هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ ئاژانسی نیشتمانیی بۆشایی ئاسمانی چین رایگەیاند، بە سەرکەوتوویی کەشتییەکی بێ سەرنشینیان گەیاندە سەر جەمسەری باشووری مانگ. یەکەم جارە لە مێژوودا وڵاتێک بگاتە ئەو شوێنەی مانگ. رۆژی شەممە 1-6-2024، کاژێر 11:23 خولەکی شەو (بەکاتی هەولێر)، ئاژانسی نیشتمانیی بۆشایی ئاسمانی چین رایگەیاند، کەشتی چانگە 6 بە سەرکەوتوویی لەسەر رووی مانگ نیشتووەتەوە. کەشتییەکە لە 3ی ئایاری ئەمساڵەوە نێردراوەتە بۆشایی ئاسمان و درەنگانێکی دوێنێ شەو گەیشتووەتە سەر جەمسەری باشووری رووی مانگ. ئامانجی کەشتییەکە وایە بەرد و خۆڵی سەر ئەو ناوچەیەی مانگ بگەڕێنێتەوە سەر زەوی. بڕیارە کەشتییەکە 3 رۆژ لەسەر رووی مانگ بمێنێتەوە و نزیکەی 2 کیلۆگرام خۆڵ و بەرد لە رێگەی کونکەرێک و دەستێکی میکانیکییەوە کۆبکاتەوە. ئەمە یەکەم جارە مرۆڤایەتی بەردی ئەو ناوچەیەی مانگ بگەڕێنێتەوە سەر زەوی. ئاژانسەکە رایگەیاندووە، پێش ئەوەی کەشتییەکە بنیشێتەوە، بە دەوری خولگەی مانگدا بۆ ماوەیەک خولاوەتەوە و چاوەڕێی نیشتنەوەی کردووە. کەشتییەکەی سەر مانگ دوای ماوەیەک لە خولڕۆکە (ئۆربیتەر) جیابووەتەوە و بۆ بەرزایی نزیکەی 100 مەتر لە رووی مانگ نزیک بووەتەوە. بە بەکارهێنانی لەیزەرێکی سێ رەهەندی پشکنینی بۆ بەرز و نزمی ناوچەی نیشتنەوەکە کردووە و شوێنێکی بۆ نیشتنەوەیەکی بێ ترس دیاریکردووە. تەواوی کۆقۆناخەکە لەلایەن مانگی دەستکردی چینیی چوەیچیاوەوە چاودێریکراوە. میدیای فەرمیی چین، نیشتنەوەی کەشتییەکەی لەسەر رووی مانگ بە "کاتێکی مێژوویی" پەسندکرد. چین لە 10ساڵی رابردوودا هەوڵی جیددی بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆگرامی بۆشایی ئاسمان داوە، ئەوەش بۆ رکابەریکردنی رووسیا و ئەمریکا لەو مەیدانەدا. تاوەکو ئێستا بە سەرکەوتوویی توانیویەتی رۆبۆت بۆ سەر مانگ و مەریخ بنێرێت و ئامانجیشی وایە تا 2030 مرۆڤ بنێرێتە سەر مانگ و لەسەر مانگ بنکەیەک دروست بکات.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لاپەڕەیەکی تایبەت بە خۆی لە تیکتۆک داناوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە سەرۆکی ئەمریکا بوو کامپەینێکی فراوانی دژی تیکتۆک راگەیاند و هەوڵی قەدەخەکردنی لە ئەمریکا دەدا. لە یەکەم ڤیدیۆیدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاویکردووەتەوە، ترەمپ لەگەڵ دانا وایت، سەرۆکی یو ئێف سی دا دەردەکەوێت. لە ڤیدیۆکەدا وایت دەڵێت، "سەرۆک ئێستا لە تیکتۆکە"، پاشان ترەمپ دەڵێت، "جێگەی شانازیمە". لاپەڕەکەی دۆناڵد ترەمپ لەسەر تیکتۆک باجی فەرمیی لەسەرە و تاوەکو ئێستا تەنیا یەک ڤیدیۆی تێدا بڵاوکراوەتەوە. تەنیا لە ماوەی یەک رۆژدا 650 هەزار شوێنکەوتووی لە خۆی کۆکردووەتەوە و ڤیدیۆکەش کە بڵاویکردووەتەوە 6 ملیۆن جار بینراوە. لایەنگرانی ترەمپ دەڵێن، بەشداریکردنی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە تیکتۆک بۆ ئەوەیە پەیامی، تێڕوانینی " ئەمریکا یەکەمینە"ی ترەمپ بگەیێننە هەموو سووچێکی وڵاتەکە. تۆڕی کۆمەڵایەتی تیکتۆک لەلایەن 170 ملیۆن ئەمریکییەوە بەکاردەهێنرێت. لە پێشوودا ترەمپ دژی بەکاربردنی تیکتکۆک بوو و هەوڵی قەدەخەکردنی لە ئەمریکا دەدا. دروستکردنی لاپەڕەی تیکتۆک لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە لەکاتێکدایە، دوو رۆژ لەمەوبەر لەلایەن دادگەیەکی ئەمریکاوە تاوانبارکرا بەوەی، لەو کاتەدا ویستوویەتی کامپەینی بۆ بوون بە سەرۆکی ئەمریکا کردووە، پارەی داوەتە ئەکتەرێکی فیلمە رووتەکان تاوەکو پەیوەندیی نێوانیان بشارێتەوە.
هاوڵاتی هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ دوو وەزیری راستڕۆی ئیسرائیلی هەڕەشەی ئەوە دەکەن، ئەگەر ئیسرائیل بە پێشنیازی ئاگربەستەکەی ئەمریکا قایل بێت، دەست لەکاردەکێشنەوە. ئەمە دوای ئەوەی رۆژی هەینی جۆ بایدن پێشنیازی بۆ ئاگربەستێکی "تەواوەتی" کرد. رۆژی یەکشەممە 6-2-2024، ئیتامار بن گڤیر، وەزیری ئاسایش و بیزالێل سمۆتریک، وەزیری دارایی ئیسرائیل رایانگەیاند، ئەوان بە تەواوەتی دژی ئاگربەستن. بنیامین ناتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش پێشتر ئەوەی راگەیاندبوو کە هێشتا ئامادەی ئاگربەست نین. بیزالێل سمۆتریک لە پۆستێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا رایگەیاندووە، "ئەوەم بۆ [بنیامین ناتانیاهو] روونکردووەتەوە، کە نابم بە بەشێک لەو حکومەتەی بە پێشنیازی ئاگبەستەکە رازیبێت و پێش لەناوبردنی حەماس و گێڕانەوەی تەواوی بارمتەکان جەنگ رابگرێت". هاوکات ئیتامار بن گڤیر، وەزیری ئاسایشی ئیسرائیل پێشنیازەکەی بە "لەرزۆک" و "سەرکەوتنی تیرۆر" ناوبردووە و دەشڵێت، قایلبوون بەو ئاگربەستە مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی ئیسرائیل. ئیتامار کە سەرۆکی پارتێکی هاوپەیمانی ناتانیاهووە و بەیەکەوە حکومەتی ئێستای ئیسرائیلیان پێکهێناوە دەڵێت، ئەگەر سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە ئاگربەستەکە قایلبێت، پارتی ئۆتزما یەهوودی حکومەت هەڵدەوەشێنێتەوە. لەم کاتەدا بنیامین ناتانیاهو لە ژێر گوشارێکی گەورەی ناوخۆیی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دایە. هەرچی ئیسرائیلە دابەشبوون بەسەر دوو بەرەدا، بەشێکیان دەڵێن نابێت ئاگربەستەکە قبوڵ بکرێت و بەشێکیشیان بە پێچەوانەوە. بزوتنەوەی حەماس هەرزوو رایگەیاند، پێشنیازەکەیان بە ئەرێنیانە لێکداوەتەوە و ئامادەی هەر گفتووگۆیەکن لەبارەی ئاگربەستی هەمیشەییەوە بکرێت. رۆژی هەینی، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا پێشنیازی ئاگربەستێکی سێ قۆناخیی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی 8 مانگەی نێوان ئیسرائیل و حەماس کرد. قۆناخەکان بریتین لە ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان لە بەرامبەر ئازادکردنی بەندکراوە ئیسرائیلییەکان، دواتر گفتوگۆی نێوان حەماس و ئیسرائیل بۆ دڵنیابوون لە دروستنەبوونی پێکدادانی دیکە لە داهاتوودا و پاشانیش پلانێک بۆ بنیاتنانەوەی غەززە.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ بنیامین ناتانیاهو دەڵێت، هیچ ئاگربەستێکی تاهەتایی ناکەن تاوەکو ئامانجەکانیان لە غەززە بەدەستنەهێنن، ئەویش تێکشکاندنی توانای سەربازی و بەڕێوبەرایەتی حەماس و ئازادکردنی تەواوی بارمتەکانیانە. رۆژی هەینی، 1-6-2024، بنیامین ناتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، تاوەکو ئامانجەکانیان لە غەززە بەدەستنەهێنن، ئاگربەست ناکەن. ئەمە لەکاتێکدایە، حەماس رایگەیاندووە ئەوان ئاگربەستەکە پەسەند دەکەن ئەگەر ئیسرائیلیش وابکات. قسەکانی ناتانیاهو دوای ئەوە دێت، رۆژی هەینی 31-5-2024، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا پێشنیازی ئاگربەستێکی 3 قۆناخیی بۆ وەستاندنی شەڕ لە غەززە کرد و داوای لە حەماس و ئیسرائیلیش کرد پەسەندی بکەن. لە راگەیێنراوەکەی نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلدا هاتووە، "هیچ شتێک لەبارەی کاتی کۆتایی هێنان بە جەنگەکە نەگۆڕاوە". ئاماژە بەوەکراوە، تاوەکو ئامانجەکانیان بەدەستن نەهێنن دەست لە جەنگ هەڵناگرن، ئەوانیش، "لەناوبردنی توانای سەربازی و بەڕێوەبردنی حەماس، ئازادکردنی تەواوەتی بارمتەکان و دڵنیابوونەوە لەوەی غەززە چیدیکە هەڕەشە نابێت لەسەر ئیسرائیل". باسم نەعیم، گوتەبێژی حەماس لە قەتەر بە میدیای بەریتانی راگەیاندووە، ئەوان پێشوازیان لە پێشنیازەکە کردووە، ئەوەی دەمێنێتەوە دەکەوێتە سەر ئیسرائیل. باسم ئەوەشی گوتووە، "ئەگەر ئەو [ناتانیاهو] هەوڵبدات بەردەوام بێت، هیچی دەستناکەوێت جگە لە ئامادەیی خەڵکی فەڵەستینییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی داگیرکارییەکە". تاوەکو ئێستا لە پێکهاتەکانی دیکەی حکومەتەکەی ناتانیاهوەوە هیچ قسەیەک نەکراوە، بەڵام یایر لاپید، سەرۆکی پارتی ئۆپۆزسیۆن رایگەیاندووە، پاڵپشتی ناتانیاهو دەکات ئەگەر ئاگربەستەکە پەسەند بکات. ئەمریکا، میسر، قەتەر، ئیسرائیل و بەرپرسانی حەماس چەند مانگێکە لە قاهیرە گفتووگۆ بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ دەکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ ئەنجامێکی نەبووە. جەنگی ئیسرائیل و حەماس دوابەدوای پەلامارەکەی حەماس هات بۆ سەر ئیسرائیل، کە تێیدا 1200 هاووڵاتی ناوخۆیی و بیانی و پۆلیس کوژران و 252 کەسی دیکەش بە بارمتە گیران. لە هێرشەکانی ئیسرائیلیشدا بۆ سەر غەززە، تاوەکو ئێستا 36 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و لانیکەم دوو هێندەی ئەو ژمارەیەش برینداربوون.
هاوڵاتی هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانیی هیندستان لە دوای شەش هەفتە و حەوت قۆناخی جیاواز کۆتایی هات. ئەنجامە بەراییەکان وای نیشاندەدەن، نارێندرا مۆدی بۆ جاری سێیەم دەبێتەوە سەرۆکوەزیرانی هیندستان. رۆژی شەممە، 1ی حوزەیرانی 2024، هەڵبژاردنی پەرلەمانیی هیندستان کە نزیکەی 1 ملیار کەس تێیدا مافی دەنگدانیان هەبوو کۆتایی هات. بە گوێرەی ئەنجامە بەراییەکانی دوو ئاژانسی ئەو وڵاتە، مۆدی لە 543 کورسی پەرلەمانی هیندستان توانیویەتی زیاتر لە 350 کورسی بەدەستبهێنێت. بۆ ئەوەی هەر پارتێک بتوانێت دەسەڵات لە هیندستان بگرێتە دەست، پێویستی بە 272 کورسییە. پارتەکەی سەرۆکوەزیران لە هەڵبژاردنی 2019دا 353 کورسی بەدەستهێنابوو. پێشبینی دەکرێت پارتی ئیندیا، کە پارتی ئۆپۆزسیۆنە نزیکەی 120 کورسیی بەدەستهێنابێت، بەڵام ئەو ئەنجامانە رەتدەکەنەوە و بە پڕوپاگەندە ناوی دەبەن. هەڵبژاردنی پەرلەمانیی هیندستان لە 19ی نیسانی ئەمساڵەوە دەستی پێکردووە و شەش هەفتەی خایاند. لە هەلبژاردنەکەدا نزیکەی یەک ملیار کەس مافی دەنگدانیان هەبوو. دەنگدان بە حەوت قۆناخی جیاواز بەڕێوەچوو. ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکە لە 4ی حوزەیرانی ئەمساڵ رادەگەیێنرێت. ئەگەر مۆدی لە هەڵبژاردنەکاندا بیباتەوە، ئەوە دەبێتە دووەم سەرۆکوەزیران لە مێژووی هیندستان کە توانیبێتی 3 جار لەسەر یەک حکومەتی هیندستان بەڕێوەبەرێت. مۆدی لە بانگەشەکانیدا بەردەوام باسی ئەو دەستکەوتانەی دەکرد لە 10 ساڵی رابردوودا بەدەستی هێناوە و یەکێک لەو تۆمەتانەش کە دەیدایە پاڵ پارتی ئۆپۆزسیۆن ئەوەبوو، ئەو پارتە لایەنگری پێکهاتەی موسڵمانان لە هیندستان دەکات. ئەمڕۆ نزیکەی 100 ملیۆن کەس لە کۆتا قۆناخی هەڵبژاردنەکەدا دەنگیاندا، لەبەر بەرزبووەنەوەی پلەی گەرما بۆ 48 پلەی سلیزی، لانیکەم 33 کەس گیانیان لەدەستداوە.
هاوڵاتی یەکێتی ئەوروپا بە فەرمی رایگەیاند "وەزیری بەرگری کۆماری ئیسلامی و فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی بە هۆکاری ناردنی ئەو مووشەک و درۆنانەی کە دژی ئیسرائیل و ئۆکراین، هەروەها لە لایەن حووسییەکانەوە لە دەریای سوور دژی کەشتییەکان بەکار ئەبرێن، کەوتوونەتە لیستی گەمارۆکانەوە". پێشتر لەلایەن دیپلۆماتەکانی یەکێتی ئەوروپاوە راگەیەندرابوو کە محەمەد رەزا ئاشتیانی، وەزیری بەرگری ئێران لە لیستی گەمارۆکاندایە، بەڵام رۆژی هەینی 31ی ئایار راگەیەندرا، ئیسماعیل قائانی، فەماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لەبەر ئەوەی دەور و نەخشی بووە لە ناردنی مووشەک و درۆن بۆ حزبوڵڵای لوبنان کە دژی ئیسرائیل بە کاری دەبات و هەروەها ناردنی مووشەک بۆ حووسییەکان کە بازرگانی ئازاد لە دەریای سووری خستۆتە مەترسییەوە لە لیستی گەمارۆکاندایە. فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران کە پێشتر قاسم سولەیمانی فەرماندەیی دەکرد، دەورێکی بەرچاوی هەیە لە فێرکردن و پڕچەککردنی هێزە بریکارەکانی سەر بە ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. یەکێتی ئەوروپا هەروەها ناوەندی "خاتم الانبیا"ی سوپای پاسداران و فەرماندەکەی " غولامعەلی رەشید" خستۆتە لیستی گەومارۆکانەوە. ناوەندی "خاتم الانبیا" دیارترین ناوەندی جەنگی کۆماری ئیسلامییە. هێزی دەریایی سوپای پاسدارانیش بە هەمانشێوە کەوتوونەتە لیستی گەمارۆکانی یەکێتی ئەوروپاوە، هەروەها کۆمپانیای "کاوان ئیلکترۆنیک بێهراد" لەگەڵ "مەهدی دێهقانی محەممەد ئابادی" بەڕێوەبەری گشتی ئەم کۆمپانیایەو حسێن هاتفی ئەردەکانی، جێگری بەڕێوبەری گشتی ئەم کۆمپانیایە لە لیستی گەمارۆکاندان. بە هەمانشێوە ئەفشین خواجە فەرد، بەڕێوبەری گشتی رێکخراوی پیشەسازی ئاسمانی وەزارەتی بەرگری کۆماری ئیسلامی کەوتۆتە لیستی گەمارۆکانەوە. بەپێی ئەم گەمارۆیانە، دارایی ئەم کەسانە و ئەم رێکخراوانە لە یەکیەتی ئەورووپا دەستی بەسەردا دەگیردرێت و مافی ئەوەیان نییە سەفەر بکەن بۆ یەکێتی ئەوروپا.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ سکرتێتی گشتیی ناتۆ داوا لە ئەندامانی ناتۆ دەکات، لەمەودوا ساڵانە بە لایەنی کەمەوە 40 ملیار یۆرۆ بۆ ئۆکراینا دابین بکەن. ئەوەش بۆ بەردەوامبوونی بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی رووسیا و بەرگریکردن لە خاکەکەی کە رووسیا بەشێکی کۆنترۆڵکردووە. رۆژی هەینی 31-5-2024، یانس ستۆڵتەنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ رایگەیاند، "لە دوای داگیرکاریی گشتگیری رووسیاوە، هاوپەیمانان بە نزیکەیی 40 ملیار یۆرۆ هاریکاریی سەربازییان داوەتە ئۆکراینا بۆ هەر ساڵێک. پێویستە لەو ئاستەدا پاڵپشتی خۆمان ساڵانە بۆ ئۆکراینا بهێڵینەوە، تا ئەو کاتەی پێویستە". لەکاتێکدا رووسیا لە هێرشەکانی بۆ سەر ئۆکراینا بەردەوامە و لەم دواییەشدا چڕی کردووەتەوە، بەرپرسانی ناتۆ لە پراگ ئامادەکاری بۆ لوتکەی تەمموز دەکەن. لەو لوتکەیەدا ناتۆ ئاهەنگی 75 ساڵەی دامەزراندنی دەگێڕێت و پلان بۆ هاریکاریکردنی داهاتووی ئۆکراینا دادەنێت. ستۆڵتەنبێرگ دەڵێت، دەبێت لە لوتکەکەی ئەم جارەی واشنتندا ئەوە دڵنیابکەنەوە کە ئۆکراینا لەمەودوا توانای پلاندانانی هەبێت و توانای هێرشکردنی پێشوەختەی لەکاتی مەترسی هێرش بۆ سەری هەبێت.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ پیاوێک لە ئەڵمانیا بە چەقۆ هێرشدەکاتە سەر ژمارەیەک چالاکڤان کە خۆیان وەک دژ بە "ئیسلامی سیاسی" لە ئەڵمانیا دەناسێنن. هێرشبەرەکە ریشدارە و پۆلیس تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەکی لەسەر ئاین و ناسنامەی ئاشکرانەکردووە. نیوەڕۆی رۆژی هەینی 31-5-2024، لە شاری مانهاینی ئەڵمانیا هێرشبەرێک بە چەقۆ پەلاماری گرووپێکیدا کە کامپەینێکیان دژی "ئیسلامی سیاسی" لە ئەڵمانیا لە ناوەندی ئەو شارە راگەیاندبوو. پۆلیس راگەیاندووە، هێرشبەرەکە شەش کەسی بە چەقۆ بریندارکردووە کە یەکێکیان پۆلیسێک بووە لەکاتی رووداوەکەدا هەوڵی پاراستنی گیانی قوربانییەکانی داوە. هێرشەکە نزیکەی کاژێر 11:30 خولەکی بەیانی لە ناوچەی مارکپلاز، لە ناوەندی شاری مایهان کراوە. ئەوانەی کامپەینەکەیان راگەیاندووە، رێکخراوی پاکس ئەوروپان، کە وەک گرووپێکی دژە "ئیسلامی سیاسی" خۆیان دەناسێنن. لە شوێنە گشتییەکاندا لەبارەی "مەترسی زیادبوون و کاریگەریی ئیسلامی سیاسی" بۆ خەڵک دەدوێن. پۆلیس دەڵێت پێنج کەس و ئەفسەرێکی پۆلیس کە چەند جارێک چەقۆ بەر سەر و ملی کەوتووە بریندارکراون. یەکێکی دیکەش لە بریندارەکان مایکڵ ستورەنبەرگەر، چالاکڤانی دژە ئیسلامە کە یەکێکە لە ئەندامە سەرەکییەکانی ئەو رێکخراوە. ئەوە چەند کاژێرێک بەسەر رووداوەکەدا تێپەڕیوە و بەرپرسان رایانگەیاندووە، جارێ ناتوانن زانیاری لەبارەی سەختی بریندارەکانەوە بدەن و ناسنامەی هێرشبەرەکەش هێشتا دیار نییە. نانسی فیزەر، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا رایگەیاند، لێکۆڵینەوەکان بۆ دیاریرکردنی دنەی هێرشەکە دەستیپێکردووە. ئەوەی باسکرد، "ئەگەر لێکۆڵینەوەکان بیسەلمێنن دەستێکی ئیسلامی لە پشتەوە هەبووە، ئەوە دەبێتە دڵنیاییەکی دیکە لە توندوتیژی ئیسلامی" لە ئەڵمانیا. ئۆلاف شۆڵز، راوێژکاری ئەڵمانیاش نیگەرانی خۆی لەبارە هێرشەکەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوکردەوە و گوتی، "ئەوەی لە مانهایم روودەدات زۆر خراپە و توندوتیژی لە ناو دیموکراسیی ئێمەدا قبوڵکراو نییە".
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ جۆ بایدن رایگەیاند، ئیسرائیل پێشنیازێکی بۆ ئاگربەست لە جەنگەکەی دژی حەماس بەرامبەر رادەستکردنەوەی بارمتەکانی ئیسرائیل راگەیاندووە؛ هەروەها داوا لە حەماس دەکات پێشنیازەکە قبوڵبکەن. رۆژی هەینی 31-5-2024، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بە رۆژنامەڤانانی گوت، "کاتی ئەوە هاتووە ئەم جەنگە کۆتایی بێت و رۆژی دوای ئەو دەستپێبکات". راگەیێنراوەکەی جۆ بایدن لەکاتێکدایە، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا نزیکە و بایدن لە ژێر گوشارێکی زۆری نێودەوڵەتیدایە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە. گفتووگۆکانی ئاگربەستی غەززە بە نێوەندگیری ئەمریکا، قەتەر و میسر تاوەکو ئێستا بێ ئەنجام ماونەتەوە. هەریەک لە حەماس و ئیسرائیلیش یەکدی بە دانانی مەرجی قورس و هەنگاونەنان بۆ ئاگربەست تۆمەتباردەکەن. تاوەکو ئێستا حەماس و ئیسرائیل هیچ لێدوانێکیان لەسەر قسەکانی جۆ بایدن نەداوە. بایدن رایگەیاندووە، لە قۆناخی یەکەمی ئاگربەستەکەدا حەماس بارمتەکان رادەستدەکاتەوە و ئیسرائیلیش بەندکراوە فەڵەستینییەکان ئازاد دەکات. خەڵکی غەززە دەگەڕێنەوە فەڵەستین و ئیسرائیل لە غەززە دەکشێتەوە، هەروەک رۆژانە 600 بارهەڵگری خۆراک و هاریکاریی مرۆیی دیکە دەگەیێنرێنە دەست خەڵکی غەززە. بایدن دەڵێت، لە قۆناخی دووەمی ئاگربەستەکەدا حەماس و ئیسرائیل دەچنە سەر مێزی گفتووگۆ و لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتن دەکەن تاوەکو چیدی توندوتیژی روونەدات. ئەوەشی بە روونی گوت، "لەو ماوەیەدا کە گفتووگۆ دەکرێت، ئاگربەستەکە بەردەوامی دەبێت". ئەوەشی گوت، قۆناخی سێیەم بریتی دەبێت لە داڕشتنەوەی پلانێک بۆ بنیاتنانەوەی غەززە. هەروەها بایدن داوای لەو بەرپرسانەی ئیسرائیل کرد کە وەک خۆی دەڵێت، هەوڵی دروستکردنی جەنگێکی "تاهەتایی" دەدەن، بیروڕای خۆیان بگۆڕن.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ بەهۆی رۆچوونی پردێکەوە لە کۆڵۆمبیا دوو ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیلێک دەکەونە خوارەوە و چوار کەس گیان لەدەست دەدەن. هۆکاری داڕووخانی پردەکە بۆ گۆڕانی کەشوهەوا و بارانی زۆر دەگەڕێتەوە. رۆژی هەینی 31-5-2024، جولیۆ ئۆلایا، سەرۆکی پۆلیسی شاری بارانکیلای کۆڵۆمبیا رایگەیاند، بەهۆی بارانی زۆرەوە پردێک داڕووخاوە و دوو ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیلێکی تێکەوتوون. لە رووداوەکەدا چوار کەس گیانیان لەدەستداوە و 3 کەسی دیکەش برینداربوون. حکومەتی کۆڵۆمبیا رایگەیاندووە، پێشبینی دەکەن دیاردەی ئەل نینۆ وابکات رووداوی زیاتری لەم جۆرە لە داهاتوودا رووبدەن، چونکە بارانی بەخوڕتر دەبارێت و زەوی تەڕتر دەبێت. بۆیە هۆشداری داوەتە هاووڵاتیان وریابن. رووداوە سرووشتییەکان لە جیهاندا ژمارەیان روو لە زیادبوونە، هەفتەی رابردوو لە نیو گینی زەوییەک رۆچوو و لانیکەم 2000 کەسی ژێر زەوی کرد و تا ئێستا نزیکەی 700 کەس گیانیان لەدەستداوە. رووداوی لافاوی بەهێز و تۆڕنادۆش بەشێک لە وڵاتانی جیهانی وەک ئەمریکا و ئەفغانستانی گرتووەتەوە و بەهۆیەوە سەدان کەس لەمساڵدا گیانیان لەدەستداوە.
هاوڵاتی ئەمڕۆ هەینی 31ی ئایاری 2024، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ ماوەی 19 مانگ رۆڵی یۆنامی لە عێراق درێژکردەوە، واتە ئەرکەکانی یۆنامی لە عێراق تاوەکو کۆتایی ساڵی 2025 بەردەوام دەبێت. نێردەى نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یۆنامى) لە ساڵى 2003ـوە لە عێراق کاردەکات. سەرۆکى نێردەکە، نوێنەرى سکرتێرى گشتیى نەتەوە یەکگرتووەکانە. پێشتر، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە 8ی نیسانى 2024 لە نامەیەکی کە بۆ سکرتێرى گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانی ناردووە، داوا دەکات تاوەکو کۆتایی 2025، کۆتایی بە ئەرکى یونامى بهێندرێت لە عێراق، تاوەکو ئەو کاتەش تەنیا کارەکانى لە چەند بوارێک تەواو بکات و رێوشوێنەکانى داخستنى ئەو نێردەیە بگرێتەبەر.
هاوڵاتی بە هۆی ئەوەی لە رۆژانی رابردوودا پلەکانی گەرما گەیشتۆتە سەرووی 45 پلە، 54 کەس لە هێندستان گیانیانلەدەستدا. میدیاکانی هێندستان رایانگەیاند، بە هۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە لەو وڵاتەدا، 54 کەس مردوون و هاوکات دادگای ئەیالەتی راجستان، داوای لە دەوڵەتی هێندستان کردووە دۆخی کوتو پڕ رابگەیەنێت . میدیاکانی هێندستان رۆژی هەینی 31ی ئایاری 2024، رایانگەیاند، لە رۆژەکانی رابردوودا پلەکانی گەرما گەیشتۆتە سەروی 45 پلەوە و بەو هۆیەوە 54 کەس مردوون . ئەمەش لە کاتێکدایە، لە هەندێ شوێن پلەکانی گەرما بەرز بوونەتەوە بۆ سەروی 47 پلە.
هاوڵاتی کەناڵی تەلەفیزیۆنی حووسیەکانی یەمەن رایگەیاند، کە بە هۆی هێرشی ئاسمانی هێزە هاوبەشەکانی ئەمریکا و بەریتانیاوە لە شەو و رۆژی رابردوودا 14 کەس کوژراون و 30 کەس بریندار بوون. سێنتکۆم ، ناوەندی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا، رایگەیاند، ئەم هێرشانە لە تۆڵەی هێرشێ حووسییەکاندا بووە بۆ سەر کەشتییەکان لە دەریای سوور. سێنتکۆم وتیشی، بە مووشەک 13 شوێن لە یەمەن کە بە دەست حووسییەکانەوە بووە کراوەتە ئامانج، هەروەها 8 درۆنی حووسییەکان خراوەتە خوارەوە. لە چەند مانگی رابردوودا، حووسییەکان بەردەوامن لە هێرشکردن بۆ سەر کەشتییە بازرگانی و سەربازییەکان لە دەریای سوور. رۆژی چوار شەممە 29ی ئایار حووسییەکان رایانگەیاند درۆنێکی ئەمریکی لە جۆری MQ-19یان لە پارێزگای مەعاریب لە باشووری رۆژهەڵاتی یەمەن خستۆتە خوارەوە، هاوکات راشیانگەیاند، هێرشیان کردە سەر 6 کەشتی لە دەریای سوور.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ ئەوە دوو رۆژە کۆریای باکوور سەدان زەرفی زبڵی بە باڵۆندا بۆ کۆریای باشوور ناردووە. لە زەرفەکاندا هەموو جۆر پیساییەکی وەکو پارچەی جل، دایبی، پیسایی ئاژەڵ و پاشماوەی جگەرەی تێدایە. رۆژی چوارشەممە 30-5-2024، کیم یۆ جونگ، خوشکەکەی سەرۆکی کۆریای باکوور پشت راستیکردەوە، کە بە باڵۆندا پیسایی و زبڵیان بۆ کۆریای باشوور بە مەبەستی 'هەڕەشەکردن" و وەک وەڵامێک بۆ چالاکڤانەکانی ئەو وڵاتە ناردووە. لە شەوی سێشەممەوە، لانیکەم 260 باڵۆن کە زەرفی زبڵیان پێوە لکاوە لە کۆریای باکوورەوە رەوانەی کۆریای باشوور کراون و لە شوێنی جیا جیای ئەو وڵاتەدا دۆزراونەتەوە. کۆریای باشوور دەستبەجێ دەستی بە لێکۆڵینەوەی لە زەرفە زبڵەکان کردووە و رایگەیاندووە، لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دەرکەوتووە هیچ مادەیەکی زیانبەخشی کیمیایی، بایۆلۆجی یان تیشکدەرەوە لە نێو زەرفەکاندا نەبوون. ئەمە جاری یەکەم نییە لە کۆریای باکوورەوە زەرفی زبڵ یان کەرەستەی دیکە بۆ دراوسێ هاونیشتمانەکەی بنێردرێت. لە 2016دا ژمارەیەک باڵۆن، کە زبڵ و سیدی پەستێنراو و پەڕەیان تێدابوو، بۆ کۆریای باشوور نێردران و لە کاتی بەربوونەوەیاندا زیانیان بە ژمارەیەک ئۆتۆمبێل گەیاند. مێژووی ئەم کارە بۆ جەنگی نێوان هەردوو کۆریا دەگەڕێتەوە لە ساڵی 1950 بۆ 1953، کە وەک شەڕێکی دەروونی بەرامبەر یەکتر بەکاریان دەهێنا و زبڵ و نوسراوی هەراسانکەریان لە نێو زەرفدا بە باڵۆندا بۆ یەکدی دەنارد.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ ئاژانسی پۆلیتیکۆ دەڵێت، لە زاری دوو بەرپرسی باڵای ئەمریکاوە زانیویانە، جۆ بایدن بە نهێنی رێگەی بۆ ئۆکراینا کردووەتەوە چەکی ئەمریکا بۆ هێرشکردنە سەر ناو خاکی رووسیا بەکاربهێنن. رۆژی پێنجشەممە 30-5-2024، بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت بە ئاژانسی پۆلیتیکۆی راگەیاندووە، "سەرۆک کەمێک لەمەوبەر تیمەکەی راسپاردووە رێگە بە ئۆکراینا بدەن چەکی ئەمریکا بۆ بە گژداچوونەوەی هێرشی رووسیا بۆ سەر شاری خارکیڤ، لە ناو رووسیاوە، بەکاربهێنن". واتە ئۆکراینا بۆی هەیە لەو کاتەدا کە زانیاری هەیە لە ناو رووسیاوە، هێرشی مووشەکی یان ئاسمانی دەکرێتە سەر، لەکاتی روودانی هێرشەکەدا یان پێش روودانی، بە چەکی ئەمریکا هێرش بکاتە سەر هێزەکانی رووسیا. ئەو بەرپرسە باڵایەی ئەمریکا ئەوەی ئاشکراکردووە، ئەمریکا هێشتا رێگەی نەداوە بە ئۆکراینا چەکەکانی بۆ هێرشی دوور مەودای قووڵی ناو خاکی رووسیا بەکاربهێنرێت. واتە، ئۆکراینا دەتوانێت هێزەکانی رووسیا کە لە ناوچە سنوورییەکانی رووسیا جێگیرکراون بکاتە ئامانج. دوای هێرشی دووبارەی سەرەتای ئەم مانگەی رووسیا بۆ سەر هەرێمی خارکیڤی ئۆکراینا، کیێڤ داوای لە ئەمریکا کرد ئەو گەمارۆیەی لەسەر هێرشەکانی داینابوو بە چەکی ئەمریکی بۆ ناو خاکی رووسیا لابدات. رووسیا لە رابردوودا ئەوەی بە روونی بە وڵاتانی رۆژئاوا راگەیاندووە، بە هیچ جۆرێک سازش لەسەر هێرشکردنەسەریان بە چەکی ئەو وڵاتانە ناکەن و وەڵامی زۆر توندیان دەبێت.