هاوڵاتی ئەمڕۆ هەینی 31ی ئایاری 2024، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ ماوەی 19 مانگ رۆڵی یۆنامی لە عێراق درێژکردەوە، واتە ئەرکەکانی یۆنامی لە عێراق تاوەکو کۆتایی ساڵی 2025 بەردەوام دەبێت. نێردەى نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یۆنامى) لە ساڵى 2003ـوە لە عێراق کاردەکات. سەرۆکى نێردەکە، نوێنەرى سکرتێرى گشتیى نەتەوە یەکگرتووەکانە.  پێشتر، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە 8ی نیسانى 2024 لە نامەیەکی کە بۆ سکرتێرى گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانی ناردووە، داوا دەکات تاوەکو کۆتایی 2025، کۆتایی بە ئەرکى یونامى بهێندرێت لە عێراق، تاوەکو ئەو کاتەش تەنیا کارەکانى لە چەند بوارێک تەواو بکات و رێوشوێنەکانى داخستنى ئەو نێردەیە بگرێتەبەر.    

هاوڵاتی بە هۆی ئەوەی لە رۆژانی رابردوودا پلەکانی گەرما گەیشتۆتە سەرووی 45 پلە، 54 کەس لە هێندستان گیانیانلەدەستدا. میدیاکانی هێندستان رایانگەیاند، بە هۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە لەو وڵاتەدا، 54 کەس مردوون و هاوکات دادگای ئەیالەتی راجستان، داوای لە دەوڵەتی هێندستان کردووە دۆخی کوتو پڕ رابگەیەنێت . میدیاکانی هێندستان رۆژی هەینی 31ی ئایاری 2024، رایانگەیاند، لە رۆژەکانی رابردوودا پلەکانی گەرما گەیشتۆتە سەروی 45 پلەوە و بەو هۆیەوە 54 کەس مردوون . ئەمەش لە کاتێکدایە، لە هەندێ شوێن پلەکانی گەرما بەرز بوونەتەوە بۆ سەروی 47 پلە.

هاوڵاتی کەناڵی تەلەفیزیۆنی حووسیەکانی یەمەن رایگەیاند، کە بە هۆی هێرشی ئاسمانی هێزە هاوبەشەکانی ئەمریکا و بەریتانیاوە لە شەو و رۆژی رابردوودا 14 کەس کوژراون و 30 کەس بریندار بوون. سێنتکۆم ، ناوەندی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا، رایگەیاند، ئەم هێرشانە لە تۆڵەی هێرشێ حووسییەکاندا بووە بۆ سەر کەشتییەکان لە دەریای سوور. سێنتکۆم وتیشی، بە مووشەک 13 شوێن لە یەمەن کە بە دەست حووسییەکانەوە بووە کراوەتە ئامانج، هەروەها 8 درۆنی حووسییەکان خراوەتە خوارەوە. لە چەند مانگی رابردوودا، حووسییەکان بەردەوامن لە هێرشکردن بۆ سەر کەشتییە بازرگانی و سەربازییەکان لە دەریای سوور. رۆژی چوار شەممە 29ی ئایار حووسییەکان رایانگەیاند درۆنێکی ئەمریکی لە جۆری MQ-19یان لە پارێزگای مەعاریب لە باشووری رۆژهەڵاتی یەمەن خستۆتە خوارەوە، هاوکات راشیانگەیاند، هێرشیان کردە سەر 6 کەشتی لە دەریای سوور.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ ئەوە دوو رۆژە کۆریای باکوور سەدان زەرفی زبڵی بە باڵۆندا بۆ کۆریای باشوور ناردووە. لە زەرفەکاندا هەموو جۆر پیساییەکی وەکو پارچەی جل، دایبی، پیسایی ئاژەڵ و پاشماوەی جگەرەی تێدایە. رۆژی چوارشەممە 30-5-2024، کیم یۆ جونگ، خوشکەکەی سەرۆکی کۆریای باکوور پشت راستیکردەوە، کە بە باڵۆندا پیسایی و زبڵیان بۆ کۆریای باشوور بە مەبەستی 'هەڕەشەکردن" و وەک وەڵامێک بۆ چالاکڤانەکانی ئەو وڵاتە ناردووە. لە شەوی سێشەممەوە، لانیکەم 260 باڵۆن کە زەرفی زبڵیان پێوە لکاوە لە کۆریای باکوورەوە رەوانەی کۆریای باشوور کراون و لە شوێنی جیا جیای ئەو وڵاتەدا دۆزراونەتەوە. کۆریای باشوور دەستبەجێ دەستی بە لێکۆڵینەوەی لە زەرفە زبڵەکان کردووە و رایگەیاندووە، لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دەرکەوتووە هیچ مادەیەکی زیانبەخشی کیمیایی، بایۆلۆجی یان تیشکدەرەوە لە نێو زەرفەکاندا نەبوون. ئەمە جاری یەکەم نییە لە کۆریای باکوورەوە زەرفی زبڵ یان کەرەستەی دیکە بۆ دراوسێ هاونیشتمانەکەی بنێردرێت. لە 2016دا ژمارەیەک باڵۆن، کە زبڵ و سیدی پەستێنراو و پەڕەیان تێدابوو، بۆ کۆریای باشوور نێردران و لە کاتی بەربوونەوەیاندا زیانیان بە ژمارەیەک ئۆتۆمبێل گەیاند. مێژووی ئەم کارە بۆ جەنگی نێوان هەردوو کۆریا دەگەڕێتەوە لە ساڵی 1950 بۆ 1953، کە وەک شەڕێکی دەروونی بەرامبەر یەکتر بەکاریان دەهێنا و زبڵ و نوسراوی هەراسانکەریان لە نێو زەرفدا بە باڵۆندا بۆ یەکدی دەنارد.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ ئاژانسی پۆلیتیکۆ دەڵێت، لە زاری دوو بەرپرسی باڵای ئەمریکاوە زانیویانە، جۆ بایدن بە نهێنی رێگەی بۆ ئۆکراینا کردووەتەوە چەکی ئەمریکا بۆ هێرشکردنە سەر ناو خاکی رووسیا بەکاربهێنن. رۆژی پێنجشەممە 30-5-2024، بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت بە ئاژانسی پۆلیتیکۆی راگەیاندووە، "سەرۆک کەمێک لەمەوبەر تیمەکەی راسپاردووە رێگە بە ئۆکراینا بدەن چەکی ئەمریکا بۆ بە گژداچوونەوەی هێرشی رووسیا بۆ سەر شاری خارکیڤ، لە ناو رووسیاوە، بەکاربهێنن". واتە ئۆکراینا بۆی هەیە لەو کاتەدا کە زانیاری هەیە لە ناو رووسیاوە، هێرشی مووشەکی یان ئاسمانی دەکرێتە سەر، لەکاتی روودانی هێرشەکەدا یان پێش روودانی، بە چەکی ئەمریکا هێرش بکاتە سەر هێزەکانی رووسیا. ئەو بەرپرسە باڵایەی ئەمریکا ئەوەی ئاشکراکردووە، ئەمریکا هێشتا رێگەی نەداوە بە ئۆکراینا چەکەکانی بۆ هێرشی دوور مەودای قووڵی ناو خاکی رووسیا بەکاربهێنرێت. واتە، ئۆکراینا دەتوانێت هێزەکانی رووسیا کە لە ناوچە سنوورییەکانی رووسیا جێگیرکراون بکاتە ئامانج. دوای هێرشی دووبارەی سەرەتای ئەم مانگەی رووسیا بۆ سەر هەرێمی خارکیڤی ئۆکراینا، کیێڤ داوای لە ئەمریکا کرد ئەو گەمارۆیەی لەسەر هێرشەکانی داینابوو بە چەکی ئەمریکی بۆ ناو خاکی رووسیا لابدات. رووسیا لە رابردوودا ئەوەی بە روونی بە وڵاتانی رۆژئاوا راگەیاندووە، بە هیچ جۆرێک سازش لەسەر هێرشکردنەسەریان بە چەکی ئەو وڵاتانە ناکەن و وەڵامی زۆر توندیان دەبێت.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ ئەو وێنەیەی ماوەی هەفتەیەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە و کەمپی رەفەح لە غەززە نیشاندەدات، بە زیرەکی دەستکرد دروستکراوە. وێنەکە تاوەکو رۆژی چوارشەممە 45 ملیۆن جار لە تۆڕە جیا جیاکاندا بڵاوکراوەتەوە. وێنەکە سەرەتا لە ئینستاگرام بڵاوەی کرد و لە دواتردا بەکاربەرێکی تیکتۆک لەسەر وێنەکە قسەیکرد و لە کەمتر لە 24 کاژێردا ئەویش 10 ملیۆن تەماشاکەری هەبووە. پاشان رۆژی دووشەممە وێنەکە لە تویتەر دانراوە تاوەکو ئێستا 8 ملیۆن کەس سەیریان کردووە و 188 هەزار کەس ریتویتیان کردووە. وێنەکە بە زیرەکی دەستکرد دروستکراوە و لەسەری نوسراوە، هەموو چاوەکان لەسەر رەفەحن، ئەوەش وەک هاوسۆزییەک بۆ خەڵکی رەفەح و ئەو هێرشانەی دەکرێتە سەریان. هەرچەندە لە سەرەتای دەستپێکی جەنگی نێوان فەڵەستین  و ئیسرائیلەوە، لاپەڕەکانی پاڵپشتیکاری فەڵەستین بەردەوام بڵاوکراوەی زۆریان لەسەر فەڵەستین بڵاوکردووەتەوە، بەڵام لە دوای هێرشەکەی رۆژی یەکشەممەی ئیسرائیلەوە بۆ سەر رەفەح کە 45 هاووڵاتی سیڤیل تێیدا کوژران، سەرنجی جیهان لەسەر رەفەح زیایکردووە. سوپای ئیسرائیل هەر دوای رووداوەکە هاتە دەنگ و باسی لەوەکرد، لە هێرشەکەدا دوو فەرماندەی باڵای حەماس کراونەتە ئامانج و بنیامین ناتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هێرشەکەی بە هەڵەیەکی تراژیدی ناوبرد. لە حەوتی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوودا، چەکدارانی بزوتنەوەی حەماس پەلاماری ئیسرائیلیاندا و 1200 هاووڵاتی سڤیلیان کوشت و زیاتر لە 250 کەسیشیان بە بارمتەگرت. دوای ئەو رووداوە، ئیسرائیل بانگەوازی جەنگی دژی بزوتنەوەکە راگەیاند و تاوەکو ئێستاش جەنگەکەی بۆ سەر غەززە بەردەوامە. لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا بۆ سەر ئەو ناوچەیەی فەڵەستین، تاوەکو ئێستا 36 هەزار کەس کوژراون.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە، تەواوی سنووری نێوان باشووری غەززە و میسریان کۆنترۆڵکردووە. سوپای ئیسرائیل دەیەوێت بە کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی ئەو ناوچەیە بتوانێت زیاتر هێزی خۆی بەسەر حەماسدا بسەپێنێت. رۆژی پێنجشەممە 30-5-2024، دانیاڵ هاگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، کۆنترۆڵی تەواوەتی سنووری غەزەیان لەگەڵ حەماسدا کردووە، کە سوپای ئیسرائیل بە گەرووی فلادیلفیا ناوی برد. هاگاری گوتی، "گەرووی فیلادلفیا وەک هێڵێکی ئۆکسجین وابوو بۆ حەماس، کە لە رێگەیەوە چەکی بۆ ناو غەززە دەهێنا". ئەو سنوورەی غەززە و میسر تەنیا سنووری غەززە بوو کە ئیسرائیل کۆنترۆڵی نەکردبوو. سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر رەفەح کە ئێستا نیوەی زیاتری دانیشتوانە 2 ملیۆن و 300 هەزارییەکەی غەززەی تێدا ئاوارەن. ئەمە لەکاتێکدایە دادگەی باڵای نەتەوەیەکگرتووەکان زیاتر لە هەفتەیەکە داوای لە ئیسرائیل کردووە، هێرشەکانی رابگرێت. هەروەها رۆژی چوارشەممە 29ی ئەم مانگە، ئیسرائیل بۆ جاری یەکەم تانکی بۆ ناوەندی شاری رەفەح نارد، ئەمەش لەکاتێکدایە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داوایان لێکردبوو کاری لەو جۆرە نەکات. لە حەوتی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوودا، چەکدارانی بزوتنەوەی حەماس پەلاماری ئیسرائیلیاندا و 1200 هاووڵاتی سڤیلیان کوشت و زیاتر لە 250 کەسیشیان بە بارمتەگرت. دوای ئەو رووداوە، ئیسرائیل بانگەوازی جەنگی دژی بزوتنەوەکە راگەیاند و تاوەکو ئێستاش جەنگەکەی بۆ سەر غەززە بەردەوامە. لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا بۆ سەر ئەو ناوچەیەی فەڵەستین، تاوەکو ئێستا 36 هەزار کەس کوژراون.

هاوڵاتی ماڵپەڕی تەسنیمی سەر بە سوپای پاسداران راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە باس لەوە دەکات کۆماری ئیسلامی "تەکنۆلۆژیای"ی مووشەکی بالیستیکی دژە کەشتی داوە بە حووسییەکانی یەمەن. ناوەندی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا ( سێنتکۆم) چەند رۆژ لەوە پێش باسی لەوە کرد حووسییەکان پێنج مووشەکی بالیستیک و پێنج درۆنیان بەرەو دەریای سوور هەڵداوە هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییە بازرگانی و سەربازییەکان لە دەریای سوور. ماڵپەڕی تەسنیم رۆژی چوارشەممە 29ی ئایاری 2024 لە راپۆرتێکدا باسی لەوە کردووە یەکەم مووشەکی بالیستیکی دەریایی کۆماری ئیسلامی بە ناوی ''قەدر" گەیەنراوەتە دەست حووسییەکانی یەمەن. کۆماری ئیسلامی پێشتر چەندجار ئەوەی رەت کردبۆوە کە ئێران یارمەتی سەربازی حووسییەکان ئەدات . ئەمیر سەعید ئیرەوانی، باڵیۆز و نوێنەری هەمیشەیی کۆماری ئیسلامی لە نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی 18ی شوباتی 2024 لە نامەیەکدا بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند کۆماری ئیسلامی بە هیچ شێوەیەک چەک و چۆڵ و تەقەمەنی ناگەیەنێتە دەست حووسییەکان و راپۆرتی پێشتری سێنتکۆمی بە ناراست زانی کە باسی لە هاوکاری سەربازی و پشتیوانی ئێران لە حووسییەکان کردبووە. ماڵپەڕی تەسنیمی دەربارەی مووشەکی قەدر نووسیویەتی "ئەم مووشەکە لە بیرۆکەکەوە تا دروست بوونی بە تەواوەتی ، لە لایەن حەسەن تێهرانی بەڕێوەبەری رێکخراوی جیهادی خۆبژێوی سوپای پاسداران بوە کە 12ی تشرینی دووهەمی 2011 بە هۆی تەقینەوەیەکی گەورە لە دامەزراوەی مووشەکی (بیدگێنە) لە مێلارد کوژرا".

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ براوەیەکی خەڵاتی نۆبڵ دەڵێت، بەڕێوبەری گشتیی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان گەورەترین دیکتاتۆری سەردەمن. دەڵێت تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە جۆرێک کۆنترۆڵی مرۆڤیان کردووە، هەموو لە یەک دەچن. ماریا رێسا، کە براوەی خەڵاتی نۆبڵە لە 2021 بۆ پارێزگاریکردن لە مافی رۆژنامەڤانان و بە نەتەوە فلیپینییە دەڵێت، سەرۆکی پێشووی فلیپین دیکتاتۆر بوو، "بەڵام دیکتاتۆرێکی زۆر بچوکتر بوو بەراورد مارک زوکەربێرگ و ئیڵۆن مەسک". ماریا رێسا لە فێستیڤاڵێکدا لە هەرێمی پۆویسی بەریتانیا باسی لەوەکرد، ئیڵۆن مەسک و مارک زوکەربێرگ ئەوەیان سەلماندووە، "بە چاوپۆشیکردن لە کلتور، زمان و جوگرافیا، شتەکانمان زیاتر لە یەک دەچن وەک لەوەی جیاواز بن، چونکە هەموومان بە یەک رێگە هەراسان و کۆنترۆڵ کراوین". ماریا دەڵێت، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەتوانن هەستەکانمان بگۆڕن و لە دواتریشدا وامان لێدەکەن تێڕوانین و جیهان بینیمان بگۆڕێت و دواتریش کاردانەوەمان بگۆڕێت. ماریا باس لەوە دەکات، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەموو وادەزانین ئازادین، بەڵام وا نین و هەست بە خۆمان ناکەین کە کۆنترۆڵکراوین.  ئەو چالاکڤانە بەناوبانگەی فلیپین دەڵێت، ئامانجی سەرەکی تۆڕەکان دروستکردنی هەراو هۆسە و جیاوازی بیرکردنەوەیە لە ناو خەڵکدا. دەڵێت، لە فلیپین دەوڵەمەند و هەژارەکان لە دژی یەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان قسەدەکەن و لە ئەمریکاش پێست رەش و پێست سپییەکان. دەڵێت، ئەو کۆمپانیای تۆڕە کۆمەڵایەتیانە وامان لێدەکەن رق لە ناوماندا بڵاوبێتەوە، ئەوەش وەک خۆراکێک بۆ بەردەوامبوونی تۆڕەکانی خۆیان لە کارکردن. دەڵێت دەبێت بە دوو رێگە رێگە لەو کارەساتەی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بگرین، یەکەم، پێویستە ئەمریکا ئەو یاسایە لابدات کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تۆمەتبار ناکرێن لەسەر ئەو شتانەی بەکاربەرەکانیان بڵاویدەکەنەوە. دووەم، داوا لە خەڵک نەهێڵن منداڵەکانیان تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکاربێنن، چونکە "ئالوودەکەرن". ماریا ئاماژە بەوە دەکات، قەدەخەکردنی تیکتۆک لە ئەمریکا و ئیتاڵیا کارێکی باشە، بەڵام دەڵێت ئەوە تەنیا تیکتۆک نییە کە دەبێت لە خەمیدابین، بەڵکو تەواوی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە.

هاوڵاتی ناوەندی هەواڵی رۆیتەرز و ئەڵمانیا، رۆژی سێشەممە 28ی ئایاری 2024، لە زاری چەند هاوڵاتییەکی فەلەستینییەوە رایانگەیاندووە، "تانکەکانی ئیسرائیل چوونەتە ناوەندی شاری رەفەح لە باشووری کەرتی غەزە". ئیسرائیل سەرەڕای نیگەرانییە نێودەوڵەتییەکان بەوەی کە قەیرانی مرۆیی روودەدات ئەگەر هێزەکانی ئیسرائیل هێرش بکەنە سەر رەفەح، سێ هەفتە پێش ئێستا هێرشەکانی خۆی بۆ ئەم ناوچەیە لە سنووری میسر دەستپێکرد. هاوکات ئیسپانیا رۆژی سێشەممە رایگەیاند، "فەلەستین وەک وڵاتێکی سەربەخۆ ئەناسێت و نەرویج و تایلەند رایانگەیاندووە ئەوانیش فەلەستین وەک وەڵاتێک ئەناسن. چەند شاهێدێکی نزیکی رووداوەکان بە رۆیتەرزیان وتووە، "تانکەکانی ئیسرائیل گەیشتوونەتە نزیک مزگەوتی (العودە) لە ناوەندی شاری رەفەح". سوپای ئیسرائیل هێشتا بە شێوەی فەرمی چوونە ناوەوەی هێزەکانیان بۆ ناوەندی رەفەحی پشتڕاست نەکردووەتەوە و رایانگەیاندووە، "لە داهاتوودا زانیاری لەو بارەوە بڵاو ئەکەنەوە. رۆیتەرز هەروەها لە راپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە تانک و فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل شەو دووشەممە و بەرەبەیانی سێشەممە چەند شوێنێکیان لە رەفەح کردووەتە ئامانج، تا ئێستا لانیکەم 45 کەس بە هۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر رەفەح کوژراون". بەرپرسانی بەشی تەندروستی غەزە کە بەدەست حەماسەوەیە، دەڵێن، لە هێرشەکانی نیوەشەوی دووشەممەدا لانیکەم 16 هاوڵاتی فەلەستینی کوژراون. شەوی یەکشەممە 26ی ئایاری 2024، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر کەمپی ئاوارە فەلەستینییەکان لە رەفەح و بەو بۆنەوە لانیکەم 45 کەس کوژران کە 23 کەسیان ژن و مناڵبوون. نەتەوە یەکگرتووەکان لە راگەیاندنێکدا وێڕای ئەوەی نیگەرانی خۆی لە بەردەوامی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر رەفەح دەربڕیوە، ئاماژەیان بەوە داوە لانیکەم یەک میلیۆن کەس لە رەفەح بە بۆنەی هێرشەکانی سوپای ئیسرائیلەوە ئاوارەبوون.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ زانایانی بواری کەشناسی پێشبینی دەکەن هاوینی ئەمساڵ ئەوروپا گەرمترین بێت لە مێژووی ئەو کیشوەرەدا. دەڵێن لە 11 ساڵی رابردوودا بەردەوام پلەی گەرمای ئەوروپا لە بەرزبوونەوەی زیاتردا بووە. تامسین گرین، کەشناسی ئەوروپی دەڵێت، زۆر سەختە بتوانیت بە دڵنیایی پێشبینی پلەکانی گەرما و کەشوهەوا لە ئەوروپا بکەیت، ئەوەش لەبەر ئەو گۆڕانە زۆرەی بەسەر کەشوهەوای ئەو کیشوەردا دێت، بەڵام کاتێک سەیری 11 ساڵی رابردوو دەکرێتەوە، وا پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ گەرمترین هاوین دەبێت لە مێژووی ئەوروپادا. ئەو کەشناسە باس لەوە دەکات، لە مانگی ئایاردا کەشوهەوای ئەوروپا وەک کەشوهەوای مانگی حوزەیران بووە. پێشبینیش دەکات لە مانگەکانی تەمموز و ئابدا پلەکانی گەرما ریکۆردی بەرزترین لە مێژووی ئەوروپادا بشکێنن. هاوکات ئاماژەی بەوەکردووە، لە مانگەکانی رابردوودا پلەی گەرمای هەوا و پلەی گەرمای زەریاکان بەرزتربوون بەراورد بە هەمان کاتی ساڵەکانی رابردوو و بەردەوامیشن لە بەرزبووەنەوەی زیاتر. گرین دەڵێت، "یەکێک لەو شتانەی زۆر گەورە و رەتنەکراوەیە و ناتوانین پشتگوێی بخەین ئەوەیە کە بەردەوام ریکۆردی نوێی گەرما دەشکێنین".  23 لەو 30 شەپۆلە گەرما بەهێزەی لە ئەوروپا تۆمارکراوە لە دوای ساڵی 2000ـەوە بووە و 5 دانەشیان تەنیا لە 3 ساڵی رابردوودا روویانداوە. پلەی گەرما لە تەواوی جیهاندا 1.3 پلەی سلیزی زیادیکردووە، بەڵام پلەی گەرمای ئەوروپا 2.3 پلە زیادیکردووە، ئەمەش نزیکەی دوو هێندەی بەشەکانی دیکەی جیهانە.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ ئۆکراینا و بەلجیکا رێککەوتنێکی ئاسایشیان واژۆکرد کە تێیدا برۆکسل بەڵێنی ناردنی 997 ملیۆن یۆرۆ هاریکاریی سەربازی و 30 فڕۆکەی ئێف 16ی بۆ ئۆکراینا داوە. هەر دوێنێش ئیسپانیا بەڵێنی ناردنی 1 ملیار یۆرۆ هاریکاری بۆ ئۆکراینادا. رۆژی سێشەممە 28-5-2024، ڤۆلۆدێمیر زیلنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، ئەم رێککەوتنە " پابەندیی بەلجیکا بە هاریکاریکردنی وڵاتەکەمان دڵنیادەکاتەوە". ئەوەشی خستەڕوو، ئەمە جاری یەکەمە لە رێککەوتنێکدا بە دیاریکراوی ژمارەی فڕۆکە ئێف 16ـکان دیاری بکرێت کە 30 دانەن. فڕۆکەکان تاوەکو ساڵی 2028 دەگەنە دەست ئۆکراینا و بەشێکیشیان هەر ئەمساڵ دەنێردرێن. هەروەها برۆکسل بە گوژمەی 977 ملیۆن یۆرۆی دیکە هاریکاریی سەربازیی دیکە دەداتە ئۆکراینا. زیلنسکی دەڵێت، هاریکارییەکان لە ئۆتۆمبێلی پێشکەوتووی جەنگی، کەرەستەی بەرگریی ئاسمانی و دەریایی، پاکەرەوەی مین، گولەتۆپ و مەشق و راهێنانی سەربازانی ئۆکراینا پێکدێن. لە رێککەوتنەکەدا ئاماژە بە هاوئاهەنگی لە پیشەسازی چەکیشدا کراوە. هەروەها جەخت لە توندکردنەوەی سزاکانی سەر رووسیا کراوەتەوە. دی کرۆ، سەرۆکوەزیرانی بەلجیکا لە پۆستێکی ئێکسدا بڵاویکردووەتەوە، زیلنسکی داوای کەرەستەی تایبەت بە پاراستنی هاووڵاتییەکانی کردووە و ئەوانیش لە پاڵپشتیکردنیان رژدن". هەر دوێنێش، زیلنسکی لەگەڵ پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا رێککەوتنێکیان واژۆکرد کە ئیسپانیا بە بڕی 1 ملیار یۆرۆ هاریکاریی سەربای بۆ ئۆکراینا بنێرێت. پێدرۆ سانچێز رایگەیاندووە، زۆر گرنگە ئێستا هاریکارییەکانمان دوو هێندە بکەین. هاریکارییەکانی ئیسپانیا بریتین لە دەیان مووشەکی دژە فڕۆکەی پاتریۆتی ئەمریکی، 19 تانکی لیۆپاردی ئەڵمانی و دژە درۆنی ئیسپانی. سەردانەکەی زیلنسکی بۆ لای سەرۆک و سەرکردەکانی ئەوروپا لە کاتێکدایە، رووسیا هێرشێکی بەهێز و فراوانی بۆ سەر خارکیڤ دەستپێکردووە و دەڵێت ئامانجی دروستکردنی گەروویەکی ئارامە لە نێوان رووسیا و ئۆکراینادا.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ یەکێتی ئەوروپا زیاتر 2 ملیار یۆرۆ وەک هاریکاریی مرۆیی بۆ سووریا و رۆژئاوای کوردستان خەرجدەکات. ئەوەش بەهۆی ئەو دۆخە ناجۆرەی خەڵکی ئەو وڵاتەی تێکەوتووە. رۆژی سێشەممە 28-5-2024، جۆزێف بۆرێڵ، جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، "ئەمڕۆ یەکێتی ئەوروپا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی جارێکی دیکە نیشانیاندایەوە کە پاڵپشتی خەڵکی سووریا و ئەو کەسانەن کە لەوێ ئاوارەن". بڕی ئەو هاریکارییەی یەکێتی ئەوروپا بۆ سووریا و رۆژئاوای کوردستانی تەرخانکردووە 2 ملیار و 120 ملیۆن یۆرۆیە و تەنیا لەمساڵدا 560 ملیۆن یۆرۆی لە شێوەی هاریکاریی مرۆییدا دەنێردرێت بۆ خەڵکی سووریا. لە دوای دەستپێکی شەڕی ناوخۆوە لە لە 2012دا لە سووریا، یەکێری ئەوروپا لانیکەم 30 ملیار یۆرۆی وەک هاریکاریی مرۆیی، بەرەوپێشبردن، ئابووری و سەقامگیرکردن ناردووە بۆ خەڵکی سووریا. بڕیارەکەی یەکێتی ئەوروپا لەکاتێکدایە، ئاژانسی ئەمریکا بۆ بەرەوپێشبردنی نێودەوڵەتی رایگەیاندووە، لانیکەم 16 ملیۆن و 700 هەزار کەس لە سووریا پێویستیان بە هاریکاریی مرۆیی هەیە، هەروەک 12 ملیۆن و 900 هەزار کەسیش خۆراکی رۆژانەی پێویستیان نییە. لە راپۆرتەکەی ئەمریکادا هاتووە، لە 2012ـەوە تاوەکو ئێستا، واشنتن 17 ملیار و 463 ملیۆن دۆلاری وەک هاریکاریی مرۆیی پێشکێشی رۆژئاوای کوردستان و سووریا کردووە. بەهۆی شەڕی ناوخۆ، هاتنی داعش و داگیرکاریی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستانەوە، بەشێک لە خەڵکی سووریا ئاوارەی ناوخۆی وڵاتەکە بوون. ئاژانسە ئەمریکییەکە باس لەوە دەکات، 7 ملیۆن و 200 هەزار ئاوارە لە نێو سووریادا هەن.

هاوڵاتی حووسییەکانی یەمەن، رایانگەیاند هێرشیان کردۆتە سەر 2 پاپۆڕی جەنگی ئەمریکی لە دەریای سوور 3 کەشتی لە زەریای هێند و دەریای سوور. یەحیا سەریع، وتەبێژی حووسییەکانی یەمەن لە لێدوانێکی تەلەفیزیۆنیدا بە بێ باس کردن لە کاتی رووداوەکە رایگەیاند، بە درۆن هێرشیان کردۆتە سەر 2 پاپۆڕی جەنگی ئەمریکی و بە مووشەکیش هێرشیان کردۆتە سەر کەشتییەکان. تا ئێستا لایەنە ئەمریکییەکان و هەروەها ناوەندەکانی کەشتیوانی لەم بارەوە بێدەنگەیان هەڵبژاردووە هیچ شتێکیان رانەگەیاندووە.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ ئەمڕۆ ئیسپانیا، ئێرلەندا و نەرویج بە فەرمی دانیان بە سەربەخۆیی دەوڵەتی فەڵەستیندا نا، ئەوەش بۆ گوشارخستنە سەر ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر غەززە کەمبکاتەوە. ئیسرائیل بە توندی بە گژ ئەو هەنگاوە دیپلۆماسییەدا چووە و ئاماژەی بەوەکردووە بە هیچ جۆرێک لەبەرچاوی ناگرێ. ئەمڕۆ سێشەممە 28 ئایاری 2024، پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا رایگەیاند، ئەمە بڕیارێکی مێژووییە و یەک ئامانجی هەیە، ئەویش هاوکاریکردنی فەڵەستین و ئیسرائیلییەکانە ئاشتی بەدەستبێنن. ئیسرائیل کاتز، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل هەر زوو لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بە گژ ئەو بڕیارەدا چووەوە و رایگەیاند، حکومەتەکەی پێدرۆ "بەشێکە لە دنەدانی جینۆساید لە دژی جووەکان و تاوانی جەنگ". ئێرلەندا و نەرویجیش وەک هەفتەی رابردوو بەڵێنیان دابوو، هەر دوای ئیسپانیا بە فەرمی دانیان بە سەربەخۆیی دەوڵەتی فەڵەستیندا نا. ئاڵای فەڵەستینیش لە پەرلەمانی ئێرلەندا لە دوبلین بەرزکرایەوە. سایمۆن هاریس، سەرۆکوەزیرانی ئێرلەندا گوتی، "ئەمە ساتێکی گرنگە و پێموایە پەیامێک بۆ جیهان دەنێرێت کە هەنگاوی کردەیی هەیە کە دەتوانن هەڵیبێنن وەک وڵاتێک بۆ بەخشینەوەی ئومێد بە چارەسەری دوو دەوڵەت و زیندوو هێشتنەوەی". ئیسپین بارز، وەزیری دەرەوەی نەرویج لە راگەیێنراوێکدا گوتی، "زیاتر لە 30 ساڵە نەرویج پاڵپشتیکارێکی بەهێزی دەوڵەتی فەڵەستین بووە. ئەمڕۆش کە نەرویج بە فەرمی دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا دەنێت، رووپەڕێکی نوێیە لە پەیوەندییەکانی نێوان نەرویج و فەڵەستین". هەرچەندە تاوەکو ئێستا 140 وڵاتی ئەندام لە نەتەوەیەکگرتووەکان دانیان بە سەربەخۆیی دەوڵەتی فەڵەستیندا ناوە، هیچ کام لە وڵاتە زلهێزەکانی رۆژئاوا، وەک فەرەنسا، ئەڵمانیا و ئەمریکا روویان لەو هەنگاوە نەکردووە. ئێستا لە دوای بڕیاری دوو ئەندامی یەکێتی ئەوروپا بۆ داننان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا، دەکرێت پەیوەندییەکانی یەکێتی ئەوروپا و ئیسرائیل بەرەو کاڵبوونەوە بچن. مەدرید هەر بەوەوە نەوەستاوە و داوا لە یەکێتی ئەوروپا دەکات رێکاری توند بەرامبەر ئیسرائیل بگرێتە بەر بۆ هێرشە بەردەوامەکانی بۆ سەر غەززە. داوای دەوڵەتی سەربەخۆ مێژوویەکی کۆنی هەیە لەلای فەڵەستینییەکان، بەتایبەت لە دوای 1967ـەوە کە شەڕ لە نێوان عەرەب و ئیسرائیل روویدا و فەڵەستین بەشێکی گەورەی خاکەکەی لەدەستدا. بەرپرسانی دەسەڵاتی فەڵەستینی لە دوای ساڵی 2001ـەوە چارەسەری دوو دەوڵەتیان لا پەسەندبووە و لە گفتووگۆدابوون لەگەڵ رۆژئاوادا، بەڵام لە 2007ـەوە حەماس هێزەکانی دەسەڵاتی فەڵەستینییان لە غەززە دەرکرد و تاوەکو ئێستاش بوونەتە رێگر لەبەردەم دروستکردنی ئەو دەوڵەتەدا. حەماس لای وایە دەسەڵاتی فەڵەستینی داردەستی رۆژئاوان و بە خیانەتکار و خاکفرۆشیان دادەنێت. ئامانجی بزوتنەکەوەش "رووخاندنی دەوڵەتی ئیسرائیل و دەرکردنی کۆنترۆڵکردنی تەواوی ئەو خاکەیە فەڵەستین و ئیسرائیلی لەسەرن".