هاوڵاتی ئێران و ئەمریكا لە گەرمەی بانگەشەی دژ بەیەكدا دانوستانی ناڕاستەوخۆیان دەست پێكردووە و ئیسرائیلیش دەڵێت پابەندنی هیچ رێككەوتنێكی نێوان ئەو دوو وڵاتە نابێت و واشنتۆنیش ئەوە دووپاتدەكەنەوە كە رێككەوتن نییەو لێكتێگەیشتنە. سەرەڕای ئەوەی كۆشكی سپی لە دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئەمریكا رەتی كردوەتەوە هیچ دانوستان لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران بكات بە مەبەستی زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015 ، بەڵام دەركەوتوە بەرپرسانی ئەمریكا و و ئێران لە دەوحە و نیویۆرك و مەسقەت دانوستانیان كردووە. ئیسرائیل رایگەیاندوە رێككەوتنەكەی نێوان تاران و واشنتۆن دەبێتە هۆی ئەوەی ئێران بەرنامەی دروستكردنی چەكی ئەتۆمی پێش بخات و سەدان ملیۆن دۆلاری دەستكەوێت و ببێتە هەڕەشەیەكی ئاشكرا بۆ تێكدانی ئاسایشی ناوچەكە. ئیسرائیل و رۆژنامەیەكی ئەمریكا ئاشكرایان كردووە ئازادكردنی دوو ملیار و 700 ملیۆن دۆلاری ئێران لە عێراق و چاوپۆشیی واشنتۆن لە بەرزبونەوەی فرۆشی نەوتی ئەو وڵاتە بەشێك بووە لە رێككەوتنەكە. هەروەها ئاماژەیان بەوەكردووە كە» واشنتۆن هەوڵ دەدات ئێران رازی بكات موشەك و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بە روسیا نەفرۆشێت بە ئامانجی بەكارهێنانی لە جەنگی ئۆكرانیا و بە گەشتی بڕیارە زیاتر لە بیست ملیار دۆلاری ئێران ئازاد بكرێت هەر لە چوارچێوەی ئەو رێككەوتنەدا كە ئەمریكا بە لێكتێگەیشتن ناوی هێناوە».   ئەمریكا و ئێران لە بانگەشەی جەنگەوە بۆ رێككەوتنی ژێربەژێر ئەگەرچی بۆ یەكەمجار ئیسرائیل دانوستانە نهێنییەكانی نێوان بەرپرسانی كۆشكی سپی و تاران ئاشكرا كرد، بەڵام رۆژنامەی (نیۆیۆرك تایمز) زانیارییەكانی ئەو دانوستانانەی بڵاو كردوەتەوە و نوسیویەتی:»  بە پێی ئەو دانوستانانە لە چوارچێوەی رێككەوتنێكی نوێ بڕیارە 20 ملیار دۆلار لە پارە بلۆككراوەكانی ئێران ئازاد بكرێت و لە بەرامبەریشدا سێ هاوڵاتی ئەمریكی-ئێرانی لەلایەن كۆماری ئیسلامییەوە ئازاد بكرێن. هەر بە پێی ئەو زانیارییانە ئەمریكا ئامادەیی دەربڕیووە سزاكانی ئێران قورستر نەكات لە بەرامبەر راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆمی 60% لە وێستگە ئەتۆمییەكانی ئەو وڵاتە و هاوكات بڕێكی زیاتر لە نەوتەكەی هەناردەی دەرەوە بكات كە ئاماژەكانی ئەو رێككەوتنەش دەركەوتوە و ئێران لە مانگی رابردوودا فرۆشی نەوتی رۆژانەی گەیاندوەتەوە یەك ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل. نیۆیۆرك تایمز ئاشكرای كردووە كە بەرپرسانی ئەمریكا چالاككردنەوە رێككەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015 كە ساڵی 2018 لێی كشاونەتەوە رەتدەكەنەوە، چونكە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی وڵاتەكە (كۆنگرێس) بە زۆرینە دژی زیندوكردنەوەی رێككەوتنەكەن و ئیدارەی ئیستای جۆ بایدن، ناتوانێت ئەو رێككەوتنە راستەخۆ چالاك كاتەوە. ئەگەرچی ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوە و جۆن كیربی، وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی ئەمریكا ئەنجامدانی رێككەوتنیان لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران رەتكردوەتەوە، بەڵام لە نوێترین لێدوانیاندا دانیان بەوەدا ناوە كە واشنتۆن بە بەردەوامی كەناڵی گفتوگۆكردنی لەگەڵ تاران بە كراوەیی هێشتوەتەوە و دیپلۆماسی بە باشترین رێگای چارەسەری كێشەكان ناو هێناوە. ئەمریكا لە رێگەی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی داوای لە ئێران كردووە هەنگاو بنێت بۆ كەمتركردنەوەی گرژییەكان لە ناوچەكەدا. بەرپرسانی ئەمریکا و ئێران لە دەوحەو نیۆرک و مەسقەت دانوستانیان کردووە  لە كاتێكدا فەرماندەكانی سوپای ئەمریكا و بەرپرسانی ئەمنیی و سەربازیی رایانگەیاندوە ژمارەی فڕۆكە جەنگییەكانی ئەو سوپایە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە رێژەی 50% زیاد دەكرێن و بۆمبی تایبەت بە سەنگەرشكێن بەكاردەهێنرێت و بۆمبی 113 كیلۆیی لە فڕۆكە جەنگییەكانی جۆری (وارتاگ) لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبەسترێت كە بە ئامانجی تێكشكاندانی سەنگەر و وێرانكاریی حەشارگەكان و بڕینی ئەو شوێنانەیە كە لە ژێر زەویی بە مەبەستی سەربازیی دروست كراون. وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا رۆژی یەكشەممە (8/4/2023) یەكێك لە ژێردەریاییەكانی وڵاتەكەی بە ئامانجی بەرەنگاربونەوەی هێرشەكانی ئێران لە سوریا رەوانەی كەنداو كردوە و بۆ یەكەمجاریش بووە كە جوڵەی ئەو ژێردەریاییەی بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاشكرا كرد. بە وتەی تیم هاوكینز، وتەبێژی یەكەی پێنجەمی هێزە دەریاوانییەكانی سوپای ئەمریكا ژێردەریایی (یو ئێس ئێس فلۆریدا) رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كراوە كە هەڵگری 154 موشەكی جۆری (تۆماهۆك)ە و ئامانجەكانی بە وردی دەپێكێت و لە ئەگەری رودانی مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لەرێگەی ئەو ژێردەریاییەوە كاردانەوەی دەبێت. بەگشتی ئێران و ئەمریكا لە دوو مانگی رابردوودا زۆرترین بانگەشەی سەربازییان دژی یەكتر كردوە، بەڵام وەك ئیسرائیل ئاشكرای كردوە لە لایەك بانگەشەی جەنگ بوە و لە لایەكی دیكە دانوستانی ژێربەژێر لە دوو وڵاتی عەرەبی عومان و قەتەر و لە نیویۆرك-ی ئەمریكا لە نێوان بەرپرسانی ئەو وڵاتە و ئێران بەڕێوەچووە.   ئەمریكا هەوڵی دابڕانی ئێران لەروسیا دەدات بە وتەی جۆن كیربی مۆسكۆ و تاران سەرقاڵی بەرفراوانكردنی ئاستی هاوكارییە سەربازییەكانیانن و ئێران لە مانگی ئابی ساڵی رابردوەوە تا ئێستا 400 فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی جۆری (خۆكوژ)ی رادەستی روسیا كردەوە و سوپای پاسداران بە رێگریی و دەستبەسەرداگرتنی كەشتییە بازرگانییەكان و نەوتهەڵگرەكان لە گەروی هورمز بووەتە هۆی تێكدانی ئاسایش و سەقامگیریی كەنداو. بە پێی ئەو زانیارییانەی رۆژنامەی نیویۆرك تایمز بڵاوی كردوەتەوە ئامانجی سەرەكی ئێستای كۆشكی سپی لە دانوستانەكان راگرتنی هاوكاریی سەربازیی نێوان ئێران و روسیایە و هاوكات بە دەركەوتنەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی پێشوی ئەمریكا لە هەڵبژادنەكانی داهاتوی وڵاتەكە نایەوێت واشنتۆن روبەڕوی قەیران یان پێكدادانی توند لەگەڵ ئێران ببێتەوە. ئەمریکا چاوپۆشی لە زیادکردنی فرۆشتنی نەوتی ئێران دەکات و لە ئێستادا ڕۆژانە یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی خاو هەناردە دەکات  ئیسرائیل بە هیچ رێككەوتنێكی ئەمریكاو ئێران رازی نییە بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە كۆبونەوەی لەگەڵ دەستەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پەرلەمانی وڵاتەكەی رایگەیاند؛ واشنتۆن هەوڵی رێككەوتنێكی بچوك لەگەڵ تاران دەدات و بڕیارە لە چوارچێوەی ئەو رێككەوتنەدا ژمارەیەك هاوڵاتیی ئەمریكی كە لە ئێران زیندانیی كراون ، ئازاد بكرێن. هەروەها ئەوەی خستتەڕوو كە 90%ی مەترسییە ئەمنییەكانی سەر ئیسرائیل لە لایەن كۆماری ئیسلامی ئێران و چەكدارە هاوپەیمانەكانیەتی لە ناوچەكەدا بۆیە تەلئەبیب پابەندی هیچ رێككەوتنێكی واشنتۆن و تاران نابێت. وتەكانی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە كاتێكدایە بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئاماژەیان بە دانوستانی ناڕاستەوخۆی ئەمریكا و ئێران كردووە. پێشتر رۆژنامەی (جۆرۆسەلیم پۆست)ی چاپی ئیسرائیل بڵاوی كردبوەوە كە ئەمریكا سەرقاڵی رێككەوتنی ژێربەژێرە لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران پێدەچێت پیتاندنی یۆرانیۆم لە 60% كەمتر بكرێتەوە و ژمارەیەك هاوڵاتی ئەمریكی-ئێرانی ئازاد بكرێن.      

ژمارەیەک کۆمپانیای نێودەوڵەتیی رایدەگەیەنن لە ماوەی سێ ساڵدا زۆرترین هەلی کار بۆ پەنابەران لە ئەوروپا مسۆگەر دەکەن. تەلەفیزیۆنی (یۆرۆنیوز) بڵاوی کردەوە: بڕیارە 40 کۆمپانیای گەورەی نێودەوڵەتیی لە ماوەی سێ ساڵدا 250 هەزار پەنابەر لە وڵاتانی ئەوروپا دامەزرێنن یان هەلی کاریان بۆ دەستەبەر بکەن. کۆمپانیاکانی (ئەدیداس، ئەکسێنتور، ئەمازۆن، هیلتۆن، پێپسی، ستارباکس) لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا رایانگەیاندوە؛ زیاتر لە 13 هەزار پەنابەر بە شێوەی راستەوخۆ دادەمەزرێنن و راهێنان بە  86 هەزار پەنابەر دەکەن بە ئامانجی دۆزینەوەی و دەستەبەرکردن کار. ئاماژە بەوە کراوە کۆمپانیای مایکرۆسۆفت و کۆمپانیای ئەکسێنتور راهێنان بە 40 هەزار پەنابەر دەکەن و کۆمپانیای ئەمازۆن بە تەنها پێنج هەزار پەنابەر دادەمەزرێنێت. بڕیارە ئەو 40 کۆمپانیا نێودەوڵەتییانەی کە لقی سەرەکیی یان ناوەندێکیان لە کیشوەری ئەوروپا هەیە لە ماوەی سێ ساڵدا ئەرکی دەستەبەرکردنی کار بۆ 250 هەزار پەنابەری ئەو کیشوەرە لە ئەستۆ بگرن و پابەندبن بە دابینکردنی کار بۆ پەنابەران.

دەست بەسەر بینایەکی سەرۆک کۆماری پێشوی ئێراندا دەگیرێت کە بڕیاربو وەک شوێنی نیشتەجێبونی و نوسینگەی کارەکانی سودی لێورگیرێت. میدیای سەر بە باڵی توندڕەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بڵاوی کردوە؛ حەسەن رۆحانی ، سەرۆک کۆماری پێشوی کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی نایاسایی خانویەکی گەورەی لە یەکێک لە گەڕەکی جەماران یەکێک لە گرانبەهاکانی تاران-ی پایتەخت دروست کردوە کە لە لایەن حکومەتەوە دەستی بەسەردا گیراوە. ئاژانسی هەواڵی تەسنیم دیمەنی خانوەکەی سەرۆک کۆماری پێشوی بڵاو کردوەتەوە و ئاماژەی بەوە کردوە لە سێ نهۆمە و کەنتۆر و کەوانتەرەکانی لە باشترین و گرانبهاترین دار و تەختە دروست کراون و سەرجەم شوشە و جامخانەکانی گوللـە نەبڕن. ئەو ئاژانسە ئاشکرای کردوە کە رۆحانی بە زۆر و بە شێوەیەکی نایاسایی ئەو بینایەی بە ناوی (سەلام) بە ئامانجی نیشتەجێبون و بەڕێوبردنی کارەکانی دروست کردوە بەڵام بە بڕیاری حکومەت لە زیادکردنی ئاشکرادا دەفرۆشرێت و پارەکەشی بۆ ناوچە هەژارانشینەکان تەرخان دەکرێت. لە ماوەی رابردودا ناکۆکییەکانی دوو باڵی محافزکار و ریفۆرمخوازی کۆماری ئیسلامی توندتر بوەتەوە و باڵی محافزکار کە لە ئێستادا هەر سێ سەرۆکایەتییەکانی بەدستەوەیە هێرشی راگەیاندنی بۆ رکابەرەکەی توند کردوەتەوە. باڵی ریفۆرم لە لایەن محەمەد خاتەمی، سەرۆک کۆماری پێشوتری ئێران رێبەرایەتیی دەکرێت و باڵی محافزکار عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی بە پێشەنگ و پێشەوای خۆیان دەزانن.

هاوڵاتی ده‌سه‌ڵاتی تاڵیبان له‌ ئه‌فغانستان ئەو رۆژەی دوایین سەربازی بیانی وڵاتەکەی جێهێشت، وەک پشووی نیشتمانیی ناساند. لە راگه‌یه‌ندراوێكدا کە نووسینگەی حکوومەتی کاتیی تاڵیبان بڵاویکردووه‌تەوە، بەو پێیە 31ی ئاب هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ كشانه‌وه‌ی دوایین سه‌ربازی بیانی له‌ ئه‌فغانستان و رۆژی كۆتاییهاتنی داگیركاریی ئەفغانستانه‌، وەک پشووی نیشتمانیی لە سەرتاسەری وڵاتدا ناسێندرا. دوای ئه‌وه‌ دانوستانەكانی ئاشتی له‌ نێوان حکوومەتی ئەفغانستان و تاڵیبان هیچ ئه‌نجامێكی نه‌بوو، ململانێکانی نێوان لایەنەکان لە هاوینی 2021دا تاویان سه‌ند و تاڵیبان دەستیکرد بە کۆنترۆڵکردنی یه‌ك له‌دوای یه‌کی شارەکانی ئەفغانستان. هاوتەریب لەگەڵ ئەوه‌دا هێزه‌ بیانییەکان كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ناتۆدا له‌ ئه‌فغانستان بوون، کشانەوەی سه‌ربازانیان خێراتر کردبوو. بەو شێوەیەش دوایین سەربازی ئەمەریکی لە 31ی ئابی 2021دا کۆتایی هات و بەپێى بڕیارێکى حکومەتى تاڵیبانیش ئەو رۆژە کراوە بە پشوى نیشتمانیى لەسەرتاسەرى وڵاتدا.

هاوڵاتی ڕۆژنامەیەکی فەڕەنسی بڵاویکردەوە کە ئیمانیۆل ماکرۆن لە هەوڵێکی تیرۆر کردن ڕزگاری بووە. بەگوێرەی ڕۆژنامەی پاریسیانی فڕەنسی پۆلیسی فڕەنسا چالاکوانێکی دەستگیرکرد کە گومانی ئەوەی لێدەکرێت هەوڵی تیرۆرکردنی ئیمانوێل ماکرۆنی دابێت  دەڵێت ئەمڕۆ شەممە ئەو هاوڵاتییە  لەژێر لێکۆڵینەوەدا بوە و ئێستا لە زینداندایە. بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، باس لە ڕوداوێک دەکرێت کە لە 27ی نیسان لە سەردانەکەی سەرۆکی فڕەنسا بۆ ناوچەی دۆ بە بۆنەی 175 ساڵەی هەڵوەشاندنەوەی کۆیلایەتی لەو وڵاتە ڕویداوە، هەروەها هەواڵی بەشداریکردنی ماکرۆن بڵاوبۆوە و خۆپیشاندان دەستی پێکرد و هاوڵاتییان هەوڵیانداوە پشتوێنەی ئەمنی ببەزێنن بۆیە سەرۆکی فەڕەنسا لە ناوچەکە دورخراوەتەوە و لەو کاتەدا دوای کۆتاییهاتنی ڕوداوەکە، چالاکوانێکی فەڕەنسی تەمەن 20 ساڵ لەکاتی ئەوەی ماکرۆن  لە ناوچەکە بە هێلیکۆپتەر چۆتە دەرەوە  بۆمبێکی دوکەڵی ئاراستەی هێلیکۆپتەرەکە کردوە، لە کۆتایی لێکۆڵینەوەکاندا ناسنامەی ئەنجامدەرەکە دەستنیشانکرا، دوای ئەوەی ماکرۆن گەیشتەوە شوێنی مانەوەی خۆی، ئەو تۆمەتبارە دەستگیرکرا. داواکاری گشتی دژەتیرۆر بە سێ تۆمەتی هەوڵدان بۆ لەناوبردنی هێلیکۆپتەرێکی پۆلیس و هەوڵدان بۆ تیرۆرکردنی ئەو کەسانەی کە لەناو ئەو هێلیکۆپتەرەدا بون و هەوڵدان بۆ تیرۆرکردنی سەرۆکی وڵات تۆمەتباری دەکات.

هاوڵاتی کۆشکی سپی وەڵامی لێدوانەکانی ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی روسیای سەبارەت بە ئەگەری بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی دایەوە و رایگەیاند، واشنتن هیچ دەستکارییەکی لە دۆخی ئەتۆمی خۆیدا نەکردوە. کۆشکی سپی لەوەڵامی لێدوانەکانی ڤلادیمیر پوتن، ڕایگەیاند، "ئەمریکا لە وەڵامی ئەو لێدوانانەدا هیچ دەستکارییەکی لە دۆخی ئەتۆمی خۆیدا نەکردوە". ئۆلیڤیا داڵتۆن، جێگری وتەبێژی کۆشکی سپی، پابەندبونی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکای بە بنەمای بەرگریکردن لە یەکتر لە ناتۆ پشتڕاستکردەوە. ئەو لێدوانانە دوای ئەوە هات، کە پوتن رایگەیاندبو، کە ڕوسیا دەتوانێت "لە ڕوی تیۆریەوە" چەکی ئەتۆمی بەکاربهێنێت ئەگەر مەترسی لەسەر یەکپارچەیی خاکی یان بونی هەبێت، بەڵام لە ئێستادا پێویستی بەو شتە نییە. ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە کۆڕبەندی ئابووریی سان پیتەرسبۆرگ رایگەیاند، رووسیا بۆمبی ئەتۆمی لە بێلاڕووس جێگیرکردووە و ئاماژەی بەوەشکرد، تاوەکو کۆتایی هاوینی ئەمساڵ، ژمارەیەکی دیکە چەکی ئەتۆمی لەو وڵاتە جێگیر دەکرێن.  پووتین گوتی، "لەگەڵ هاوپەیمانەکەمان لۆکاشینکۆ، گفتوگۆمان کرد بۆ ئەوەی بەشێک لە چەکە ئەتۆمییە ستراتیژییەکەمان بگوازینەوە بۆ نێو خاکی بێلاڕووس؛ ئەوەش روویداوە". پووتین گوتیشی، "ئەوە رێوشوێنێکی خۆپارێزییە بۆ هەموو ئەوانەی کە بیر لە رووسیا و شکستە ستراتیژییەکەی دەکەنەوە."  لە درێژەی قسەکانیدا وتی، "روسیا ئەگەر بیەوێت دەتوانێت بەشێک لە ناوەڕاستی کیێڤ لەناوببات لە وەڵامی ئیستفزازەکاندا، بەڵام ئەو کارە ناکات"، جەختیشی لەوە کردەوە کە "هێرشی بەرپەرچدانەوەی ئۆکرانیا هیچ چانسێکی سەرکەوتنی نییە". ئەوە لە کاتێکدایە رۆژی 14-6-2023، ئەلێکساندەر لۆکاشینکۆ، سەرۆکی بێلاڕووس لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە رووسیا بەشێک لە چەکە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەی لە بێلاڕووس جێگیرکردووە و گوتی، "هیچ دوودڵ نابین لە بەکارهێنانی ئەو چەکانە ئەگەر رووبەڕووی شەڕەنگێزی ببینەوە."  لە شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینادا ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی رۆژئاوا پشتگیریی خۆیان بۆ ئۆکراینا راگەیاندووە و جگە لە یارمەتی دارایی، چەندین جۆر چەک و کەرەستەی سەربازییان بۆ ئۆکراینا دابینکردووە.

هاوڵاتی نوێنەری دەزگای لوتکە لە وڵاتی یۆنان ڕایگەیاند، پاش ئەوەى لە ڕۆژى ١٤ـی ئەم مانگە کەشتییەکى گواستنەوەى کۆچبەران لە دەرباى ناوەڕاست ژێر ئاو کەوت، تا ئێستا ٧٩ تەرم دۆزراونەتەوە و ٣٥٠ کەسى دیکەش بێسەروشوێنن، دەشڵێت، پێدەچێت کەشتییەکە زیاتر لە ٥٠٠ کۆچبەرى هەڵگرتبێت. لەبەرەبەیانی ١٤ ی ئەم مانگە کەشتییەکی گەورەی ماسیگرتن لە لیبیاوە بەرەو ئیتاڵیا بەڕێکەوت و ژمارەیەکی زۆر خەڵکی هەڵگرتبوو، بەڵام لە باشوری ڕۆژئاوای پیلۆس لە یۆنان ژێر ئاوکەوت. لەوبارەوە  حسێن حەمە ساڵح نوێنەری دەزگای لوتکە بۆ کاروبارى ئاوارە و پەنابەران لە وڵاتی یۆنان ڕایگەیاندووە، بەپێى زانیارییە فەرمییەکان، تا ئێستا ١٠٤ کەس ڕزگارکراون، ٧٩ تەرم لە دەریادا دۆزراونەتەوە و زیاتر لە ٣٥٠ کەسیش بێسەروشوێنن. نوێنەری دەزگای لوتکە بۆ کاروبارى ئاوارە و پەنابەران لە وڵاتی یۆنان ئاماژەى بەوەشکردووە، پێدەچێت کەشتیەکە زیاتر لە ٥٠٠ کۆچبەرى هەڵگرتبێت، کە سەرنشینەکانى بە زۆری خەڵکى پاکستان، میسر و سوریان. ئەوەشى خستووەتەڕوو، ژمارەیەکی زۆر لە کەشتییەکانى ناوچەکە لەگەڵ پاسەوانانی کەنار دەریا و سوپا بەشدارن لە هەوڵەکان بۆ دۆزینەوە و ڕزگارکردنی سەرنشینانى کەشتیەکە . لە کۆتاى قسەکانیدا نوێنەری دەزگای لوتکە بۆ کاروبارى ئاوارە و پەنابەران لە وڵاتی یۆنان وتویەتى، تەرمى قوربانیەکان گوازراونەتەوە  بۆ ناوچەى کالاماتا و لە ئێستاشدا کارمەندانی پزیشکی لە بەندەرەکە جێگیرکراون بە مەبەستى یارمەتیدانى ڕزگاربووەکان. لە ساڵی 2019دا 80,454 کۆچبەر گەیشتنە یۆنان، بە ئامارەکانەوە دیارە کە تاوەکو ساڵی 2023 ژمارەکان داکشاون، لە 2022دا بۆ 12,758 کۆچبەر دابەزیوە، لە سەرەتای ئەمساڵیشەوە تاوەکو ئێستا 6500 کۆچبەر گەیشتوونەتە یۆنان. بەگوێرەی ئامارەکانی حکومەتی یۆنان، لە ساڵی 2022دا پۆلیسی وڵاتەکە رێگریی لە 256 هەزار کۆچبەری نایاسایی کردووە بچنە نێو خاکی وڵاتەکەی، هەروەها 1300 کەسی دیکەشیان دەستگیر کردووە کە قاچاخچی بوون.

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایدەگەیەنێت؛ ئەمریکا و ئێران لە رێککەوتن نزیک بونەتە بەڵام تەلئەڤیڤ بابەندی هیچ رێککەوتنێکی نێوان ئەو دوو وڵاتە نابێت. بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کۆبونەوەی لەگەڵ دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی وڵاتەکەی رایگەیاند؛ واشنتۆن هەوڵی رێککەوتنێکی بچوک لەگەڵ تاران دەدات و بڕیارە لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەدا ژمارەیەک هاوڵاتیی ئەمریکی کە لە ئێران زیندانیی کراون ، ئازاد بکرێن. وتویەتی: 90%ی مەترسییە ئەمنییەکانی سەر ئیسرائیل لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێران و چەکدارە هاوپەیمانەکانیەتی لە ناوچەکەدا بۆیە تەلئەڤیڤ پابەندی هیچ رێککەوتنێکی واشنتۆن و تاران نابێت. وتەکانی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کاتێکدایە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئاماژەیان بە دانوستانی ناڕاستەوخۆی ئەمریکا و ئێران کردوە و لە بەرامبەریشدا واشنتۆن رەتی کردوەتەوە هیچ رێککەوتنێک کرابێت. پێشتر رۆژنامەی (جۆرۆسەلیم پۆست)ی چاپی ئیسرائیل بڵاوی کردبوەوە کە ئەمریکا سەرقاڵی رێککەوتنی ژێربەژێرە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی پێدەچێت پیتاندنی یۆرانیۆم لە 60% کەمتر بکرێتەوە و ژمارەیەک هاوڵاتیی ئەمریکی-ئێرانی ئازاد بکرێن.

هاوڵاتی ئیلۆن ماسک بازرگان و ملیاردێری ئەمریکی لەبارەی تێکشکان و لەناوبردنی ئەو تانکە ئەڵمانیانەی کە دراون بە ئۆکرانیا رایدەگەیەنێت، سوپای کیێڤ راهێنانی پێویستی لەبارەی ئەو تانکانە پێنەکراوە.  ئیلۆن ماسک لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر، دەڵێت، بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی لە چەند ڕۆژی ڕابردودا لە تویتەر بڵاوکراونەتەوە، روسیەکان تانکەکان تێکدەشکێنن، لەبەرئەوەی سوپای ئۆکرانیا بە رێژەیەکی پێویست ڕاهێنانی پێنەکراوە بۆ بەکارهێنانیان، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە پێداویستییە نوێیە ئەگەرییەکان بێسود دەبن. بە وتەی ئەلێکسی ڕزنیکۆڤ وەزیری بەرگری ئۆکرانیا، وڵاتانی ڕۆژئاوا تا کۆتایی مانگی (ئایار)ی ئەمساڵ نزیکەی 60 تانکی لیۆپارد-2یان ڕادەستی کیێڤ کردبو، لە مانگی شوباتیشدا وەزارەتی ئابوری ئەڵمانیا ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر هەناردەکردنی تا 178 تانکی لیۆپارد-1A5 بۆ ئۆکرانیا. ڕۆژی شەممەی رابردوو، وەزارەتی بەرگری ڕوسیا لەناوبردنی چوار تانکی لیۆپارد-2ی لە کاتی هەوڵەکانی هێزەکانی ئۆکرانیا بۆ هێرشکردن بە ئاراستەکانی باشوری دنێتسک و زاپۆریژیا ڕاگەیاند و سێ تانکی دیکەش ڕۆژی یەکشەممە لەناوبران

هاوڵاتی  بەرەبەیانی ئەمڕۆ هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی – ناتۆ گەورەترین مانۆڕی ئاسمانی لە مێژووی خۆیدا بەناوی ئێر دیفێندەر ٢٣ بە بەشدارى ١٠ هەزار سەرباز و ٢٥٠ فڕۆکەى جەنگى دەستپێکرد و چالاکیەکەش تا ڕۆژى ٢٣ ى ئەم مانگە درێژەى دەبێت. ئاماژە بەوەکراوە، لە مانۆڕەکەدا هەریەکە لە وڵاتانى سوید و ژاپۆن بەشدار دەبن و ئامانجیش لەم چالاکییە نیشاندانی یەکگرتووی هاوپەیمانێتییەکەیە لە دژی هەر هەڕەشەیەکى دەرەکی بۆسەر ناوچەکان. لە درێژەى ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، ئێمە بەرگری لە خاکی سەرجەم ئەندامەکانمان دەکەین و بنەمای کارکردنی هاوپەیمانێتییەکەمان بەرگریکردنە نەک هێرشبردن. ئەمە لە کاتێکدایە لە ٢٤ی شوباتی ٢٠٢٢ـەوە هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا دەستی پێکردووە، زیاتر لە ساڵێکە جەنگ لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا بەردەوامە و لە ڕۆژى ٣٠ ـى مانگى ئەیلولى ساڵى ڕابردوو سەرۆکى ڕووسیا لە ٢٠%ـى خاکى ئەو وڵاتەى بەفەرمى خستە سەر نەخشەى ناوچەکەى.  

هاوڵاتی سەرۆکوەزیرانی سوید، ئوڵف کریستیرسۆن رایگەیاند، رێگەیان بە هێزەکانی ناتۆ داوە بە شێوەیەکی کاتی لە وڵاتەکەیدا جێگیر بکرێن. کریستێرسۆن و وەزیری بەرگریی سوید، پال جۆنسن لە گوتارێکی هاوبەشدا کە بۆ رۆژنامەی Dagens Nyheter نووسیوویانە، ئاماژەیان بەوە داوە کە هەڕەشەکانی رووسیا بۆ سەر وڵاتەکەیان بەردەوامە، بۆیە حکوومەتی سوید رێگەی بە سوپا داوە لەگەڵ وڵاتانی ئەندامی ناتۆ ئامادەکاریی بکات بۆ ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە داهاتوودا. له گوتارەکەدا هاتووە: "رووسیا هێشتا هەڕەشەیە بۆ سەرمان، لە ئەگەری هاتنەپێشەوەی قەیران یان شەڕدا پێویستە بتوانین بە خێرایی سەرچاوە سەربازییەکانی گەلانی دیکه بهێنینە ناوچەکەمان. وەک حکوومەتی سوید رێگەمان دا سەربازانی ناتۆ بەشێوەیەکی کاتی له ناوچەکەماندا جێگیر بن". لە حوزەیرانی ساڵی 2022ەوە سوێد بانگێشتکراوە ببێتە ئەندامی ناتۆ. بۆ ئەوەی ببێتە ئەندام، پێویستە هەر 31 ئەندامەکە رازی بن، بەڵام تورکیا و هەنگاریا هێشتا ئامادە نین گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵبکەن.  تەنیا ئەو وڵاتانەی بوونەتە ئەندام، بڕگەی پێنجەمی پەیماننامەی ناتۆ دەیانگرێتەوە کە دەڵێت، هێرش بۆ سەر یەک ئەندام، بە هێرش بۆ سەر هەمووان دادەنرێت. 

بومەلەرزە لە رۆژهەڵاتی کوردستان زۆر بوە و زۆربەیان لە ورمێ و کرماشان رو دەدەن. ناوەندی چاودێریی بومەلەرزە لە ئێران بڵاوی کردوەتەوە؛ تەنها لە هەفتەی رابردودا هەشت جار بومەلەرزە ناوچەکانی پارێزگای کرماشانی گرتوەتەوە کە گوڕەکەیان لە نێوان 2.5 بۆ 4.7 پلە بە پێوەری ریختەر بوە. ئەو بومەلەرزانە ناوچەکانی قەسری شیرین و داڵاهۆ-ی لە کرماشان گرتوەتەوە و رۆژی یەکشەممەی هەفتەی رابردو کاتژمێر 8:21 بومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.7 پلە بە پێوەری ریختەر لە داڵاهۆ رویدا و وتەبێژی مانگی سوری کرماشان رایگەیاند؛ بومەلەرزەکە زیانی گیانی لێنەکەوتوەتەوە و تەنها تیمەکانیان کەوتونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە. ناوەندەکە ئاماژەی بەوە لەو هەفتەیەدا زیاتر لە دوو بومەلەرزە لە شاری خۆی و ناوچەکانی دیکەی پارێزگای ورمێ بە گوڕی 2.5 بۆ 3 بە پێوەری ریختەر رویداوە. هاوکات لەگەڵ کرماشان و ورمێ زیاتر لە دوو  بومەلەرزە لە کامیاران سەر بە پارێزگای سنە رویداوە کە گوڕەکانیان لە نێوان 2.5 بۆ 3 پلە بە پێوەری ریختەر بوە. ناوەندی چاودێریی بومەلەرزە رایگەیاندوە؛ زیاترین بومەلەرزە لە ماوەی یەک هەفتەدا لە کرماشان تۆمار کراوە و زیانێکی گیانیی لێنەکەوتوەتەوە.

رۆژنامەیەکی ئێران ئاشکرای دەکات تەنها لە ماوەی پێنج رۆژدا ژمارەیەک ژن لەو وڵاتە و رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون کە بە زۆر و لە تەمەنی کەمدا هاوسەرگیرییان کردوە. رۆژنامەی (ئیعتیماد) لە ژمارەی ئەمڕۆ پێنجشەممەدا بڵاوی کردەوە؛ لە سەرەتای مانگی بەهاری ئەمساڵەوە تا ئێستا 10 ژن لە ئیران کوژراون و لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش تەنها لە پێنج رۆژدا چوار ژن کورژراون کە لە تەمەنی کەمدا ناچار کراون بە هاوسەرگیریی. بە پێی زانیارییەکانی ئەو رۆژنامەیە زیاترین ژن کە لە تەمەنی کەمدا ناچار بە هاوسەرگیریی کراون لە پاڕێزگاکانی ورمێ و سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون. رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردوە؛ لە ماوەی پێنج رۆژی هەفتەی رابردو تا سێی ئەم مانگە چوار ژن لە گوندەکانی سنە و ورمێ لە ژێر ناوی پاراستنی شەرەف لە لایەن ئەندامانی خێزانەکانیان وەک باوک و برا کوژراون.  ئیعتیماد رونی کردوەتەوە زۆربەی ئەو ژنانە لە تەمەنی کەمتر لە 15 ساڵ ناچار بە هاوسەرگیریی کراون و بونەتە قوربانیی هاوسەرگریی زۆرە ملێ لە تەمنی کەمدا. پێشتر ئەو رۆژنامەیە ئاشکرای کردبو کە لە ماەی نۆ مانگدا لانیکەم 27 هەزار و 448 کچ لە ناوچە جیاوازەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان هاوسەرگیرییان کردوە کە تەمەنیان لە 15 ساڵ کەمتر بوە.

هاوڵاتی وەزارەتی تەندروستی روسیا رایگەیاند، بەهۆی خواردنەوەی کحولی زیانبەخشەوە 29 کەس گیانیان لەدەستداوە و 61 کەسی دیکەش ژەهراووی بون کە زیاتر لە نیوەیان باری تەندروستییان ناجێگیرە. وەزارەتی تەندروستی روسیا رایگەیاندوە، کۆی گشتی قوربانیانی ژەهراویبون بەکحولی زیانبەخش لەناوچەکانی روسیا 90 کەسن کە لەنێویاندا 29 کەس گیانیان لەدەستداوە، 61 کەسیشیان ژەهراوی بون کە زیاتر لە 30 کەسیان باری تەندروستیان ناجێگیرە. بەگوێرەی میدیاکانی ڕوسیا، قوربانییەکان خواردنەوەیەکی کحولییان خواردوەتەوە بەناوی "مستەر سایدەر" کە میتانۆلی ژەهراوی زۆری تێدابوە، بڕی ئەم خواردنەوەیە بەسەر هەندێک فرۆشگادا دابەشکراوە کە مەی دەفرۆشن دەسەڵاتداران پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ ڕوداوەکە کردەوە و فەرمانی دەستبەسەرداگرتنی سەرجەم ئەو بڕە خراپانەی ماددە کحولیەکانیان دەرکردوە، ئەم خواردنەوەیە لە شاری سامارا بەرهەم هێنراوە کە دەکەوێتە سەر ڕوباری ڤۆڵگا

هاوڵاتی رووسیا دەڵێت، هێرشێکی سوپای ئۆکرانیایان  بۆ سەر هەرێمی دۆنێتسک تێکشکاندووە. روون نییە هێرشەکەی ئۆکرانیا بۆ سەر دۆنێتسک بەشێکە لەو هێرشە هەڵگەڕاوەیەی کیێڤ لە سەرەتای ئەمساڵەوە بانگەشەی بۆ دەکات یاخود نا. ئیگور کوناشینکۆڤ، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری روسیا رایگەیاند، ئۆکرانیا ھێرشی کردووەتە سەر پێنج ناوچە لە بەری باشوری ناوچەی دۆنیتسک، بەبێ ئەوەی ئامانجەکەیان بپێکن. وتیشی، ھێزەکانی روسیا بە سەرۆکایەتی سەرۆک ئەرکانی سوپای روسیا بەرپەرچی ھێرشەکەیان داوەتەوە و زیانی گەروەیان پێگەیاندوون، بەشێوەیەک زیانە گیانییەکان ٢٥٠ کەسن لە ھێزەکانی ئۆکراین و ١٦ تانک و ٢١ ئۆتۆمبێلی سەربازیشیان زیانیان بەرکەوتووە.  لە سەرەتای ئەمساڵەوە ئۆکرانیا بانگەشە بۆ هێرشی پێچەوانە بۆسەر پێگەکانی سوپای رووسیا لە ئۆکرانیا دەکات، تاوەکو بتوانێت بەشێک لەو خاکەی لەلایەن رووسیاوە کۆنترۆڵ کراوە، وەربگرێتەوە. تاوەکو ئێستا وەزارەتی بەرگریی ئۆکرانیا هیچ لێدوانێکی لەبارەی هێرشەکەوە بڵاونەکردووەتەوە. هاوکات جەیک سۆلیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا رایگەیاند، ھێرشی پێچەوانەی ئۆکرانیا بۆ سەر ناوچەکان، ھاوکار دەبێت بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی چەندین ناوچەی ستراتیژی، کە ئێستا لەژێر کۆنترۆڵی روسیادایە. جەختیشی کردەوە لەوەی، واشنتۆن دەیەوێت ھاوکاری کیێڤ بکات بۆ بەرەوپێشچوون لە گۆڕەپانی جەنگدا.