دواى ئاگربەست، ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر غەززەو ٢٨ کەسی کوشتووە

2 ڕۆژ لەمەوپێش



تەنها چەند کاتژمێرێک دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و حەماس کە پێشبینی دەکرێت یەکشەممەی داهاتوو دەست پێبکات، ئیسرائیل شەپۆلێکی بۆردومانەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکرد و لە ئێوارەی چوارشەممەوە لانیکەم ٢٨ فەلەستینی کوژران و دەیان کەسیش لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بریندار بوون.
مەحمود باسال، وتەبێژی بەرگری شارستانی لە غەززە ڕایگەیاند، فڕۆکەکانی ئیسرائیل شەپۆلێکی هێرشی چڕیان دەستپێکردووە، ماڵە مەدەنییەکانی ناوچە جیاجیاکانی کەرتی غەززەیان کردە ئامانج.
هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئەنجامی تۆپبارانەکان کە ناوچەیەکی نزیک سەندیکای ئەندازیارانیان کردە ئامانج لە گەڕەکی شێخ ڕەدوان لە ڕۆژئاوای شاری غەززە، 16 کەس گیانیان لەدەستدا و 20 کەسی دیکەش برینداربوون.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە بۆردومانێکدا کە ماڵێکی لە باکوری کەرتی غەززە کردە ئامانج، ٧ کەسی دیکە کوژران، هاوکات هێرشێک بۆ سەر ناوچەی ئەلدەراج لە ڕۆژهەڵاتی شاری غەززە بەهۆیەوە ٣ کەس گیانیان لەدەستدا.

هەروەها بەرگری شارستانی لە بەیاننامەیەکدا، بەیانی پێنجشەممە، پشتڕاستی کردەوە کە ئیسرائیل تیمەکانی کردووەتە ئامانج لەکاتێکدا کە خەریکی وەرگرتنەوەی تەرمەکانیان بوون لە ژێر داروپەردووی ماڵی بنەماڵەی عەلوش لە ناوچەی شێخ ڕەدوان لە باکووری شاری غەززە.
لە خان یونس، لە باشووری کەرتی غەززە، بەرپرسێکی پزیشکی لە کۆمەڵگەی پزیشکی ناسر کوژرانی دوو کەسی لە هێرشێکی فڕۆکەوانیدا پشتڕاستکردەوە کە ماڵێکیان لە ناوچەی قزان ڕەشوان کردە ئامانج.
ئەم هەڵمەتانە تەنها چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە هات کە قەتەر کە نێوەندگیری ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ میسر و ئەمریکا کردبوو، لێکتێگەیشتنی نێوان حەماس و ئیسرائیل بۆ ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی دیل و دەستبەسەرکراوان ڕاگەیاند، لە هەنگاوێکدا کە وەک پێشکەوتنێک لە دوای ١٥ مانگ لە شەڕدا سەیر دەکرێت کەهەزارانی کوشت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار