لە ئەڵمانیا پەنابەرێک بە ئوتۆمبێل ٢٨ کەس بریندار دەکات

یەک هەفتە لەمەوپێش
پۆلیسی شاری میونشن لە باشووری ئەڵمانیا ڕۆژی پێنجشەممە 13ی مانگی دوو ڕایگەیاند شۆفێری ئۆتۆمبێلێک کە بە ئەنقەست خۆی کێشاوە بە خەڵکی بەشداری گردبوونەوەیەک لەسەر شەقامێکی ئەو شارە، پەنابەرێکی تەمەن 24 ساڵەی ئەفغانی بووە.
میدیا ناوخۆییەکانی ئەڵمانیا ژمارەی بریندارانی ڕووداوەکەیان بە 28 کەس ڕاگەیاندووە و ڕایانگەیاندووە کە شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە دەستگیرکراوە.
ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس بە پشتبەستن بە پۆلیسی میونشن، ناسنامەی تۆمەتباری ڕووداوەکەی بە گەنجێکی پەنابەری ئەفغانی ڕاگەیاندووە.
پێدەچێت ئەو ڕاستییەی کە ئەنجامدەری ڕووداوەکە پەناخواز بووە، جارێکی دیکە مشتومڕەکانی ئەڵمانیا سەبارەت بە پێویستی دیپۆرتکردنەوەی پەنابەران و کۆچبەرانی نایاسایی زیاتر بکات.
تا ئێستا هیچ هەواڵێک لەبارەی کوژرانی کەس لەو ڕووداوە بڵاونەکراوەتەوە.
ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری پارێزگاری ویلایەتەکەوە ڕایگەیاندووە پۆلیس وەک "هێرشێکی گوماناوی" مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەکەدا دەکات.
هێرشکردنە سەر گردبوونەوەیەک لە میونشن تەنها ڕۆژێک پێش کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن دێت کە بڕیارە میوانداری چەندین میوانی باڵا بکات، لەوانە سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی و جی. د. ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا، دانۆڵد ترامپ.
بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕووداوەکە بە دووری کەمتر لە دوو کیلۆمەتر لە شوێنی کۆنفڕانسەکە ڕوویداوە.
ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردوەتەوە پۆلیس "ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوان"ی لە دەوروبەری وێستگەی ناوەندی شەمەندەفەری میونشن دەستپێکردووە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی میدیای ناوخۆیی، ئۆتۆمبێلەکە هێرشی کردووەتە سەر ئەو کەسانەی کە بەشدارییان لە گردبوونەوەیەکی سەندیکاکانی کرێکاران کردووە.
لەکاتێکدا ئەمە لە ئاڵمانیا ڕوودەدات کە کەمتر لە دوو مانگ لەمەوبەر ئۆتۆمبێلێکی دیکە لە شاری ماگدێبۆرگ خۆی کێشا بە خەڵک و بەهۆیەوە چەند کەسێک گیانیان لەدەستدا.
هێرشەکە بۆ سەر بازاڕێکی جەژنی کریسمس لە شاری ماگدێبۆرگ لەلایەن "پزیشکێکی سعودییەوە" ئەنجامدرا و تێیدا لانیکەم پێنج کەس کوژران و زیاتر لە 200 کەسیش برینداربوون.

