نەتانیاهۆ: بە توندی لە ئێرانمان داوە ئەو کارەش تەواو دەکەین

4 ڕۆژ لەمەوپێش
هاوڵاتى
سەرۆک وەزیرانی حکومەتى ئیسڕائیل، دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند: ئیسڕائیل و ئەمەریکا سوورن لەسەر بەرپەرچدانەوەی هەوڵەکانی ئێران بۆ ئەتۆم و دوژمنکارییەکانی لە ناوچەکەدا.
لەکۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا دوای کۆبوونەوەکەی لە ئۆرشەلیم لەگەڵ مارکۆ، بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیل، وتی: گفتوگۆیەکی زۆر بە بەرهەممان کردووە لەسەر چەندین پرس، گرنگترینییان پرسی ئێران بوو.
ئەو وتیشی: ئیسڕائیل و ئەمەریکا پێکەوە شان بە شانی یەکتر دژی مەترسی ئێران وەستاون، ڕێککەوتووین لەسەر ئەوەی کە ئایەتوڵاکان نابێت چەکی ئەتۆمییان هەبێت و ڕێککەوتین لەسەرئەوەی دوژمنکارییەکانی ئێران لە ناوچەکەدا دەبێت ڕابگیرێن."
هاوکات مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، وتی: لە پشت هەر گروپێکی تیرۆریستییەوە، لە پشت هەر کارێکی توندوتیژییەوە، لە پشت هەر چالاکییەکی ناسەقامگیرکەرەوە، لە پشت هەر شتێکەوە کە مەترسی لەسەر ئاشتی و سەقامگیری ملیۆنان کەس دروست بکات لەم ناوچەیەدا ئێرانە.
نەتانیاهۆ ئەوەشى وت ئیسڕائیل "بە توندی لە ئێرانی داوە" لە ماوەی 16 مانگی جەنگەکەی ناو غەززەدا دژی حەماس، وتیشی بە پشتیوانی ترامپ "هیچ گومانێکم نیە لەسەر ئەوەی دەتوانین و کارەکە تەواو دەکەین."
وتی ئیسڕائیل حزبوڵای لە باشووری لوبنان لاواز کرد و سەدان ئامانجی لە سوریا پێکاوە لە هەوڵیدا بۆ ڕێگریکردن لە کردنەوەی بەرەیەک لەلایەن گروپە چەکدارییەکانی سەر بە ئێرانەوە دژی ئیسڕائیل.
لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا، سەرۆک وەزیرانى حکومەتى ئیسرائیل، ئاماژەى بۆ ئەوەکرد، ئێستا، ئەگەر هەر هێزێکی دیکە باوەڕی وابێت کە ئیسڕائیل ڕێگە بە هێزی دوژمنکاری دیکە دەدات سوریا وەکو بنکەیەک بۆ ئۆپەراسیۆن دژمان بەکاربهێنێت ئەوا زۆر هەڵەن.

