ئیدارەى ترەمپ دواى 83 ساڵ پەخشکردن دەنگى ئەمریکای داخست

6 كاتژمێر لەمەوپێش



 

ئیدارەى ترەمپ دواى 83 ساڵ پەخشکردن دەنگى ئەمریکای داخست، ئەمڕۆ کارمەندەکانیان ناردە ماڵەوە، کە ژمارەیان هەزار و ٣٠٠ کارمەندە، سەرۆکەکەى دەڵێت، ترەمپ بڕیارى بێدەنگکردنى دەرکردین.

مایک ئەبرامۆویتز، بەڕێوەبەرى گشتیى دەنگى ئەمریکا لە تۆڕى لێنکدئین نووسیویەتى، دەنگى ئەمریکا رۆڵى کاریگەرى هەبووە لە شەڕى ئازادى و دیموکراسى و گەیاندنى دەنگى راستى لە سەرانسەرى جیهاندا، بێدەنگکردنى دواى ٨٣ ساڵ لە کارکردن نیگەرانى کردووین.

ویلیام گالۆ، بەڕێوەبەرى دەنگى ئەمریکا لە سیئۆلى پایتەختى کۆریاى باشوور رایگەیاند، ئەمڕۆ هەموو ئەکاونتەکانى دەنگى ئەمریکایان لە سیئۆل راگرتووە و سیستمەکەیان کوژاندووەتەوە.

داخستنى دەنگى ئەمریکا دواى ئەوە دێت، دوێنێ دۆناڵد ترەمپ بڕیاریدا پاڵپشتى دارایى ئاژانسى ئەمریکا بۆ میدیاى جیهانى کە شەش ئاژانسى فیدراڵى و دوو رادیۆ دەگرێتەوە رابگرێت.

بەگوێرەى ئاژانسى هەواڵى رۆیتەرز، ساڵى رابردوو ئەمریکا ٨٨٦ ملیۆن دۆلارى بۆ ئەو ئاژانسە خەرجکردووە کە سێ هەزار و ٥٠٠ کەس کاریان تێداکردووە.

ئاژانسی ئەمەریکا بۆ میدیای جیهانی دەزگایەکی سەربەخۆی حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکایە و سەرپەرشتی پەخشی هەواڵ و زانیاری دەکات بە زیاتر لە 50 زمان، لەوانە کوردی، فارسی، تورکی و زمانەکانی دیکە.

ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمەریکا دوای دەستبەکاربوونی بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکانی حکومەتی فیدراڵی و خێراتر و کاراترکردنی کارەکان دراوە. هاوکات لایەنگرانی ئەم دەزگایانە دەڵێن ئەوان بەشێکی گرنگی دیپلۆماسیەتی ئەمەریکان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار