هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ لە حەوت رۆژی رابردوودا لافاو شاری ریۆ دی گراند دۆ سوول لە بەرازیل گرتووەتەوە و تاوەکو ئێستا 74 کەس گیانیان لەدەستداوە و 103 کەسی دیکەش بێسەرووشوێنن. ئەمە جگە لەوەی دەیان هەزار کەس ئاوارەبوون. رۆژی یەکشەممە 5-5-2024، حکومەتی بەرازیل رایگەیاندووە، بەهۆی لافاوەوە لانیکەم 74 کەس گیانیان لەدەستداوە و 103 کەسیش بێسەرووشوێنن. هەروەک 88 هەزار هاووڵاتیش لە ماڵەکانیان هەڵبڕاون. بە گوێرەی ئاماری حکومەتی بەرازیل، لانیکەم 16 هەزار هاووڵاتی ناچار بە ئاوارەبوون بوون. لافاوەکە زیانی گەورەی بە هێڵەکانی گواستنەوە و کارەباش گەیاندووە، لە ئامارێکدا ئەوە خراوەتەڕوو، 800 هەزار هاووڵاتی بەبێ ئاو ماونەتەوە. ئاستی ئاوی رووباری گواهیبە کە بە نێو ئەو شارەدا دەڕوات 5 مەتر و 33 سانتیممەتر بەرزبووەتەوە، بەمەش بەرزترین ئاستی لە مێژووی پێوانەی ئاستی رووبارەکەدا تۆمارکردووە. لە ساڵی 1941 واتە 83 ساڵ لەمەوبەر ئاستی ئاوەکە 4 مەتر و 76 سانتیممەتر بەرزببووەوە. بە گوێرەی پەیمانگەی کەشناسیی نیشتمانیی بەرازیل، لە دووشەممەی رابردووەوە لە هەندێک ناوچە زیاتر لە 300 ملیمەتر باران باریوە، ئەوەش هۆکاری لافاوەکەیە. ئەمە جاری چوارەمە لە کەمتر لە ساڵێکدا رووداوە ژینگەییەکان کارەسات لە بەرازیل دەنێنەوە. لە لافاوی مانگەکانی تەمموز و ئاب و تشرینی دووەمی 2023شدا 75 کەس لەو وڵاتە گیانیان لەدەستداوە.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ ئیسرائیل داوای لە دەیان هەزار هاووڵاتی فەڵەستینی لە شاری رەفحەی باشووری کەرتی غەززە کردووە چۆڵی بکەن، ئەوەش چونکە تەلئەڤیڤ نیازی وایە ئۆپەراسیۆنی زەمینی "بۆ سڕینەوەی تەواوەتی حەماس" بۆ سەر ئەو شارە بکات. سەرلەبەیانی رۆژی دووشەممە 6ی ئایاری 2024، سوپای ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاندووە، هێرشێک "بەوپەڕی هێزەوە" دەکاتە سەر حەماس لە رەفحە، کە وەک خۆی باسی دەکات دوایین پەناگەی حەماسە. راگەیێنراوەکەی سوپای ئیسرائیل ئەوەندەی دیکە هەوڵی نێوەندگیرە نێودەوڵەتییەکانی وەک قەتەر و ئەمریکای بۆ ئاگربەست سەختترکردووە. بەڕێوبەری دەزگای سی ئای ئەی ئەمریکا و بەرپرسانی باڵای قەتەریش هۆشدارییان داوە کە ئەگەر ئیسرائیل هێرش بۆ سەر رەفحە بکات، گفتووگۆکانی پەیوەست بە ئاگربەست پاشەکشە دەکات. کۆڵۆنێل نەداڤ شۆشانی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل دەڵێت، داوا لە نزیکەی 100 هەزار هاووڵاتی فەڵەستینی لە رەفحە کراوە ناوچەکە چۆڵبکەن. باسی لەوەکردووە، سوپای ئیسرائیل هێرشێکی سنووردار بۆ سەر چەند ناوچەیەکی ئەو شارە دەکات کە حەماس وەک پەناگە بەکاریان دەهێنێت. ئەو هەنگاوەی سوپای ئیسرائیل دوای ئەوە دێت، رۆژی یەکشەممە 6ی ئایار، چەکدارانی حەماس لە رەفحەوە بە مووشەک هێرشیان کردە سەر سوپای ئیسرائیل و بەهۆیەوە سێ سەربازی ئەو وڵاتە کوژران. ئەوە حەوت مانگە شەڕی نێوان بزوتنەوەی حەماس و ئیسرائیل دەستیپێکردووە؛ ئەوەش دوای ئەوەی لە 7ی تشرینی یەکەمی 2022 چەکدارانی حەماس بە مووشەک و هێرشی زەمینی پەلاماری ئیسرائیلیاندا.
هاوڵاتی لە دووهەمین رۆژی گەڕی نوێی وتووێژەکانی قاهیرە بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە جەنگی غەزە، قسەکانی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و سکرتێری مەکتەب سیاسی حەماس، هیواکانی بۆ گەیشتن بە رێککەوتن کاڵ کردۆتەوە. بێنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئەمڕۆ یەکشەممە ٥ی نیسان ڕایگەیاند، "هەرچەند ئیسرائیل دەیەوێت جەنگی غەزە بە مەبەستی ئازادی بارمتەکان رابگیردرێت، بەڵام حەماس، سوورە لە سەر هەڵوێستە توندڕەوانەکانی و دەیەوێت ئێمە هەموو هێزەکانی خۆمان لە کەرتی غەزە بکێشینەوەو جەنگ کۆتایی پێ بێت و بهێڵین جارێکیتر حەماس بە دەسەڵات بگاتەوە، ئیسرائیل بەم شتە رازی نییە." وتیشی، ڕازی بوون بە خواستەکانی حەماس بە مانای " خۆبەدەستەوەدان"ی ئیسرائیلە و جارێکیتر جەختی کردەوە ئیسرائیل تا گەیشتن بە ئامانجەکانی درێژە بە جەنگ ئەدات. "لەناوبردنی تەواوەتی حەماس" وەک ئامانجی سەرەکی ئیسرائیل زۆرجار لە لایەن سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و بەرپرسانی دیکەی ئەو وڵاتەوە باسی لێوەکراوەو رایانگەیاندوە ئامانجیان لە هێرش بۆ سەر غەزە نەهێشتنی تەواوەتی حەماسە. لە بەرامبەردا و وەک وەڵامدانەوەی وتەکانی نتانیاهۆ، ئیسماعیل هەنیە، سکرتێری مەکتەب سیاسی حەماس لە راگەیاندنێکدا باسی لەوە کرد کە ، حەماس دەیەوێت ئاگربەستێکی گشتگیر بگەن کە کۆتایی بە "داگیرکاری" ئیسرائیل بهێنێت، گەرەنتی بێت بۆ چوونە دەرەوەی هێزە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە غەزە و بارمتە ئیسرائیلییەکان لەگەڵ زیندانییە فەلەستینییەکان بگۆڕدرێنەوە." هەنییە لەم راگەیاندنەدا باسی لەوە شکردووە کە ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەیەوێت بەردەوام بێت لە دەستدرێژییەکانی بۆ سەر فەلەستین و جەنگ بەربڵاوتر بێت و کێشە بۆ هەوڵەکانی نێوانگیرەکان و لایەنە جیاوازەکان دروست بکات. هاوکات سەرچاوە فەلەستینییەکان بە رۆیتەرزیان راگەیاندوە، حەماس سوورە لەسەر هەڵوێستی خۆی کە هەر رێککەوتنێک بۆ ئاگربەست ئەبێ بە مانای کۆتایی هاتن بە جەنگ بێت. لەهەمانکاتدا سەرەڕای هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ ڕازی کردنی ئیسرائیل ،بەڵآم هێشتا نوێنەرەکانی خۆی نەناردووە بۆ قاهیرە و گفتووگۆکان بە شێوەی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ حەماس و لە ڕێگای نێوانگیرەکانەوە بەڕێوە ئەچێت. سەبارەت بە هۆکاری ئەمەش بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیلی رۆژی شەممە ٤ی ئەیار بە میدیاکانی فەڕەنسای گوتووە ، ئیسرائیل کاتێک بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ ئامادەی دانوستانەکان دەبێت کە بزانێت ت پێشکەوتنی بەرچاو لە گفتووگۆکاندا هەیە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن. رۆژی هەینیش ٣ی ئەیار، رۆژنامەی واڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری سەرچاوەیەکی میسرییەوە رایگەیاندبوو، ئیسرائیل ١ هەفتە مۆڵەتی بە حەماس داوە بەوەی رازی بێت بە رەشنووسی رێککەوتنەکان کە ئامادە کراوە، بە پێچەوانەوە هێرشی سەربازی بۆ سەر رەفەح دەست پێدەکات. قسەکردن سەبارەت بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر رەفەح لەکاتێکدایە کە ئەمریکا وەک گەورەترین پشتیوانی ئیسرائیل و یەکێک لە وڵاتە نێوانگیرەکان لە وتووێژەکان بۆ رێککەوتنی ئاگربەست، زۆرجار دژایەتی خۆی لە هێرش بۆ سەر رەفەح دەربڕیوە بەتایبەت گەر پلانێکی گونجار نەخرێتە روو بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی کە بۆ ئەو ناوچەیە ئاوارە بوون. ههوڵهكانی نێوهندگیری میسر، قهتهر و ئهمریكا، بۆ گهیشتن به ئاگربهست لهنێوان ئیسرائیل و بزووتنهوهی حهماس له كهرتی غهززه، چهند مانگێكه له پشت پهردهوه بهردهوامه. هێشتا نزیكهی 129 بارمتهی ئیسرائیلیمان له غهززه ههیه، له كۆی نزیكهی 250 بارمته كه له 7ی تشرینی یهكهمی ساڵی ڕابردوودا لهلایهن حهماسهوه دهستبهسهركرابوون، لهكاتێكدا بهپێی وتهی بهرپرسانی ئیسرائیل 35یان گیانیان لهدهست داوه. نوێترین هێرشی حەماس ؛ هێرش بۆ سەر ڕێگای پەڕینەوە کەرەم شالۆم: لە کاتێکدا وتووێژەکان لە قاهیرە بەڕێوە ئەچێت، سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ یەکشەممە ٥ ئەیار رایگەیاند حەماس هێرشی کردۆتە سەر "رێگای پەڕینەوە کەرەم شالۆم" لە نێوان ئیسرائیل و کەرتی غەزە و بەم هۆیەوە ڕێگاکە داخراوە. بە وتەی سوپای ئیسرائیل، "حەماس بە هەڵدانی ١٠ مووشەک هێرشی کردۆتە سەرئەو ڕێگایە و ئەوەش بۆتە هۆی وەستاندن و راگرتنی گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بە هاوڵآتیانی ئاوارەی کەرتی غەززە." دوا بە دوای هێرشەکەش لقی سەربازی حەماس چەند کاتژمیر دواتر بەرپرسایەتی ئەم هێرشەی گرتە ئەستۆ و وتی بنکە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە نزیک رێگای کەرەم شالووممان کردۆتە ئامانج.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ دەزگای نیشتمانی کەشناسیی پاکستان دەڵێت، 63 ساڵە لە مانگی نیساندا هێندەی ئەمساڵ باران نەباریوە. باسیش لەوە دەکات، بڕی بارانبارینی نیسانی ئەمساڵ دوو هێندەی نیسانی ئەو ساڵانەی دیکەیە. رۆژی هەینی 3-5-2024، دەزگای کەشناسیی نیشتمانیی پاکستان بڵاویکردەوە، بارانبارینی نیسانی ئەمساڵ بەراورد بە 63 ساڵی رابردوو 164٪ زیادیکردووە. لە نیسانی ئەمساڵدا پاکستان بارانی بەلێزمە رووی تێکردووە و بەهۆیەوە ژمارەکەی زۆر هاووڵاتی گیانی لەدەستداوە و ژمارەیەک ماڵ و باڵەخانەش زیانیان بەرکەوتووە. شارەزایانی کەشناسی دەڵێن هۆکاری بارانە زۆرەکە گۆڕانی کەشوهەوایە. بارانە زۆرەکە زیانی زیاتری بە هەرێمی خایبەر پەختونخوا لە باکووری رۆژئاوا و هەرێمی بەلووچستان لە باشووری رۆژئاوای وڵاتەکە گەیاندووە. بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان، تەنیا لە مانگی نیساندا 143 کەس بەهۆی لافاو و هەورەبروسکەوە لە پاکستان گیانیانلەدەستداوە. لە 2022شدا لافاوێکی زۆر رووی لە پاکستان کرد کە بەهۆیەوە 1700 کەس گیانیان لەدەستدا و ملیۆنان خانوو رووخیان یان زیانیان بەرکەوت. هەروەک زەوییەکی زۆری کشتووکاڵیش لافاو بردی. بە گوێرەی ئاماری حکومەتی پاکستان، لافاوەکەی 2022، 30 ملیار دۆلار زیانی بە ئابووری ئەو وڵاتە گەیاندووە. لافاوەکەی 2022ی پاکستان بە جۆرێک بوو، لە چەند ساتێکدا سێیەکی وڵاتەکە لە ژێر ئاودا بوو. زانایانی بواری لەشناسی لە تەواوی جیهان لۆمەی گۆڕانی کەشوهەوایان بۆ ئەو دۆخە ناهەموارە کرد.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا دەڵێت، ناتۆ ئامادەکاری بۆ شەڕکردن لەگەڵ رووسیا دەکات. ئەمەش لەکاتێکدایە ناتۆ سەرقاڵی مانۆڕێکی سەربازیی فراوانە لە رۆژهەڵات و باکووری ئەوروپا. رۆژی شەممە 4-5-2024، ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، "ئێستا ناتۆ سەرقاڵی ئەنجامدانی گەورەترین مانۆڕی سەربازییە لە دوای جەنگی ساردەوە، مانۆڕی ستێدفاست دیفێندەر لە نزیک سنوورەکانی رووسیا بەڕێوەدەچێت". زاخارۆڤا دەڵێت، ئەو مانۆڕە فراوانەی هاوپەیمانێتییە 32 دەوڵەتییەکە وایکردووە رووسیا دان بەوەدا بنێت، "ناتۆ بە جیددی خۆی بۆ شەڕ لەگەڵ رووسیا ئامادە دەکات". هاوکات ئاماژە بەوەشدەکات، لەکاتێکدا ناتۆ رووسیا بەوە تۆمەتباردەکات کە شەڕی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ناتۆ دەکات، ئەوە ناتۆیە بە پێدانی چەک بە ئۆکراینا لە دژی بەرژەوەندییەکانی رووسیا وەستاوەتەوە. لە دەستپێکی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرایناوە لە 2022، پەیوەندی نێوان کرێملن و وڵاتانی رۆژئاوا گەیشتووەتە ئەوپەڕی خراپی بەراورد بە 4 دەیەی رابردوو. مانۆڕی ستێدفاست دیفێندەر لە 22ی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە دەستی پێکردووە و تاوەکو 31ی ئایار بەردەوامدەبێت. ناتۆ 90 هەزار سەرباز لەو مانۆڕەدا بەشداری پێدەکات و ئامانج لێی بەهێزکردنی ئەو هاوپەیمانانەیە کە هاوسنووری رووسیان بۆ ئامادەکردنیان لە ئەگەری هێرشدا.
هاوڵاتی حەماس رایگەیاندووە شاندێکی بۆ درێژەدان بە گفتوگۆگانی پەیوەست بە ئاگربەست لە غەزە سەردانی قاهیرە دەکەن. ئەمریکاش دەڵێت بزوتنەوەکە رێگرن لە ئاگربەست. رۆژی شەممە 5-4-2024، بزوتنەوەی حەماس رایگەیاند، "ئێمە و گرووپە فەڵەستینییەکانی دیکە سوورین لەسەر ئەوەی رێککەوتنێک بۆ راگرتنی جەنگ، چوونە دەرەوەی هێزە داگیرکەرەکان لە غەزە و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەر ماڵ و ژیانی خۆیان بکرێت". شەوی رابردووش، ویلیام بۆرنز، بەرپرسی دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمریکا بۆ بەشداری لەم گفتوگۆیانە گەیشتە قاهیرە. هەمان رۆژ، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندووە، تەنیا شتێک ئێستا بووەتە رێگر لە نێوان خەڵکی غەزە و ئاگربەستدا حەماسە. وڵاتانی نێوانگریش تاوەکو ئێستا چاوەڕێی وەڵامی حەماس بۆ پێشنیارەکانی ئیسرائیل دەکەن بۆ ئاگربەستێکی ٤٠ رۆژە، ئەویش بەرامبەر ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان کە لەلای فەڵەستینن و ئەو فەڵەستینیانەش ئیسرائیل زیندانی کردوون. یەکێک لە رێگرییەکانی گەیشتن بە رێککەوتن بۆ ئاگربەست ئەوەیە، حەماس خوازیاری راگرتنی تەواوەتی جەنگە، لە بەرامبەردا بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، لە ئەگەری رێککەوتنی ئاگربەست و ئازادی بارمتەکان، ئیسرائیل هێرشی زەمینی بۆ سەر رەفەح و لەناوبردنی تەواوەتی حەماس دەست پێدەکات. ئەنتۆنی بلینکنیش دەڵێت، هەرچەندە ئەوان پاڵپشتی لە ئاگربەست دەکەن، بەڵام هێشتا بەوە رازی نەبوون ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر باشووری غەزە. ئەوەش چونکە هێشتا ئیسرائیل پێشنیازێکی قایلکەری بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیانی سیڤیل پێشکێشی ئەمریکا نەکردووە. نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانی دۆخی ١ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار فەڵەستینییە کە ئاوارەی کەمپی رەفەح بوون.
هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد شوێنەوارناسان توانیان روخساری ژنێکی نیاندەرتاڵ دروستبکەن کە بە نزیکترین شێوەی مرۆڤ دادەنرێت، ئەو ژنە نزیکەی 75 هەزار ساڵ لەمەوبەر لە ئەشکەوتی شاندەر کە لە سنووری پارێزگای هەولێرە ژیاوە. رۆژنامەی "ئیندیپێندنت"ی بەریتانی بڵاویکردەوە، پاشماوەی ئێسک و پروسکی ئەو ژنە کە ناوی (شاندەر زد) بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2018 لە ئەشکەوتی شاندەر دۆزرایەوە، کە پێدەچێت ئەو ئەشکەوتە بۆ ناشتنی مردووەکان بەکارهێنرابێت. رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردووە، لێکۆڵینەوەکان کە لە ساڵانی پەنجاکانەوە ئەنجامدراون دەریانخستووە کە نیاندەرتاڵەکان مردووەکانیان لەناو ئەو ئەشکەوتی شاندەر ناشتووە کە دەکەوێتە زنجیرە چیای زاگرۆس لە پارێزگای هەولێر، هەروەها رێوڕەسمی پرسەیان ئەنجامداوە بە دانانی گوڵ. بەپێی ئەو بەڵگانەی لە ئەشکەوتەکە کۆکراونەتەوه، ئەوە پیشان دەدەن کە مرۆڤی نیاندەرتاڵ زۆر لە بوونەوەرە سەرەتاییەکان پێشکەوتووتر بووە و ئەو باوەڕەی پووچەڵکردەوە کە پێیان وابوو ئەو جۆرە مرۆڤە لەشێکی قەڵەو و سیمای لە مەیمونەوە نزیکبووە. هەرچەندە نیاندەرتاڵەکان کە پێدەچێت 40 هەزار ساڵ لەمەوبەر لەناوچووبن، کەلەسەریان زۆر جیاواز بوو لە کەلەەسەری مرۆڤی ئاسایی، بەڵام رووخساری بنیات نراوەی ئەم ژنە نیاندەرتاڵە کە پێدەچێت لە تەمەنی چلەکاندا بووبێت کاتێک مرد، ئەوە دەردەخات کە شێوەیان زۆر نزیک بووە لە مرۆڤێکی ئاسایی. ئەم دۆزینەوانە لە فیلمێکی دیکۆمێنتاریی نوێدا بە ناوی "نهێنییەکانی پیاوی نیاندەرتاڵ" ئاشکرا بوون کە لەلایەن بی بی سی بەرهەم هێنراوە و لەم دواییانەدا لەسەر پلاتفۆرمی نێتفلێکس بڵاوکراوەتەوە. رۆژنامەکە لە زاری ئیما پۆمێرۆی، شوێنەوارناس لە زانکۆی کامبریجەوە نووسیویەتی “کەلەسەری نیاندەرتاڵ قەبارەی گەورەیە و چەناگەی نییە و لە روخساریاندا زیاتر لوتیان دەردەکەوێت". پۆمێرۆی دەشڵێت "بەڵام ڕووخساری بنیات نراوەتەوە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەم جیاوازییانە لەگەڵ ڕووخساری ئێستای مرۆڤ لە ڕاستیدا بوونیان نەبووە". توێژەران دەڵێن، پاشماوەی ئەو ژنە، لەنێویاندا کەلەسەری تەختە و ئەستوورییەکەی نزیکەی 2 سانتیمەترە، لەنێو ئەو بەردبووانەی نیاندەرتاڵدا بە باشترین شێوە پارێزراون کە لەماوەی سەدەی ئێستادا دۆزراونەتەوە، هەروەها پێدەچێت دوای ماوەیەکی کەم لە مردنی کەلەسەری ژنەکە چەقێنرابێت، بە ئەگەرێکی زۆرەوە بەهۆی کەوتنەخوارەوەی بەردەکان بەسەریدا کەلەسەری تەخت بووە. توێژەرانی زانکۆی کامبریج دوای ئەوەی بە وریاییەوە پاشماوەی ئەو ژنەیان دەرهێنا، لەنێویاندا بۆ ئێسکەپەیکەرەکەی نزیکەی تا کەمەر، مادەیەکیان هاوشێوەی چەسپ بەکارهێنا بۆ بەهێزکردنی ئێسک و پاشماوەکەی، پاشان زاناکان زیاتر لە 200 پارچەی کەلەسەری ئەو ژنەیان کۆکردەوە بۆ ئەوەی بیگەڕێننەوە بۆ شێوەی سەرەتایی خۆی.
هاوڵاتی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە وتاردانێکدا داوای لە وڵاتانی عەرەبی کرد دژ بە کۆماری ئیسلامی یەکگرتووبن. ئەمڕۆ دووشەممە 29ی نیسانی 2024، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کە لە گەشتەکەیدا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەردانی سعودیەی کرد و کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی وڵاتانی هاوکاری کەنداو، بە ئاماژە بە هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل وتی، "ئەم هێرشە ئەوە دەخاتەڕوو ئێران هەڕەشەیەکی جیدییە و ئەمە وادەکات ئێمە هاوکار بین دژی هێرشەکانی ئێران". وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەکرد، "لە چەند هەفتەی داهاتوودا بۆ بەهێزکردنی بەرگریی ئاسمانی و مووشەکی و بەهێزکردنی ئاسایشی دەریایی، لەگەڵ شەش وڵاتی ئەنجومەنی وڵاتانی عەرەبی کەنداو وتووێژدەکەین". ئێران ١٣ی نیسانی 2024، وەک وڵامدانەوەی کوشتنی حەوت ئەفسەری باڵای سوپای پاسداران بە 170 درۆن، 120 مووشەکی بالێستیک و 30 مووشەکی کرۆز هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و بەرپرسانی ئیسرائیلی باسیان لەوە کرد %99ی ئەم مووشەک و درۆنانە، پێش ئەوەی بگەنە ئیسرائیل بە هاوکاری ئەمەریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەردەن خرانەخوارەوە. جێگەی ئاماژەیە، ئەمە یەکەم گەشتی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکایە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوای پەرەسەندنی ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل.
هاوڵاتی ئیسرائیل داوای یارمەتی لە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی کردووە کە ڕێگەنەیەن فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەربچێت . ڕێکخراوی رادیۆ و تەلەفیزیۆنی ئیسرائیل ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٨ی نیسان لە راپۆرتێکدا ئەوەی خستەڕوو ئیسرائیل نیگەرانە لەوەی لە لایەن دادگای نێەدەوڵەتی لاهایەوە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ بێنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و یۆئاڤ گالانت وەزیری بەرگری ئەو وڵاتە و سەرۆکی گشتی سوپای ئەو وڵاتە هێرزی هالێڤی، دەربچێت بە تۆمەتی تاوانی جەنگ لە جەنگی کەرتی غەزەدا. لەم راپۆرتەدا هاتووە، ئەگەری دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردنی ناتانیاهۆ بووە بە هۆی ئەوەی ئەم بابەتە زۆر بە گرینگیەوە لە نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە باسی بکرێت. بە پێی ئەم راپۆرتە، ئەگەری دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردنی رێبەرانی پلەبەرزی ئیسرائیل بوونی هەیە، بە هۆی دروستکردنی قەیرانی مرۆیی لە کەرتی غەزە و پێشێلکردنی مافی مرۆڤی کەسانی مەدەنی و پابەندنەبوونی ئیسرائیل بە یاسا نێودەوڵەتییەکان . هاوکات پێشێلکردنی ئاشكرای کۆنڤانسیۆنی چوارەمی ژنێڤ لە لایەن بەرپرسانی ئیسرائیلەوە بۆتە هۆی ئەوەی بەرپرسانی ئیسرائیل زۆر بە نیگەرانییەوە لەم پرسە بڕوانن. رۆژنامەی عێبری " معاریۆ" ش لە راپۆرتێکدا باسی لەوە کردووە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە چەند رۆژی رابردوودا هەموو هەوڵەکانی خۆی خستۆتەگەڕ بۆ ئەوەی بەر بە دەرکردنی ئەو بڕیارە بگرێت و بەردەوام لە پەیوەندیدایە لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتانی جیاواز، بە تایبەت بەرپرسانی ئەمریکی، بۆ ڕێگەگرتن لێی. بە گوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە 2.3 ملیۆن دانیشتووی کەرتەکە، جەنگەکە بووەتە هۆی ئاوارەبوونی لانیکەم ملیۆنێک و 700 هەزاریان. ملیۆنێک و 100 هەزار کەس لەو کەرتە برسین. رۆژانە کەرتی غەززە پێویستی بە 500 بارهەڵگر هاوکاریی مرۆیی هەیە بەڵام لە دەستپێکی جەنگەکەوە رۆژانە تەنیا 125 بارهەڵگر هاوکاری مرۆیی گەیشتوونەتە کەرتەکە.
هاوڵاتی دژی پەسەندکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی هاوڕەگەزخوازی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بەیاننامەیەکی دەرکرد و ئاماژەی بەوەکرد، ئەو یاسایە دژی مافی مرۆڤە. ئەمڕۆ یەکشەممە 28ی نیسانی 2024، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، "ئەمەریکا زۆر نیگەرانە لە پەسەندکردنی هەموارکردنەوەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی هاوڕەگەزخوازی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە بە فەرمی ناوی یاسای دژە لەشفرۆشی و هاوڕەگەزبازییە، ئەم یاسایە هەڕەشە لە مافە دەستورییە پارێزراوەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکان دەکات". ئاماژە بەوەشکراوە، "یاساکە پەیوەندی هاوڕەگەزبازان بە غەرامەکردنی زۆر و زیندانیکردن قەدەغە دەکات و سزای ئەو کەسانە دەدات کە ئەو کارە دەکەن، سنووردارکردنی مافی هەندێک تاک لە کۆمەڵگایەکدا، مافی هەمووان تێکدەدات". وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا روونیدەکاتەوە، "ئەم یاسایە هەڕەشە لەسەر لاوازترین خەڵکی عێراق دەکات، دەتوانرێت کاربهێنرێت بۆ سنووردارکردنی ئازادی بیروڕا دەربڕین و بۆ سەرکوتکردنی چالاکییەکانی ڕێکخراوە نا حکوومییەکان لە سەرانسەری عێراق، هەروەها ئەم یاسایە توانای عێراق لاواز دەکات بۆ هەمەچەشنکردنی ئابوورییەکەی و ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی". لە کۆتایی بەیاننامەکەشدا هاتووە، "رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و گشتگیری سیاسی و ئابووری بۆ ئاسایش و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی عێراق زۆر گرنگە. ئەم یاسایە لەگەڵ ئەم بەهایانەدا ناتەبایە و هەوڵەکانی چاکسازی سیاسی و ئابووری حکومەت تێکدەدات". دوێنێ شەممە 27ی نیسانی 2024 ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یاسای بەرەنگاربوونەوەی هاوڕەگەزخوازی و لەشفرۆشی پەسەندکرد و وەک لە یاساکە ئاماژەی پێدراوە هەرکەسێک ئەم کارانە بکات سزا دەدرێت بە زیندانیکردن و پێبژاردن، هەروەها سزای زیندانیکردن لە نێوان 10 بۆ 15 ساڵ بۆ پەیوەندی هاوڕەگەزخوازی و هەروەها ئاڵوگۆڕی ژنان دیاری کراوە، جگە لەوە یاساکە چالاکیی هەر رێکخراوێک کە پەرە بە لەشفرۆشی و هاوڕەگەزبازی بدات لە عێراق قەدەغە دەکات، هەروەها سزای حەوت ساڵ زیندانی دەکات بەهۆی "بەرەوپێشبردنی" پەیوەندیی هاوڕەگەزبازان و لەشفرۆشی.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، ستۆکهۆڵم میدیای ئەمریکی دەڵێت، ئیسرائیل لە باشووری غەززە ئەو ناوچانە بۆردوومان دەکات کە رایگەیاندبوو لە هێرشەکانی ئەوان پارێزراون و هاووڵاتیان دەتوانن تێیاندا بمێننەوە. ژمارەی هێرشەکان 7 هێرشی ئاسمانی بوون کە لە نێوان کانوونی دووەم بۆ نیسانی ئەمساڵ بۆ سەر کەمپی رەفحە بە فەرمانی بنیامین ناتانیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کراون کە ئێستا لانیکەم یەک ملیۆن ئاوارەی تێدا نیشتەجێن. تۆڕی میدیایی ئێن بی سی ئەمریکی دەڵێت، ئەنجامی تەواوی ئەو حەوت شەڕەیان لە کامێراکانیانەوە تۆمارکردووە کە شەشیان لەسەر کەمپی رەفحە بوون و ئەوی دیکەش لە بەشی باشووری کامپەکەوە بووە لە ناوچەی مەواسی، کە بە هەمان شێوە ئیسرائیل لە پێشووتردا گوتبووی هێرش ناکاتە سەریان. میدیاکە دەڵێت، تەواوی ئەو شوێنانەی بۆردومان کراون لە چوارچێوەی ئەو نەخشەیەدان ئیسرائیل لە 1ی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو بڵاویکردووەتەوە و بە ناوچەی دژە شەڕ و مرۆیی ناوی بردوون. گوایە کە دوای ئەو هێرشانەش پرسیاریان لە سوپای ئیسرائیل لەبارەی ناوچە مرۆییەکانەوە کردووە، سوپاکە رایگەیاندووە، وەک خۆیان ماونەتەوە. ساری باشی، بەڕێوبەری هیومان رایتس وۆچ دەڵێت، هێرشە ئاسمانییەکان تەنیا هۆکاری مردنی خەڵکی سیڤیلی غەززە نین، "خەڵک تەنیا بەسەر ئەو شەقامانەدا هاتووچۆ دەکەن کە حکومەت پێی گوتوون سەلامەتە، بەڵام کاتێک دەچنە سەر ئەو شەقامانە، دەکوژرێن". بەرپرسانی تەندروستی غەززە باس لەوە دەکەن، تەنیا لە شەش مانگی یەکەمی شەڕەکەدا 34 هەزار هاووڵاتی سڤیل لە غەززە کوژراون. شەڕەکە لە دوای ئەوە دەستیپێکرد، لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023، حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و 1200 هاووڵاتی سیڤیلی کوشت و 240 کەسی دیکەشی بە بارمتە گرت. حکومەتی ئیسرائیل بەڵێنی داوە حەماس بە تەواوی لەناوبەرێت و بۆ ئەو مەبەستەش دەڵێت دەبێت تەواوی رەفحە داگیربکات. ئیسرائیل لۆمەی حەماس دەکات بۆ جموجووڵ لە نێو هاووڵاتیان و خەڵکی سڤیل و خۆ جیانەکردنەوە لێیان و هاندانی خەڵک بۆ چۆڵنەکردنی ئەو جێگایانەی ئیسرائیل داوای چۆڵکردنیان دەکات. سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە، "بە هەموو جۆریک دژی حەماس دەوەستینەوە لە هەر شوێنێک شەڕ بکەن".
هاوڵاتی شای بریتانیا رەزامەندی دەربڕی لەسەر پڕۆژەیاساکەی سەرۆک وەزیرانی بریتانیا بۆ ناردنی کۆچبەران و داواکارانی مافی پەنابەری بۆ وڵاتی رواندا، 12 هەفتەی دیکە گەشتە ئاسمانییەکانی ناردنی کۆچبەران دەستپێدەکات. ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، شا چارلز رەزامەندی لەسەر پڕۆژەیاساکەی ریشی سۆناک سەرۆک وەزیرانی بریتانیا دەربڕی بۆ ناردنی کۆچبەران بۆ وڵاتی رواندا و بەم شێوەیەش پڕۆژەیاساکەی سۆناک بە فەرمی دەبێتە یاسا دەشڵێت، رەزامەندی شای بەریتانیا گەیشتوەتە ئەنجومەنی لۆردەکان و بەمەش دەبێتە یاسا و جێبەجێدەکرێت بەوەش کۆچبەرانی ناسایی بەتایبەت ئەوانەی لە رێگەی بەلەمی بچوکەوە دەچنە ناو بەریتانیاوە دوو بژاردەیان پێدەدرێت کە یەکێکیان دیپۆرتکردنەوەیانە بۆ ووڵاتی خۆیان، یاخود رەوانەکردنیانە بۆ وڵاتی رواندا. ھاوکات، ریشی سوناک سەرۆک وەزیرانی بەریتانیاش رایگەیاندووە، یەکەمین گەشتی ئاسمانی بۆ ناردنی کۆچبەران ئامادەکراوە و یەکەمین گروپی کۆچبەرانیش دیاریکراون و لە ماوەی ١٠ بۆ ١٢ ھەفتەی داھاتوودا پڕۆسەی ناردنی کۆچبەران دەستپێدەکات. لە مانگی تشرینی دووەمی رابردوو، دادگەی باڵای بەریتانیا، پلانی رەوانەکردنی کۆچبەرانی بۆ رواندا رەتکردەوە و رایگەیاند ئەو هەنگاوە دژی بنەماکانی مافی مرۆڤە. لە دوای بڕیارەکەی دادگە، سووناک رازی بوو بە هەموارکردنەوەی پڕۆژەیاساکە بەو هیوایەی ئەم جارە لە پەرلەمان و لەلایەن دادگەوە پەسند بکرێت و پلانەکەی بکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە و لە ئێستادا بە یاسایکردنی پڕۆژەیاساکە لە قۆناغەکانی کۆتاییدایە. لەساڵی 2023 زیاتر لە 29 هەزار و 400 کۆچبەر لە فەرەنساوە و لە رێگەی بەلەمەوە چوونەتە بەریتانیا، بەڵام بەگوێرەی ئامارەکان، چوونی کۆچبەران پار 36٪ کەمیکردووە بە بەراورد بە ساڵی 2022، زیاتر لە 45 هەزار 700 کۆچبەر خۆیان گەیاندبووە بەریتانیا.
هاوڵاتی، وارشۆ/هەوراز حوسێن گوتەبێژی بزوتنەوەی حەماس دەڵێت، ئەوان داوایان نەکردووە بارەگای سەرەکییان لە قەتەرەوە ببەنە سووریا. قسەکانی ئەو سەرکردەیەی حەماس دوای ئەوە هات، رۆژنامەی لیوای لوبنانی لە زاری سەرکردەیەکی نەزانراوی حەماسەوە بڵاویکردبووەوە، حەماس خواستی وایە بچێتە سووریا. رۆژی چوارشەممە 24-4-2024، جیهاد تەها، گوتەبێژی بزوتنەوەی حەماس لە راگەیێنراوێکدا بڵاویکردەوە، "حەماس ئەو هەواڵانە رەتدەکاتەوە لەلایەن رۆژنامەی لیواوە بڵاوبوونەتەوە لەبارەی داواکاریمان بۆ گواستنەوە بۆ سووریا". ئەو گوتەبێژە ئەوەشی گوتووە، "بزوتنەوەکەمان داوای نە لە سووریا نە لە هیچ وڵاتێکی دیکە نەکردووە" تێیدا جێگیر بێت. رۆژنامە لوبنانییەکە وا لەبارەی بابەتەکەوە دوابوو، گوایە حکومەتەکەی بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا داواکەی حەماسیان بەدەستگەیشتووە و رەتیانکردووەتەوە رێگە بە شتێکی لەو جۆرە بدەن. رۆژی سێشەممە 23-4-2024، مەجید ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ئاماژەی بە هۆکاری سەرەکی بوونی بارەگای حەماس لە قەتەر کرد و رایگەیاندووە، لە 2012ـدا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەمریکا بارەگای حەماس لە قەتەر بۆ مەبەستی نێوەندگیری کراوەتەوە لە نێوان هەردوو لایەندا. گوتەبێژەکەی حەماسیش لەو بارەیەوە دەڵێت، "تاوەکو هەوڵەکانی قەتەر بۆ نێوەندگیری لە ئارادا بن، هیچ هۆکارێک بۆ کۆتاییهێنان بە بوونی فەرمانگەی سیاسیی حەماس لە دۆحە نییە". بزوتنەوەی حەماس لە ساڵی 1987 لەلایەن ئەحمەد یاسین، سەرکردەی فەڵەستینی بۆ شۆڕش لە دژی دەوڵەتی ئیسرائیل دامەزراوە. لەو کاتەوە حەماس و ئیسرائیل لە رووبەڕووبوونەوە و شەڕی بەردەوامدان.
هاوڵاتی، هەوراز حوسێن لاڤرۆڤ دەڵێت، خەریکە بە تەواوەتی لە ئاڵووگۆڕە بازرگانییەکانیان لەگەڵ چین دەستبەرداری دۆلار دەبن و نزیکەی تەواوی ئاڵووگۆڕی پارە لە نێوانیاندا بە رەبڵی رووسی و یانی چینی دەکرێت. رۆژی دووشەممە 24-4-2024، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندووە، زیاتر لە 90٪ی بازرگانییەکانی نێوان رووسیا و چین بە دراوە نیشتمانییەکانی ئەو دوو وڵاتە دەکرێت و خەریکە بە تەواوەتی لە مامەڵاکانیاندا دەستبەرداری دۆلار دەبن. وەزیرەکەی کرێملن ئاماژەی بەوەکردووە، پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان چین و رووسیا "چالاکانە" روو لە گەشەسەندن و بەرەوپێشچوونن، هەرچەندە "وڵاتانی رۆژئاوا بەردەوام هەوڵی خاوکردنەوە و راگرتنیان دەدەن". دوای ئەوەی شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینا لە شووباتی 2022 دەستیپێکرد، ئاڕاستەی سیاسی و دیپلۆماسی و ئابووری زۆرێک لە وڵاتان گۆڕانکاریی بەرچاویان تێدا روویدا و پەردە لەسەر خواستەکانیان لاچوو. لەوانە چین، بێ گوێدانە رەخنەی سەرکردەکانی رۆژئاوا، تاوەکو ئێستا سەرکۆنەی هێرشەکانی رووسیای دراوسێی بۆ سەر ئۆکراینا نەکردووە و لە دوای شەڕەکەشەوە نزیکبوونەوەی دیپلۆماسی و ئابووری زۆر لە نێوان مۆسکۆ و پەکین بینراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا پاڵپشتیی سەربازی یان دیپلۆماسی بۆ هێرشەکانی رووسیا دەرنەبڕیوە. بە گوێرەی بلۆمبێرگ، لە 2023ـدا ئاڵووگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان رووسیا و چین بە رێژەی 26٪ بەرزبووەتەوە و ئێستا گوژمەی بازرگانیی ساڵانەی نێوان ئەو دوو زلهێزەی جیهان 290 ملیار دۆلارە.
هاوڵاتی سوپای ئیسرائل رایگەیاند، "دوو فەرماندەی سەربازی حزبوڵڵای لوبنانی کوشتووە"، دواتر بە درۆن هێرشکرایە سەر چەند بنکەیەکی سەربازی ئیسرائیل. رۆژی سێشەممە 23ی نیسانی 2024، سوپای ئیسرائیل ئاشکرایکرد، "حسێن عەلی عەزقوول، فەرماندەی یەکەی مووشەکەکانی حزبوڵڵای لوبنان، هەروەها محەممەد خەلیل عەتییە، بەرپرسی هێزی ئاسمانی یەکەی سەربازی رەزوانی حزبوڵڵای لوبنان، لە دوو هێرشی جیاوازدا لە باشووری لوبنان کوژراون". سوپای ئیسرائیل حسێن عەلی عەزقولی وەک یەکێک لە بەرپرسە باڵاکانی حزبوڵڵای لوبنان لە بەشی بەرگری ئاسمانی حزبوڵڵا ناساندووە کە بەرپرسی بەشێکی زۆر لەو هێرشانە بووە کە کراونەتە سەر ئیسرائیل لە لایەن حزبوڵڵاوە. میدیاکانی ئیسرائیل بەگرینگییەوە باسی کوژرانی ئەم دوو فەرماندە سەربازییەی حزبوڵڵایان کردووە و بە لێدانێکی گەورە لە حزبوڵڵا وەسفی کردووە. کەناڵی تەلەفیزیۆنی " المیادین" سەر بە حزبوڵڵای لوبنان، رایگەیاند دوای کوژرانی ئەم دوو فەرماندە باڵایەی حزبوڵڵا بە درۆن هێرش کراوەتە سەر چەند بنکەیەکی سەربازی لە باشووری ئیسرائیل.