ترەمپ ھێزی سەربازى ئەمریکا ڕەوانەی غەززە ناکات
![](/2022/images/%DA%95%DB%95%D8%B3%D9%85/omar/%D9%A9%D9%A8.png)
2 ڕۆژ لەمەوپێش
کارۆلین لێڤیت وتەبێژی کۆشکی سپی، ڕەتی کردەوە کە سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ بەڵێنی دابێت کە ھێزی ئەمریکا ڕەوانەی کەرتى غەززە بکات.
لە وەڵامی پرسیارێکی ڕۆژنامەوانێک لەبارەی ئەوەی کە ئایا دۆناڵد ترەمپ ھێزی ئەمریکا ڕەوانەی غەززە دەکات یان نا، کارۆلین لێڤیت وتی: تا ئێستا سەرۆک ترەمپ پابەندە بەوەی ھێز ڕەوانەی غەززە نەکات، ھەروەھا ڕاشیگەیاندووە کە ئەمریکا خەرجی ئاوەدانکردنەوەی غەززە لە ئەستۆ ناگرێت.
هەروەها ئاماژەی بەوەشدا: حکوومەتەکەی ترەمپ لەگەڵ ھاوبەشەکانی لە ناوچەکە کار دەکات لە پێناو دووبارە ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە.
کارۆلین لێڤیت بانگەشەی ئەوەشی کرد کە ئامانجی دۆناڵد ترەمپ ئەوەیە، ئاشتی ھەمیشەیی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا لە بەرژەوەندی سەرجەم گەلانی ناوچەکە، بەدی بێت.
ھەروەھا ڕاشیگەیاند، بۆ ترەمپ ئەوە ڕوون بووەتەوە کە دەبێت ئەمریکا بەشێک بێت لە ھەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوە، ئەوەش بە ئامانجی دەستەبەرکردنی سەقامگیری لە ناوچەکە، وتیشی: بەڵام ئەمە مانای ناردنی سەرباز نییە بۆ غەززە و مانای ئەوە نییە کە ئەمریکا بوودجە بۆ ئەو ھەوڵانە تەرخان دەکات، بەڵکو مانای ئەوەیە کە دۆناڵد ترەمپ ھەوڵدەدات لەگەڵ ھاوبەشەکانمانەوە لە ناوچەکە، لەو بارەیەوە بگاتە ڕێککەوتن.
وتەبێژەکەی کۆشکی سپی لەبارەی ئەو ھاوبەشە بیانیانەی ئەمریکاوە کە پاڵپشتی لە پلانەکانی ترەمپ لە غەززە دەکەن، وتی: ترەمپ ڕوونیکردەوە ماوەیەکی زۆر ئەم بیرۆکەیەی خستووەتە ڕوو و لە لێدوانەکەی شەوی ڕابردوودا ڕایگەیاند ئەم بڕیارەی بە ئاسانی نەداوە.
وتیشی: دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە پلانەکانی لەبارەی غەززەوە لەگەڵ سەرکۆماری میسر، عەبدولفەتاح سیسی، شای بەحرێن و جێنشینی سعوودیە، قسەی کردووە و ھەفتەی داھاتوویش لەگەڵ شای ئوردن، عەبدوڵڵای دووەم قسە دەکات.
لە ٢٥ی مانگی ڕابردوو دۆناڵد ترەمپ داوای کردبوو کە زۆرەملێ فەڵەستینییەکانی غەززە بگوازرێنەوە بۆ وڵاتانی وەک میسر و ئوردن، بەڵام ئەو دوو وڵاتە بە توندی داواکەی دۆناڵد ترەمپ-یان ڕەت کردەوە.
![place for reklam](img/rek/hawlati_city.png)
![](/2022/images/video/photo_2025-02-06_20-53-48.jpg)