ئەمەریکا: بەردەوامدەبین تا کۆتایی هێنان بە جەنگى ڕووسیا و ئۆکرانیا

3 ڕۆژ لەمەوپێش
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مارکۆ ڕوبیۆ، دەڵێت ئەمەریکا بەرەو چارەسەرێکی " دادپەروەرانە و بەردەوام " کاردەکات بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا، بەڵام مۆسکۆ و کیێڤ دەبێت لە پێناو خستنەوەی ئاشتیدا سازش بۆ یەکتر بکەن.
لێدوانەکەی ڕوبیۆ دوای ئەوە هات ئەمڕۆ سێ شەممە خۆی و بەرپرسانی دیکەی ئەمەریکایی لە سعودیە بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی لاڤرۆڤ و یاریدەدەرەکانیدا کۆبوونەوە، ئەمەش لە یەکەم هەوڵی دوو وڵاتەکەدا بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگەکە و باشکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و ڕووسیا.
ڕوبیۆ بە ڕۆژنامەنووسانی وت ئامانجەکە کۆتایی هێنانە بەم ململانێیە بە شێوەیەک کە دادپەرەوەرانە و بەردەوام و قبووڵکراو بێت بۆ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان." بەڵام هیچ بەرپرسێکی ئۆکرانیایی و ئەوروپایی لە کۆبوونەوەکەدا نەبوون.
ڕوبیۆ باوەڕی وایە کە مۆسکۆ ئامادەیە بۆ بەشداریکردن لە " پڕۆسەیەکی جددیدا " بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگەکە، کە ڕووسیا سێ ساڵ لەمەوبەر دژی ئۆکرانیا دەستیپێکرد.
دەیان هەزاران سەربازی ڕووسیایی و ئۆکرانیایی و هاووڵاتیانی سڤیلی ئۆکرانیایی لە جەنگەکەدا کوژراون، جەنگەکە خراپترین جەنگ بووە لە ئەوروپادا لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا تامی بروس وتی ئەمەریکا و ڕووسیا ڕێککەوتوون لەسەر " دەستنیشانکردنی تیمی ئاست بەرز بۆ دەستپێکردن بە کارەکان لەسەر ڕێگەیەک بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا بە زووترین کات." وتیشی کۆبوونەوەکە " هەنگاوێکی گرنگ بووە بۆ پێشەوە " بەرەو ئاشتی.
ڕوبیۆ وتی ئۆکرانیا و وڵاتانی ئەوروپاش دەبێت بەشداری لە گفتوگۆکاندا بکەن سەبارەت بە کۆتایی هێنان بە جەنگەکە. وتی ئەگەر جەنگەکە ڕابگیرێت، ئەوا ئەمەریکا " دەرفەتی زۆر سەرسوڕهێنەری لەبەردەستدا دەبێت بۆ هاوبەشیکردن " لەگەڵ ڕووسیادا لەسەر بازرگانی و پرسە جیهانییەکانی دیکە.
وتی " کلیلەکە بۆ کردنەوە کۆتایی هێنانە بەم ململانێیە."
ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا مایک واڵتز و نوێنەری ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ستیڤ ویتکۆفیش بەشداری گفتوگۆکانییان کرد.
واڵتز وتی گفتوگۆکان بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕەکە سەنگ دەخەنە سەر خاک و گرەنتیە ئاسایشییەکان بۆ ئۆکرانیا و بۆ ڕووسیاش.
وتی " ئەمە پێویستە کۆتاییەکی هەمیشەیی بێت بۆ جەنگەکە نەک کۆتاییەکی کاتی بێت، وەکو چۆن لە ڕابردوودا بینیومانە."
بروس وتی ڕوبیۆ و لاڤرۆڤ چوارچێوەیەکی کارییان داناوە بۆ گفتوگۆی زیاتریش، نەک تەنها گفتوگۆکانی کۆتایی هێنان بە جەنگەکە.
وتی دوو لایەنەکە " میکانیزمێکی ڕاوێژکردن پێکدەهێنن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو پرسانەدا کە کێشەیان بۆ پەیوەندییە دوو لایەنییەکە دروست کردووە، بە ئامانجی گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ ئاساییکردنەوەی کارەکانی نێردە دیبلۆماتییەکانمان."
گفتوگۆکانی نێوان ئەمەریکا و ڕووسیا نیگەرانییان لە نێو سەرکردەکانی ئەوروپادا دروست کردووە کە لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا جەختییان لەوە کردووەتەوە کە دەبێت ئۆکرانیا بەشدار بێت لە گفتوگۆکاندا سەبارەت بە داهاتووی خۆی، هەروەها دەبێت وڵاتانی ئەوروپاش بەشداربن و ڕۆڵێکیان هەبێت لە پێشهاتەکاندا لە پێناو ئاسایشی خۆیاندا.
سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن ڕۆژی دووشەممە میوانداری کۆبوونەوەیەکی سەرکردەکانی ئەوروپای کرد لە پاریس و تاوتوێی زیادکردنی خەرجی بەرگریی و ئەگەری پێدانی گرەنتی ئاسایشییان کرد بە ئۆکرانیا.
بەڵام لەسەر بیرۆکەی ڕەوانەکردنی هێزی ئاشتی پارێز بۆ ئۆکرانیا لە چوارچێوەی ئەگەری کۆتایی هاتنی جەنگەکەدا دابەشبوون هەبووە، وڵاتانی وەکو بەڕیتانیا و سوید کراوە بوون بە ڕووی ئەو بیرۆکەیەدا، بەڵام ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز وتی گفتوگۆکردن لەو بارەیەوە جارێ زووە.

