سەرۆکی ئەمەریکا و شای ئوردن کۆدەبنەوە

4 هەفتە لەمەوپێش
سەرۆکی ئەمەریکا، دۆناڵد ترامپ، لەگەڵ پاشا عەبدوڵای ئوردندا کۆدەبێتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی سەرۆک ترامپ پێشنیارێکی کرد بۆ دووبارە گەشەپێدانەوەی غەززە و مەترسییەکانی بڕینی هاوکارییەکانی ئەمەریکا بۆ وڵاتانی عەرەبی هاوپەیمانی ئەمەریکا ئەگەر ئەو وڵاتانە ڕەتی بکەنەوە هاووڵاتیانی فەلەستینی وەربگرن.
بڕیارە ئێوارەى ئەمڕۆ (بەکاتى ئەمریکا) ڕۆژی سێشەممە، 11ی مانگی دوو ئەو کۆبوونەوەیە ئەنجامبدرێت، ترامپ پێشنیاریکردوە ئەمەریکا کۆنتڕۆڵی غەززە بکات و دانیشتوانەکەی بگوازێتەوە و غەززە بگۆڕێت بۆ "ڕێڤیێرای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست"، وڵاتانی عەرەبیش کاردانەوەیەکی نەرێنییان هەبوو بۆ ئەو پێشنیارە.
هاوکات ڕۆژی دووشەممە حەماس وتی ئازادکردنی بارمتە ئیسڕائیلییەکان ڕادەگرێت، وتی ئیسڕائیل ڕێککەوتنی ئاگربەستەکەی بۆ کۆتایی هێنان بە هێرشەکانی پێشێل کردووە. دواتر ترامپ پێشنیاری هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنەکەی کرد ئەگەر حەماس تاوەکو کۆتایی هەفتە سەرجەم ئەو بارمتانە ئازاد نەکات کە لە 7 ی مانگی 10 ی ساڵی 2023 دا لەلایەن حەماسەوە ڕفێندران.
پاشا عەبدوڵا وتی هەر جووڵەیەک بۆ لکاندنی خاکەکە و ئاوارەکردنی فەلەستینییەکان ڕەت دەکاتەوە. ڕۆژی سێشەممە پێشبینی دەکرێت پاشا عەبدوڵا بە سەرۆک ترامپ بڵێت کە ئەو هەنگاوە ڕەنگە ببێتە هۆی بڵاوبوونەوەی توندڕەویی و بێسەروبەریی لە ناوچەکەدا، هەروەها ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی ئاشتییەکەی ئوردن لەگەڵ ئیسڕائیلدا بکەوێتە مەترسییەوە.
ترامپ ڕۆژی دووشەممە لە کۆشکی سپی سەبارەت بە پاشا عەبدوڵا وتی " پێم وایە پەنابەرەکان وەردەگرێت."
کاتێک پرسیاری لێکرا لەسەر ئەوەی ئەگەر ئوردن و میسڕ پێشنیارەکەی پەسەند نەکەن، ئایا یارمەتییەکانی ئەمەریکا بۆ ئەو دوو وڵاتە ڕادەگرێت؟ سەرۆک ترامپ وتی " بەڵێ، ڕەنگە، بە دڵنیاییەوە، بۆ نا، ئەگەر ڕازی نەبن ئەوا یارمەتییەکان ڕادەگرم."
ئوردن پێشترین میوانداریی زیاتر لە 2 ملیۆن ئاوارەی فەلەستینی کردووە لە نێو دانیشتوانە 11 ملیۆنییەکەیدا، دۆخ و دابینکردنی پێداویستی بۆ ئاوارەکان لە مێژە بوونەتە هۆی بێزاریی سەرکردایەتی وڵاتەکە. ماوەی چەندین دەیەیە ئوردن پشتی بە یارمەتییەکانی ئەمەریکا بەستووە لە ڕووی ئابووریی و سەربازیشەوە، لە ئێستادا ئەو یارمەتییانە ساڵانە دەگەنە زیاتر لە 1 ملیار دۆلار.
لە ساڵی 1994 دا ئوردن پەیماننامەیەکی ئاشتی لەگەڵ ئیسڕائیلدا واژۆ کرد، بەڵام پەیوەندییەکانی لەگەڵیدا گرژ کردووە. سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو وتی پێشنیارەکەی سەرۆک ترامپ شایەنی ئەوەیە هەوڵی بۆ بدرێت.
