ترەمپ: حووسییەکان تەقەیەک بکەن لێپێچینەوە لە ئێران دەکەین

10 كاتژمێر لەمەوپێش



هاوڵاتى

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەى توند لە ئێران و حوسییەکانى یەمەن دەکات، دەڵێت "لەمەودوا حووسییەکان تەقەیەک بکەن، وا سەیری دەکەین ئێران کردبێتی و ئەگەر هێرش بکەن، لێپێچینەوە لە ئێران دەکەین".
سەرۆکی ئەمریکا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس نوسیویەتى، با کەس فریو نەدرێت ئەو سەدان هێرشەی کە لەلایەن حوسییەکانەوە دەکرێت، حوسییە بەڵتەجییەكان بنکەکانیان لە یەمەنە، لە ئێرانەوە سەرچاوە دەگرێت و ئەو دروستیكردوون، بەڵام لەلایەن گەلی یەمەن ڕقیان لێیانە.

لە دوای دەستپێکردنی جەنگی غەززەوە لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، حووسییەکان دەستیان کرد بە هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دەریای سوور، کەنداوی عومان و ناوچەکە، ئەوەش بە گوتەی خۆیان، وەک سەرخستنێک و پشتیوانییەک بۆ خەڵکی فەلەستین. 

سەرۆکى ئەمریکا لەپەیامەکیدا هۆشدارى دەدات و دەشڵیت: هەر هێرشێکی دیکە یان تۆڵەسەندنەوەیەکی دیکە لەلایەن حوسییەکانەوە بکرێت، ئەوا بە هێزێکی زۆرەوە بەرەوڕوویان دەبینەوە، هیچ گەرەنتییەک نییە کە ئەو هێزە لەوێدا بوەستێت.

ترەمپ جەخت لەسەر ئەوەکردەوە هەر هێرشێكی تر یاخود وەڵامدانەوە لەلایەن حوسییەكانی یەمەنەوە، بەشێوەیەكی زۆر بەهێز وەڵامدەدرێتەوە. 
هەروەها وتیشى: ئێران رۆڵی قوربانییەكی بێتاوان دەبینێت بۆ تیرۆرستە لە یاسادەرچووەكان كە كۆنترۆڵیان لەدەستداوە، بەڵام وانییە، ئەوان چەك و پارەو كەلوپەلی سەربازیی و تەنانەت زانیاری هەواڵگریشیان پێدەدەن. 

لەبەشێکى دیکەى پەیامەکەیدا سەرۆکى ئەمریکا دەڵێت: هەر فیشەكێك كە لەلایەن حوسییەكانەوە تەقێندراوە، لەمەودوا وا تەماشا دەكرێت كە بەچەك و فەرماندەیی ئێران تەقێندراوەو ئێران بەرپرسیارێتییەكەی دەگرێتەئەستۆو ئاكامی ترسناكی دەبێت.

ئێوارەی رۆژی شەممە، حووسییەکان رایانگەیاند، ژمارەیەک شوێنی ژێر کۆنترۆڵیان بۆردوومانکراون. ئەو وێنانەی بڵاوکراونەتەوە، پێشانیدەدەن دووکەڵی رەش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سەنعا بەرزدەبێتەوە کە بنکەیەکی سەربازیشی لێیە. 
 
هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ سەر حووسییەکان چەند رۆژێک دوای ئەوە دێن کە گرووپە چەکدارەکە رایگەیاند، ئەگەر ئیسرائیل هێرش بکاتەوە سەر غەززە، ئەوا دەست بە هێرشکردنە سەر کەشتییەکانی ئیسرائیل دەکەنەوە. بەڵام لەو کاتەوە هیچ هێرشێکیان نەکردووە.
 
هەر ئەم مانگە، پێچەوانەی رێککەوتنی ئاگربەست و یاسای نێودەوڵەتی، ئیسرائیل گەمارۆی تەواوی خستەوە سەر کەرتی غەززە و رۆیشتنی هەموو یارمەتی و کەلوپەلێکی بۆ ناوچە فەلەستینییەکە وەستاند. هەروەها هەڕەشەی کرد، رێکاری زیاتر بگرێتەبەر ئەگەر حەماس بە درێژکردنەوەی قۆناخی یەکەمی ئاگربەست رازینەبێت، لە کاتێکدا گفتوگۆ لەسەر دەستپێکردنی قۆناخی دووەمی ئاگربەست بەردەوامن. 
 
لە هێرشەکانی رابردوودا، حووسییەکان زیاتر لە 100 کەشتییان بە مووشەک و درۆن بە ئامانج گرتوون، دوو کەشتییان نوقمکردووە و چوار دەریاوانیان کوشتووە. 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار