە. پووتین لەبارەی دەستوەردانی ئەمریکاوە لە شەڕی ئۆکراینا دەڵێت، "هیچ کەس لە ئەمریکا ئۆکراینای بەلاوە گرنگ نییە، ئەوان تەنیا گەورەیی خۆیان بەلاوە گرنگە. ئەمریکا شەڕ بۆ خەڵکی ئۆکراینا ناکات، بەڵکو بۆ گەورەکردنی خۆی دەیکات".
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ پۆلیسی فەرەنسا هاووڵاتییەکی رووسی-ئۆکراینییان لە هۆتێلێکی پاریسدا دەستگیرکرد کە سەرقاڵی دروستکردنی بۆمبێکی کۆکوژ بووە. ئەمە لەکاتێکدایە، لە دوو مانگی داهاتوودا فەرەنسا پێشوازی لە ئۆڵۆمپیادی جیهان دەکات. رۆژی چوارشەممە 5-6-2024، دەزگای دژە تیرۆری فەرەنسا رایگەیاند، رۆژی دووشەممە کارمەندی هۆتێلێکی باکووری پاریسی فەرەنسا ئاگاداریکردوونەتەوە، یەکێک لە میوانانی هۆتێلەکە داوای دەرمان و برینپێچی لێکردوون بۆ سووتاوییەک کە بەهۆی مادەی تەقینەوەوە دروستبووە. دوای ئەوە پۆلیسی فەرەنسا گەیشتوونەتە هۆتێلەکە و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە. کاتێک پشکنینیان بۆ ژوورەکەی کردووە، مادەی تەقینەوە و بابەتی دروستکردنی بۆمبی کۆکوژیان دۆزیوەتەوە. بە گوێرەی دەزگای دژەتیرۆری فەرەنسا، گومانلێکراوەکە هێشتا لە ژێر لێکۆڵینەوەی پۆلیسدایە. ئەوەش راگەیێنراوە، دۆسیەیەکی پەیوەست بە تیرۆر و نانەوەی بۆمب بۆ گومانلێکراوەکە کراوەتەوە. ئێستا فەرەنسا لەوپەڕی هۆشداریدایە لەبارەی هەوڵی کردەوەی تیرۆرستی و کۆکوژی، ئەوەش لەبەرئەوەی لە کەمتر لە دوو مانگی داهاتوودا ئۆڵمپیادی پاریس بەڕێوەدەچێت. لەو ئۆڵمپیادەدا چەندین نەتەوە و ئایدیۆلۆجیای جیاواز بەشدارن و شەڕی رووسیا و ئۆکراینا و ئیسرائیل و حەماس مەترسیی هەوڵی نانەوەی پشێویان زیاترکردووە. مانگی رابردوو پۆلیسی فەرەنسا دەستگیرکردنی هاووڵاتییەکی تەمەن 18 ساڵی بە رەچەڵەک چیچانییان راگەیاند، کە نیازی هێرشێکی خۆکوژی بۆ سەر یارییەکانی ئۆڵمپیادی پاریس هەبووە.