ئەمەریکا: گەڕاندنەوەی زۆرترین فشار دەسەڵاتدارەکانی ئێران دەخاتە سەر ئەژنۆ

یەک مانگ لەمەوپێش
هاوڵاتى
وەزیری ناوخۆی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە سێهەمین ڕۆژی کۆنفرانسی گەورەی پارێزگارانی ئەمەریکا (CPAC) ڕایگەیاند "دووبارە دەستپێکردنەوەی هەڵمەتی "زۆرترین فشار" لەلایەن دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا، ئایەتوڵا دەسەڵاتدارەکانی ئێران دەخاتە سەر ئەژنۆیان.
داگ بورگێم وەزیری ناوخۆی ئەمەریکا لەبەشێکى ترى لێدوانە ڕۆژنامەوانیەکەیدا، ڕایگەیاند حکومەتی ئێران سەدان ملیار دۆلار داهاتی لە فرۆشتنی نەوت بەدەستهێناوە کە دانۆڵد ترامپ دەیەوێت ئەو کارە بوەستێنێت.
وەزیری ناوبراو، ئەوەشى خستەڕوو ترامپ بە گەڕاندنەوەی هەڵمەتی "زۆرترین فشار" وەک لە خولی یەکەمی خۆیدا کردی، ئایەتو دەسەڵاتدارەکانی ئێران دەخاتە سەر ئەژنۆی خۆیان.
ئاماژەی کورتی داگ بۆرگێم بە ئێران لە کاتێکدایە کە بەرنامە ئەتۆمی و سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی و سیاسەتە دەستێوەردانگەرییەکانی حکوومەتەکەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشێک بووە لە گرینگترین وتارەکانی چەندین بەرپرس و کەسایەتییەکانی بەشدار لە کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆمارییەکان.
مارک واڵاس، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی "یەکگرتوویی دژی ئێرانی ئەتۆمی" ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شاهید-136 ڕووی ڕاستەقینەی سەرکوت و سروشتی ڕاستەقینەی ڕێژیمی ئێرانە.
واڵاس لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شاهید-136 ئامێرێکی کوشتنی ترسناکە کە نەوەک تەنها دژی ئۆکرانیا، بەڵکو لە دژی ئیسرائیل، ئەمەریکا، حکومەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەروەها کەشتیوانی لە دەریای سوور و بابولمەندەب بەکارهاتووە و سێ سەربازی ئەمەریکایی لە هێرشێکی ئەو فڕۆکەبێفڕۆکەوانانەدا کوژراون.
کۆبوونەوەی کۆمارییەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژی چوارشەممەوە دەستیپێکردووە و تا ڕۆژی شەممە، 22ی مانگی دوو بەردەوام دەبێت.
لە ئیدارەی یەکەمیدا، ترەمپ سیاسەتی ئەوپەڕی گوشاری بەرامبەر ئێران پەیڕەوکرد، بەڵام ئیدارەی بایدن لەو باوەڕەدا بوو، سیاسەتەکە شکستخواردووە، بۆیە دوای کەمتر لە مانگێک لە دەستبەکاربوونی لە 2021، هەڵیوەشاندەوە.
ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، "من بەڕاستیی دەمەوێت ئاشتی ببینم و هیواداریشم بتوانین بەوە بگەین. بابەتەکەش سادەیە. ئەوان نابێت چەکی ئەتۆمییان هەبێت و ئەگەر من گەیشتمە ئەو باوەڕەی کە ئەوان دەبنە خاوەن چەکی ئەتۆمی، زۆر خراپ دەبێت بۆیان".
