هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ لە 48 کاتژمێری رابردوودا لە بەغدا هێرشکراوەتە سەر دوو خواردنگەی مریشکی سوورەکراوی کنتاکی، کە بە کەی ئێف سی ناسراوە. پۆلیس ژمارەیەک گومانلێکراوی بکەری تاوانەکەیان دەستگیرکردووە. رۆژی دووشەممە 27-5-2024، وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، ژمارەیەک گومانلێکراویان بە تۆمەتی هێرشکردنە سەر دوو خواردنگەی کەی ئێف سیی ئەمریکی دەستگیرکردووە. پۆلیس باسی لەوەکردووە، لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە، بکەرانی تاوانەکە لایان وایە براندە ئەمریکییەکانی وەک خواردنگەی کەی ئێف سی پاڵپشتیی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە دەکەن. لە هێرشی یەکەمدا دوو پیاو کە بە سواری ماتۆڕسکیلەوە بوون، بۆمبێکییان فڕێداوەتە بەردەم یەکێک لە لقەکانی خواردنگەی کەی ئێف سی لەسەر شەقامی فەڵەستین لە رۆژهەڵاتی بەغدا. رۆژی دووشەممە، لقێکی دیکەی کەی ئێف سی هەر لە بەغدا هێرشی کراوەتە سەر و ژمارەیەک تۆمەتبار بە داردەستەوە خۆیان کردووە بە خواردنگەکەدا و پەنجەرە و کەلوپەلەکانیان شکاندووە. وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاندووە، تۆمەتبارەکان پێش گەیشتنی پۆلیس بە شوێنەکە هەڵاتوون. ژمارەیەک ئەفسەری پۆلیسیش کە ئەرکیان پاراستنی شوێنەکەیە سزادراون و بڕیارە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ بکرێت.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ تەنیا لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا لانیکەم 10 هەزار کۆچبەر بە نۆکەندی ئینگلیزدا بە بەلەمی بچووک پەڕیونەتەوە بەریتانیا. ئەمەش لەکاتێکدایە سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رۆژ دوای رۆژ بەڵێنی بنبڕکردنی چوونی کۆچبەر بۆ ئەو وڵاتە دەدات. رۆژی یەکشەممە 26-5-2024، حکومەتی بەریتانیا ئاماری نوێی کۆچبەرانی بڵاوکردەوە کە روویان لە بەریتانیا کردووە. لە ئامارەکەدا هاتووە، لە کانوونی دووەمی ئەمساڵەوەلانیکەم 10 هەزار و 170 کۆچبەر تا 25ی ئەم مانگە گەیشتوونەتە بەریتانیا. ئەو ژمارەیە لە هەمان ماوەی ساڵی رابردوودا 7 هەزار و 395 کەس بوو. گوتەبێژێکی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندووە، "بەردەوامین لە نزیکەوە کارکردن لەگەڵ هاوکارە فەرەنسییەکانمان بۆ رێگریکردن لە پەڕینەوەکان و پاراستنی ژیان". ریشی سووناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا هەوڵی گەورەی بۆ ئەوەیە رێگری لە چوونی کۆچبەر بۆ ئەو وڵاتە بکات، ئەوەش لە رێگەی ناردنی کۆچبەری نایاسایی کە دەچنە بەریتانیا بۆ بەریتانیا. مانگی رابردوو، پلانەکەی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا کە سووناک سەرۆکایەتی دەکات کرا بڕیاردرا پەناخوازان بۆ رواندا بنێردێن. ستیفان کینۆک، بەرپرسی باڵای پارتی کاری بەریتانیا کە رکابەری سەرەکی بەریتانیان بۆ بردنەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی ئەمساڵ دەڵێت، "لەبەرئەوەی سەرنجی حکومەت لەسەر ناردنی چەند سەد کەسێکە بۆ رواندا، چاویان لەسەر هەزاران کەسی زیاتر نەماوە کە هەموو مانگێک لە نۆکەندەکەوە دەپەڕنەوە". پارتی کاری بەریتانیا بەڵێنی داوە ئەگەر دەسەڵات لەو وڵاتە بگرنە دەست، فەرماندەیی ئاسایشی سنوور دروستدەکەن و ستافی ئەو فەرماندەییەش لە پۆلیس، کارمەندی هەواڵیری و لیکۆڵەر پێکدەهێنن. ئامانجیانە بە کارکردن لەگەڵ رێکخراوە نێودوڵەتییەکان و فەرمانگە جیهانییەکان رێگری لە چوونی کۆچبەر بکەن و باندەکانی گواستنەوەی مرۆڤ بدۆزنەوە و لەناویان ببەن.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ بەهۆی گێژاوی ئاسمانەوە کە فڕۆکەکان هەندێک جار تووشی دەبن، 12 کەس لە فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانیی قەتەریدا برینداردەبن. رۆژی یەکشەممە 26-5-2024، هێڵی ئاسمانیی قەتەری رایگەیاند، فڕۆکەیەکیان کە لە دۆحەی پایتەختی قەتەرەوە بەرەو فڕۆکەخانەی دوبلین فڕیوە، لە رێڕەوەکەیدا دووچاری گێژاو بووەتەوە و بەهۆیەوە لە ئاسماندا 12 سەرنشین برینداربوون. هێڵە ئاسمانییەکە ئەوەی روونکردووەتەوە، فڕۆکەکە لە کاتی خۆیدا نیشتووەتەوە و دووچاری هیچ کێشەیەکی گەورە نەبووەتەوە. گێژاو دۆخێکی تایبەتە کە فڕۆکەکان لە ئاسماندا بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و پەستانی هەواوە دووچاری دێن. لە زمانی ئینگلیزیدا بەو دۆخە دەوترت تێربڵانس. گەشتی QR017 کە بە فڕۆکەی بۆینگ 787ی دریم لاینەر کرابوو، کاژێر 1ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە فڕۆکەخانەی دوبلینی ئێرلەندا کۆتاییهات و فڕۆکەکە بە پارێزراوی نیشتووەتەوە. فڕۆکەخانەی دوبلین باسی لەوەکردووە، لەکاتی نیشتنەوەی فڕۆکەکەدا تیمەکانی فریاگوزارییان بە هانای فڕۆکەکەوە چوون و 6 سەرنشین و 6 خزمەتکاری فڕۆکە برینداربوون. باسی لەوەشکردووە، گێژاوەکەیان لەسەر ئاسمانی تورکیا تووشبووە. بە گوێرەی میدیای ئێرلەندی، گێژاوەکە کەمتر لە 20 چرکەی خایاندووە و لەکاتی دابەشکردنی خواردن و خواردنەوە بووە لە فڕۆکەکەدا. بە شێوەیەکی گشتی لەو کاتەدا سەرنشینەکان ئازادن لەوەی پشتێنی گیانپارێزییان لە فڕۆکەکەدا بکەنەوە. رووداوی گێژاوی فڕۆکەکەی هێڵی ئاسمانیی قەتەری تەنیا دوای 5 رۆژ لە رووداوی گێژاوی فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانیی سەنگاپوور دێت کە لەندەنەوە بەرەو سەنگاپوور بەڕێکەوتبوو. فڕۆکەکە ناچار بوو لە فڕۆکەخانەی بانگکۆکی تایلاند بنیشێتەوە. بەهۆی ئەو رووداوەوە لانیکەم 20 کەس برینداربوون و پیاوێکی بەریتانیی تەمەن 73 ساڵیش گیانی لەدەستدا.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ لە رووداوێکی داچوونی زەویدا لە وڵاتی پاپوا نیو گینی ترس هەیە لانیکەم 670 کەس گیانیان لەدەستابێت و سەردان خانووش رۆچوون و رووخاون. رۆژی یەکشەممە 26-5-2024، سێرهان ئاکتۆپراک، سەرۆکی رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ لە پاپوا نیو گینی رایگەیاند، لە گوندی یامبالی لەو وڵاتە زەوی رۆچووە و کاریگەریی خستووەتە سەر 4 هەزار هاووڵاتی و ترس هەیە لانیکەم 670 کەس گیانیان لەدەستدابێت. داچوونەکە 150 خانووی لەگەڵ خۆیدا بردووە و 250 خانووی دیکەش بە هاووڵاتیان چۆڵکراون، هەربۆیە 1,250 هاووڵاتی ئاوارەبوون. بە گوێرەی بەرپرسەکەی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەو ناوچەیە هێشتا مەترسیی داچوونی دیکەشی لەسەرە و تاوەکو ئێستا تیمەکانی فریاکەوتن خەڵک بە مردوویی لە ژێر دارووپەردوودا دەدۆزنەوە. رووداوی داچوونی زەوییەکە هەینی رابردوو 24ی ئەم مانگە کاژێر 3ی بەرەبەیان روویداوە و خەڵکەکە لە کاتی خەودا بوون. بە گوێرەی تیمەکانی فریاکەوتن، رووبەری داچوونەکە هێندەی 4 یاریگەی تۆپی پێ دەبێت. پاپوا نیو گینی وڵاتێکە لە زەریای هێمن و دەکەوێتە باکووری ئوسترالیاوە؛ زۆرینەی خاکەکەی بە ئاو دەوردراوە، دۆخی دارایی خەڵکەکەی خراپە و بەرزترین رێژەی تاوانی لە جیهاندا هەیە.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ حەماس بە مووشەک لە غەززەوە هێرشی کردەوە سەر ئیسرائیل و دەنگی زەنگی ئاگادارکردنەوە لە تەل ئەڤیڤی پایتەختی ئەو وڵاتە دەبیسترێت. ئەمڕۆ یەکشەممە 26-5-2024، بزوتنەوەی حەماس رایگەیاند، هێرشی مووشەکی لە غەززەوە بۆ سەر تەل ئەڤیڤی پایتەختی ئیسرائیل کردووە. ئەوە چوار مانگە یەکەم جارە حەماس هێرشی راستەوخۆ بۆ سەر ئیسرائیل بکات، میدیای فەرەنسی دەڵێت، یەک کەس لە هێرشەکەدا برینداربووە و حکومەتی ئیسرائیلیش دەڵێت، هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.  حەماسیش لە تەلەگرام رایگەیاندووە، "هێرشێکی گەورەی مووشەکیی بۆ سەر تەلئەڤیڤ کردووە. حەماس بە هەشت مووشەک لە رەفەحەوە هێرشەکەی بۆ سەر تەل ئەڤیڤ کردووە و زۆرینەی مووشەکەکان لەلایەن سیستمی بەرگریی ئیسرائیلەوە خراونەتە خوارەوە". جەنگی ئیسرائیل لەگەڵ حەماسدا لە دوای رووداوەکانی حەوتی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە دەستی پێکرد کە چەکدارانی بزوتنەوەکە پەلاماری ئیسرائیلیاندا و 1139 هاووڵاتی، منداڵ و پۆلیسیان کوشت و 240 کەسیشیان بە بارمتە گرت.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ ئەمڕۆ دوو رۆژە چین دەستی بە مانۆڕێکی سەربازیی بازنەیی بە دەوری تایواندا کردووە. سوپای چین دەڵێت، ئەم مانۆڕە سەربازییە توانایان بۆ کۆنترۆڵکردنی تایوان دەردەخات. مانۆڕە سەربازییەکەی ئەم جارەی چین دوای چەند رۆژێک لە دەستبەکاربوونی لای چینگ، سەرۆکی تایوانە کە چین بە "پەڕگیرێکی مەترسیدار" ناوی دەبات. رۆژی دووشەممە، 20ی ئادار، ئەو سەرکردە تایوانییە لە گوتاری دەستبەکرابوونەکەیدا داوای لە چین کرد هەراسانکردنی زیاتری تایوان رابگرێت و ئاماژەی بەوەکرد لە دوای دەستپێکی سەرۆکایەتی شی ژین پینگ زیاتر بووە. رۆژی هەینی 24-5-2024، سوپای چین رایگەیاند، "بەردەوامین لە ئۆپەراسیۆنەکەمان لە هەردوولای تایوانەوە بەردەوامە بۆ دەرخستنی توانامان لە زاڵبوون و هێرشکردنی هاوبەش و داگیرکردنی ناوچە سەرەکییەکانی دورگەکە". چین ئەوەشی خستووەتەڕوو، مانۆڕەکەیان "سزایە بۆ هەر کارێکی پەڕگیر بۆ سەربەخۆیی تایوان". سەرۆکی تایوان رایگەیاندووە، جێگەی داخە چین هەڕەشە لە حکومەتی دیموکراسیی تایوان دەکات و ئەوەشی باسکردووە ئامادەن بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانییان لە ئەگەری هێرشی ئەو زلهێزەی جیهان. لە مانۆڕ هێزی دەریایی، ئاسمانی و تۆپهاوێژەکانی چین بەشدارن و لە گەرووی تایوان، چواردەوری باکوور، باشوور و رۆژهەڵاتی تایوان بەڕێوەدەچێت. چین تایوان وەک بەشێک لە خاکەکەی خۆی دەبینێت، ئەمە لەکاتێکدایە هەرگیز بەڕێوەی نەبردووە؛ هەروەک چەندین جار باسی لەوەکردووە، لە ئەگەری راگەیاندنی سەربەخۆیی لەلایەن بەرپرسانی تایپییەوە داگیری دەکات.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ دادگەی لاهای فەرمانی بە ئیسرائیل کرد "بە زووترین کات" لە رەفەحی باشووری غەززە بکشێتەوە. ئەوەش بە هۆکاری ئەوپەڕی خراپیی دۆخی مرۆیی خەڵک کە بە "کارەساتبار" ناوی برد. رۆژی هەینی 24-5-2024، نەواف سەلام، سەرۆکی دادگەی نێودەوڵەتیی دادپەروەری رایگەیاند، "ئیسرائیل پێویستە بە زووترین کات پەلامارە سەربازییەکەی و تەواوی جموجووڵەکانی لە پارێزگای رەفەح راگرێت". بڕیاری دادگە باڵاکەی نەتەوەیەکگرتووەکان دوای داواکاری ئەفریقای باشوور بوو بۆ گرتنەبەری رێکاری توند لە دژی ئەو کارەی ئێستا ئیسرائیل لە فەڵەستین دەیکات. دادگەکە داوای لە ئیسرائیل کردووە لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا وەڵامی داواکارییەکەیان بداتەوە و هەروەها خاڵی سنووری نێوان غەززە و فەڵەستین کە دەکەوێت شاری رەفەحەوە بکاتەوە. نەبیل ئەبو رودەینە، گوتەبێژی دەسەڵاتی فەڵەستین رایگەیاندووە، "سەرۆکایەتییەکەمان پێشوازی لەو بڕیارە دەکات لەلایەن دادگەی نێودەوڵەتیی دادپەروەری داویەتی، کە نوێنەرایەتی خواستێکی نێودەوڵەتی دەکات بۆ راگرتنی جەنگە گشتگیرەکەی سەر غەززە". بەسام نەعیم، بەرپرسی باڵای حەماس دەڵێت، پێشوازی لە بڕیارەکەی دادگەی لاهای دەکەن و "داوا لە هێزە داگیرکەرەکانی زایۆنیست دەکەن واز لە لەشکرکێشییە سەربازییەکەی بۆ سەر رەفەح بهێنێت". بێنی گانتز، وەزیری جەنگی ئیسرائیل لەبارەی بڕیارەکەوە رایگەیاندووە، "دەوڵەتی ئیسرائیل لە هەرکات و هەر شوێنێک پێویست بێت، پابەندە بە بەردەوامبوون بە شەڕەوە بۆ گەڕانەوەی بارمتەکان، هەروەها تاوەکو بەڵێنی ئاسایش بە هاووڵاتییەکانی بدات". شەڕی ئیسرائیل دژی حەماس لە 8ی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو دەستیپێکرد؛ ئەوەش دوای ئەوەی چەکدارانی بزوتنەوەی حەماس لە 7ی هەمان مانگ پەلاماری ئیسرائیلیاندا و 1139 هاووڵاتی ئیسرائیلی و بیانی، منداڵ و پۆلیس و ئاسایشیان کوشت و 240 کەسیشیان بە بارمتە گرت.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ رووسیا خواستی وایە سنوورە ئاوییەکەی لە دەریای باڵتیک فراوانبکات، ئەمەش کاردانەوەی وڵاتانی باڵتیک و سکەندەناڤیای لێکەوتووەتەوە و خەریکە کێشەی جیۆسیاسی گەورە دروستدەکات. رۆژی سێشەممە 24-5-2024، رووسیا رەشنووسێکی لە ماڵپەڕی وەزارەتی بەرگرییەکەی بڵاوکردەوە کە تێیدا باس لەوە دەکات، مۆسکۆ نیازی وایە دووبارە نەخشەی سنووری ئاویی لە دەریای باڵتیک دابڕێژێتەوە. بە گوێرەی نوسرقوێک کە وەزارەتی بەرگری رووسیا لەم هەفتەیەدا بڵاویکردەوە، رووسیا پلانی وایە سنوورە ئاوییەکانی لە کانوونی دووەمی 2025 لەگەڵ فینلاند و لیتوانیا لە دەریای باڵتیک فراوان بکات. ئەمەش بە واتای ئەوە دێت، رووسیا دەیەوێت بەشێک لە سنوورە ئاوییەکانی لیتوانیا و فینلاند بۆ خۆی کۆنترۆڵ بکات. هەر دوای کەمێک بەبێ دیاربوونی هۆکارەکەی، ماڵپەڕەکە نوسراوەکەی سڕییەوە. گابرێلوس لاندسبێرگس، وەزیری دەرەوەی لیتوانیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، "ئەمە هەراسانکردنێکی ئاشکرای ناتۆ و یەکێتی ئەوروپایە و پێویستە وەڵامێکی پێویست و توند بدرێتەوە". ئولف کریستەرسن، سەرۆکوەزیرانی سوێد لەو بارەیەوە دەڵێت، "رووسیا ناتوانێ تاک لایەنانە سنوورەکەی لەم رێگەیەوە بگۆڕێت". ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا دەڵێت، رووسیا هیچ ئامانجێکی دیاریکراوی لەو کارەی نییە و تەنیا دەیەوێت "بەروونی" سنووەکان دیاری بکرێتەوە. ئێلینا ڤالتۆنین، وەزیری دەرەوەی فینلاند لەو بارەیەوە دەڵێت، "ئەگەر رووسیا دەیەوێت سنوور بگۆڕێت، ئەوا پێشێلی دەقێکی نەتەوەیەکگرتووەکان دەکات و تەواوی جیهان لە دژی رووسیا دەبن". دیمتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملن رایگەیاندووە، هیچ ئاڕاستەیەکی سیاسی لە "پێشنیازەکەی" وەزارەتی بەرگری رووسیادا نەبووە. دەشڵێت، رووبەڕووبوونەوەیەکی گەورە لە ناوچەی باڵتیک هەیە و بۆ هەموو وڵاتان باشترە روونتر سنوورە ئاوییەکانیان بزانن. لە دوای دەستپێکی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا، سوێد و فینلاند کە لە مێژوویاندا بێ لایەنی خۆیان لە نێوان هەردوو جەمسەری رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی جیهان پاراستبوو، بوونە ئەندامی ناتۆ.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ میدیای فەرمیی ئێران رایگەیاند، سوپای ئەو وڵاتە تاوەکو ئێستا هیچ بەڵگەیەکیان لەسەر هەبوونی دەستێکی تاوانکار لە کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەی سەرۆکی وڵاتەکە و حەوت کەسی دیکە نەدۆزیوەتەوە. درەنگانێکی رۆژی پێنجشەممە 23-5-2024، میدیای فەرمی ئێران راپۆرتێکی سوپای وڵاتەکەی لەبارەی رووداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەی سەرۆککۆماری ئیسلامیی ئێران بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، هیچ بەڵگەیەکیان لەسەر بە ئەنقەست خستنەخوارەوەی فڕۆکەکە نەدۆزیوەتەوە. راپۆرتەکە دەڵێت، هەلیکۆپتەرەکە دوای ئەوەی لەسەر زەوییەکی لێژ بە زەویدا کێشاوە، ئاگری گرتووە و تیمەکانی لێکۆڵینەوە هیچ کونێکی فیشەکیان لەسەر پاشماوەی هەلیکۆپتەرەکە نەدۆزیوەتەوە. ئاماژە بەوەش کراوە، هەلیکۆپتەرەکە لەسەر ئەو رێچکەیە رۆشتووە کە پێشتر پلانی بۆ دانراوە و بە هیچ جۆرێک رێچکەی خۆی جێنەهێشتووە. راپۆرتەکە دەڵێت، دوایین جار پەیوەندی لە نێوان هەلیکۆپتەرەکەی سەرۆککۆماری ئێران و دوو هەلیکۆپتەرەکەی یاوەری کراوە، نزیکەی یەک خولەک و نیو پێش رووداوەکە بووە. رۆژی یەکشەممە 19ی ئاداری ئەمساڵ، لە رووداوی کەوتنەخوارەوەی هەلیکۆپتەردا سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوەی ئێران و شاندێکی یاوەریان گیانیان لەدەستدا. تیمەکانی فریاکەوتن بەهۆی خراپی کەشوهەواوە رۆژێک دواتر پاشماوەی هەلیکۆپتەرەکە و سەرنشینەکانیان دۆزییەوە کە سەرجەمیان گیانیان لەدەستدابوو. سوپای ئێران دەڵێت، هێشتا لێکۆڵینەوەی زیاتر ماوە لە رووداوەکە بکرێت.

هاوڵاتی تائێستا نۆ هەزار و 384 حاجی عێراقی لەڕێی وشكانی و ئاسمانییەوە گەیشتوونەتە مەككە و مەدینە. ئەمڕۆ هەینی 24ی ئایاری 2024 دەسەڵاتی باڵای حەج و عومرەی عێراق رایگەیاند، تائێستا زیاتر لە نۆ هەزار حاجی گەیشتوونەتە سعودیە و 27 و 29ی ئەم مانگەش یەكەم و دووەم كاروانی حاجیانی هەرێم بەرەو سعودیە بەڕێدەكەوێت. ئەمەش لە کاتێکدایە، کە پشكی عێراق بۆ وەرزی ئەمساڵی حەج، 33 هەزار و 690 حاجییە، پشكی هەرێمی كوردستانیش دەكاتە چوار هەزار و 685 حاجی، یەكەم كاروانیان لەڕێگەی وشكانی و دووەم كاروانیان لەرێگەی فڕۆكەوە بۆ سعودیە بەڕێدەكەوێت.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ ئاژانسی رۆیتەرز راپۆرتێکی بنکۆڵکاری بڵاوکردووەتەوە کە ئاماژە بەوە دەکات، ڤلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا ئامادەیە جەنگی ئۆکراینا رابگرێت و ئاگربەست رابگەیێنێت، بەو مەرجەی ئۆکراینا و رۆژئاوا ئامادەبن لەگەڵیدا بگەنە رێککەوتن. رۆژی هەینی 24-5-2024، ئاژانسی رۆیتەرس راپۆرتێکی تایبەت بە شەڕی ئۆکراینا بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا ئاماژە بەوەدەکات، گفتووگۆی لەگەڵ 5 بەرپرسی باڵای ئێستا و پێشووی نزیک لە پووتین کردووە سەبارەت بە ئاگربەست لە ئۆکراینا. رۆیتەرز دەڵێت، سێ لە بەرپرسەکان گوتوویانە، پووتین تەنانەت نیگەرانە لە بیروڕای دژ بە ئاگربەستی بەشێک لە راوێژکارەکانی و لای وایە کاریگەریی رۆژئاوایان لەسەرە بۆ ئەوەی رێگە لە وەستانی شەڕەکە بگرن. یەکێک لەو بەرپرسانە گوتوویەتی، "پووتین دەتوانێت شەڕ بکات هەرچەندێک بیەوێت، بەڵام ئامادەیە ئاگربەستیش بکات بۆ وەستانی جەنگەکە". ئەو بەرپرسە لە رابردوودا لە نزیکەوە لەگەڵ پووتین کاری کردووە و ئاگای لە گفتووگۆ زۆر نهێنییەکانی کرێملن و وەزارەتی بەرگریی رووسیا هەیە. هیچ کام لەو بەرپرسانەی قسەیان بۆ رۆیتەرز کردووە ئامادەنەبوون ناویان ئاشکرا بکرێت. دیمتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملن لەبارەی دۆسیەکەوە رایگەیاندووە، ئەوان لەمێژە خواستی خۆیان بۆ گفتووگۆ دەربڕیوە، دەشڵێت، وڵاتەکەیان "جەنگێکی هەتا هەتایی ناوێت". دووان لە سەرچاوەکانیش باسیان لەوە کردووە، پووتین بڕوای وایە ئەوەی تا ئێستا بەدەستی هێناوە لە جەنگەکەدا بەسە بۆ ئەوەی سەرکەوتن و بردنەوە بە گەلی رووسیا رابگەیێنیت و جەنگەکە رابگرێت. هەروەها دوای ئەوەی وەک سەرۆکی رووسیا بۆ جاری پێنجەم و بۆ شەش ساڵی داهاتوو هەڵبژێردراوەتەوە، پووتین لای وایە پێویستە لەم ماوەیەی وەک سەرۆکی رووسیا ماویەتی، سەرقاڵی جەنگی ئۆکراینا نەبێت و کۆتایی پێبێنێت. لەلایەکی دیکەوە سێ لە سەرچاوەکان باسیان لەوەکردووە، پووتین تێگەیشتووە لەوەی ئەگەر بیەوێت پێشڕەوییەکی دیکەی بەرچاو لە جەنگی ئۆکراینا بکات، پێویستە دووبارە سەرباز لە تەواوی وڵاتەکەوە ئامادەبکات بۆ جەنگ، ئەوەش خواستی سەرکردە دێرینەکەی رووسیا نییە. ڤۆلۆدێمیر زیلنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە ماوەی رابردوودا چەندین جار بە رژدی باسی لەوە کردووە، بە هیچ جۆرێک ناچێتە گفتووگۆوە و کۆتایی جەنگی ئۆکراینا ئەو کاتە دەبێت کە تەواوی ئەو زەوییانەی رووسیا کۆنترۆڵی کردووە بە کریمیاشەوە بگەڕێتەوە ژێر دەسەڵاتی ئۆکراینا. لە 2022شدا رەشنووسێکی واژۆکرد کە هەموو گفتووگۆیەک لەگەڵ پووتیندا بە "ئەستەم" دادەنێت. ئۆکراینا لە شووباتی 2022ـەوە لەلایەن رووسیاوە هێرشی کراوەتە سەر و بە رووبەری کریمیاوە کە لە 2014دا کۆنترۆڵی کردووە تا ئێستا 18٪ی خاکەکەی لە ژێر دەستی رووسیادایە.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ تۆرنادۆیەک کە لە ویلایەتی ئایۆوای ئەمریکای داوە، تاوەکو ئێستا 5 کەسی کوشتووە و دەیان کەسیشی بریندارکردووە. ئەمە جگە لەوەی دەیان خانووی وێرانکردووە و ئەوەندە بەهێز بووە ئۆتۆمبێلی لە زەوی دابڕیوە. رۆژی پێنجشەممە 23-5-2024، تۆڕنادۆیەکی بەهێز بە شارۆچکەی گرین فیڵددا لە ویلایەتی ئایۆوای ئەمریکا تێپەڕی و بەدوای خۆیدا وێرانکارییەکی گەورەی جێهێشتووە. ئەمە جگە لە زیانە مادی و گیانییەکان. پۆلیسی فریاکەوتنی شارۆچکەکە رایانگەیاندووە، "بەهۆی تۆرنادۆکەوە 5 کەس گیانیان لەدەستداوە و لانیکەم 35 کەس برینداربوون". باس لەوەشکراوە، نەخۆشخانەی شارۆچکەکە زیانی زۆری بەرکەوتووە و بەشێک لە بریندارەکان گوێزراونەتەوە نەخۆشخانەی شار و شارۆچکەکانی دیکە. تەنیا لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا، لانیکەم 800 تۆرنادۆ لە ئەمریکای داوە، شارەزایانی کەشناسی پێشبینی دەکەن ئەمساڵ رووداوی تۆرنادۆ لە ئەمریکا ریکۆردێکی نوێ تۆمار بکات. ساڵانە لە ئەمریکا بە تێکڕا 80 کەس بە تۆڕنادۆ دەمرن و لانیکەم 1500 کەسیش بریندار دەبن.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی وارشۆ وادیارە شەڕەکەی حەماس دەکرێت لە کۆتاییدا ئەنجامێکی باش بۆ فەڵەستینییەکان و خاکی فەڵەستین بێنێتە بەرهەم. ئەوەش لەبەر ئەوەی وردە وردە تەواوی جیهان لەوە تێدەگەن، بۆ سەقامگیرکردنی ئاشتی و ئاسایش لە نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین، پێویستە فەڵەستین ببێتە دەوڵەت. لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023، بزوتنەوەی حەماس پەلاماری بۆ سەر ئیسرائیل برد؛ لەو هێرشەدا حەماس 1,139 کەسی کوشت کە 695یان هاوڵاتی سڤیلی ئیسرائیلی بوون و 36 کەس لەوانە منداڵبوون. 71 کەسیان هاوڵاتی بیانی بوون و 373 کەسیشیان پۆلیس و ئاسایش بوون. هەر لەو پەلامارەدا 24 هاوڵاتی و پۆلیس لەلایەن حەماسەوە بە بارمتە گیران، ئەمە جگە لەوەی رووبەرێکی لە ئیسرائیلیش کۆنترۆڵکرد. هەر دوای ئەوە ئیسرائیل بانگەوازی جەنگی لەگەڵ حەماسدا راگەیاند کە تا ئێستا بەردەوامە و ئامانجەکەشی لەناوبردنی تەواوەتی حەماسە لە غەززە. لە هێرشی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر غەززەدا کە وەک خۆی دەڵێت، ئامانجی لەناوبردنی حەماسە، تاوەکو نوسینی ئەم راپۆرتە 35 هەزار و 647 هاووڵاتی فەڵەستینی کوژراون و لانیکەم 79 هەزار و 852 کەسیش برینداربوون. جەنگەکە کاردانەوەی جۆراوجۆری نێودەوڵەتی لێکەوتووەتەوە و تا رادەیەک وەک هەمیشە زەوی کردووە بە دوو جەمسەری دژیەکەوە. ئەمریکا و بەشێک لە وڵاتانی دیکەی رۆژئاوا تا ئەمڕۆ رەوایەتی بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە دەدەن و بە "شەڕ لە دژی تیرۆر" ناوی دەبەن؛ بەشێکیان بێ لایەنیان هەڵبژاردووە و هەرچی دەمێنێتەوە ئێستا سەرکۆنەی ئیسرائیل دەکەن بەوەی لە غەززە "تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ و رەشەکوژی" دەکات. "ئاڕاستەی گفتووگۆ دیپلۆماسییەکان رووەو کوێ؟" کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەوە تێگەیشتووە، ئەگەر ئاگری شەڕی نێوان ئیسرائیل و غەززە کۆتایی نەیەت، بەدەر لەو کارەساتە مرۆییەی دوای خۆی جێیدەهێڵێت، پریشک دەهاوێژێت بۆ رووبەرێکی گەورەتری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دواتریش بۆ جیهان. هەروەک هێرشەکانی ئیسرائیل و ئێران بۆ سەربازی و ستراتیجییەکانی یەکدی لە دەرەوەی خاکی خۆیان و دواتریش هێرشی راستەوخۆ بۆ سەر یەکدی؛ ئێران لە 13 و 14ی نیسانی ئەمساڵ و ئیسرائیل لە 19ی هەمان مانگ. ئەمە جگە لە مەترسی پەلکێشبوونی لوبنان لە شەڕەکەدا بەهۆی هێرشە جار بە جارەکانی حیزبوڵا و سوپای ئیسرائیل بۆ سەر یەکدی. هەربۆیە دەنگی دروشمی "چارەسەری دوو دەوڵەت" لە کۆبوونەوە فەرمی و لوتکەکانی جیهاندا خەریکە زیاتر بەرزدەبێتەوە. چارەسەری دوو دەوڵەت بریتییە لە پێشنیازێکی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ساڵی 1947، کە چارەسەری کێشەی فەڵەستین و ئیسرائیلی بەوە دەکرد، دوو دەوڵەتی سەربەخۆ لەسەر ئەو خاکەی ئێستا هەردووکیانی تێدان دروستبکرێت. هەروەها مزگەوتی ئەقسا و رووبەرێکی دیاریکراوی چواردەوری کە لەلای موسڵمان و جووەکان بە پیرۆز دادەنرێت، بە سەربەخۆیی لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە چاودێری بکرێت. جگە لەوەش، ئێستا وڵاتان لە هەوڵی ئەوەدان لە گۆڕەپانی سیاسی و دیپلۆماسی نێودوڵەتیدا ماف و دەسەڵاتی زیاتر بدەنە فەڵەستین. 10ی ئاداری 2024، کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان دەنگی لەسەر پرۆژەیاسایەک بۆ پێدانی ماف و بەرژەوەندی زیاتر بە فەڵەستین و کردنی بە ئەندامی هەمیشەیی لە نەتەوەیەکگرتووەکان. لە 193 ئەندام، 143 ئەندامیان دەنگیان لە بەرژەوەندی پرۆژەیاساکەدا. هەروەها ئەمڕۆ ئیسپانیا، نەرویج و ئێرلەندا بڕیاریاندا 28ی ئەم مانگە دان بە سەربەخۆیی دەوڵەتی فەڵەستیندا بنێن و بە روونی جەختیان لەوە کردەوە، چارەسەری دوو دەوڵەت دەبێت جێبەجێبکرێت و داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد هەنگاوی رژد رووەو ئەو مەبەستە بنێن. لەلایەکی دیکەوە، یەکێتی ئەوروپا و گرووپی حەوت کە ئەمریکا، بەریتانیا و فەرەنسای تێدا ئەندامن بە فەرمی داوای دروستبوونی دەوڵەتی فەڵەستینیان کردووە. ئەمریکا دەڵێت، لەگەڵ چارەسەری دوو دەوڵەتدایە، بەڵام تەنیا بەو مەرجەی ئیسرائیل و فەڵەستین بەیەکەوە لەسەری بگەنە رێککەوتن؛ ئەوەش لای زۆرێک "ئەستەمە". هەر ئەمڕۆ، دیمتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملن بە رۆژنامەنووسانی راگەیاندووە، ئەوان یەکێکن لە هەرە پاڵپشتە گەورەکانی جێبەجێکردنی چارەسەری دوو دەوڵەت و ئاماژەی بەوەشکردووە کە پێش رووخانی یەکێتی سۆڤیەت، یەکێتییەکە دانی بە سەربەخۆیی دەوڵەتی فەڵەستیندا ناوە. لەلایەکی دیکەوە، وانگ وێنبین، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین بە رۆژنامەڤانانی راگەیاندووە، چین پاڵپشتی تەواوەتی خەڵکی فەڵەستین دەکات لە بەدەستهێنانی ماف و سەربەخۆییان. هەروەها دووپاتیکردووەتەوە کە چین بە رژدی پاڵپشتی چارەسەری دوو دەوڵەت دەکات و لە پێشووتریشدا پەکین هەر زوو دانی بە سەربەخۆیی دەوڵەتی فەڵەستیندا ناوە. تێڕوانینی ئێستای عەرەب، ئیسرائیل و فەڵەستین بۆ پێشنیازە بەساڵاچووەکە هەرچی وڵاتانی عەرەبییە هەرچەندە لە رابردوودا دوو جار لەگەڵ ئیسرائیلدا بۆ دژوەستانەوەی چارەسەری دوو دەوڵەت چوونەتە جەنگەوە، لە دواین لوتکەیاندا داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، کۆنفرانسێکی ئاشتی لەسەر بنەمای چارەسەری دوو دەوڵەت بۆ کۆتاییهێنانی یەکجاری بە بەریەککەوتنەکانی فەڵەستین، بەتایبەت حەماس و ئیسرائیل بهێنن. مەحمود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستین لە ئەیلوولی ساڵی رابردوودا و لە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتیدا پاڵپشتیی لە چارەسەری دوو دەوڵەت کرد، هەروەک داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کاری لەسەر بکەن و دەکرێت، "ئەمە کۆتا هەل بێت بۆ پەیڕەوکردنی چارەسەری دوو دەوڵەت". هەرچی حەماس و ئیسرائیلە بیروڕای پەڕگیر و تێکدەرانەیان بۆ بابەتی چارەسەری دوو دەوڵەت هەیە. حەماس لە 2017دا پاڵپشتی خۆی بۆ پێشنیازەکە خستەڕوو، بەو مەرجەی سنوورەکان بگەڕێنەوە پێش ساڵی 1967. لەلایەکی دیکەوە بنیامین ناتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە میدیای ئەمریکی گوتووە، بە دەوڵەتبوونی فەڵەستین گەورەترین خزمەتە بە "گرووپی تیرۆرستی حەماس". پێشنیازێک کە بە دوایدا دوو جەنگ هاتووە، ئێستا دەبێتە هەوێنی ئاشتی؟ دوای ئەوەی لە ساڵی 1914 ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی لەناوچوو، لە ساڵی 1918دا بەریتانیا کۆنترۆڵی نزیکەی نیوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کرد کە بەشێک لەو رووبەرە ئەو خاکەیە ئێستا فەڵەستین و ئیسرائیلی لەسەرن. لەو کاتەدا دانیشتووانی فەڵەستین بریتیبوون لە موسڵمان، کریستیان و جووەکان کە زۆرینە موسڵمان بوون. لە ساڵی 1936، شۆڕشی عەرەب لە دژی بەریتانییەکان روویدا، ئەوەش لەبەر مەترسی زۆربوونی دانیشتووانی جوو لە فەڵەستین. دواتر بەریتانیا بڕیاریدا چارەسەری دوو دەوڵەت بهێنێتە ئاراوە کە لەو کاتەدا 80٪ی رووبەری ئەو خاکە بۆ فەڵەستینییەکان و 20٪ی بۆ جووەکان دانرا، بەڵام فەڵەستینییەکان ئەو چارەسەرەیان رەتکردەوە. دواتر لە ساڵی 1947، نەتەوەیەکگرتووەکان بڕیاریدا دووبارە چارەسەری دوو دەوڵەتی هێنایە ئاراوە. پێشنیازەکە 56٪ی خاکەکەی بۆ ئیسرائیل و 44٪ی بۆ فەڵەستین یەکلادەکردەوە. ئەم جارە جووەکان چارەسەرەکەیان قبوڵکرد و ئەو هەنگاوە بووە بناخەی دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل لە 15ی ئاداری 1948، بەڵام عەرەب بۆ جاری دووەم رەتیانکردەوە. هەرچی لوبنان، عێراق، ئوردون، میسر و سووریا بۆ رووخاندنی ئەو دەوڵەتە هێرشیان کردە سەر ئیسرائیل، بەڵام ئیسرائیل بردییەوە و رووبەرێکی گەورەتری لەسەر خاکی فەڵەستین کۆنترۆڵکرد و ئوردونیش کەرتی رۆژئاوای فەڵەستینی خستە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە. لە ساڵی 1967، دووبارە ئوردون، میسر، سووریا و لوبنان هێرشیان کردەوە سەر ئیسرائیل و جەنگەکە شەش رۆژی خایاند، بەڵام دووبارە ئیسرائیل بردییەوە و تەواوی خاکەکەی بە غەززە و کەرتی رۆژئاواوە کۆنترۆڵکرد. لە ساڵی 2000، دووبارە فەڵەستین و ئیسرائیل بۆ گفتووگۆی ئاشتی لە ئەمریکا کۆبوونەوە. ئیهود داراک، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی ئیسرائیل و یاسر عەرەفات بۆ ماوەی 14 رۆژ بە نێوەندگیر بیڵ کڵینتن، سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا گفتووگۆیان کرد. پێشنیازکرا 94٪ی کەرتی رۆژئاوا و تەواوی غەززە بچێتە ژێر دەسەڵاتی فەڵەستینییەکانەوە و وەک دەوڵەتی فەڵەستین بناسرێت؛ هەروەک رۆژهەڵاتی ئۆرشلیم\قودس ببێتە پایتەختی دەوڵەتی فەڵەستین. یاسر عەرەفات، سەرۆکی رێکخراوی ئازادکردنی فەڵەستین بە پێشنیازەکە رازی نەبوو و دووبارە شەڕ و پێکدادان لە نێوان فەڵەستینییەکان و ئیسرائیل دەستیپێکردەوە. لە ساڵی 2008، مەحمود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستین لەگەڵ ئیهود داراک کۆبوونەوە و هەمان پێشنیاز بۆ دروستبوونی دەوڵەتی فەڵەستین هاتەوە بەرباس، بەڵام جارێکی دیکە لەلایەن فەڵەستینەوە رەتکرایەوە. لەو کاتەوە چارەنووسی دەوڵەتی فەڵەستین بە نەزانراوی ماوەتەوە. لەو ماوەیەشدا نزیکەی 500 هەزار ئیسرائیلی لە کەرتی رۆژئاوای فەڵەستین جێگیر کراون، کە ئەمەش ئێستا یەکێکە لە بەربەستە گەورەکانی بەردەم دروستبوونی دەوڵەتی فەڵەستین، چونکە بە دروستبوونی فەڵەستین دەبێت تەواوی ئەو نیو ملیۆن کەسە ماڵەکانی خۆیان جێبێڵن و بگەڕێنەوە ناو سنووری ئیسرائیل. "چارەنووسی چارەسەری دوو دەوڵەت بەرەو کوێ؟" لە دوای ساڵی 2020 کە رێککەوتننامەی ئەبراهام بە نێوەندگیری ئەمریکا کە ئەوکات دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی بوو، لە نێوان بەحرەین و ئیمارات لەلایەک و ئیسرائیل لەلایەکی دیکە واژۆکرا، وردە وردە نێوانی عەرەب و ئیسرائیل بەرەو ئاساییبوونەوە دەچێت. ئامانجی رێککەوتننامەی ئەبراهام ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبییە. مەغریب و سوودان لە دواتردا بڕیاری بە چوونە ناو رێککەوتنەکەیاندا و ئێستاش سعودیە لە گفتووگۆدایە بۆ چوونە ناو رێککەوتنەکە. سعودیە کە وەک ناوەندی بڕیاری دەوڵەتانی عەرەب و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نیشاندەدات، دەکرێت کاریگەریی گەورە لەسەر جێبەجێکردنی چارەسەری دوو دەوڵەت جێبهێڵێت. پاڵپشتیی چین، رووسیا، یەکێتی ئەوروپا، نەرمی نواندنی ئەمریکا، پاڵپشتی زۆرینەی نەتەوەیەکگرتووەکان و پاڵپشتی وڵاتانی عەرەبی بۆ ئەو پێشنیازە، دوای 77 ساڵ لە دژایەتیکردنی، دەکرێت ئاسۆیەکی گەش بێت بۆ جێبەجێکردنی لە داهاتوویەکی تا رادەیەک نزیکدا و بە دەوڵەتبوونی فەڵەستین.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ رووسیا دەستی بە مانۆڕی چەکی ئەتۆمیی تاکتیکی کرد کە سەرەتای ئەم مانگە ئەنجامدانەکەی راگەیاند. مانۆڕەکەی مۆسکۆ وەک ئاگادارییەکە بۆ سەرکردەکانی ئەوروپا و وڵاتانی رۆژئاوا کە نەکەن دەستێوەردانی زیاتر لە شەڕی ئۆکراینادا بکەن. درەنگانێکی رۆژی سێشەممە 21-5-2024، وەزارەتی بەرگری رووسیا رایگەیاند، سوپای رووسیا دەستی بە مانۆڕێکی سەربازیی فراوان لە ناوچەیەکی باشووری وڵاتەکە کردووە کە هاوسنووری ئۆکراینایە. بە گوێرەی راگەیێنراوەکە، مانۆڕەکە پێی ناوەتە بەشێک لە رۆژهەڵاتی خاکی ئۆکرایناشەوە کە ئێستا رووسیا کۆنترۆڵی کردووە، بەڵام ئاماژە بە شوێنی بەڕێوەچوونی بە دیاریکراوی نەکراوە. لە راگەیێنراوەکەدا هاتووە، مانۆڕەکە بۆ تاقیکردنەوەی ئامادەیی سەرباز و چەکە ئەتۆمییە تاکتکییەکانی رووسیایە بۆ دڵنیابوون لە توانای بەرپەرچدانەوەی هەر هەڕەشەیەک کە بۆ سەر سەروەریی خاکی رووسیا دەکرێت. ئەوەش خراوەتەڕوو، مانۆڕەکە وەڵامێکە بۆ "لێدوانە دنەدەر و هەڕەشەکانی بەشێک لە سەرکردەکانی رۆژئاوا". سەرەتای ئەم مانگە ڤلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا فەرمانی بەڕێوەچوونی مانۆڕە ئەتۆمییەکەی دەرکرد، ئەوەش دوای ئەوەی بەشێک لە بەرپرسانی رۆژئاوا پەیامی دەستێوەردان و بەشداریکردنی راستەوخۆی شەڕی ئۆکراینایان بڵاودەکردەوە؛ لەوانە بەریتانیا و فەرەنسا. ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی رووسیا و دەیڤد کامیرۆن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا دوو لەو بەرپرسە رۆژئاواییانەن کە "هەڕەشەی" بەشداریکردنی زیاتر و راستەوخۆی جەنگی ئۆکراینایان لەگەڵ رووسیا کردووە. ماکرۆن رایگەیاندبوو ئامادەیە سەربازی فەرەنسی بۆ ئۆکراینا بنێرێت و کامیرۆنیش گوتی، ئۆکراینا مافی ئەوەی هەیە مووشەکەکانی بەریتانیا بۆ هێرشکردنە سەر خاکی رووسیا بەکاربهێنێت. چەکی ئەتۆمیی تاکتیکی بریتییە لە جۆرێکی چەکی وێرانکەر کە رووبەری وێرانکارییەکەی لە چەکی ئەتۆمیی گەورە کەمترە و دیاریکراوە. بە واتایەکی دیکە، دەکرێت چەکی ئەتۆمیی تاکتیکی تەنیا ئەو رووبەرە وێران بکات کە بەکاربەرەکەی بۆی دیاری دەکات. رووسیا ماوەیەکی زۆرە هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمیی تاکتیکی بۆ پێشڕەویکردنی زیاتر لە جەنگی ئۆکراینا دەکات. هەرچی ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاواشە بە روونی بە مۆسکۆیان گوتووە ئەوە تێپەڕاندنی سنوورەکانی ئەوانە.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ سێ وڵاتی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا کە ئێرلەندا، نەرویج و ئیسپانیان بڕیاریاندا 28ی ئەم مانگە دان بە سەربەخۆیی دەوڵەتی فەڵەستیندا بنێن. رۆژی چوارشەممە 22-5-2024، مایکڵ مارتن، وەزیری دەرەوەی ئێرلەندا رایگەیاند، "ئەمڕۆ حکومەت بڕیاری خۆی بۆ داننان بە دەوڵەتی فەڵەستین دەرکرد لە 28ی ئایار". سایمۆن هاریس، سەرۆکوەزیرانی ئێرلەندا رایگەیاندووە، چارەسەری دوو دەوڵەتی تاکە رێگەیە بۆ ئاشتی و ئاسایش بۆ ئیسرائیل و فەڵەستین و خەڵکەکەیان. هەر ئەمڕۆ، پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی وڵاتەکەی رایگەیاند، 28ی ئەم مانگە دان بە سەربەخۆیی دەوڵەتی فەڵەستیندا دەنێن. باسی لەوەشکرد، ئەوان "خوێنڕشتن لە غەززە و شوێنەکانی دیکەی فەڵەستین رەتدەکەنەوە" و جەختی لەوە کردەوە پێویستە ئاگربەست بکرێت و چارەسەری دوو دەوڵەت لە فەڵەستین جێبەجێبکرێت. ئیسرائیل کاتز، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاندووە، داوای لە باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئێرلەندا و نەرویج کردووە بە زووترین کات بگەنەوە ئیسرائیل تاوەکو گفتووگۆ لەسەر ئەم بابەتە بکەن. باس لەوەش دەکات، ئیسرائیل بێدەنگ نابێت لە ئاست بە کەم سەیرکردنی سەروەریی خاکەکەی. دەبێت پەیامێک بە جیهان بدەین، کە دەبێت تیرۆر باج بدات.