ترامپ: لەگەڵ پوتین قسەم کردووەو کۆتایی بەشەڕ دەهێنین

4 هەفتە لەمەوپێش
هەرچەندە کرێملین چەند ڕۆژێک لەمەوبەر پشتڕاستی کردەوە کە ڕووسیا و ئەمریکا هێشتا وردەکاریی کۆبوونەوەی داهاتووی نێوان سەرۆک ڤلادیمێر پوتین و دۆناڵد ترەمپیان تاوتوێ نەکردووە، بەڵام ئەم دووەمیان لێدوانی نوێی دا.
سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە لەگەڵ هاوتا ڕووسیەکەی قسەی کردووە بە مەبەستی کۆتایی هێنان بە شەڕی ئۆکرانیا.
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە لەناو فڕۆکەی تایبەتى سەرۆکایەتیدا بوو، سەبارەت بەوەى چەند جار قسەی لەگەڵ پوتین کردووە، ترەمپ وتی "پێم باشە نەیڵێم".
ترەمپ هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە پوتین "نایەوێت هیچ مردنێکی دیکە زیاتر بێت"، بەپێی ئەوەی ڕۆژی یەکشەممە ڕۆژنامەی نیویۆرک پۆست بڵاویکردەوە.
هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە پێدەچێت لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا کۆببێتەوە و تاوتوێی کۆتاییهێنان بە شەڕەکە بکەن.
ترەمپ ڕوونیشیکردەوە کە هەمیشە پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ پوتین هەبووە، ئاماژەی بەوەشکرد، پلانێکی کۆنکرێتی هەیە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر ئاشکرا بکات.
هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە ئەم شەڕە زۆر خراپە و وتی "دەمەوێت کۆتایی بەشەڕو ململانێ نەفرەتییە بهێنم".
